مەلا حەسەن شیوەسەڵی، نموونەی زیندووی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران باشتر بناسین

0
1987

ڕێکەوتی ١٦ى سەرماوەزى ١٣٦٦هەتاوی بەرانبەر بە 7ی دیسامبری ١٩٨٧ی زایینی، کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە کردەوەیەکى تیرۆریستیدا، کتێبێکى بۆمبڕێژکراو بە ناوى “سپید دندان” بۆ مەلا حەسەن ئیبراهیمی ئەندامی رێبەریی حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران نارد کە بە داخەوە لە دستیدا تەقیەوە و لە ئەنجامی ئەو تێرۆرەدا مەلا حەسەن، هەردوو دەست و چاوەکانى و هەستی بۆن کردنی بە تەواوى لەدەست دا. جیا لەوەش، هەشت ددانی بەتەواوی و بیسایی گوێیەکانیشى تا ڕادەی٢٥% لەدەست داوە و سینگی بە تەواوی سووتاوە و توشی نەخۆشی تینوتووس بووە.

مەلا حەسەن شێوەسەڵى کێیە؟

حەسەن ئیبراهیمى ناسراو بە مەلا حەسەن شێوەسەڵى، خەڵکى گوندی شێوەسەڵى ناوچەى سەردەشت، ساڵى 1326ى هەتاوى لەدایک بووە. مەلا حەسەن خوێندنی لە حوجرەى فەقێیاندا دەست پێکردووە. ساڵی ١٣٤٠ـی هەتاوی ئاوێتەی کاری سیاسی دەبێت و  ساڵی ١٣٤٣ ی هەتاوی بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. پاییزى ساڵی ١٣٤٣ لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و خوێندکارانی ئایینی(فەقێ)، یەکیەتى خوێندکارانی ئایینى حیزبی دێموکرات ـیان دادەمەزراندووە.

بە هۆی بەشداری لە شۆڕشی ١٣٤٦_١٣٤٧، لە پاییزی ١٣٤٦ دا دەستبەسەر دەکرێت و حوکمی ٥ ساڵ بەنکرانی بەسەردا دەسەپێ. پاش ئازادبوونى، جارێکى دیکە دیسان دەسبەسەر دەکرێ و پاش چەند مانگ ئازاد دەبێت و ئەمجارە بەناچار ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و پاشان دەچێتە ئێراق و لە بەغدا دەگیریسێتەوە.

دواتر، ساڵى 1357ـی هەتاوی، کاتێک کە کۆمیتەى زاگرۆسى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەنجام دانی چالاکیی سیاسی دەگەڕێتەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات، مەلا حەسەن دەبێتە ئەندامی کومیتەی زاگرۆس و دەگەڕێتەوە کوردستانی رۆژهەڵات.مامۆستا لە کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێموکرات، بەرپرسایەتیی شاری شنۆ و پاشان باکووری ڕۆژهەڵاتی پێدەسپێردرێ و لە ورمێ نیشتەجێ دەبێت و چالاکیی سیاسیی خۆی لەو دەڤەرە دەست پێدەکاتەوە.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و پاش ئەوەى شۆڕشى گەلانى ئێران ب ەکردەوە سەردەکەوێت و پاش ئەوەی تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکان لە تاران دەیانویست شەڕ بەسەر خەڵکى کوردستاندا بسەپێنن، مەلا حەسەن لەلایان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەبێتە بەرپرسی سەربازیی ناوچەی سەردەشت. مامۆستا لەو ماوەیەدا هەموو شوینە چەکدارییەکانی ڕژژیمی شا دەخاتە ژێر دەست کوردەوە و لەژێر دەستی پاشماوەی شای دەردێنێ.

مەلا حەسەن لە کۆنگرەى چوارى حیزبی دێموکراتدا کە لە ساڵى ١٣٥٨ گیراوە، دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەتا ساڵی ١٣٧٣ ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بووە.

لە ١٦ى سەرماوەزى ١٣٦٦دا، کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە کردەوەیەکى تیرۆریستیدا، لە رێگای دوو کەس لە بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە بە ناوەکانی سەمەد کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی کتێبێکى بۆمبڕێژکراوی بە ناوى “سپید دندان” بۆ مەلا حەسەن دەنێرێ کە لە دستیدا دەتەقێتەوە و لە ئەنجامی ئەو تێرۆرەدا، مەلا حەسەن هەردوو دەست و چاوەکانى وهەستی بۆن کردنی خۆی بە تەواوى لەدەست دەدا. هەروەها هەشت ددانی بەتەواوی و هەستی بیسایی گوێیەکانیشى تا ڕادەى٢٥% لەدەست دەدا و سینگی بە تەواوی دەسوتێ و پاش تێرۆرەکە توشی نەخۆشیی تینوتوس دێت.

کەسی یەکەم و بکەری سەرەکیی ئەو تیرۆرە، سەمەد کاژەیی بووە.

سەرەڕاى ئازارى جەستەیى و تەنانەت بە هۆگەلێکیشەوە ئازارى ڕووحىشەوە، مەلا حەسەن لە شۆڕشی کوردستاندا بەشدار دەبێت، بەڵام بە هۆی ئازاری زۆر، ناچار دەبێ  ساڵی 1995ى زایینى، بچێتە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی سوێد دەگیرسێتەوە. لە سوێد دەست دەکا بە خوێندن کە پاش وەرگرتنى دیپلۆم، لە زانکۆ وەردەگیردرێ و پاش تەواوکردنى چوار نیوساڵی خوێندن لە زانکۆ، بە هۆى ناراحەتىی جەستەییەوە ناچار دەبێ واز لە درێژەدانى خوێندن لە زانکۆ بێنێ.

مەلا حەسەنی شیوەسەڵی ئێستا لە سوێد دەژی و لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوەییەوە ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. مەلا حەسەن جیا لە زمانی دایکیی خۆی کە زمانی کوردیە، شارەزایی تەواوی لەسەر زمانەکانی فارسی ، عەرەبی و سوێد ـیش هەیە.

تێبینی: دەقی نووسراوی ئەو بابەتە لەلایەن ڕۆژی کوردەوە، ڕێکخستن و پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

سەرچاوە: لاپەڕەیی فەیسبووکیی نا بۆ تیرۆر. NO to Terror
https://www.facebook.com/nototeror/photos/a.516576845138773.1073741828.515052921957832/524443704352087/?type=3&theater

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.