مێژووی کورد بەردەوام دووپات دەبێتەوە

0
204
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسەر: هەڵمەت مەعرووفی

مێژووی کورد لێوانلێوە لە دووپات بوونەوە، دووپات بوونەوەیەک کە تەنیا دوو توخمی کات و کەسەکان تێیدا گۆڕاون، شوێن هەر کوردستانە و مێژووەکەش هەمان بەرماوی هەمیشەیی “خیانەت، خۆخۆری، خەنجەری برا لەسەر گازەرای پشتی برا”. یەکێک لە هۆکاری لاوازی یان باشترە بێژم نەبوونی پشتیوانیی دەرەکیش ئەو ناسیاوی و پێناسەیە کە کورد لە خۆی داوێتی بە دونیای دەرەوە و وادەکات جیهانیش زاتی پشتگیریی کوردی نەبێت.

“تراژێدی مرۆڤی کورد تەنیا لە بەیتەکانی خانی لپ زێڕین، سەیدەوان و چیرۆک و ئەفسانەکاندا، ڕەنگی نەداوەتەوە. ژیانی ڕۆژانەی کوردان، تەژی لە تراژێدیە. ئەگەر عەبدولعەزیزی داسنی گرفتاری هێزێکی نادیار و خانی لپ زێرین گرفتاری دوژمنەکەی بوو، مرۆڤی کورد جگە لەوانە، گرفتاری دەستی خۆی و پێکهاتەکانی فەرهەنگی و باوەڕ و کەسایەتی خۆیەتی!”[1]

خیانەتی مێژویی و خیانەت لەمێژوو دوو هۆکاری سەرەکین لە لەباربردنی دوڵەتی کوردی دوانەیەکی پێکەوە بەستراون دووەمیان بەرەنجامی یەکەمەواتا ئەوانەی خیانەتی مێژوویی دەکەن، خیانەتی بەردەوامی تاک و تاقم و لایەنی کوردی لە تاک و تاقم و لەیەنەکی تری بەرانبەر وایکردووە کورد تا ئێستاش نەبووبێ بە دەوڵەت. ئەوەی ڕاستی بێ شرۆڤەیەکی بێگەردی مێژوو بە ڕوونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە هۆکاری نەبوون بە دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردی لە مێژووی لانیکەم ٢٧١٦ ساڵەیدا نەک داگیرکەر و دراوسێ و وڵاتانی بیانی، بەڵکوو خودی کوردە، ئەوە لە مێژووی هەنووکەی کوردا، فرە خاستر لە هەر سەردەمێک دەردەکەوێ، خۆ ئەگەر لە مێژوودا کەم دەسکەوت و بەڵگەن، مێژووی هاوچەرخ و ڕووداوەکانی هەر ئەو چرکە ساتە، شاراوە نین. “دوو هۆکار ڕۆڵ دەگێڕن لە پاشخستنی دۆزی نەتەوەیەک،کە بۆنەتەوەی کوردیش هەروایە یەکەم هۆکارە ناوخۆییەکان،دووەم هۆکارە دەرەکییەکان،بەڵام دووەم بەرەنجامی یەکەمیانە واتە یەکەمیان هۆکاری سەرەکییە و دووەمیان لاوەکی چونکە ئەگەر میللە تێک لە ناو خۆدا ویستی یەکگرتوویی هە بێت ،بێگومان دە بێتە هۆی لاوازی دەستی دەرەکی لەم مەسەلەیەدا ،بەڵام ئایا نەتەوەی کورد ئەم خواستەی نییە؟ یان ئەم خواستەی لێ دەدزرێت لە لایەن حزب وبنەماڵە ؟گومانی تیادانییە کە نەتەوەی کورد خواستی سەر بە خۆیی هە بووە بەڵەم ڕابەرەکانی خێڵەکی و بنە ماڵەیی بوون ،نەتەوە و دەوڵەتیان بەقوربانی بنەماڵە و خێل کردووە و دەشیکەن “[2]

هەنووکە ئەگەر گەرەکمان بێت چاوێک بە هەواڵەکانی کوردستاندا بخشێنین، دەیان مەلای خەتێ و تێکچوونی چەندین میرنشین و خیانەت بە خانی لپ زێڕین و هاوپەیمانەتی لەگەڵ عوسمانی و سەفەوی بە دژی ئەوی تری کوردی بەرانبەرمان دەبینین. ئاراز عەبدووڵا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لە دوای سەردانی مالکی وەک ئەوەی هەر ئەو مالکیە نەبووبێ دۆینێ و پێرێ بە دژی کۆدەبوونەوە و لەسەر کاریان لادەبرد، دەڵێ: “مالکی کوتی ئەوان نایناهەوێ کوردە گەندەڵەکان بگەڕێنەوە بەغدا و ڕاستیش دەکا، دواتر دەڵێ گەنجانی کورد دەبێ فێری عەرەبی بن”.

مامۆستا پەرویز ڕەحیم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی هەولێر لەمەڕ سەردانی مالکی بۆ سلێمانی وەها دەدوێ: “به‌ڵام چه‌نده‌ هه‌ستێكی پر ئازار و ناخۆشم هه‌بوو و ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاریم ده‌رشت كه‌ پێشوازی گه‌رم و برایانه‌! و ده‌ست له‌ملانێكردن( ماچی ره‌ش یان ماچی مه‌رگ!)ـم بینی له‌سه‌ر فه‌رشی سووری كوردی! بۆ كه‌ سیك كه‌ نان و قووتی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی به‌ فه‌رمانی ئێران بڕی(یه‌كێك له‌ ره‌هه‌ند و جۆره‌كانی جینۆسایدی پۆست مۆدێرن) و چاوه‌رێی گه‌یشتنی فرۆكه‌ی F-16ی ده‌كرد بۆ هێرش و به‌خاك یه‌كسانكردنی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی سرینه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌روه‌ری كورد و دووباره‌ به‌كۆیله‌ كردنه‌وه‌ی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ی كورد…(ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ كاره‌ساتی كوشتن و جینۆسایدی ئێزدییه‌كان و ده‌ستدرێژی و كۆیله‌كردنی كچ و خوشك و دایكانمان كه‌ به‌ پێێ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌كادیمی و سیاسییه‌كاننیش پشكی شێری به‌رهه‌می سیاسه‌ت و پلانی جه‌نابی مالكی! بوو).

پێشوازی گه‌رم و ئاشكرا له‌ جه‌نابی مالكی! له‌ كوردستان دووباره‌ تراژیدیای ژیانی شپرزه‌ و تێكچوونی ژیانی خێزانی هه‌زاران تاكی كورد و خنكانی سه‌دان و هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ و لاوی كورد له‌ ئیجه‌ و مردن له‌ هه‌نده‌ران و سووكایه‌تی و هه‌ناسه‌ ساردی و ژیانی ئاواره‌یی بیر خستمه‌وه‌ … ئه‌و باوكانه‌ی بیرخستمه‌وه‌ كه‌ ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاریان له‌به‌رده‌م خێزانه‌كانیان رشتووه‌ و ئاواتی مه‌رگیان خواستووه”.[3]‌…

باسی ئەم بابەتە زۆرتر کوردستانی ڕۆژهەڵاتە هەر بۆیەش لێنزی چاوی پێنووس دەسووڕێنینەوە بۆ سەر ڕۆژهەڵات. لە ڕۆژهەلآت تا ئێستاش حیزبەکان نەک هەر نەیانتوانیوە بە کردەوە لە سەر گوتارێک بە ناوی “دژایەتی کردن لەگەڵ داگیرکەر” کۆک بن بەڵکوو ئێستا دووگوتارییەکی بەرچاو لەسەر شێوەی بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەر لە ئارادایە، گوتارێک کە سوورە لەسەر ڕووخان و لابردنو ڕاماڵینی داگیرکەر، گوتارێک کە باسی چاکسازی دەکا و هێزی کورد بە لاوازتر لە ڕووخان دەنرخێنێ، ڕێک ئەو گوتارەی کە لە مێژوودا کوردی هان دا پشت لە شٶڕش بەردا و لەبەر مانەوە یان پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی، پاڵی وەداگیرکەردا، ئەو پاڵ وەداگیرکەردانە بە ڕادەیەک زۆرە کە کورد جیا لە هەموو نەتەوەکانی جیهان وشەی تایبەتی بۆ خیانەتکار هەیە، “جاش”.

دوای ڕاسانەوەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕاستە حیزبی دێموکرات چاوەڕوانی ڕاسانی جەماوەری بوو بەڵام خەڵکیش چاوەڕوانی ڕاسانی گشتیی حیزبەکان بوو، خەڵک لای وابوو ئیتر هەموو حیزبەکان بە کۆدەنگی و کۆکرداری پاڵپشتی خەبات دەبن و قۆڵ لە کوردایەتی هەڵدەماڵن و هەر کام لە جیبهەیەکەوە دەردەکەون و بەو شێوەیە خەباتێکی بەرین دەست پێدەکات کەچی نەک بەپێی چاوەڕوانیی ئەوان نەبوو بەڵکوو بەشێک هەر بە ڕاشکاوانە دژایەتییان کرد، ئەو بەشە کەوتنە پاڵ ٤٠٠ واژۆ بێ ناوونیشانەکەی ناوخۆ و چریکەی فیدایان و کەسانێکی تری بێ ناوونیشان لە هەندەران کە بەڵکە خاوەنی حیزبێکی چەند کەسی یان گۆڤارێکی بێ ناوەرۆکیش بن. بەشێکی تر لە حیزبەکان وەک چەقۆیەکی دوودم هاتنە پێش، لە لایەکەوە پشتیان گرت و بە مافی کوردیان زانی و لە لایەکی ترەوە ڕەخنەگەلێکی هاوشێوە یان هاوتەریبی لایەنی یەکەمیان گرت و تاوانگەلێکیان خستە باڵ ئەو خەباتە، وەک تاکڕەوی و پرس پێنەکردن و لاوازی و بێ بەرنامەییو …تاد.

لە لایەکی ترەوە ئەگەر چاوێک بە بۆنەکاندا بخشێنین یان گۆشە نیگایەک لە دژکردەوە لە هەمبەر ڕژیم لە دوو ڕووداوی ئەو دواییانە بخشێنین: ٢٢ی پووشپەڕ و خاپوور کردنی گۆڕستانی شەهیدانی قوروە و شکاندنی کێلی کاک فواد مستەفایی.

٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ٢ لایەنی دێموکرات داوای مانگرتنیان کرد، لایەنەکانی تر بێدەنگیان هەڵبژارد، ڕواڵەت باسی تەنیا بێدەنگیە و دەگوترێ دژایەتی نەکراوە، ناخ نادیارە. کاتێک بەرپرسانی حیزبەکانی تر ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە چما ئێوە داخوازیی مانگرتنتان نەکرد، گوترا دێموکرات داوای لێنەکردبووین ئەگینا دەمانکرد.

گۆڕستانی شەهیدانی قوروە (ڕژیم گوتەنی لەعنەت ئاوا) خاپوور کرا، زۆرینەی ١٣٠ شەهید و لەداردراوی ئەو گۆڕستانە، ئەندام و شەهیدی کۆمەڵە بوون، چەند گۆرێکیش هی بەهاییەکان و چەندێکیش هی دێموکرات. تا ئێستاش هیچ کۆدەنگییەکی لەسەر نیە، کۆمەڵە بە کاڵ و کرچی هەندێ لێدوان و هەواڵی لەسەر بڵاو کردەوە کە ئەوەش زۆرتر ئەرکی هەواڵدەرییە نەک حیزب، حیزب ئەرکی ڕاپەڕاندن، تێگەیاندن، رێکخستن و چاوەدێری لە ئەستۆیە، بەڵآم تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ دێموکرات لە حاندی بێدەنگە. پێدەچێ تا ئێستاش نەگەیشتبین بەو ڕاستە کە بۆنەکان و ڕووداوەکان بیانوون، ڕووگە دژایەتییە لەگەڵ کۆماری سێدارە، کەواتە دەکرێ هەر ڕووداوێک چ حیزبی چ ناحیزبی، بکرێ بە بیانوویەک بۆ تێکردنی برینو کوانوویەک لە جەستەی ئەو ڕژیمە و یەکگرتوو کردنی خەڵک. لە ڕاستیدا بەجەماوەری کردنی خەبات و ڕاسان تەنیا بەو شێوە دەکرێ، ڕووداوەکان بقۆزیەوە و خەڵک ڕێکبخەی و هەست و سۆز و مەنتقیان بەکار بهێنی و بیورووژێنی.

ڕووداوەکانی کوردستانی باشووریش خۆی دەرخەر و بێژەری خۆیەتی و پێویست بە شرۆڤە ناکات: دانانی سەنتەری ڕٶشنبیری خومەینی لە کەرکووک، سەرەخۆشیی خوشک و برایانە لە ئەسەد و هیوای بەردەوامی بۆ خواستن، پێشوازیی بەردەوام لە قاسم سلێمانی و سەحراڕوودی، هاژووتوانی بۆ لاریجانی، گوشارهێنان بۆ دێموکرات و کۆمەڵە بۆ پشگرتن بە خەباتی چەکداری، نامەی سۆزدارییانە نووسین بۆ خامنەیی وەک باوکی ڕوحی، سەردانی مالکی و دەیان گرێبەستی شاراوە و ئاشکرا و باس کردن لە سەربەخۆ کردنی کەرکووک و جیا کردنەوەی لە باشوور”.

ڕۆژئاوای کوردستان و ئەستاندنی ئاڵای کوردستان لە دەست خەڵکو قەدەغەکردنی، وەدەرنانی کەسانی سەربەخۆ یان دژ بە حیزبی دەسەڵاتدار، پێکهاتن لەگەڵ ئاسایشی ئەسەد بە نێوبژیوانیی ئێران و حیزبووڵا، سووتاندنی ڕادیۆی حەسەکە، بە زۆرە ملی ناردنی منداڵان بۆ شەڕ و بەشداری لە ناو سپای ئەسەد و دەیانی تر.

کۆی گشتی ئەو بابەتە بۆمان دەردەخات، کورد خۆی نەیاری خۆیەتی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر پێناسەنەکرانی بابەتییانەی کورد و ماف و داواکارییەکانیەتی، بەڵکوو ئەو داواکاری و ماف و کوردبوون و ناسنامە و شوناسە هەر لەسەرەتاوە پێناسەنەکراو ماوەتەوە، لە هەر کوردێک بپرسی ئازادی و سەربەخۆیی دەوێ بەڵآم کەمتر کوردێک هەیە ئەو دوو وشە قورس و پڕناوەرۆک و پانتای واتایە پێناسە بکات. کوردبوون چیە؟ چۆنە جاشەکانیش خۆیان بە کوردپەروەر دەناسێنن؟ بە جۆرێک کە زۆر جار ئەوان کەسانی نیشتمانپەروەر بە جاش دەناسێنن.

پێویستە کورد ئاوڕێک لە خۆی بداتەوە و بەر لە هەموو شتێ خۆی و ئامانج و داواکارییەکانی پێناسە بکات، ئەگەر هات و کورد وایکرد ئەو کات حیزبی بوون، دەمارگیری، ناوچەگەری و نە بەرژەوەندی گیرفانی و تاکەکەسی و نە پرۆپاگەندای داگیرکەر ناتوانێ کورد بلەرزێنێ و هەڵیخلیسکێنێ بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تەنانەی زۆربەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد یان ئەوانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ پێناسە دەکەن ئەو چەمکانەیان لای خۆیان شرۆڤە نەکردووە هەر ئەوەش هۆکاری گۆڕان، ترازان و لادانی تاکی چالاک یان شۆڕشگێڕی کوردە.

بەڵام ئەوە خۆی بەرکارە، گەلۆ هۆکار چیە؟ هۆکاری سەرەکی دەکرێ نەبوونی زانیاریی گشتی، سیاسی و نەتەوەیی بێ، زۆربەی تاکی کوردی ناو ڕیزی حیزبەکان بە پێی هەڵکەوت، هەست و سۆز یان بێ خوێندنەوەی تاکەکەسی و بەپێی لیدوانی کەس یان کەسانێک و زۆر جاریش بە هۆکاری کێشەیەکی شەخسییەوە خزاونەتە ناو ڕیزی حیزبەکان (ئەوەش لە هەر چوار پارچە ڕاستە و وەک یەکە)، دواتر ئەو تاکە هەر بە و هۆکارانە واتا کەسانێکی تر کە وەک ئەو هاتوونە ناو ڕیزی ڕێکخراوەکە و بەو هۆیەشەوە ناوچەگەری، خۆمە خۆمە یان ڕق و دووبەرەکی تێیاندا بەدی دەکرێ، دەکەوێتە بازنەیەکی تروە، تاقم و تاقم بەندی و لە هەمووشت سەیروسەمەرەتر ئەوەیە دوای ماوەیەک بە گوتنەوەی قسەی دەمی خەڵکانێکی تر کە بۆی هەیە هیچ کات لێیان تێنەگەیشتبێ یان بە کوتنەوەی وشەی قەبەی دەمی خەڵک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەست دەکا بە ئاخنینی کیسی داگیرکەر و هەر ئەو کەسانەش دوای ماوەیەک مانەوە و ناو و ناوبانگ، کودەتا دەکەن و شۆڕش بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

هەبوونی بەردەوامی ئەو کێشە لە ناو خەباتی کورددا وایکردووە کورد تا ئێستاش چومکگەلی پێویست بە بوون بە نەتەوە نەناسێ و لە بەرانبەردا نەک بەهێزیان بکات بەڵکو بیانسڕێتەوە، چومکگەلێکی وەک: سروودی نەتەوەیی، ئاڵای نەتەوەیی، زمانی یەکگرتوو، خەت و ڕێنووسی یەکگرتوو.

تاکت کوردی بەڕواڵەت و ناخ خەباتکار و تێچوودەر و تەمەن لە پێناوی خەبات ناوی کورد تەنیا بە هۆی تێنەگەیشتنی زانستیانە لە باس و بابەتەکان و بێ ئەوەی خۆی بزانێت بە پێچەوانە هەنگاو دەنێت و زۆربەی کاتەکان لە ڕێگای ڕاستدا هەنگاوی خوار دەندرێ. سەختترین هەڵەش کە هیچ کات ڕاست بوونەوەی بۆ نیە، خوار ڕۆیشتن لە ڕێگای ڕاست دایە. داگیرکەریش زیرەکانە لەسەر ئەو جۆرە کەسانە سەرمایەگوزاری دەکاتو بەهێزیان دەکات.

ئەمە ڕەوتی مێژوو و ئێساتی کوردە، هیوادارم داهاتوو بە درووستی بهۆندرێتەوە.

[1] . http://www.helwist.com/Nuseran/Braym%20Fershi/14%20%2010%20%2013%20%20xan.htm

[2] http://www.kurdistanpost.nu/?mod=archive&id=73509

[3] . https://www.facebook.com/parwez.rahim/posts/1284369711605836

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت