محەمەد مورادی: ناخۆش‌ترین بیرەوەریم ئەوکاتەیە، کە بردیانین تیربارانمان بکەن/دیمانە

0
2244
IRAN. August 27, 1979. After a short show-trial, 11 people charged as being "counterrevolutionary" were executed at Sanandaj Airport. A bodyguard of Judge Sadegh Khalkhali, at right, shoots each of the condemned once in the head after their execution.

دەگمەنن ئەو کەسانەی کە لە میژووی خەباتی رزگاری خوازیی گەلی کوردا، زیاتر لە دوو دەیە لە زیندان‌دا مابێتنەوەو فەلسفەیەکی نوێ بە چەمکی خۆڕاگری و فیداکاری ببەخشن.

مێژووی هاوچەرخی شۆڕشی کوردستان شایەتی بۆ خۆڕاگریی “عەزیز یوسفی” و “غەنی بلووریان” لە زیندانەکانی رژیمی شای ئێراندا ئەدەن، هەرچەندە دواتر غەنی بلووریان ئاڵوگۆڕی فیکریی تێدا دروست بوو، بەڵام بۆ هەتاهەتایە ناوی لە مێژووی خۆڕاگریی ناو زیندانەکاندا دەمێنێتەوە.

هەنووکە رەورەوەی نووسینەوەی فەسلەفەی خۆڕاگری و فیداکاری لە ناو بزافی شۆڕشگێریی خەڵكی کوردستاندا بەردەوامە و باس کردن لە چەند دێڕێک لە فەسلسەفەیە لە دەیان رۆمانی دورو  درێژ کاریگەرتر و جێگەی سەرنج‌تر بێت.

محەمەد مورادی سەرەتای ساڵی ١٣٧٥ پاش شەڕێکی قورس و بەهۆی دابڕان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات و ناشارەزایی لە ناوچەی داڵاهۆی کرماشان، لە نزیک سنوورەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە دیل گیرا و دواتر بە ٢٠ سال زیندان حوکم درا.

203-02محەمەد مواردی ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانییەکەی لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان و زیندانی ناوەندیی یەزد تێپەراند و پاش ئازادبوون لە زیندان، رووی لەهەرێمی کوردستان کردووەو بەهۆی مانەوەی دورودرێژ لە زیندان تووشی چەندین نەخۆشیی سەخت هاتووە.

محمەمەد مواردی لەو ماوە کەمەی پاش ئازادبوونی دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵ کاوە جەوانمەرد رۆژنامەنووسی ناسراوی کورد دامەزراندووەو دەڵێ: من لە ناو حیزبی دیمۆکراتدا زۆر دڵم بە کاک کاوە خۆش بوو، زۆریش هاوكاریی كردم، بەڵام بە داخەوە شەهید بوو  و لەو كاتەوە سەردانی حیزبم نەكرد چون جێگای خاڵی ئەبینم و خۆم بە تەنیا.

رۆژی کورد بۆ بێرهێنانەوەی ماوەی زیندانی چاوخشاندنێک بە پەڕاوی بیروەریی تاڵ و ناخۆشەکان و بەسەرهاتی زیندانیی محەمەد مورادی لە زیندانەکانی کرماشان و یەزد، دیمانەیەکی لەگەڵ پێکهێناوە.

رۆژی کورد: بیرەوەرییەکی ناخۆشی سەردەمی زیندان و لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەکانی زیندانمان بۆ باس بکە؟ هەتا ئێستا چ شتێکی ئەو ماوەیە لە بیرت نەچۆتەوە و رەنگە بەردەوام لە زەینتا بێت و بچێ؟

محەمەد مواردی: لە ڕاستیدا ناخۆشترین بیرەوەریم ئەوەیە كە شەوێک کە تازە گیرابووین من و هاوڕێكەم عەلی ساڵحی پێكەوە بردینیان بۆ ئیعدامی سەحرایی شەوێ بەبێ ئەوەی لە شتێک ئاگادار بین وەیا لانیكەم ئاگادارمان. بكەنەوە هاتن هەردوكمانێان برد بۆ پای خاكڕیزێک و چاویان بەستین دەستیان لە پشەتەوە بەستین تازە پەتویەكیان خست بە سەرمانا كە دڵنێا بین هیچ كەسیان نابینین  پاشان چەن سەربازێكیان هێنابوو موسەلەح بوون كە ئێمە تیر باران بكەن، بەڵام تەقەیان لێ نەکردین و پاش چارەكێک یا بیست دەقیقە ئێمەیان لە پای خاكڕیزەكە گەڕاندەوە بۆ ژورەكەمان، بەڵام هۆكاری ئەوكارەی ئەوان هێشتا بۆ ئێمە ڕوون نەبوەوە بۆمان. چونکە ئەگەر ئەوكارەی ئەوان لە بەر ئەوە بووە كە ئێمە هاوكاریان بكەین، لای من هەڵەیە چون پرسیاری لێكۆڵینەوە لە ئێمە ئەتوانم بڵێم لە نیوە زۆرتریش لێمان كرابوو. من پێموایە ئەیانەویست ئێمە تەحقیر بكەن و دەست‌ئاوەڵایی زۆری خۆیان بە سەر ئێمەدا بسەلمێنن. لە پای خاكڕیزەكە چاوبەندمان بوو بە چاوبەند ئەتوانی دەوروبەرەكانت تا ڕادەیەک ببینیت. ئەگەر لە زیندانی بپرسی ئەزانێت بە چاوبەند ئەكرێت لە ژێرەوە تاڕادەیەک كەسانی دەوروبەرت ببینیت ئەوبیرەوەریە هیچ كات لە بیر ناچێت.

رۆژی کورد: لەو ماوەیەدا کە لە زیندانی دیزڵ ئاباد و یەزد بووی، ئەوەندەی ئاگادار بی تا چ رادەیەک خەڵک لە سێدراە ئەدران؟

محەمەد مورادی: لەو ساڵانەدا زۆر كەسیان لە سێدارە داوە بەڵام چۆنکە ئەو هەموو كەسانە بە بیر بێنمەوە ئەتوانم ئەوە بڵێم كە لە مانگێكدا لانیكەم ٥ كەس لە سێ دارە دراون جاری وابووە كە لەمانگێكداحەوت تا دەكەسیان لە دار داوە.  زیندانەكانی كرماشان و یەزد زۆرترین زیندانی لە سێدارە دەدرێت بە تایبەت یەزد، زیندان مەركەزیی یەزد مانگی وابووە كە تا دوانزدە نەفەری لە سێدارە داوە، بەڵام ئەو ئەم ئامارانە زۆر بەكەمی لە میدیاكاندا بڵاو دەكرایەوە ئەویش چەند هۆكاری بوو یەكێک نەبوونی میدیای ئازاد و ترسی بنەماڵەی ئیعدام كراوەكان لە دەزگا ئەمنیەكانی ڕژیم و هەروەها نەبوونی چاودێرانی مافی مرۆڤ لە ئێران.

رۆژی کورد: ئەوکاتەی کە لەزیندان بووی، چۆنت بیر دەکردەوە کە ئەگەر ئازاد بووی خەڵک چۆناوچۆن پێشوازیت لێ بکەن؟ ئاخۆ پێزانینی خەڵک لە و ئاستەدا هەبوو کە ئەو هەموو ماوەی زینداییەت لەبیر بباتەوە؟

محەمەد مورادی: بەداخەوە پێزانینی کۆمەڵگەی ئێمە لەو ئاستەدا نەبوو، نەک بەو مانایەی کە منەت بخەمە سەر خەلکی خۆمان، بەڵام بۆ نموونە کاتێ ئینسان زەحمەت و رەنجێک بۆ میلەتێ دەکێشێ، چاوەروانی کەمترین دەستخۆشییە، بەڵام خۆش وایە میلەتیش خۆی پێ بزانێ. ئەگەر ئێمە مانان ئەو شتانە بە گوێی خەڵکدا بدەینەوە بنەما شۆڕشگیڕییەکان لەوس دەبن، مەبەستم ئەوەیە دەبێ خەڵک بزانێ کە ئەگەر پێشمەرگە شەهید دەبێ و ئەگەر زیندانیی دەکێشین، بۆ میلەتی دەکێشین. بۆیە هەق وایە ئەوانیش بە هەر شێوەیەیک کە بۆیان دەکرێ لەپشت شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە بن. چونکە ئێمە کە لە زیندان بووین لانیکەم ئێمە وا بیرمان دەکردەوە کە ئێمە نوێنەری نەتەوەیەکین و خۆڕاگریی ئیمە نیشانەی خۆڕاگری و سەربەرزیی نەتەوەی کوردە.

كاتێك هاتمە ماڵی خۆمان خەڵكێكی زۆر پێشوازی لێ كردم، بەڵام هاتنی ئەوخەڵكە زۆر ئازاری هەبوو بۆم چونکه زۆریان بە كەمی لەو خەڵكە هەبوون کە تێبگەن من بۆ میلەتی كورد ماوەیەكی زۆر واتە نیوەی لە تەمەنم لە زیندان بووم و عەزابم كێشاوە. بەڵام زۆربەیان پێیان ئەوتم تۆ ئەو هەموو ساڵە بۆ حیزب لە زیندان كرابووی، بەڵام حیزبیش هیچیان بۆ نەكردویت.  یانی لەم ١٥مانگەدا ئەو قسانە هەر كۆتایی پێ نەهاتووە یەکی ئەڵێ  بۆ حیزب ناتنێرن بۆ دەرەوە، یەكی ئەڵێ بۆ حیزب یارمەتیی ماڵیت نادات یەكی ئەڵێت بۆ حیزب چارەسەری نەخۆشیەكەت ناكات، ئیتر ئەم قسانە هەر تەواوی نیە. هەڵبەت كەمکاریی حیزبیش خۆی هۆكاری ئەم قسانەن ئەمانە هەمووی هۆكارن كە هەرگیز زیندان لە بیر نەكەم.

بیركردنەوە نەک هەر من بەڵكوو هەموومان پێكەوە ئەوە بوو كە پاش ئازادی حیزب بە گەرمی پێشوازیمان لێ دەكات و هەموو كەمووكورتیەكانمان بۆ قەرەبوو دەكاتەوە چونکە پێمانوابوو حیزب بەوكارە زۆرتر سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، 12241هەرچەندە مەڕاسمێکی ڕێز لێنانیان بۆ گرتم، بەڵام داخەوە بیری ئەوەیان نەكردەوە كە بوونی من لە نێو خەڵكدا بەم شێوە كە نەخۆش و بێ پارە بێ ماڵ بۆ حیزب سوورەتی باشی نیە چون خەڵک كردەوەكانی حیزب دەبینێت. چونکە ئینسان کە بۆ ماوەی ٢٠ سال لە کۆمەڵگە دابڕێندرا، ئیتر تەنیا خاوەنی سەربەرزیی هەڵوێستەکانی خۆیەتی و هیچ شتێکی مادی لەو دنیایەدا شک نابا. دوکتور قاسملوو هەمیشە دەیگوت دەبێ فێربین باش بژین و ئەگەر پێویست بێ بۆ ژیانێکی باش، باشیش بمرین، بەداخەوە نازانم بۆ دەبێ بیر لەو شتانە نەکەنەوە.

رۆژی کورد: کاتێک کە ئێوە دەستبەسەر کران حیزبی دیمۆکرات بەدژئ رژیم لە خەباتێکی چەکداریی توندوتیژدا بوو، بەهەزاران پێشمەرگەی هەبوو، پرسیار ئەوەیە ئەو کاتەی کە ئاگادار بوویەوە حیزبی دیمۆکرات وازی لە خەباتی چەکداری هێناوەو دواتر دەستەیەک لە حیزبی دیمـۆکرات ئینشعابیان کردووە، چ هەستێکت هەبوو؟

محەمەد مورادی: بەراستی گەورەترین زەربە كە لە ئێمەی دا لە زیندان  ئینشعاب بوو،  زۆر ورەمانی تێک شکاند،  ئەوەندە ئەو ئینشعابە خایاندی كە جاری وا ئێمەشی لە شۆڕشەكە خاو دەكردەوە، بەڵام هەر ورەمان بە خۆمان دەدا وە دەمانگوت شۆڕشیش ئینشعابی هەیە و ڕیزشی هەیە، بەڵام بە داخەوە ئەو ئینشعاب و جیابوونەوە زۆر لەتمەی نەک هەر لە حیزب دا بەڵكوو لەتمەی لە زیندانیانی سیاسی بنەماڵە شەهیدان لە گەلی كورد بە تایبەت لە شۆڕشی گەلی كورد دا.

رۆژی کورد: ئەوکاتەی لە زیندان ئازاد کرای، بەڵام دوو هاووڕێت (والی دروودی و عومەر ئیمامی) هێشتا لە زیندان دەمانەوە؟ دەکرێ ئەو رۆژەمان بۆ وەسف بکەی کە لەزیندان هاتیتە دەرەوەو چ ئیحساسێت هەبوو بۆ بەجێهێشتنی هاورێکانت؟

محەمەد مورادی: راستی ئەوەیە نەک هەر من هاوڕێیانی دیكەشم بڕوایان نەبوو كە رۆژێک ڕژیم ئێمە ئازاد بكات ئەویش دو هۆكاری بوو. یەكەم جەلادی وە دژئینسانی بوونی ئەو رژیمە وای لە ئێمە كردبوو كە ئێمە وابیر بكەینەوە. ئەوەندە ئێمەی لە زینداندا گیر داوە ئیتر باوەڕمان نەبوو كە بە ئاسانی دوای تەواو بوون ماوە زیندانەكەمان ئازادیشمان بكات. ئەوە ئازادبوونی ئێمە بۆ ڕژیم پاش ٢٠ساڵ ڕاحەت نەبوو، دەمانگوت لەوانەیە ئاخری بە شێوازێک لە زیندان بمانكوژن زۆر جار لەو بارەوە پێكەوە قسەمان كردبوو. هۆكاری دیكەش لە سێدارە دانێ ئەو هاوڕیانەمان بوون كە پاش چەند ساڵ زیندانی كردنیان لە سێدارە دران. مەبەستم كاک ئەرشەد رەزایی وەهاوڕێیانی بوون لە كومیتەی پێشووی پاوە كە لە لایەن حەرەکە(بزووتنەوە)ی ئیسلامیەوە تەسلیمی ڕژیمی ئێران كران. ئەو كارەی لە سێدارەدانی ئەو هاوڕێیانە ئەو فكرەی خستە مێشكی ئێمەوە كە زۆر تێ دەچێت كە ئێمەش لە سێدارە بدەن.

بۆیە كاتێک وتیان ئازادی، هەرباوەڕم نەدەكرد تاهاتمە بەردرگای زیندان و سواری ماشین بووم هەتا گاراجی كرماشان لە یەزد. كاتێک سواری ماشێنی كرماشان بووم تازە تۆزێک هاتمە هۆش خۆم هێدی هێدی مێشكم كەوتە كار لە ناو ڕێگادا ئیتر كەوتمە بیری هاوڕیانم بۆ خۆم وتم یانی ئەوە من بە ٢٠ساڵ زیندانەوە وە تا كۆتایی ئازاد نەكرام، داخوا بۆ ئەوان چۆن بن بە زیندانی ئەبەدەوە. تازە وردە وردە بیری سەختیەكانی زیندان ئەكەوتمەوە كە ئەوان دەبێ لانیكەم. بۆ چەندین ساڵێكی دیكە تەحەمولی بكەن زۆر ناڕەحەتی ئەكردم بەڵام هیچێكم لە دەست نەدەهات بۆیان.

 یەك شت دوای ئازادیم لەو ڕۆژەدا زۆرتر لە شتەكانی دیكە ئازاری ئەدام ئەوە بوو كە زۆر جار باسی ئازادیمان ئەكەرد لە ڕاستی دا ئەوان پێانوابوو چوون ئەوەنده ئێمەیان لە زیندان ڕاگرتووە حەتمەن هەر هەموومان هەم پێكەوە ئازاد دەكەن، بەڵام وا نەبوو من خۆم هەر ئەو كاتە لەسەر ئازادی قسەمان ئەكرد ئەموت ئەگەر ئێمە دوو كەسی واتە من و عەلی ساڵحی بە ٢٠ساڵ زیندان هەمووی بە ئێمە بكێشن بڕوام نیە كە هەر هەموومان پێكەوە ئازاد بكەن تازە من ئەوەشم پێ وتن لەوانەیە بە ئێوە تۆزێ زۆر تر لە٢٠ساڵ بكێشن چونکە ئێوە ئەبەدتان پێدراوە هەرچەند قسەكانی من دروست تر لە ئاو دەر هات بەڵام ئەڕۆژە زۆر بیری ئەو قسەم ئەكرد وە بۆ خۆم پێم ناخۆش بوو تازە قسەكانی من بە دی هات چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە تیشکەوە هەواڵی شكاندنی زیندانی ئەبەدی كاك والی درودیم بیست کە کرایە ٢٥ ساڵ.

رۆژی کورد: چۆن بوو بڕیارت دا، پاش ئازادبوون روو لە ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات بکەیتەوە؟

12239محەمەد مواردی: من لەبەر ئەوەی كە گەڕامەوە بۆ ناو حیزب هەر هەڵوێستێك بوو كە لە ناو زینداندا گرتبووم. من دەڵێم ئەگەر پاش تەواو بوونی ماوەی زیندانەكەم ئەگەر نەگەڕایەتمەوە، ئەوە یانی ڕژیم لە زیندانی كردنی من و كەسانی وەک من، خۆی بە سەركەوتوو بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ حیزبەكاندا دەزانێت و پێیوایە كە ئەگەر وەك ئێمە بۆ ماوەیەكی زۆر لە زیندان ڕاگرێت ئیتر پێی وایە كە لاوەكانی دیكەی كورد ڕوو ناكەنە ڕیزەكانی شۆرش هەر بۆیە ویستم بە گەڕانەوەم بۆ ناو حیزب ئەوە بە ڕژیم ڕابگەیەنم كە لە پلانەكەی شكستی هێناوە و هەرگیز سەركەوتوو نابێت.

رۆژی کورد: زۆر جار بنەماڵەی زیندانیان گلەیی دەکەن کە ئەگەر میدیاکان باسی رۆڵە زیندانی کراوەکانیان دەکەن، کێشەیان بۆ دروست دەبێ، بەڵام کەسی زیندانی هەتا چەندە بۆی گرینگە کە لە میدیاکاندا باسی لێوە بکرێ؟ ئاخۆ هەستتان دەکرد باس کردن لە ئێوە لە میدیاکاندا لەسەر دۆخی ئێوە کاریگەریی دەبێ؟

محەمەد مواردی: سەبارەت بە گوتەی بنەماڵەی زیندانیان من پێموایە  ئەو قسانە دروست بێت. لەو باوەڕەدام كە ئەگر لە میدیاكاندا باسی بەندكراوانیان بكرێت باشترە، چونکە لانیكەم بۆ ئێمە لەو ماوەدا كە تجربەی زۆرمان لەم بارەوە هەبووە، وانەبووە. بۆ نمونە هەركات لە میدیاكان باسی بەندكراوێك كراوە وە چالاكانی مافی مرۆڤ وە یا ڕێکخروەکانی مافی مرۆڤ پشتی بەند كراوێكیان گرتبێت، ڕژیم لە نێو زینداندا باشتر ڕەفتاریان لەگەڵ كردووە و زۆر بە ئیحتیاتەوە هەڵسوكەوتیان بووە.

تازە بۆ پێدانی عەفوو و مەرەخسی کاریگەریی باشتریشی دەبوو. لە بەر ئەوەی چون كاتێک میدیاكان سەبارەت بە بەندكراوێك باس دەكەن و دەلێن بۆ ماوەیەكی زۆرە مەرەخەسی پێنەدراوە وە یان لە مافی خۆی وەك زیندانیەك بێبەشە وەكو بەنندكراوانی دیكە. ئەوكات ڕژیمیش هەوڵ ئەدات بۆ ئەوەی ئەو قسەو باسانەی میدیاكان بخاتە درۆوە مەجبوور دەبێت بەند كراوەكە بنێرێتە مەرەخەسی چون دەزانی ئەو زیندانیە كاتێک دەڕواتە مەرەخەسی خەڵك دێن بۆ لای وە دەكەوێت پێش چاوی خەڵک وە ڕەسم و وێنەی بڵاو دەبێتەوە ئەوە یانی بە قەولی خۆی بە درۆ خستنەوەی میدیاكان. ئەوەی ڕاستیە هەندێك بنەماڵەی بەندكراوان چون كەسەكانی خۆیان دێنە مەرەخەسی  پێیان خۆش نیە لە میدیاكان باسیان لە سەر بكرێت چون. كاتێك ئیتڵاعات بە بەندكراوێك ئیجازە مەرەخەسی دەدات بە بنەماڵەی ڕادەگەیەنێت كە بۆتان نییە لە گەڵ میدیاكان لەم بارەوە باس و قسە بكەن پێیان ئەڵێن سەرتان. بخەنە خوار بێ دەنگ بڕۆن و بێ دەنگ بگەڕێنەوە هەر بۆیە ئەو چەند بنەماڵە پێیان خۆش نیە باسیان لە سەر بكەرێت چون دەترسن ئیتڵاعات جاریكی دیكە ڕێگری بكات لە مەرەخەسی كەسەكەیان. بۆ نمونە  ئێمە ماوەیەكی یەكجار زۆر هیچ میدیایەک باسی لێ نە دەكردین و حیزبیش لەم بارەوە زۆر كەموكورتی هەبوو تازە كاتێك ئێمە گلەییمان. كردبوو بۆ ناتوانن كارێك بكەن كە هەمیشە لە میدیاكاندا باس لە ئێمە بكەن چوون ئێمە پێمانوابوو كە باس كردنی ئێمە لە میدیاكاندا هەم بۆ ئێمە باشە وە لە بیر ناكرێین و هەم بۆ حیزب باشە كە تەبلیغمان پێوە بكات بۆ قازانجی خۆی، بەلام زۆر كەمتەرخەم بوون وە جارێكیش لە لایەن ئەندامێكی حیزبەوە پێمان وترا، ئێمە لە بەر ئەمنیەتی خۆتان ئەوكارە ناكەین بەڵام ئێمە ئەو بۆچونەمان بە هەڵە دەزانی. چونکە تا بەندكراوێك لە بێ دەنگیدا زیندان بكێشێت مانەوەشی هەر زۆرتر دەخایەنێت ئەویش بەبێ مەرەخەسی.

 12247 كاتێك مەڕەخەسیان بە عومەر و والی دا، ٢ ساڵ پێش ئەوەی خۆمان لە ڕێگای هاوڕیانی خۆمانەوە كە پێشتر لە زیندان بوون بە هاوكاری یەک وەزعیەتی خۆمان و بێبەش بوونمان لە مافی عەفو مەرەخسی لە میدیاكان بڵاو كردوە و دەلیلەکەشمان ئەوە بوو كە نەخۆشیمان هەیە بەڵام لە مەڕەخەسی كە مافی خۆمانە بێبەشین یەكەم هەواڵمان.نارد بۆ ئەحمەد شەهید و لە “كوردپا”یش بڵاو ببووە.

 با ئەوەشم لەبیر نەچێت كاتێک والی یەكەم جار رۆیشتە مەرەخەسی ڕەسمی خۆی بڵاو كردبوۆە بەڵام كە هاتەوە بۆ زیبدان و پاش ماوەیەک ویستی بڕواتەوە مەرەخەسی ئیتڵاعات پێی وتبوو جارێكی تر ڕەسمەت بڵاو بێتەوە و یا بتەوێ لە گەڵ رادیو و یا تەلەفزیۆنک قسە بكەی ئیتر چاوت بە مەرەخەسی ناكەوێت.  بنەماڵەكان لە بەر ئەوە ئەڵێن باش نیە كە بەندكراوان لە میدیاكان باسیان لە سەر بكرێت. بەڵام بە گشتی باشترە كە میدیاكان وە چالاكان باس لە سەر بەندكراوان بكەن بۆ نمونە ئەگەر مەسەلەی ئەو شەش ئەندامەی حیزب كە حەرەكەی ئیسلامی تەسلیمی كردن ئاشكرا و روون بكرایەوە رژیم هیچ كات نەیدەتوانی ئیعدامی بكردایەن و ئاشكراش دەبوون كە چۆنن و لە چ زیندانێكدان. بنەماڵەی بەندكراوان لە بەر ڕەحم وە ترس ئەڵێن باشترە كە باس لە كەسەكانیان نەكرێت. بەڵام حیزبەكان نابێ تەسلیمی ئەو قسانە ببن و دەبێ بەرژەوەندیی گشتی میلەتەكە لەبەر چاو بگرن.

رۆژی کورد: ئاخۆ لە ئەگەری مانەوەت لەناوخۆی وڵات، مەترسیی هەبوو بۆ گیانت کە دەزگا ئیتلاعاتییەکان هەوڵێک بۆ لەناوبردنت بدەن؟

 محەمەد مواردی: ئێدارە ئیتلاعات بە هەر چوارمانی ڕاگەیاند، كە ڕۆژێک ئازاد كران دەبێ بە سێ شت پایبەند بن. ١. مانەوە لە ئێران ٢. قانونی ڕژیم بە ڕەسمیەت بناسن. ٣. لەگەڵ هیچ حیزبێكدا پەیوەندی نەكەن و ئەگر لەم بڕیارانە لا بدەین بۆمان گران تەواو دەبێ. هەر بۆیە من بەس زوو لە ئێران هەڵهاتم دو ڕۆژی تەواو نەمامەوە بەس ئەوەند مامەوە كە كاری تیپەڕ بوون لە مەرزەكانی ئێرانم دروست كردبوو.

رۆژی کورد: گەورەترین ئەزموونێک کە لەماوەی ٢٠ ساڵ زیندان‌دا هەتە؟ پێتوایە چ شتێک لە ماوەی ئەو زیندانەی تۆدا هەیە کە دەبێ بۆ خەڵک جێگەی سەرنج بێت؟

محەمەد مورادی: گەورەترین ئەزموونی ژیانی من خۆڕاگرییە، كە پێموایە بۆ خەڵك جێگای سرنجە خۆڕاگری من و هاوڕیانی منە كە بۆ ماوەی ٢٠ساڵ لە سەر بیرو بۆچونمان مابینەوە چونکە بەڕاستی كەمتر كەسێ توانایی مانەوەیان هەتائەو ڕادەیە هەیە. زۆر كەسانمان بینی كە زیندانی زۆریان پێدرابوو بەڵام هەر زوو خۆی بە شێوازێك لێی ڕزگار كرد، چونکە نەیاندەتوانی تەحەمولی مانەوە و ژیانی کارەساتباری ناو زیندان بکەن.

بەڵام ئەو ئەزموونە بەنرخی تەواوبوونی تەمەنی گەنجیەتیی من تەواو بوو، مانەوەی ٢٠ ساڵ لە زیندان و شەرایەتی خراپی خواردن و ئاو هەوا هەموو شتێکی وەکوو جوانیی روخسار و جەوانی لە  ئینسان ئەستێنێتەوە، بەڵام گەورەترین شتێک کە هەتا ئیستا بۆم ماوەتەوە، ئیرادە‌ی شۆڕشگێڕی و باوەر بە ئازادییە، کە ئەگەر دیسان ٢٠ ساڵی دیکەش بچمەوە زیندان ئەو ئیرادەیەم هەر دەمێنێتەوەو خۆڕاگری دەکەم، چونکە ئینسانی شۆڕشگێڕ گومان لە بیروباوەڕەکانی خۆی ناکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت