ئەو مەلا شیعەی گوتبووی سزای هاوڕەگەزبازەکان مەرگە لە ئوسترالیاوە چوو بۆ ئێران

0
1013

ئەو مەلا بریتانیاییەی کە گوتبووی کەسانی هێمۆسێکسوال (هاوڕەگەزباز) دەبێ بکوژرێن و سزایان کوشتنە، بەر لەوەی کە دەوڵەتی ئوسترالیا ویزاکەی بەتاڵ بکا، ئەو وڵاتەی بەجێ هێشت و دوای چوون بۆ قەتەر و ئێستا لە ئێرانە و پەنای بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بردووە.

ڕۆژی کورد: پیتێر دوتۆن، وەزیری گەشتیاریی ئوسترالیا لەمبارەوە بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، دەوڵەتی ئوسترالیا بڕیاری داوە ویزای ئەو مەلایە بەتاڵ بکاتە و بەو شێوەیە ئەو مەلایە نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بەڵام مەلا شەی پێنج شەممە ٢٨ی جۆزەردان بە سواری فڕۆکە وڵاتی ئوسترالیای بەجێ هێشتووە.

دەوڵەتی ئوسترالیا دوای ئەوەی کە فایلێکی دەنگی لە مەلا فەڕووخ سکالشفەر، مەلای شیعەی بریتانیایی بڵاو ببۆوە کە ساڵی ٢٠١٣ لە میشیگان گوتبووی: “لە ئیسلام دا سزای ئەو کەسانە کە هاوڕەگەزبازی دەکەن تەنیا کوشتن و مەرگە و نابێ هیچ دڵەراوکە و گومانێکمان لەو بارەوە هەبێ”.

مەلا فەڕووخ سکالشفەر، دوکتوری دەرمان ساز و پێش نوێژ کە لە وڵاتی بریتانیا لە دایک بووە بۆ پێشکەش کردنی گوتار لە مانگی ڕەمەزاندا چووە بۆ شاری سیدنی لە وڵاتی ئوسترالیا و ئەو ولاتەش بڕیاری دا ویزاکەی هەڵوەشێنێتەوە و دەست بەسەری بکات بەڵام مەلا بەر لەوە لە ئوسترالیا ڕۆیشت و خۆی قوتار کرد.

مەلا فەڕووخ، سەرەرای ئەوەی کە ساڵی ٢٠١٣ گوتوویەتی سزای هاوڕەگەزبازەکان تەنیا مەرگە و نابێ گومانمان لە کوشتنیان هەبێ ئێستا لە لێدوان لەگەڵ گاردیەنی ئوسترالیا دەڵێ، ئەو کوشتنە تەنیا بۆ هاوڕەگەزبازەکان نیە بەڵکوو بۆ ئەو کەسانەیە کە لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا و لە بەر چاوی خەڵک لە لای پشتەوەڕا تێکەڵی سێکسی بکەن بەڵام خۆ هاوڕەگەزبازەکان واناکەن و نایەن لە پێش جاوی خەڵک لێک جووت بن.

هەرچەند مەلا فەڕووخ ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندییەکی بە “عومەر سەدیق مەتین” هاووڵاتیی ئەمریکایی بە ڕەگەز ئەفغانییەوە هەبێ کە ڕێکەوتی ١٢ی ژوئەن (٢٣ی جۆزەردان) هیرشی کردە کلووپێکی هاوڕەگەزبازان و لانیکەم ٤٩ کەسی کوشت و ٥٣ کەسیشی بریندرا کرد بەڵام وڵاتی ئوسترالیا و ئەمریکا لایان وایە پەیوەندیەک لەنێوان ئەو دوویەدا بوونی هەیە.

مەلا فەڕووخ سکالێشفەڕ لەوبارەوە دەڵێ: “کەسانی وەک عومەر سەدیق مەتین” سەر بە ئەبووبەکر ئەلبەغدادری ڕێبەری داعشن و پەیوەندی دانی ئەو ئاژەڵە بە منەوە کارێکی هەڵەیە و من ئەو کەسانەم پێ تاوانبارە”.

 شایانی ئاماژەیە ئەو مەلا شیعە بریتانیاییە لە ئوسترالیاوە چۆتە وڵاتی قەتەر و لەوێشەوە بەرەو ئێران وڕێکەوتووە و ئیستا لە ئێران و لە ژێر پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت