رونکردنەوەی محەمەد نەزەری بۆ رای گشتی

0
1832

رۆژی کورد: محەمەد نەزەری یەکێک لە بە پێشنەهترین زیندانیانی سیاسی لە ئێران، سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی هەواڵی ناڕاستی خۆکوژیی خۆی لە ژمارەیەک مەڵپەڕدا، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

لەو نامەیەدا کە بۆ رۆژی کورد نێردراوە، محەمەد نەزەری بڵاوبوونەوەی ئە وهەواڵەی بە کاری دەستوپێونەدییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات گەڕاندۆتەوە.

محەمەد نەزەری راگەیاندووە کە رەنگە لەباری تەندروستییەوە کێشەم هەبی، بەڵام هیچ کێشەیەکی دەروونی و رۆحی‌م نییە.

رۆژی رابردوو هەواڵی خۆکوژیی محەمەد نەزەری لە هەندی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، کە سەرچاوەیەک لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە ئەو هەواڵەی رەت کردەوە.

محەمەد نەزەری ماوەی ٢٢ سال و ٨ مانگە بەبێ هەبوونی مەرەخەسی لە زیندانەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێراندایە و هەتا ئێستا سەرەڕای چەندین جار مانگرتن، بچووکترین داخوازییەکانی وەکو راگواستن بۆ زیندانی زێدی خۆی لە شاری “سایین قەڵا” جێىەجێ نەکراوە.

دەقی نامەی محەمەد نەزەری:

لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵێک لەمەڕ خۆکوژیی من ل ەهەندێ ماڵپەڕدا بڵاو کرایەوە، کە دڵنیام ئەو کارە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ناو زینداندا ئەنجام دراوە، کە جگە لە سووک کردن و بردنە ژێر پرسیاری هەندێ کەس، هیچ ئامانجێکی دیکەی لە پشت نەبووە.

بۆیە بە پێویستم زانی روونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بڵاو بکەمەوە. رەنگە من لەبواری تەندروستییەوە کێشەم هەبێ، بەڵام لە بواری رۆحی و دەروونییەوە هیچ کێشەیەکم نییە و بە کوێرایی چاوی هەندێک کەس و بەپێی ئیمان و باوەڕێک کە هەمە هیچکات دەست بۆ کردەویەکی قیزەونی لەو چەشنە نابەم، چونکە پێموایە خۆکوشتن کاری مرۆڤی نەفس نزمە، کە لەبری دۆزینەوەی ئامانج، خۆیان ون دەکەن و تووشێ سەرلێشێواوی دەبن.

کەوابوو دوپاتی دەکەمەوە من تەنانەت بیر لە خۆکوشتن ناکەمەوە، چ بگات بەوەیکە بە کردەوە ئەنجامی بدەم. هەڵبەت جێگەی خۆشحاڵییە کە هەندێ کەس لە ساڵۆنی ١٢ بە ناردنە دەرەوەی خەبەری درۆ، داهاتی خۆیان و بنماڵەکەیان دابین دەکەن!!!

محەمەد نەزەری، کوڕی حەمدوڵڵا

زیندانی رەجایی شاری کەرەج

m

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت