ئاوڕێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شاعیری کۆچکردوو، مارف ئاغایی

0
2904

مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بوو کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، دەوری گرنگیان گێڕا. شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بوو کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەبوو. ئەم شاعیرە ھەستیارە لە ڕۆژی دووھەمی ڕێبەندانی ١٣٤٤ ک. ە (22 january 1966) لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدە، ناوچەی سندووس لەدایک بوو. لە ٢٥ ڕێبەندانی ١٣٧٦ بەھۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کرد.

مارف ئاغایی، کوڕی حاجی محەمەدی ئاغایی لە بنەماڵەی “پاشایی”یە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد. لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی ١٩٨٥ ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شێعر و بەرھەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەران. ئاکامی تەقەلاکانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونیجوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ “ئازەری سەمسامی” ژیانی ھاوبەشی دەست پێکرد و کچ و کوڕێک بە نێوی “شەونم” و “پەیام” بەرھەمی ژیانی ھاوبەشیان بوو. لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە ھەوڵی خۆفێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی دەبێ و ئاکامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی “ناسیۆنالیستی کورد” بوو بۆ سەر زمانی کوردی. مارف جگەلە وەرگێڕانی کتێبی “ناسیۆنالیزمی کورد” کتێبی شێعر و چێرۆکەکانی بە نێوی “زەوی سەخت و ئاسمانی دور” پاش مەرگی بڵاو بۆتەوە کە لەلایەن رەخنەگر و شارەزیانی شێعری ھاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شێعری جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.

پاش چواردە ساڵ لە مەرگی ناوادەی مارف ئاغایی یەکێک لە سێکوچکەی جوانە مەرگی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران، ئێستاش سێبەری سەوزی شێعر و بیر و ئەندێشە دیارە و ھەر باڵادەکات.

کۆچی دوایی:

پاش خزمەت و ھەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک رێکخستنی کۆنگرە، کۆنفراننسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و دامەزراندنی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی، رۆژی ٢٥ ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی “مینا خانم”ی خێزانی “پێشەوا قازی”، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە مەھابادەو بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە رەوتی پەنجاساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت.

لە بلاگی شاعیری ناسراوی کورد “شەریف فەلاح” لەسەر شاعیری کۆچ کردوو، مارف ئاغایی وەها نووسراوە:

مارف یەك لەو كەسایەتیە گەنجە كۆچ كردوانە ‌و یەكێك لە دەنگە دیار و رچەشكێنە پشوو درێژو بیرمەندەكانی بواری شێعری نوێی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە كاریگەریی ئێجگار زۆری لەسەر بیروڕای لاوان، ئەدیبان‌و بەتایبەت رەوتی شێعری نوێی كوردی هەبووە كە مێژووی خۆی بە دیدێكی شارەستانیانە دەخوێندەوەو هەر بەو دیدەشەوە لە سەرەتاو قووڵایی مێژووەوە، گوێی لە بانگەوازی مرۆڤی سروشت دوستی نیشتمانەكەی خۆی دەگرت. مارف ویستی پەیامی دەردو ئازاری نەتەوەكەی بە هونەری شێعر دەر ببڕێ‌، نەك بە قسەی رووت‌و دروشمی سیاسی‌و پاڕانەوەو لاڵانەوەی رۆمانسیانە، كە بۆتە سیماو رواڵەتی زۆرینەی شاعێرانی ئەم سەردەمە؛ تەقەلای مارف لە شێعردا تەقەلایەك بوو بۆ گۆڕانی بنەڕەتی بە تەنیا، نەك لەناو دەستەو تاقمێكدا هەر چەند مارف بە دڵنیایی‌و وشیارییەوە دەیزانی ئەم تەقەلایە بەرەو تەنیایی‌و دابڕانی دەبات‌و لە هەموو قۆڵایی هەستیەوە هەستی بە تەنیایی دەكرد، بەڵام ئەو هەستەش كۆڵی پێ‌ نەداو بەرەو لووتكەو هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە. ئەم گیانی تەنیاییەی شاعێر، كەلە ئاكامی هەڵوەدایی‌و گەڕان بە دوای ناسنامەیەكی تایبەتی‌و جیاوازدا، لە بەرهەمەكانیدا رەنگی داوەتەوە، كە بەڕای رەخنەگەران، ترس‌و گومانێكە، كە لە نەستی شاعێردا دروست بووە… ئەم ترس‌و گومانەش بەرەنجامی ئەندازەو رادەی ورەو بوێری شاعێرە؛ بۆ جێهێشتن‌و تێپەڕاندنی سنووری كەش‌و هەوایەی شێعری سەردەم كە ئەو شەپۆلە شێعرییەی لە ئامێز گرتبوو؛ كە مارفی تێدا دەژیا. واتە مارف چەندە هەوڵی دەدا لەو یاساو تایبەتمەندیە گشتییانەی شێعری دەروبەری خۆی یاخی بێت‌و دوور بكەوێتەوە، كە مارف لەم بەستێنەشدا زۆر سەركەوتنی بەدەسهێنا، وەك ئەوانەی دەیانهەوێ‌ لە زیندان هەڵبێن، یان ئەوانەی دەیانهەوێ‌ لە یاساو نەریتی كۆنی خێڵا یاخی بن، یان ئەوانەی دەیانهەوێ‌ لە كاروان دوور بكەونە، بەڵام دوور كەوتنەوەی مارف لە یاساو كاروان‌و هەڵاتن لە زیندان، بانگەوازو هەڕەشەیەكی نهێنی‌و شاراوە بوو كە لە قۆڵایی رۆح‌و هەناویدا ئابڵۆقەی دابوو كە هانی دەدا بۆ نوێبوونەوە‌و هانی دەدا بۆ گەڕانەوە بۆ ئامێزی ئەو كۆمەڵە پێوەندی‌و بیرەوەری‌و پاشخانە فەرهەنگییەی كە پێی پەروەردە كرابوو. كە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئەم دیاردەیە لە ئەدەب‌و هۆنەرو بوارەكانیتری كۆمەڵایەتیدا بەرەنجام‌و دەرهاویشتەی رەنگدانەوەو جێپەنجەی میرات ‌و كولتوورو فەرهەنگی نەوەكانی پێشووتر بوون لەسەر یەكتر.

مارف ئاغایی شاعێری نوێخواز و پشوو درێژی كورد ساڵی 1966 لە گوندی “وەزنێ”سەر بەشاری نەغەدە ـ ناوچەی “سندووس” لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە.

كوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی “پاشایی”یە.خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو كرد.

لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەكەی چوونەتە “شنۆ”. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا كە تێیدا ساڵێك زیندانی كراوە، لە خوێندن دابڕاوە.

ساڵی 1985 هاوكات لەگەڵ دامەزرانی بنكەی ئەدەبی و فەرهەنگی و گۆڤاری “سروە”دەستی بە بڵاو كردنەوەی شێعر و بەرهەم كردوە و دوو ساڵ دواتریش لە هەمان گۆڤار بۆته ئەندامی دەستەی نووسەران.

ئاكامی تەقەلاكانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونی جۆغرافیا و خوێنەری گۆڤاری “سروە”.

ساڵی 1988 لەگەڵ ئازەری سەمسامی ژیانی هاوبەشی دەست پێكرد و كچ و كورێك بە نێوی شەونم و پەیام بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان بووە.

لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە هەوڵی خۆفێر كردنی زاراوەكانی زمانی كوردی دەدا و لە هاوكاتیش لە ماوە‌یەكی كورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بوو و ئاكامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی كتێبی “ناسیۆنالیستی كورد” بوو بۆ سەر زمانی كوردی.[i].

چەند کۆپلە شیعرێکی مارف ئاغایی:

پرسیار

ئه‌وه کێ بوو

به‌ردی گرته ئاوێنه‌ی نێو چاوانی من
چڕژی تێ خست؟
ئه‌وه که‌نگێ وه‌رز گۆڕا
تووکی سه‌رم
له داری به‌ژنم هه‌ڵوه‌ری
گه‌ڵا، گه‌ڵا؟
ئه‌وه له کوێ
زه‌ریا دڵی وه‌کوڵ هات و
ڵێره هه‌ور به سه‌ر باڵای منا گریا؟

تراویلکه

به تینوایه‌تی خۆم ڕادێم
ئه‌گه‌ر سه‌مای بریقه‌داری تراویلکه‌کان لێم گه‌ڕێن.
له ته‌نیاییمدا ده‌پشکوێم
ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ی پاییزی ئه‌م ئاشنا نامۆیانه‌م
لێ دوور که‌وێ.
هه‌ر به یادی تۆوه ده‌ژیم ئه‌ی ئازادی
ئه‌گه‌ر یاده‌ تاڵه‌کانی ڕۆژانی نێو زیندانه‌کان
ده‌ست له ئازارم هه‌ڵگرن!

مانەوە

ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی

نە دەتوانم وەكوو كیژێك بیخەمە پاشتەركی ئەسپ و

لە ژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێك

هەڵێگرم

نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و

خۆم گیرۆدەی كۆلكەزێڕینەی شوێنێكی دیكە بكەم

ناوی: خاكە

ئەم دەریایەی

نە دەتوانم لە جامی چاوەكانمدا رایگوێزم و

نە دەشتوانم لە دووری ئەو

لە ئۆقیانووسی هیچ شوێنێكی دیكەدا قومە ئاوێك

بخۆمەوە

ناوی: خەڵكە

من دەزانم دارستانی هەموو شوێنێك

جریوەی‌ گەرمی چۆلەكە و

رووباری هەموو وڵاتێك

دەنگی تاڤگە و رەنگی كەف و پێچ و پەنای ریگەی بەرەو

دەریایی هەیە

بەڵام چ بكەم لێرە نەبێ

نە گوێم چاكیان دەبیسێت و

نە چاوم چاكیان دەبینێ و

نەگیانم چاكیان هەست دەكا

بۆ خوێندنەوە و دابەزاندنی دیوانی “مارف ئاغایی” لێرە کرتە بکە

سەرچاوە:

[i] http://www.jwan1387.blogfa.com/author-jwan1387.aspx

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت