مامۆستا سەیید جەلالەددین حسێنی كێ بوو؟

0
792

 ئاماده‌ كردن و نووسینی : عه‌لی به‌هرامی

مێژووی گەلانی جیهان پڕە لە مرۆڤی شیاوی ستایش كە لەبوارە جیاجیاكاندا شوێنەواری هەتاهەتاییان لەخۆیان بە جیهێشتووە و بە یادكردنەوەیان و مونۆمێنت دروست كردن و نووسین لەسەریان ڕێزیان لێدەگێڕێ و شانازییان پێوە دەكرێ.

لەمێژووی گەلی كوردیش كەم نین ئەو مرۆڤانەی كە بە كردوە و بەرهەم و خزمەتەكانیان خۆشەویستن و جێگەی شانازین و هێمای نەتەوەیین. نەتەوەی كورد بە هۆی ئەوی كە ساڵیانێكی دورودرێژە لە ژێر زوڵم و ستەمی ستەمكاران و داگێڕكەران دایە، بەشێكی زۆری وزە و تین و هەوڵ و مێژووی تەرخان كراوە بۆ نەهێشتنی ستەمی ستەمكاران.  بەشێكی بەرفراوان لە ژیانی گەلەكەمان تایبەت بەخەبات و بەرخودان و شۆڕشگێری بووە و دیرۆكی نەتەوەكەمان پڕە لەداستانی ڕاپەرین و شۆڕش و خۆڕاگری و شكست و نوشووستی و هەستانەوە و تێهەڵچوونەوەی دووبارە بەرەو ئامانجی ڕزگاری یەكجارەکی.

 ئەو حەقیقەتە وایكردووە زۆربەی هەرە زۆری كەسایەتیە هەڵكەوتوو و شیاوی پەسنەكانمان لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازنەدابن. مێژوی گەلە چەساوەكەمان پڕە لەو كەڵەپیاوانەی كە وەك ئەستێریەكی پڕشنگدار لەئاسمانی كوردستان دەركەوتوون و بەكردەوە و هەڵسوكەوتیان بوونەتە هێمای نەتەوەیی و ڕووگەی هیوا و ئاوات و هێمای خۆڕاگری و بەرخودان  و جێی شانازی و گرینگی پێدان. یەك لەو كەڵەپیاوە هەڵكەوتووانەی نەتەوەكەمان، ماوەیەك لەمەوپێش دڵە گەورەكەی لە وێستان كەوت و بە كۆچی دڵـتەزێنی، زامێكی جەرگبڕی خستە سەر دڵی زۆربەی دانیشتووانی كوردستان.

بەڵێ، مامۆستا سەید جەلالەددین حسێنی كە تەمەنی ٨٢ ساڵی تێپەڕ كردبوو و مێژووی٦٠ ساڵ خەبات و ڕەنج و مەینەتی لەپێناو بایەخەكانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران هەبوو، مەرگ زیاتر لەوە مەودای نەدا و لەسۆز و لەناخی پڕ لەخەمخۆریی ئەو مرۆڤە بەرزە، بۆ هەتاهەتایە بێبەشی كردین.

مخابن، جەنابی مامۆستا تا ئەو كاتەی لەژیاندا مابوو هەرگیز ئەو جۆرەی كە پێویست بوو ئەو ڕێزەی شایەنی كەسایەتی و گەورەیی بوو، لێی نەگێڕا و وەك پێویست كەڵك لەو مەكۆیە لە مەعریفەت و زانین و تێگەیشتنەكانی وەرنەگێڕا و مەزنایەتیی ئەو مرۆڤە بلیمەتمان هەست پێنەكرد و پێی نەزاندرا. ئاوابوونی ئەو خۆرە پڕتیرێژە، یەكجار دڵتەزین و زیانبار بوو، بەڵام ڕەورەوەی ژیان ناوێستێ و بەردەوام لەجووڵە دایە، ئەوە ڕاستیەكە و ئێمە هاوبیران و ڕیبوارانی ڕێبازە پیرۆزەكەی دەبێ خۆی لەگەڵ هاوڕەنگ و ئەو حەقیقەتە تاڵە قەبووڵ بكەین. ڕاستە لە وجوودی جەستەیی مامۆستا بێبەش بووین و ئیتر مامۆستا بە جەستە لەناومان دا نییە، بەڵام هزر و ڕوانگە و هەڵویستەكانی مامۆستا لەناو نەچوون و لەناویش ناچن. بێ گومان ڕوحی مەعنەویی مامۆستا بۆ هەتا هەتایە لەناو دڵماندا دەمێنێ و وەك جاری جاران وەك قەڵایێكی قایم، پشت و پەنامان دەبێ و دەبێتە چۆلەچرا و ڕووناككەرەوەی ڕێبازی خەباتمان لەپێناو ڕزگاریی نیشتمانی داگێڕكراومان. پێویستە لەسەرمان بە ڕووناكی خستنە سەر كەسایەتی بەرزی مامۆستا زیاتر ڕوانگە و كەسایەتی و بۆچوونەكانی مامۆستا بخەینە بەرچاوی جەماوەری كوردستان و نەوەی نوێی پێ ئاشنا بكەین و هەوڵی ڕاهێنان و بارهێنان و گۆشكردنیان لەسەر ئەو بیروباوەڕ و ئاكارانەی مامۆستای نەمرمان بدەین.

 تیشك خستنە سەرسەرجەم لایەنەكانی ژیانی مامۆستای نەمر، هەرگیز لە توانای ئەو بابەتە و دەیان و سەدان بابەتی دیكەدا نییە و پێویستی بە دەیان كۆڕ و سمینار و لێتوێژینەوەی زانستی و پسپۆڕییە. بەڵام من بە نۆرەی خۆم هەوڵ دەدەم چەند لایەن لە تایبەتمەندییەكانی مامۆستا كە جێگەی سەرسامی و دەرخەری مەزنی مامۆستا سەید جەلالن بخەمە بەر ڕاڤە و بە پێی توانا بەشێك لەحەقیقەتە نەدركاوەكانی بخەمە بەر دیدی خوێنەران.

سەرەتا بۆ چوونە ناو باسەكەمان، چاوێك بە مێژووی  ژیانی جەنابی مامۆستا و چوونیەتی ئاوێتەبوونی لەگەڵ دۆزی نەتەوەكەی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و بەسەرهاتەكانیدا دەخشێنین كە لەناو ئەو مێژووە پڕ هەوراز و نشێوەدا، زیاتر كەسایەتیی مامۆستامان بۆ دەردەكەوێ. مامۆستا لەبنەماڵەیێكی ئایین پەروەر و خوێندەوار كە باوكی  قازی بوو، چاوی بە دونیای پر لە زوڵم و نابەرابەری هەڵێنا. لەسەرەتای منداڵیەوە لەگەڵ بەشێكی بەرچاو لە زانستەكانی ئەو كات كە لەلایەن جەنابی باوكی، قازی مەلا شێخ ساڵحی واژەیی ـ بەرزەنجی، پێی گوترا ئاشنا دەبێ، بەڵام مەودای بەختەوەریی مامۆستا لە بوونی باوكێكی وا زانا و تێگەیشتوو و بلیمەت زۆر ناخایەنێ و بەداخەوە لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە لە نیعمەتی باوك بێبەش دەبێ. ماڵاوایی كردنی باوكی زەبرێکی قورس بوو بۆ جەنابی مامۆستا لەو تەمەنەدا. ئەو كارەساتە خولیای فێربوون و زانین لە جەنابی مامۆستا كەم ناكاتەوە و بۆ فیربوونی باقی زانستەكان و بەتایبەت زانستە دینیەكان لە خزمەت مامۆستایانی زۆر گەورەی ئەوكاتدا درێژە بە خوێندن و فیربوون دەدات. چارەنووس مامۆستا دەخاتە ناو هەل و مەرجێك كە هاوتەمەنەكانی چ ئەوكات و چ ئێستا كەمتر بەرەوڕووی دەبن و هەر زوو لەگەڵ دونیای دەوروبەری ئاشنا دەبێ و چاو و گوێی دەكرێتەوە و لەكڵ دەردێ. ئەوینی خوێندن و مەعریفە، مامۆستا سەید جەلال پەلكێش دەكا بۆ ناوچەكان و شار و دێهاتەكانی كوردستان، وانەی مەلایەتی دەخوێنی و ئەزموونی زۆر پڕبایەخ كۆ دەكاتەوە و لە ڕێگای ئاشنا بوون لەگەڵ زۆر كەسایەتی ناودار و شۆڕشگێڕی كوردستان  و هەروەها كاریگەریی كەسایەتی ینیشتمانپەروەری  قازی مەلا شێخ ساڵحی باوكی لەسەر جەنابی مامۆستا سەید جەلال،  لەگەڵ كێشەی نەتەوە زوڵملێكراو و چەوساوەكەی ئاشنا دەبێ و هەستی نەتەوەیی تێیدا چەكەرە دەكا و گەشە دەستێنێ.

لەتەمەنی ١٨ ساڵیەوە وێڕای جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدین حسێنی برای و بەهاندانی ٢ كەسایەتیی شۆڕشگێڕی ناوچەی موكریان،  پەیوەستی ڕیزەكانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد دەبێ و سوێندی نەتەوەیی بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان دەخوا و بۆ یەكەمین جار تێكەڵ بە كاری سیاسی و خەباتی نەتەوەیی دەبێ. مامۆستا بەو پەڕی دڵگەرمی و دڵخۆشی و ئیمانەوە ئاوێتەی خەبات بۆ ڕزگاری لە دەست زولم و زۆریی داگێڕكەرانی كوردستان دەبێ و لەو تەمەنەدا بە شێوەی هۆنینەوەی شیعر و پەخشانی شۆڕشگێڕانە هەست و ناخی سارێژ لە نەتەوەیی و ئایینی خۆی دەردەبڕێ. لەپاش كوژانەوەی مۆمی تەمەنی كۆمەڵەی ژێكاف و لە دواییدا ڕووخانی كۆماری کوردستان، لەسەر كار و چالاكیی شۆڕشگێڕانەی بەرەوام دەبێ و بە تێپەڕکردنی كات بە فێربوون و سەودای تیگەیشتن لە كێشەی نەتەوەەكەی، ڕوحی نەتەوەیی زیاتر و زیاتر تێدا باڵا دەكا و گەشە دەستێنێ. لەماوەی ساڵەكانی ١٣٢٤ تا ١٣٥٧ ی هەتاوی بەهۆی زاڵبوونی هەل و مەرجی لەڕادەبەری سەركوت و گوشاری ڕژیمی پاشایەتی، بەشێوەی نەهێنی ئەركە نەتەوەییەكانی بەجێ دێنێ و داڵدە و پشت و پەنای شۆڕشگێران دەبێ و بۆ بەرزڕاگرتنی هەستی نەتەوایەتی، لەناو جەماوەر هەڵدەسوورێ و لەو پێناوەدا دەیان جار تووشی مەترسی و لێپێچینەوەی مەئموورانی دەوڵەتی پاشایەتی دەبێتەوە، بەڵام بەو حاڵەش مامۆستای كۆڵنەدەر لەخەبات و كاری شۆڕشگێڕی پاشگەز و سارد نابێتەوە و تەنانەت زیاتر لەجاران سوورتر دەبێ لەسەر حەوجێی بەرخودان و بەبەرەكانیی زوڵمی داگێڕكەران.

ئاكار و هەڵس و كەوت و لێدوانەكانی مامۆستا دەبێتە هۆی ئەوە كە لەنێو خەڵكدا بەسیمایێكی شۆڕشگێر و ڕیێبەرێكی لێبڕاو وخەباتكار بناسرێ و متمانەی جەماوەر لە شارە جیاجیاكانی كوردستان وەدەست بێنێ، هەر بۆیە لە بەرەبەری گەرم بوونی خەبات دژی ڕژیمی پاشایەتی، جەنابی مامۆستا سەید جەلال چالاكیەكانی بەرفراوانتر دەكا و چاونەترسانە و ڕاستەوخۆ دەست دەكا بە دژایەتی ڕژیمی شا و بە وتارەكانی لە میتینگەكان و لە بۆنە جیاجیاكان، هێرشی سەخت دەكاتە سەر دەسەڵاتی شا و ڕژێمە گەندەڵەكەی و كورەی خەبات دژی پێكهاتەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری گەرمتر دەکا. لە یەكێك لە لێدوانەکانی ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی لە گۆڕستانی سەقز لە ڕێورەسمی بەخاك ئەسپاردنی شەهیدانی ڕێپێوانی سەقز، لە كاتێكدا كە هێزەكانی ڕژیمی شا دەسەڵاتی تەواویان لەدەستدا مابوو،  زۆر بەتوندی دژی شا لێدوان دەدەا و نووكی هەرەمی دەسەڵات دەكاتە ئامانجی هێرشەكانی و لەگەڵ ئەو هێرشە تووندە بۆسەر شا،  ژمارەیێك لەو كەسانەی لە قەراغەوە بوون شوێنەكەیان جێ هێشتووە و هەروەها چەند بەناو سیاسەتمەدارانێكیش كە ئێستا لەدەرەوەن و خۆیان بە قەیوم و دەمڕاستی خەڵكی كورد دادەنێن، لەرزە دایگرتبوون. مامۆستا هەر بەو ڕوحیەتە ئازا و خۆنەبوێرانەی، سەركردایەتی شۆڕشی دژی سەڵتەنەتی لەشاری بانە دەگرێتە ئەستۆ و بەهۆی كەسایەتی خۆشەویستی و متمانەی گشتی بەرانبەری هێزەكانی ڕژیمی شاهەنشاهیدا وێستایەوە و لە ئاكامدا كۆنترۆڵی شار دەكەوێتە دەستی جەماوەر و شۆڕشگێران.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كاركردنی مامۆستا ئەوە بوو كە ئەرك و كارەكانی بە ڕا و تەگبیر ئەنجام دەدا. هەر بۆیە لەكاتێكدا دەسەڵاتی ئیدارەی شاری بانەی بەتەواوی لە ئەستۆ بوو و جەماوەر لەقسەی دەرنەدەچوون، بەوحاڵەش كومیتەیەكی بۆ بەڕێوەبردنی شاری بانە پێكهێنا كە جەنابی مامۆستا كاروباری ئیداری و كۆمەڵایەتی و سیاسیی شاری بانەی بە ڕا و تەگبیر لەگەڵیان بەڕێوەدەبرد. لە دوای هاتنە سەر كاری خومەینی و پێكهاتنی هەیئەتی نوێنەرایەتی كورد و شكڵ گرتنی ڕێكخراو و حیزبەكان، مامۆستا سەید جەلالەددین لەو قۆناغەدا خۆی لە ناو ڕێكخستنی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حسێنی برا گەورەكەی دەبینێتەوە و وەك ئەندامێكی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین كە لە سەرانسەری كوردستان خاوەن ڕێكخستن بوو، كار دەكا و جەماوەری شارەكانی كوردستان لە هەلومەرجی كوردستان و داواكانی ئاگادار دەكاتەوە و تەبلیغی كوردایەتی دەكا. لەشاری بانەش جەنابی مامۆستا لەوپەڕی ژیری و سیاسەتمەدارییەوە ئەركەكەی سەرشانی ڕادەپەڕێنێ و ئەوشارە دەكاتە قەڵایێكی قایم لە بەرانبەر دژمنان و لەو سەردەمەدا هیچ شارێك بەڕادەی بانە ڕێكخستن بەخۆیەوە نابینێ. مامۆستا بەزانینی ئەوەی كە مانەوەی بەرگی سەركەوتن لە دەستی شۆڕشگێڕان، پێویستی بە هێز هەیە، لەهەمان كاتدا كە پێش بە تاڵان چوونی پادگانی شاری بانە دەگرێ، لەهەوڵی دەستخستنی چەك و چۆڵ بۆ پارێزگاری و كەڵك لێوەرگرتنی لەكاتی پێویست دا دەبێ. مامۆستا كە نایهەوێ پادگانی شار بە تاڵان بچێ و بەشێوەیێكی هەڕەمەكی بەتاڵ بكرێ لەچەك و چۆڵ، پێش بە هەڵكوتانە سەر پادگان دەگرێ و لەهەمان كاتیشدا بەشێوەیەكی لێزانانە  ٤٠٠ بڕنەو لە مێهدی بازەرگان سەرۆك وەزیری كاتیی دەسەڵاتی نوێ وەردەگرێ و بە سەر دێهات و ناوچەی بانەی دابەش دەكا، تا لە كاتی مەترسی و نەبەرد لە بەرانبەر دژمناندا كەڵكیان لێ وەرگێڕێ.

 ئاكامی ئەو تەدبیر و سیاسەتی مامۆستای نەمرمان كاتێك دەردەكەوێ كە لە ڕۆژی ١٠ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی، كاتێك كە هێزی قودسی تەیار بە چەك و چۆڵی پێشكەوتوو و بە ژمارەی زۆری ڕژیم ڕەوانەی كوردستان دەكرێن، بۆ بەناو پاك كردنەوەی هێزە شۆڕشگێڕەكان لەگەڵ خۆڕاگرییەكەی كەم وێنەی ئەو پێشمەرگانەی دەفتەری مامۆستا كە دوایی خۆیان لە ڕیزی سازمانی خەبات دا بینییەوە، بەرەوڕوو دەبن و ئەو هێزە زۆرە كە ژمارەییان نزیك بە ٥٠٠ چەكدار و زیاترلە ٧٠ ماشێن و ٢ تانك و ئیسكۆرتیی ٢ هێلیكۆپتەر بەتەواوی تەفروتونا دەكرێن، كە بەداخەوە ٨ پێشمەرگەی سازمانی خەبات لەو حەماسە كەم وێنەیەدا گیانی پاكیان بەختی گەلەكەیان دەكەن.

 لەدوای ئەو زەبرە قورسە، خومەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێ:”مردم كورد من صدای شما ڕا شنیدیم» و لە پاش ئەو شكستەی هێزەكانیان لەبانە، وتووێژەكان لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی كورد دەست پێدەكا. یەكێكی دیكە لە هەڵویستە دروستەكانی جەنابی ماموستا لەو سەردەمە، كاتێكە كە شاندی وتووێژكاری ڕژیم بە سەرپەرشتیی داریوشی فروهەر بە مەبەستی درزخستنە ناوڕیزەكانی گەلی كورد ڕەوانەی بانە دەكرێن و داوا لە جەنابی ماموستا دەكەن كە بۆ گوێگرتن لە ویست و داواكارییەكانی نەتەوەی كورد، چاویان بەجەنابی بكەوێ، مامۆستای نەمر زۆر ژیرانە و وردبینانە پیلانی شومی شاندی ڕژیم لەمەڕ لێكنرازانی یەكێتی ڕێزەكانی كوردی بۆ دەردەكەوێ و وەڵامیان بۆ دەنێرێ كە ویست و داواكاری ئێمە گشتیە و هیئەتی وتووێژكاری كوردستان بە تێكرا وەڵامدەرە و بێجگە لەو چوارچێوەیە ئێمە ووتەێكمان نییە لەگەڵ ئێوە.

مامۆستا سەید جەلال كە خاوەن كەسایەتیەكی یەكجار بەرز بوو،  لە شۆڕشگێری و هەستی مرۆڤدۆستی و نەتەوەییشدا لە لووتكەدا بوو. لە بەڵگەیێكی دیكە بۆ ئەو ڕاستیە، لەكاتی هێرشی هێزەكانی ڕژیم بۆسەر كوردستان و فەرمانی جیهادی خومەینی، خەڵخاڵی جینایەتكار چەندین جار، كەسایەتی و مەلاكانی شاری سەقز و بانە دەنێرێ و بە نامە داوا لەجەنابی مامۆستا دەكا كە بگەڕێتەوە و ببێتە خاوەن دەسەڵاتی كوردستان، بەڵام مامۆستای خەباتكارمان هەروەك چۆن لەو سەردەمەی خەڵخاڵی لێقەوماو بوو و دوورخرابۆوە بۆ شاری بانە جەنابی مامۆستا بە هەستی مرۆڤ دۆستی و شۆڕشگێرانەی داڵدەی دابوو، هەر بەو ڕوحە مرۆڤانە و نەتەوەییە وەڵامێكی زۆر سەختی پێدەداتەوە و دەڵێ: «ئەتۆ كە دەستت تا ئەنیشك بە خوێنی ڕۆلەكانی نەتەوەکەم سوورە چۆن دەتوانی داوا لەمن بكەی و پێم بڵێی بۆ پلە و پایە بگەرێمەوە لای بكوژ و كاولكەرانی گەل و خاكەكەم، بەو پەروەردگارەی ئێوە باوەرتان پێ نییە هەتا وەرنەگرتنەوەی حەقی هەموو ئەو خوێنانەی ئێوە بوونە هۆی ڕشتنی و ستاندنی مافەكانمان ڕێزەكانی شۆڕش دژی ئێوە بە جێ ناهێڵم».

مامۆستا سەیید جەلال كە وەك ڕێبەرێك هەرەكاریگەر لە كوردستان دەردەكەوێ و بەهۆی لێهاتوویی و پشتیوانی و متمانەی لەرادەبەدەری جەماوەریی دەتوانێ  كاریگەری زۆر باش دابنێ لەسەر ڕەوتی جولانەوەی كورد، لەوسەردەمە بەمەبەستی ڕێكخراوتر كردنی ڕیزەكانی كورد و خستنە ناوچوارچێوەی هەوڵەكانی لە تەشكیلاتێكی ڕێک وپێک و بەفیڕۆ نەدانی وزە و پوتانسیەلی بەشێكی زۆر لە جەماوەری كوردستان و چەندین فاكتەری دیكە، بەڕێزیان بیر لە دامەزراندنی ڕێكخراوێكی سیاسی-نەتەوایەتی و ئیسلامی دەكاتەوە.  لە فاكتەرەكانی دیكەی گەڵاڵەبوونی ئەو بیرە لە مێشكی مامۆستادا دەتوانین ئاماژە بەو بۆشاییە بكەین كە بە هۆی نەبوونی ڕێكخراوەیەكی لەو شێوەیە كە بتوانێ خاوەن باوەڕانی ئەو جۆرە لە خەبات لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و هەروەها ئەو هێزی پیشمەرگەیەی لەژێر ڕێبەریی جەنابی مامۆستا دا و لەچوارچێوەی دەفتەر هەڵدەسووڕان و قارەمانانە حەماسەی جێژنی قوربانیان خوڵقاندبوو تووشی بێ هیوایی و لێك هەڵپرژان نەبن و هەروەها بۆ سەڵماندنی ئەوەی كە تۆمەتەكانی خومەینی و دارودەستەكەی لەسەر ئەوەی كە كورد كافرن و جیهادی لەدژ كردن، لەپاش ڕاوێژ لەگەڵ جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدین و كەسایەتی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و ئایینیی دیكەی كوردستان بەردی بناغەی سازمانی خەبات ـی نەتەوایەتی و ئیسلامی كوردستانی ئێرانی لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ دامەزراند و بە وزە و تینێكی تر و لەقاڵبی ڕێكخراوێكی سیاسی و نەتەوەی خەباتی گەلی كوردی بەرەوپێش برد.

مامۆستای كۆڵنەدەر، بەدامەزراندنی سازمانی خەبات، ئەركی شۆڕشگێڕانەی قورستر دەبێ و خزمەت بە ئاو و خاكەكەی لە چوارچێوەی ئەو تەشكیلاتە ڕەسەنە كە لە ناخی كۆمەڵگاكەی هەڵقوڵیوە و لەسەر دەستی خەباتكاران و نیشتمانپەروەرانی كورد بە بێ دەستێوەردانی لاوەكی و بە پرۆگرام، سیاسەتێكی خۆماڵیانە دامەزراوە درێژە پێدەدەا. پێشوونە و سیمای دیار و خۆشەویستی مامۆستا لە گەشەسەندن و پەلوپۆ هاویشتنی سازمان لە بەرینایی كوردستان، دەورێكی بنەڕەتی دەبێنی و هەر بەو هۆیەوە و لێبڕاویی و قارەمانەتی پێشمەرگەكانی سازمان لە ماوەێكی كەمدا سازمانی خەبات ناووناوبانگ پەیدا دەكا و وەك هێزێكی كاریگەر لە هاوکێشەکانی كوردستاندا دەوری دەبێ.

دەبێ ئاماژە بەو كەسانەی كە هاوكاریی ماموستای نەمریان كرد بۆ دامەزراندنی سازمانی خەبات و گەشەسەندنی بكەم كە بریتین لە: شەهیدان مامۆستا ئارام و شەهید مامۆستا خەلیلی شەریفیان  و مەرحووم مامۆستا مەلا خدری عەبباسی و مەرحووم ماموستا مەلا كەریمی سەییادی (ساردەكۆستانی).

جێگەی داخە كە لەدوای دامەزرانی سازمان، هیزە كانی دیكەی كوردستان كۆسپ و تەگەرە بۆ سازمانی خەبات و جەنابی مامۆستا دروست دەكەن كە ئەو كۆسپانە یەكێك لە كێشە گەورەكان لەبەردەم كار و هەڵسوورانی سازمان و گەشەسەندنی بوو. بەڵام سەرەرای هەموو گوشار و لەمپەرەكانی لایەنەكان و هەروەها پیلانەكانەكانی ڕژیمی ئێران، ماموستا ی بەڕێز بۆ ساتێكیش لە ڕێبەری كردن و بەشداری لەخەباتی نەتەوەیی سارد و ماندوو نەدەبۆوە و بەوپەڕی لێبڕاوی و بەكەمترین ئیمكاناتەوە ئەرکی حەق ویستی و یەکسانیخوازی و دژە دیكتاتۆری لەسەر بناغەی بیر و بۆچون و ئاكار و كردەوەی دروست و پەسەندی بە جێ دەگەیاند.

مامۆستا تا دوایین ساتەكانی ژیانیشی لەپیناو گەل و باوەرەكەی هەڵسووڕا. یەكێك لە دیارترین و جێگەی شانازیترین تایبەتمەندییەكانی مامۆستا ئەو ڕوحیەی خۆنەویستی و لێبڕاوییەی بۆ شۆڕش و خزمەت بە كوردستان بوو. پێوانەی هەڵسەنگاندنی گەورەیی شۆڕشگیڕان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو كەسە شۆڕشگێڕە ئامادە بووە چەندە نرخ و باج لەپێناو شۆڕشدا  بدا. بەڕاستی بە پێوانە گرتنی ئەو وتەیە، دەبێ بڵێین ماموستا گەورەترین و بەرزترین پلەی شۆڕشگێری هەیە.

لە دیرۆكی نەتەوەكەماندا كەم نەبوون ئەو قارەمانانەی كە ئامادەی خۆبەختكردن بوون لەپیناو بیروباوەڕ و نەتەوەەكەیان، بەڵام دەگمەن بوونە ئەو كەسانەی كە تەنانەت دەستیان بە جگەرگۆشە و ماڵ و كەسەكانیشیانەوە نابێ بۆ دیفاع لەنیشتمان و گەلەكەیان. سرووشتی مرۆڤە كە ئامادەی هەموو ڕەنج و مەینەتێكە لەپێناو حەسانەوەی ساتێكی بنەماڵە و ڕۆڵە و جگەرگۆشەكەی و تەنانەت ئامادەی خۆبەختكردنە لەپیناویدا. بێ گومان زۆر زەحمەتە مرۆڤ بەسەر ئەو هەستە سروشتیە دا زاڵ بی. بەڵام ماموستای ڕێبەرمان ئەو كاتە دڵخۆش بوو كە ڕۆڵەكانی لە ڕیزی پێشەوەی شەڕەكاندا بوون و فەرماندەیی خۆڕاگرییەكانیان كردووە كە هەر لە ئاكامی خۆنەویستی و شۆڕشگێری مامۆستا و كور و كەسەكانی، كورێكی قارەمانی بەناوی كاك سید عەبدولكەریمی حوسێنی شەهید بوو. هەروەها ڕۆڵەیێكی دیكەشی كە بەریز كاك بابەشێخی حسێنی یە، شهیدی زیندووە و دەیان جار لەمەیدانەكانی نەبەرد لەبەرانبەر داگێڕكەران دا و بە كردەوەی ترۆریستی ترۆریستانی ڕژیم بەسەختی زمدار بووە. ئەوە لەكاتێكدا بوو كە كە هەتا ئەو دواییانەش كاتێك جەنابی مامۆستا بیرەوەری شەهیدی نەمر كاك سەیید عەبدولكەریمی دەگێرایەوە نەیدەتوانی پێش بە هەستی سارێژ لە جەرگ خۆشەویستیەكەی بگرێ و بەوپەری شانازییەوە فرمێسك لەچاوە پڕسۆزەكانی دەهاتنە خوارەوە.

بەڵێ ماموستای هەردەم زیندوومان دەیفەرموو ڕۆڵەكانم لەپیناو ڕزگاری و عیزەت و كەرامەتی نەتەوەیی فیداكاریان كرد و هەرگیز دەستم وەبەرنەنان و هەروەها دەیفەرموو چۆن دەتوانم بە ڕۆڵەی خەڵكی بڵێم خۆتان فیدا بكەن و نەهێڵم ڕۆڵەكانی خۆم بچنە مەیدانی نەبەرد. ماموستا ئەو تایبەتمەندییانەی، ئەو ڕوحە پڕ لەسەداقەت و خۆنەویستیەی هەبوو كردبووی بە خۆشەویستی خەڵك، بۆیە دەڵێین خەسارەت و زیانێكی قەرەبوونەكراوەمان لێ كەوت،بۆیە دەڵێین ڕێبەر و خەباتكار و شۆڕشگێری بێ پەڵە و لێهاتوومان لەدەست دا.

لەتایبەتمەندییە دیارەكانی دیكەی مامۆستا ئەو هەستە بەرزە نەتەوەییەی جەنابیان بوو، ڕازی نەبوو تەنیا لەپێناو بەشێك لەگەلەكەی  لەكوردستانی ئێران بە سەر و ماڵ و گیانی خەبات بكا، بەڵكو هەستی نەتەوەییەكەی سنوورە دەستكردەكانی داگێڕكەرانیشی بەزاندبوو و بەدەیان جار لەپێناو مەسڵەحەت و قازانجی كوردستانیان و بەتایبەت كوردستانی عێراق خۆی خستە مەترسیەوە. لەكاتێكدا كە عێراق بەهۆی هەل و مەرجی سیاسی و هاوسەنگی هێز ئەوپەری یارمەتی هێزەكان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەدا، سازمانی خەبات بەرێبەرایەتی مامۆستای ڕێبەرمان بەحەشاردانەوەی پێشمەرگە و داڵدەدانی شۆڕشگێڕان، یارمەتی بەرینی پێ دەكردن و جەنابیان و سازمانی خەباتی دەخستە مەترسیەوە. ئەو هەستە لێوانلێو لەنیشتمان خۆشەویستیەی بوو، بۆیە نەدەترسا و بوێرانە و بەوپەری بروابەخۆبوون و سەربەرزییەوە خزمەتی بەگەل و نیشتمان و نەتەوەكەی دەكرد.

لەتایبەتمەندییە جێ ستایشەكانی دیكەی مامۆستا سەداقەت و ڕاستگۆیی ئەو زاتە پاكە لەگەڵ نەتەوەكەی بوو، لەگەڵ ئەوەی كە ڕێبەرانمان چەندە پێویستە بە زانست و مەعریفە و ئەزموون تەیاربن دەبێ ئەوەندەش خاوەن ئەخلاق و ڕەوشتی بەرز بن، ئەگەر بانگەوازی ڕەواترین و باشترین سیستەمی حوكمرانیی بكەی كاتێك ڕەوشتی بەرز و ڕاستگۆ و سادق نەبی، خەڵك بە ڕادەی نووكە دەرزیێكیش ووتەكانی بە هێند وەرناگرن. مامۆستا سەیید جەلال ئەو كەسایەتیە بوو كە وێرای زانایی و شارەزایی لەكاروباری سیاسی و ئەزموونی زۆر بەنرخ خاوەن بەرزترین ڕەوشت و خووخدەی بەرز بوو. هەمیشە دەیفەرموو ئەگەر مەبەست لەكاری سیاسی درو و فریو بێ ، هەرگیز ئامادە نیم درێژە بەخەبات و كاری سیاسی بدەم. پێناسەی ماموستا بۆ كاری سیاسی و خەبات بریتی بوو لە سەداقەت و ڕاستگۆیی و لێبراویی و فیداكاری و خۆنەویستی و هەست بە بەرپرسایەتی. ماموستای نەمرمان هەرلەسەرەتای تێكەڵبوون بەكاروباری سیاسی بەو تیروانینەوە دەستی پێكرد و هەر بەو تیروانینەش ماڵئاوایی لە ڕێزی خەباتكاران و كاری سیاسی كرد.

هەزاران داخ بۆ كۆچی دوایی مامۆستای بلیمەت و زانا و خۆنەویستمان، بەراستی زیانی لەكیس چوونی ئاوا كەسایەتیێك هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە. لەوە زیاتر درێژەی پێنادەم و هیوادارم لەداهاتوو دا زیاتر تیشك بخریتە سەر ژیان و تایبەمەندییەكانی جەنابی ماموستا سەیید جەلال حسێنی. ڕوحی بە بەهەشتی بەرین شاد بێ و ئاكار و بیرو بۆچوونەكانی ڕووناكەرەوەی ڕێگەمان بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت