بنەما ئەخلاقییەکانی  مافی جیابوونەوە “سەربەخۆیی”

0
743
ئاگری ئیسماعیل نەژاد
ئاگری ئیسماعیل نەژاد

نووسەر: ئارەشی نەراقی

وەرگێر: ئاگری ئیسماعیل نژاد

( ١ )

پرسیاری سەرەکی لەو وتارەدا ئەوەیە ” ئایا لە روانگەی ئەخلاقییەوە مافێک بە ناوی جیابوونەوە” سەربەخۆیی” هەیە؟

مەبەست لە جیابونەوە، ڕەوتێکە کە  بە پێی ئەو ڕەوتە  بەشێک لە شارۆمەندانی وڵاتێک لە جەغزی دەسەڵاتی سیاسی و دادپەروەری حکوومەتی ناوەندی دێتە دەرێ و خۆیان دەسەڵاتی سیاسی و دادپەوەری سەربەخۆ دادەمەزرێنن.

سەڵماندنی مافی جیابونەوە بەو ماناییە کە:

یەک: بە پێی باردۆخی تایبەتی گروپ یان چەند گروپێک لە هاوڵاتیان (کەمینەی ئێتنیکی ، فەرهەنگی ، رەچەڵەکەی ، ئایینی و هتد) لەبواری  ئەخلاقییەوە مافی ئەوەی هەیە کە لە   دەسەڵاتی ناوەندی جیاببێتەوە و جەغزی سیاسی و دادوەری تایبەت بە خۆی دامەزرێنێت.

دوو : ئەوانیتریش (دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵاتە ناوچەی و جیهانییەکان) بە پێی ئەخلاق بەرپرسن کە لە بەرانبەر  رەوتی ئەو جیابونەویەدا کۆسپ و لەمپەر ساز نەکەن.

لەو نوسراوەیەدا من  هەوڵ دەدم گرینگترین چەمک  کە لە دژی و لە قازانجی مافی جیابونەوە لە کە روانگەی ئەخلاقییەوە هەیە باسی لێبکەم  و لە کۆتاییدا بەو ئاکامە بگەین کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە مافێک بە ناوی “مافی جیابونەوە” هەیە؛ واتە دەبێت بارەدۆخێک ساز بکرێت کە لەو بارەدۆخەدا ئەوانەی مافی جیابونەوەیان هەیە ئەگەر خوازیاری جیابونەوە بوون، بێ هیچ کۆسپێک ئەو مافەی خۆیان بەکار بێنن.

هەر بەو هۆیەش سەڵماندی ئەو مافە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە، دەتوانێ بەڵگەیەکی باش بێت بۆ دانانی قانونی پێویست بۆ دەستەبەر کردنی ئەو مافە

هەرچەند سەڵماندی ئەو مافە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە بە واتای سەڵماندی ئەو مافە لە ڕوانگەی قانوونییەوە نییە؛ بەڵام  بێ گومان سەڵماندی ئەو مافە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە مەرجی پێویستە بۆ سەلماندنی لە ڕوانگەی قانونییەوە

هەڵبەت بەکار هێنای ئەو مافە تەنیا کاتێ رەوایە کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە زەرەدێکی ناگونجاو نە خوڵقێت.

مەبەست لە  زەرەدی گونجا و ناگونجا چییە؟

“بۆ وێنە وای دانێن کە من  لە کێبەرکێی هەڵاتنی ماڕاسۆن بەشداریم کردووە منیش وەکوو هەموو بەشدار بوان مافی ئەوەم هەیە کە لەو کێبەرکێیە سەرکەوم ئەوەش ڕوونە کە سەرکەوتنی من لەو کێبەرکێیە بە قازانجی بەشداربوانیتر نییە بەڵام لە هەلومەرجی ئاوادا ئەو زەرەدەی کە لە بەر دەستەبەر کردنی ئەو مافەی من  کەسانێکیتر توشی دێن لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ناگونجاو نییە،  هەر بەو پێیەش ئەو خەسارە نابێت وەکوو  خەسارەیەکی  ئەخلاقیی  بۆ دەستەبەر کردنی مافی من سەیری بکرێت

بەڵام وای دانێین کە من بەیانییەکی بەهار بۆ سەیران و دیتنی جوانییەکانی سروشت رێدەکەوم و دەچمە شەقڵاوە؛ دیارە سەیران چوون، مافی هەموو کەسێکە بەڵام ئەگەر دەستەبەر کردنی ئەو مافەی من مەرجەکەی ئەوە بێت کە من بە بێ ئیزنی خاوەن باغێک بچمە ناوباغی کەسێکەوە  و مافی خاوەندارێتی ئەو کەسە پێشێل بکەم دەبێ دەستبەردای  ئەو مافەی خۆم لە و کاتەدا بم لێرەدا ئەو خەسارەی کە بە هۆی دەستەبەرکردنی ئەو مافەی من کەسێک تووشی دێت لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ناگونجاوە

ئەم  نەریتە سەبارەت بە مافی جیابونەوەش هەر راستە واتە لەوانەیە بە پێی دۆخێکی تایبەت دەستەبەر کردنی مافی جیابونەوە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە خەسارەیەکی ناگونجاو لە ئەوانیتر بدات لەو کاتەدا بە پێی ئەو خەسارەیە و جۆری خەسارەکە و رێژەی خەسارەکە لەوانەیە دەستەبەر کردنی ئەو مافە بە هۆی ئەو دۆخە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ناڕەوا بێت.[ بەڵام لە ڕوانگەی مافەوە هەر لەسەر جێی خۆیەتی واتە مافی جیابونەوە هەیە بەڵام ڕوانگەی ئەخلاقییەوە وا باشە ئەو مافە بەکار نەهێنرێ ]

(۲)

لاینگرانی مافی جیابونەوە، بۆ سەڵماندی ئەو مافە، چەمکی زۆریان هێناوتەوە  لێرەدا گرینگترینیان باس دەکەین

١: چەمکی هۆدانەوەی دادپەروەرانە (قەرەبووی دادپەروەرانە ):

کاکڵی ئەو چەمکە لە سەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ئەگەر وڵاتێک پێشتر بە شێوەی نادادپەروەرانە خراوتە سەر وڵاتێکی گەورەتر، لەو کاتەدا دانیشتوان و خاوەنانی ئەو وڵاتە ئەگەر بیانەوێت مافی ئەوەیان هەیە کە لەو وڵاتە گەورەیە جیاببنەوە و سەربەخۆ بن.

“لکێندرانی نادادپەروەرانە ” بە دوو چەشنی جوداواز ڕوودەدات :

ئا: لەوانەیە وڵاتێک ڕاستەخۆ خرابێتە سەر هەرێمێک و ئەو دۆخەی ئێستا خوڵقابێت ؛ [وەکوو هەرێمی کوردستان کە پاش شەری یەکەمی جیهانی بە ناحەق خرا سەر بەشی عەرەبی عێراق]

بێ:

لەوانەیە حکوومەت یان حکوومەتەکانی پێشوو کە بنەمای ئەو حکوومەتی ئێستان، بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئەو وڵاتەیان خستبێتە سەر هەرێمی خۆیان[1]

لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە مافی جیابونەوە لە وەها بارەدۆخێکدا بە پێی ئەخلاقیی   گەرانەوەی ماڵ بۆ خاوەن ماڵ یان ئەو کەسی کە  ماڵی لێداگیرکراوە لێکدەدرێتەوە[2].

کەسێک یان گروپێک کە مالێکیان بە ناحەق  لێداگیر کراوە  لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە مافی ئەوەیان هەیە کە ماڵە داگیرکراوەکەیان لە کەس یان ئەو گروپە بستێنەوە کە داگیری کردووە دەستەبەر کردنی ئەو مافە وێنایەکە لە “هۆدانەوەی دادپەروەرانە  “

لە چوارچێوەی قانونی نێودەوڵەتی ئێستادا ئەو بزاڤە جودایی خوازانەی کە داخوازییەکانیان بە پێی “هۆدانەوی دادپەروەرانە یە”  پێگەیەکی شیاوتریان هەیە تەنانەت بەشێک لە نوسەران و توێژەرانی چەمکی جیابونەوە لەو باوەرەدان کە جیابونەوە تەنیا بە بنەمای “هۆدانەوەی دادپەروەرانە وە” گونجاوە

هەڵبەت لێرەدا کێشەیەکی کردەوەیی گرینگ لە گۆرێیە ؛ بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی زۆر نەتەوە بە ناحەق وڵاتی نەتەوەیەکیتریان داگیر کردووە؛ ئەگەر بێتو ئەو جۆرە داخوازییانە بێنەوە گۆرێ و ئەو داخوازییە مێژوویانە باس بکرێتەوە هەر نەتەوەیەک کە پێشتر  و رۆژگارێک بە ناحەق وڵاتەکەی  لێداگیرکراوە مافی ئەوەی  هەبێت کە لە وڵاتی ئێستای جیابێتەوە  لەو کاتەدا تەکووزی جیهان بە جارێک تێکدەچێ و ئاوری شەر و توندوتیژی هەموو جیهان دەگرێتەوە.

هەر بەو هۆیەش وا شیمانە دەکرێت کە دەبێ ئەو ڕووداوانە کە لە زۆر کۆندا بوونە هۆی ئەوەی کە نیشتمانی نەتەوەیەک داگیر بکرێت بەردێکی لەسەر دانرێ و نادادوەرییەک کە پێش سەردەمێکی کۆن ڕوویداوە بە ناچاری چاوەی لێبقوچێنرێ.

بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەرکرێت وای دانێین کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەر رێکەوتنێک رێکبکەون لە بە پێی ئەو رێکەوتنە سنووری ئێستای نێوان دەوڵەتەکان بە سنوورێکی ڕەوا بناسرێت مەگەر ئەوەی کە بەڵگەی گرینگ بە دەستەوە بێت کە دەریبخات کە فڵانە حکوومەت وڵاتی نەتەوەیەکیتری بۆ وێنە سێ یان چوار بەرە لەوە پێش نەک دوورتر داگیرکردووە .

٢: چەمکی   “دادپەروەری دابەشکارانە”

کاکڵی هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە بە هۆی پێشێلکاری سیستماتیک و بەرفراوانی مافی تاکەکەسی و نەتەوەی خەڵکی ناوچەیەکی تایبەت   مافی جیابونەوەی هەیە واتە مافی جیابونەوە بۆ خەڵکی ناوچەیەک کە مافی نەتەوەی و تاکەکەسیان لە لایان دەسەڵاتی ناوەندییەوە پێشێل دەکرێت،  گونجاوە. [بە واتایەکیتر بارەدۆخێک کە دانیشتوانی ناوچەیەک لە بواری مافەوە تێدادەژن دەری دەخات کە ئایا ئەو نەتەوەیە مافی جیابونەوەیان هەیە یان نا؟]

یەکێ لە گرینگترین دەرکەوتەکانی مافی تاکەکەسی و گروپی ئەوەیە کە حکوومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە داهاتوو ، دەرفەتەکان دابەش بکات و بڵاوکاتەوە.[ وەکوو ئەو هەڵسووکەتەی کە ئێستا نووری مالکی دەیکات]­[3]

لێرەدا وای دادەنێن کە هاوڵاتیانی کۆمەلگاییەک بە پێی داخوازی خۆیان و سەربەخۆیانە لەگەڵ حکوومەت رێکەوتوون و بە پێی ئەو رێککەوتنە حکوومەت بەرپرسە کە ماف و داهاتی هەموو هاوڵاتیانی ئەو کۆمەلگایە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێو ئەو کۆمەلگایە دابەش و بڵاو[4] بکات و [بەرژەوەندییەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە بێ لەچاوگرتنی ئێتنیک ، رەگەز و ئایین بپارێزرێت]

بەو پێیە ئەگەر  حکوومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرفراوان مافی تاکەکەسی ، ئێتنیکی ، ئایینی و گروپی  ناوچەیەکی تایبەت لە جەغزی دەسەڵاتداری خۆیدا پێشێل بکات ئەو خەڵکە مافی ئەوەیان هەیە کە جیاببنەوە

بۆ ڕوون بونەوەی پتر دەبێ بلێن: بۆ وێنە  حکوومەتی ناوەندی دەرفەتی بەرانبەر  بۆ تاکەکانی نێو کۆمەڵگاکەی ناخولقێنێت و سەرچاوەکان و داهات بە شێوەی دادپەروەرانە دابەش وبڵاو ناکاتەوە. لەو کاتەدا ئەو گروپەی کە مافی ئاو پێشێل دەکرێت لە بواری ئەخلاقییەوە مافی ئەوەی هەیە کە جیاببێتەوە

[لێرە پرسیارێک ساز دەبێت لەوانەیە کە ئەو حکوومەتەی کە ئێستا وەکوو حکوومەتی ناوەندی دەناسرێت سەردەمانێک بە رێکەوتنی نێوان هەموو ئێتنیک و کەمینەکان دامەزرابێت لەو کاتەدا کە حکوومەت پێبەندی دادپەروەری دابشکارانە نییە ئەو رێکەوتنە چۆن لێکدەدرێتەوە؟!

دیارە ئەو رێکەوتنە وەکوو بنەمایەکی ئەخلاقی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی لێکدەدرێتەوە واتە بنەمای ئەخلاقی دەسەڵاتی ناوەندی ئەو رێکەوتنەیە کە ئێتنیکەکان لەسەری ساغ بوونەوە] بەڵام   ئەو رێکەوتنەی کە بنەمالی ڕەوایی ئەو حکوومەتەیە دەچێتە ژێر پرسیارەوە و نارەوا دەبێت.

لێرەدا گروپ یان ئەو ئیتنیکەی کە زوڵمی لێکراوە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە پێویست نییە یەک لایەنانە پێبەندی ئەو رێکەوتنە ببن لە پێشتر بۆ دامەزراندنی حکوومەت بستوویانە  هەر بەو پێیەش مافی ئەوەیان هەیە کە چارەنوسی خۆیان لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی جیاکەنەوە و لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی و دادپەروەری حکوومەتی ناوەندی بێنە دەرێ

لە راستیدا لە هەلومەرجی ئاوادا مافی جیابونەوە لە روانگەی ئەخلاقییەوە گونجاو دەبێت .

رەنگە پرسیارێک ساز بێت و بگوترێت ئایا پێشێلکاری رێکەوتنێک کە حکوومەتی ناوەندی لەسەر دامەزراوە ڕەوایە؟!

حکوومەتی ناوەندی هەر ئەوەی کە لایەنێکی پەراوێز خستووە و مافەکانی نەدیو دەکات خۆی پێبەند بە رێکەوتنەکە نەبووە و لێرەدا  بە پێبەند بوون بە بەڵین(ئەو بەلێنەی کە هەر لایەنێک دەبێ مافی لەچاو بگیرێت) و  نەشکاندنی بەلێنێک کە لایەنەکان لە کاتی رێکەوتنەکە پێکیان داوە و هەر وەها بەو دەرکەوتانەی  کە لە دەرنجامی بەلێن شکاندن لە لایان دەسەڵاتی ناوەندییەوە هاتۆتە گۆرێ  پێشێل کاری  ئەو رێکەوتنەکەی کە حکوومەتی ناوەندی لەسەر دامەزراوە  داکۆکی لێدەکرێت.

پێشێلکاری “دادپەروەری دابەشکارانە” یەکێ لە گرینگترین هۆکارەکانی جیابونەوەیە  لە وڵاتانی جیهانی سێومە.

لە زۆربەی وڵاتان، حکوومەتی ناوەندی گەڵالەی پێشکەوتن بە شێوەیەکی جیاکارانە دادەرێژیت  بۆ وێنە ، نەتەوەیەک کە دەسەڵاتی ناوەندی لە ژێر دەست دایە  پتر سەرمایەی حکوومەت رەوانەی خەڵکەکەی خۆی دەکات یان پلەوپایەی حکوومەتی پتر لە نێو ئێتنیکەکەی خۆیدا دابەش دەکات یان رێکەوتنەکان پتر دەخاتە ئیختیاری خەڵکی خۆی و یا گەڵالەی زەریبە ، سیاسەتەکان و گەڵالە ئابوورییەکان وا دادەرێژێت کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی نەتەوە یان گروپێکی تایبەتە و بە قازانجی نەتەوە یان گروپێکیترە واتە ئەگەر دابش کردنیش هەبێت بڵاوکردنەوە نییە و ئەوان هەر لە جەغزێکی تایبەتدا سەرمایە و دەرفەتەکان دابەش دەکەن

ئەگەر ئێتنیکێک یان گروپێک قوربانی نا”دادپەوەری دابەشکارانەیە” مافی جیابونەوە بۆ ئەو ئێتنیکە بە دوو شێوە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە گونجاوە:

١: دەبێ بە تەواوی دەرکەوتبێت کە بۆ لابردنی ئەو نادادپەروەرییە هیچ رێگایەکی کردەوەیی و ئەخلاقی تر جوداوازی جیابونەوە لە دەوڵەتی ناوەندی نییە  بۆ وێنە ئەگەر، هەرەشە بە جیابونەوە ببێتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ناوەندی رێفۆرم لە گەڵالەکانیدا ساز بکات لەو کاتەدا هەرەشە بە جیابونەوە رەوایە نەک هەنگاونان بۆ جیابونەوە.

٢: دەبێ ڕوون بێتەوە کە ئەو ئیتنیکە یان ئەو گروپەی کە داوای جیابونەوەی ناوچەیەک دەکات مافی خاوەندارێتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەیە

ئەگەر ئەو نەتەوەیە خاوەندارێتی ئەو  ناوچەیە بکەن کە تێدا دەژین و هیچ رێگایەکیش نەبێت بۆ ئەوەی کە نادادپەروەری دەسەڵاتی ناوەندی لە نێوبچێت لەو کاتەدا مافی جیابونەوە بۆ ئەو نەتەوەیە مافێکی سەڵمێندراوە.

لێرەدا وا باشە جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە دەسەڵاتی ناوەندی خاوەنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی نییە بەڵکوو تەنیا مافی دەسەڵاتداری لە ئەو ناوچەیە پێدراوە  و  مافەی دەسەڵاتداری و   مافی خاوەندارێتی  لێک جیاوازن . ئەو قانونە لە کاتێدا کە مافی دەسەڵاتدارییەکە تەنانەت رەواش بێت هەر ناگۆردرێت و ئەو دوو مافە لێک جیاوازن .[5]

[بۆ وێنە کوردەکان لە وڵاتی خۆیان واتە کوردستان خاوەن مڵکن یان خاوەنی ناوچەی خۆیانن واتە مافی خاوەندارێتی خاکیان هەیە بەڵام کوردەکان لە ناوچەی باکووری خۆراسان لە ئێران  یان لە دەرەوەی کوردستان خاوەن موڵک نین بۆیە کوردەکان لە هەرێمی خۆیان خاوەندارێتی خاك دەکەن بەڵام لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان ئەگەر کوردێک بژی خاوەندارێتی خاک ناکات نەبوونی مافی خاوەندارێتی خاک بە هیچ شێوەیەک بە واتای نەبوونی مافی ئێتنیکی و ئایینی نییە بۆ وێنە عەرەب لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم مافی خاوەندارێتی خاکیان نییە بەڵام مافی ئەوەیان هەیە مافە نەتەوەیی و تاکەکەسیان لە حکوومەتی کوردستاندا دەستەبەر ببێت و بپارێزرێت واتە ئەوان ناتوانن کەرکووک لە کوردستان جیابکەنەوە بۆ ئەوەی مافی نەتەوەی و تاکەکەسی  دابین بێت چون مافی خاوەندارێتی خاکیان نییە بەڵام کوردەکان دەتوانن کەرکووک لە عێراق جیابکەنەوە بۆ ئەوەی مافی نەتەوەی و تاکەکەسی  دەستەبەر ببێت چون مافی خاوەندارێتی خاکیان هەیە ئەو یاسایە بۆ ناوچەکانی سەروی گۆلی ورمێش هەر وایە کورد لەوێ ناوخەنی خاکە بەڵام نەتەوەی ئازەریش لەوێ بوونیان هەیە کە ئازەریەکان هەموو مافێکی نەتەوەیان هەیە بەڵام خاوەندارێتی خاک ناکەن چوون ئەو ناوچەیە خاکی کوردستانە ]

مافی دەسەڵاتداری رێکەوتنێکە لە نێوان حکوومەت وەک بەرێوەبەری  وڵاتێک و خەڵک وەکوو خاوەن ماف لەو  وڵاتە، لە راستیدا حکوومەت لە لایان خەڵکەوە رادەسپێردەرێ کە بە سەر مڵکی تایبەتی هاوڵاتیانیدا چاوەدێرییەکی دیاری کراو  بکات.

بۆ وێنە سنوورەکانی ئەو وڵاتە بپارێزیت ، هاتوچۆی نێوان خەڵک و شتومەک لەگەڵ وڵاتانیتر تەکووز بکات و سنوورەکان لە ‌هێرشی دەسەڵاتی دەرەکی بپارێزت. هەر وەها لە نێوسنووری ئەو وڵاتەدا ئەو یاسایانەی کە بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی و مافی هاوڵاتیان داندراوە بەڕێوەی بەرێت؛ حکوومەت لە بەرانبەر مافی هاوڵاتیانی داهاتووشدا بەرپرسە.

ئەگەر بمانەوێت بابەتەکە ڕوون کەینەوە دەبێ بلێن :لە کاتێدا کە دەسەلاتی ناوەندی ئێتنیک یان گروپێکی ژێر دەسەلاتی هەڵدەئاوێرێ و بیانکاتە قوربانی نا”دادپەروەری دابەشکارانە” ئەو حکوومەتە مافی دەسەڵاتدارێتی خۆی لانیکەمی لەسەر ئەو ئێتنیک و ناوچەیە لە دەست دەدات؛ ئەگەر ئەو نەتەوەیە یان گروپە کە لەو ناوچەیە دەژی مافی خاوەندارێتی ناوچەکەشی ببێت لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە رێگەی پێدراوە مافی جیابونەوە بەکار بێنێت

[هەڵبەتە هەموو تاکێک مافی ئەوەی هەیە] کە حکوومەتی تاوانبار و خەتاکار کە مافی هاوڵاتییەکەی پێشێل دەکات  لابات و مافی دەسەڵاتداری بداتە حکوومەتێکیتر جا ئەو حکوومەتە دەتوانێت حکوومەتی جیابۆوە لە دەسەڵاتی ناوەندی بێت یان هەر حکوومەتێکیتری ناوەندی بێت[6]

٣: چەمکی “مافی دیاری کردنی چارەنوس”:[7]

سیهەمین هۆکار لەسەر ئەو چەمکە دامەزراوە کە” هەر نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە حکوومەتی تایبەتی خۆی ببێت”.

بە پێی ئەو چەمکە  سنووری سیاسی و سنووری ئێتنیکی یان فەرهەنگی دەبێت یەک سنوور بن.

لێرەدا مەبەست لە نەتەوە، ئێتنیکێکە کە پێناسەی ئەوان بە پێی زمان ، مێژوو ، کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەش دیاری دەکرێت

بنەمای ئەخلاقی مافی جیابونەوە لە چەمکی “مافی دیاری کردنی چارەنوس” دا لەسەر بیری بە فەرمی ناسینی مافی هەڵبژاردن و بریاردانی تاک و گروپەکانە  بە پێی ڕوانگە و تەگبیری خۆیان دامەزراوە.

بە فەرمی ناسینی مافی جیابونەوە بۆ ئێتنیکێک بەو واتاییە کە ئەو ئێتنیکە مافی ئەوەی هەیە ژیان و چارەنوسی خۆی بە پێی تێگەیشتووی و جیهان بینی و  تەگبیری خۆی رێکبخات؛ واتە چاکە و خراپە و خێر و شەری خۆی بە پێی پێی جیهانبینییەک دامەزرێنێ  کە لە نێو کەلەپوور و فەرهەنگی تایبەتی خۆیدا دیویەتەوە و بەو پێیەش چارەنوسی خۆی دیاری بکات لێرەدا واداندراوە کە سەربەخۆیی تەواو  مەرجی  دابین کردنی “مافی دیاری کردنی چارەنوس”ە

بەڵام ئەو چەمکە  لانیکەمی دوو ڕەخنەی بەروروو دەکەنەوە :

رەخنەی یەکەم رەخنەی کردەوەییە ، ئەمرۆ رێژەی نەتەوە پەنگراوەکان”هێزەکییەکان”[8] زۆر لە رێژەی ئەو نەتەوانە پترە  کە ئێستا دەسەڵاتی سیاسیان هەیە؛ لەگەڵ ئەوەش رێژەی نەتەوەی پەنگراو بە خێراییەکی زۆر بەرو زیاد بوونە،  ئەگەر وای دانێن کە هەر نەتەوەیەک مافی جیابونەوەی و دامەزراندنی حکوومەتی هەیە  ئەو کات هەر ئێتنیکێک مافی ئەوەی هەیە کە ئاڵای جیابونەوەی هەڵکات و دەسەڵاتی سەربەخۆ دامەزرێنێت

لێرەدا پرسیارێک ساز دەبێت ئەوەیش ئەوەیە ئایا رەوتی لەت لەت بوون جیهان بە پێی ئێتنیک کۆتاییەکی هەیە؟!

تەنانەت ئەگەر ئالۆزی سیاسی و ئابووری کە دەرنجامی ئەو لەت لەت بوونە ڕوودەدا لە چاونەگرین ناکرێت دەرهەق بەو  ئەو خەسارەیی کە لە مرۆڤی دەدات چاوپۆشی بکەین، چوون لەو سەردەمەدا ئێتنیکی جیاواز هەتا رادەیەکی زۆر تێکەڵاون و بۆ ئەوەی هەرێمی سیاسی لە بواری ئێتنیکییەوە یەک دەست بکرێت یان دەبێت رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی نێشتەجێ لەو هەرێمانە بکوژرێن یان  وەکوو ئەوەی کە لە سربستان بەسەر موسلـمانان هاتووە و یان دەبێت رێژەیەکی زۆر لە مرۆڤی بێتاوان لە ماڵ و ژیانی خۆیان هەڵقەندرێن و ئاوارە ببن وەکوو ئەوەی کە پاش جیابونەوەی پاکستان لە هێند ڕوویدا[9] [ ژینۆسایدی ئەنفاڵ لە کورستان بە تایبەتی ئەنفالی سێ و چوار  یەکێ لە ئامانجەکانی تەسک کردنەوەی سنوورەکانی کوردستان بووە][10]

رەخنەی  دووهەم لەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەربەخۆی کراوتە مەرجی پێویست بۆ دابین کردنی مافی دیاری کردنی چارەنوس  لە راستیدا مافی دیاری کردنی چارەنوس حەتمن بە واتای راگەیاندنی سەربەخۆی  نییە

زۆربەی جار مافی دیاری کردنی چارەنوسی  ئێتنیکێک یان کەمینەیەک بە مافێکی کەمتر لە سەربەخۆی سیاسی تەواو، دەستەبەر دەبێت

بۆ وێنە ئەگەر یاسای بنەرەتی یان حکوومەتی ناوەندی ئەو مافە بۆ ئیتنیکێک قایل بێت کە لە هەرێمی خۆیان زمانی دایکییان وەکوو زمانی فەرمی بەکار بێت هەرێمەکەیان وەکوو پارێزگا یان ولایەتێک لە یەک فدراسیون بە فەرمی بناسرێت و هەر وەها نوێنەری ئەو ئێتنیکە مافی وێتۆی هەبێت بۆ  گۆرینی قانونی بنەرەتی  یان دانان و گۆرینی هێندی قانونی فدراڵ، لەو کاتەدا ئەو ئێتنیکە زۆربەی جار مافی دیاری کردنی چارەنوسیان بێ ئەوەی سەربەخۆش بوبن بە دەستەبەری دەزانن و کەم وایە بەرو سەربەخۆیی برۆن. [ باشترین وێنە بۆ ئەو بەشە کورد لە باشووری کوردستانە ، کوردەکان لە باشوور مەرجی هەنگاونەنانیان بۆ سەربەخۆیی سیاسی تەواویان ئەوەیە کە قانونی بنەرەتی عێراقی فێدراڵ بەرێوە بچێت]

بەو پێیە چەمکی “مافی دیاری کردنی چارەنوس” ئەو چەمکە بە تەنیا  ناتوانێت مافی جیابونەوەی ئێتنیکێک دەستەبەر بکات، هەڵبەت لە هێندێ ناوچە و شوێنی  تایبەتدا لەوانەیە نەتەوەیەک بۆ بەرگری کردن لە  کوشتنی تاکەکانی خۆی یان پاراستنی فەرهەنگەکەی  یان دژایەتی کردن لەگەڵ سیاسەتی هەڵاواردنی بەرفراوان رێگەیەکیتری نەبێت غیری ئەوەی کە سەربەخۆی سیاسی راگەیەنێت. بەڵام لەو هەلومەرجەشدا مافی دیاری کردنی چارەنوس لەگەڵ چەمک و هۆکارەکانیتر دەبنە پشتیوانی  بۆ دابین کردنی  سەربەخۆیی  و مافی جیابونەوە.

٤: چەمکی پاراستنی فەرهەنگی ئێتنیک[11]:

ئەو کەسانەی کە باوەریان بەو چەمکە هەیە لەو باوەرەدان کە پێویستی پاراستنی فەرهەنگی ئێتنیکێک  بە تەنیایی تەواوە بۆ ئەوەی ئەو ئێتنیکە  مافی جیابونەوەی پێبدرێت.

بەڵام هۆی چییە کە فەرهەنگی ئێتنیکێک ئەوەندەی بایەخ هەیە کە تەنیا پاراستنی ئەو فەرهەنگە مافی جیابونەوە دەدا بەو ئێتنیکە[12]؟

بێ دوو دڵی فەرهەنگی ئێتنیکێک لە کۆڵەکەکانی پێناسەی ئەو ئێتنیکە دێتە ژومار و ئەگەر بێتو فەرهەنگی ئێتنیکێک بکەوێتە مەترسییەوە لە راستیدا بوونی ئەو ئێتنیکە دەکەوێتە مەترسییەوە

گرینگترین رۆلی فەرهەنگ، مانادان بە ژیانە واتە فەرهەنگی  ئەو ئێتنیکەیە ژیانی  تاکەکانی سەر بەو ئێتنیکە مانادار دەکات ژیانی واتادار ژیانێکە کە ئاراستەی ژیانی تاکەکان  بەرو ئاکامێکی تایبەت دەبات .

بەڵام هەر ئاکامێکیش مانا بە ژیان نادا. ئەو ئاکامە، لانیکەمی دەبێت لە ڕوانگەی تاکەکەو بایەخدار ، هەژێنەر و ئیلهامهێنەر بێت.  کەواتە ژیانی مانادار ژیانێکە کە بە دەوری ئاکامێکی بایەخدار و داهێنەرانەدا دەسورێتەوە.

لێرەدا فەرهەنگی ئێتنیکێک لانیکەمی لە سێ ئاستدا لەسەر ژیانی تاکەکانی ئەو ئێتنیکە گرینگی و رۆلی تایبەتی هەیە :

فەرهەنگ لە ئاستی یەکەمدا ڕۆلی خەمڵاندنی ژیانی هەیە هەر وەکوو باسمان کرد مانای ژیان لە ئاکامی ژیان داییە .

بەڵام تاکەکان لە ماوەی ژیانیاندا لە گەڵ رێژەیەکی یەکجار زۆر ئاکامی پەنگراو بەروروو دەبنەوە ناچارن کە لە نێو ئەو ئاکامانەدا دەست بکەن بە هەڵبژاردن

ڕوونە کە هەڵبژاردن لە نێو رێژەیەکی زۆردا کارێكی زۆر ئاستەمە ؛ لێرەدا فەرهەنگ بە پێی پیکهاتەی بایەخمەندی دەبێتە ئامێرێک بۆ لە کەودانی ئاکامەکان و بە تەسک کردنەوەی جەغزی ئاکامەکان و دانی بایەخ بە هەر کامەی هەتا رادەیەکی زۆر ئاستەمی هەڵبژاردنی ئاکام لە بەر دەمی تاک کەم دەکاتەوە

رۆلی دووهەمی فەرهەنگ جوانکردنی ژیانی تاکەکانە  بەو واتاییە کە فەرهەنگ مانا و گرینگی تایبەت دەبەخشێتە بژاردەکان و  و ئەو بژاردانە لە بەرچاوی تاکەکانی خۆی جوان دەکات لە زۆربەی کەرەتدا ئەو بژاردانە هێندە هەژێنەرن کە ئەندامانی فەرهەنگەکە هەست پێدەکەن کە پێناسەی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێنن و ژیانی خۆیان بە خری دەخەنە خزمەتت ئەو ئامانج و ئاکامەدا

بەڵام رۆلی  سێهەم فەرهەنگ رۆلێکی کۆکەرەوەی هەیە واتە فەرهەنگی ئێتنیکێک ئاکامە جواداوازەکانی کۆمەلگایەک لە یەک نزیک دەکاتەوە و یەکیان دەخات و دەیانکاتە کۆیەکی  تەکووز و یەکدەست  و ئەوەش وا دەکات کە ئەو ئاکامانە لە جەغزی هەرێمی ژیانی تاکە کەسی ئەندامی فەرهەنگەکە بچێتە دەرێ و بچێتە نێو ژیانی جیلەکانی داهاتووە تاکەکانی ئەو ئێتنیکەوە

ڕوونە کە  فەرهەنگ هەر ئەو سێ رۆڵەی نییە کە لە سەرێدا باسمان لێکرد بەڵام هەر ئەو سێ نەخشەش بە تەواوی دەتوانێت بایەخ و گرینگی فەرهەنگ لە ژیانی ئێتنیکێکدا نیشان بدات.

لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆرێ ئەوەیش ئەوەیە ئایا ئەو گرینگییە بۆ دەستەبەر کردنی جیابونەوە تەواوە ؟

پاراستنی فەرهەنگی ئێتنیکێک لە کاتێدا دەتوانێ ببێتە هۆکارێ بۆ جیابوونەو کە لانیکەمی ئەو مەرجانەی خوارێ  تێداهەبێت :

مەرجی یەکەم ئەوەیە کە فەرهەنگی ئەو ئێتنیکە  بەراستی کەوتبێتە مەترسی لە نێوچوون و تێکداتەپانەوە

مەرجی دووهەم ئەوەیە رێگایەکی کەم تێچووتر جوداوازی جیابوونەوە لە حکوومەتی ناوەندی بۆ پاراستنی فەرهەنگ نەدۆزرێتەوە

بۆ وێنە، لەوانەیە بکرێت حکوومەتی ناوەندی پێملی ئەوە بکەیت کە بۆ پاراستنی فەرهەنگی کەمینەکان مافی تایبەت دیاری بکات  دەکرێت ئەو مافە بدەی بە کەمینەکان کە ئەو یاسایانەی کە فەرهەنگەکەیان دەخاتە مەترسیەوە لانیکەم لە ناوچەی خۆیان وێتۆی بکەن

مەرجی سێهەم :

فەرهەنگی ئەو ئێتنیکە  دەبێت لە گەڵ بنەماکانی دادپەروەری سازگار بێت هەموو فەرهەنگێک شیاوی ئەوە نییە بپارێزرێت بۆ وێنە فەرهەنگی بەعسی یان نازی شیاوی پاراستن نییە

مەرجی چوارەم :

ئەو گروپەی کە جیادەبێتەوە نابێت بنیاتی دەسەڵاتەکەی لەسەر دامەزراندنی حکوومەتێکی دیکتاتۆر دانێ و مافە بنەرەتییەکانی هاوڵاتییەکانی پێشێل بکات تاکێک کە فامی کردبێتەوە و  باڵغ بێت دەتوانێ ئازادی خۆی لە ناوبەرێت بەڵام مافی ئەوەی نییە ئازادی و مافی ئەوانیتر بە بێ رەزامەندی خۆیان و خۆخوازانە پێشێل بکات  نابێت دەسەڵاتی نوێ کۆمەڵگاکەی بۆ هەمیشە  لە مافی بنەرەتی مرۆڤ بێبەش بکات.

مەرجی پێنجم ئەوەیە کە ئەوە ئێتنیکەی کە دانیشتووی ناوچەکەن خاوەندارێتی خاک  ڕوون و سەلمێندراو بێت واتە ئەو وڵاتە هی خۆیان بێت و حکوومەتی ناوەندی و هیچ ناوندێکیتر بەڵگەی جێگەی باوەریان دەرهەق بە خاوەندارێتی خاک لە ئەو ناوچەیە نەبێت.

( ٣ )

باس کردن لە مافی جیابونەوە نوقوستانە ئەگەر هەموو ئەو چەمک و هۆکارانەی کە لە دژی ئەو مافەن باس نەکرێن چونکە لەوانەیە ئەو چەمکانەی کە لە دژی مافی جیابونەوەن ئەوەندە بە دەسەڵات بن کە هەموو چەمکەکانی لاینگری جیابونەوە بەخاتە ژێر نیسێ خۆیەوە، هەر بەو پێیەش وا باشە بەشێک لەو چەمک و بەڵگانەی کە لە دژی مافی جیابونەوەن لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە بێنینە بەر باس و لێکدانەوە

چەمکی” پاراستنی خۆ”:

بنەمای ئەو چەمکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە حکوومەتی جیابۆوە یان لایەنی جیایخواز  بوونی حکووتی ناوەندی دەخاتە مەترسییەوە بە پێی مافی “خۆپاراستنی رەوا” حکوومەتی ناوەندی مافی ئەوەی هەیە ئەگەر پێویست بکات بۆ دژایەتی کردنی لایەنی جیایخواز  هێز بەکار بێنێ.

لێرەدا بەرگری کردن لە دەستەبەرکردنی مافی جیابونەوە بە “خۆپاراستنی رەوا” لێکدەدرێتەوە ئەو لێکدانەوەیە لە راستیدا بۆ ئەوەیە پاساوی ئەخلاقی بهێنریتەوە بۆ ئەو کردارەی کە لە دژی لایەنی سیاسی جیایخواز دەکرێت  و ئەوەش وا دەکات کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ئەو بەرگری کردنە رەوا دیاری بکات.

ئەو چەمکە لە راستیدا نەکۆلی لە مافی جیابوونەوە ناکات تەنیا  پاساو دێنێتەوە بۆ لەمپەر بوون لە بەرانبەر دەستەبەر کردنی مافی جیابوونەوە دا

بەڵام مەبەست لەوە قسەیە کە ” جیایی خوازی بوونی دەسەڵاتی ناوەندی دەخاتە مەترسییەوە” چییە؟

لەوانەیە مەبەست ئەوە بێت کە ئەوە ناوچەی کە داوای جیابوونەوە دەکات لە بواری جوغرافیاییەوە لە شوێنێکی ئێستراتێژیک هەڵکەتووە و ئەوەش وای کردووە کە ئەو ناوچەیە بۆ ئەمن و ئاسایشی بەشەکانیتر گرینگیەکی زۆری هەبێت هەر بەو هۆکارەش جیابونەوەی ئەو ناوچەیە لە وڵات ئاسایشی بەشەکانیتر دەخاتە مەترسییەوە.

بەڵام ئایا ئەو هۆکارە دەتوانێت بیانویەکی گونجاو بێت بۆ نکۆڵی کردن لە مافی جیابوونەوە؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە سەرەتا وێنەیەک تاوتوێ دەکەین: ئێمە وای دادەنێن کە ئێتنیکێکی جوداویی خواز بە پێی هۆکارێک کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕەوایە داوای جیابونەوە دەکات( بۆ وێنە ئەو ناوچەی کە ئەو ئێتنیکە تێدا دەژی یەک دوو بەرە، پێشتر بە ناحەق لە لایان دەسەڵاتی ناوەندییەوە داگیرکراوە یان ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی داهاتوو و دەرفەتەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش دەکات )

لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆرێ پرسیارەکە ئەوەیە:

ئایا دەسەڵاتی ناوەندی لە روانگەی ئەخلاقییەوە مافی ئەوەی هەیە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی مافی جیابونەوەی ئێتنیکێک پشت گوێ بخات؟ جوابی ئەو پرسیارە نایە

بۆ ڕوون بونەوەی پتر چیرۆکیک دەگێرینەوە؛ وای دانێن کە من لەگەڵ کەسێک لە شەقامێکی[ شاری هەولێردا] پێیاسە دەکەین  لە ناکاو کەسێک لە تاریکیەکدا دەردەپەرێ و بە چەکەوە سیلە لە من دەگرێ

ئایا من لە کاتەدا لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕەوایە کە بۆ پاراستنی خۆم بە زۆر بچمە خۆم بخەمە پشت ئەو کەسەی کە لەگەڵمدایە  هەتا ئەو لەباتی من بەر فیشک بکەوێت؟ پێموایە جوابەکە ڕوونە و هەمووتان دەلێن نا

ئێمە بۆ پاراستنی خۆمان ناتوانین هەموو کارێک بە ڕەوا بزانین واتە مافی ئەوەمان نییە کە بۆ پاراستنی خۆمان هەموو شتێک بکەین ئێمە ناتوانین بۆ پاراستنی خۆمان بە زۆر خۆ بخینە  پشت کەسێکی بێگوناهەوە و ئەو بکینە قەڵغانی خۆمان، ئەوەندەی کە من ئاگادار بم هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بگوترێت کە ئەو قسەیە حکوومەتەکان ناگرێتەوە.

هەڵبەت رەنگە لە هەلومەرجێکی زۆر زۆر تایبەتدا حکوومەت تووشی  مەترسیەکەی گەورە و لە ناکاو  بێت و ئەو حکوومەتە ناچار بێت کە بۆ پاراستنی خۆی وڵات یان ناوچەی ئێتنیکێکیتر بەکار بێنێ  بەڵام ئەو بەکار‌هێنانە تەنیا کاتێ  لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕەوایە  کە بە ئیزنی ئەو ئێتنیکە کرابێت ، کاتی بێت و هەموو مافێکی ئەو ئێتنیکەش لەچاوبگیرێت[13].

لەوانەیە مەبەست لەوەی کە دەگوترێت حکوومەتی جیابۆوە حکوومەتی ناوەندی دەخاتەمەترسییەوە ئەوە بێت کە حکوومەتی جیابۆوە ” ژیانی ئابووری” حکوومەتی ناوەندی دەخاتە مەترسییەوە و ئەوەش وا دەکات کە ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەوە خەڵکانەی کە لە پاش جیابونەوە لە دەسەڵاتی ناوەندیدا دەمێنەوە بێتە خوارێ[14]

بەڵام ئایا ئەو بابەتە دەتوانێ بیانویەکی باش بێت بۆ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی نەکۆلی لە مافی جیابونەوە بکات؟

ئەگەر جیابونەوەی ناوچەیەک ، لە حکوومەتی ناوەندی ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەو خەلكەی کە لە ناو جەغزی دەسەڵاتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە بێنێتە خوارێ، بەڵام لە پاش ئەوەش ئەو خەڵکەی کە لە نێو جەغزی دەسەڵاتی ناوەندی دا دەمێنێتەوە بتوانن ژیانێکی سەربەرزانە بژین لەو کاتەدا هیچ رەوا نییە کە خەسارەی ئابووری وەکوو بیانویەک بۆ بەرگری کردن لە دەستەبەر کردنی “مافی جیابوونەوە” بەکار بهێنرێ.

چوونکە هیچ کەس یان گروپێک ئەو مافە تایبەتییانەیان نییە، کە هەمیشە ژیانیان لە ئاستێکی زۆر سەرێدا بێت و هەر لەو ئاستەشدا بەمێنێتەوە

بەڵام ئەگەر ئێمە وای دانێن کە دۆخی ئابووری ئەو ئێتنیکەی کە لە نێو جەغزی دەسەڵاتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە وا تێکدەچێت کە ئەوان بۆ نانی شەویش موحتاج دەبن دیسان مافی جیابونەوە بۆ ئەو ئێتنیکەی کە دەیەویت جیاببێتەوە پارێزراوە؟

وڵامی ئەو پرسیارە کەمێک ئاستەمە؛ لێرەدا دەبێ سەرەتا پرسیارێک وڵامدینەوە. پرسیارەکە ئەوەیە،  ئایا مرۆڤەکان  ئەو مافەیان هەیە کە لانیکەمێک لە پێداویستی  مادی و ئابووریان لەبەر دەست دابێت بۆ ئەوەی ژیانێکی شەرافەتمەندانە بژین؟

بیرمەندان لە سەر ئەو مافە روانگەی دژ بەیەکیان هەیە بۆ  لێکدانەوەی ئەو بابەتی کە ئایا حکوومەتی ناوەندی مافی ئەوەی هەیە کە بە بیانوی مافی ” ژیانێکی لانیکەمی”  بیانوبێنێتەوە بۆ بەرگری کردن لە بەدەستهێنانی مافی جیابوونەوە؟

 من پێم وایە دەکرێت هۆکاری تایبەت  بۆ ئەو بابەتە بێنینەوە.

سەرەتا بۆ کرانەوەی باسەکەمان پێویستە وای دانێین کە مرۆڤەکان بۆ ئەوەی کە سەربەرزانە بژین پێویستە  “مافێکی لانیکەمیان”  هەبێت. لەبەرانبەردا ناوەندێک دەبێ هەبێت کە لە ئاست دەستەبەر کردنی ئەو مافەدا بەرپرس بێت لێرەدا پرسیارێکیتر دێتە گۆرێ، ئایا هەبووی “مافی لانیکەمی” ئابووری ئەو مافە دەدات بە حکوومەتی ناوەندی کە جودایی خوازی سەر کوت بکات؟

پێم وایە بۆ جوابی ئەو پرسیارەش دیسان دەبێ بلێن نا

راستیەکەی ئەویە ئەگەر بێتو کۆمەلێک مرۆڤ لە دۆخێدا بژی کە ژیانی زۆر سەخت بێت و دابین کردنی لانیکەمی پێویستەکانی ژیان بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆی ئاستەم بێت. هەر کەسێک کە ئاگاداری ئەو دۆخە بێت دەتوانێ یارمەتیان بدات و لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە بەرپرسە لەبەرانبەر ئەو ئێتنیکەدا.

هەڵبەتە لەو هەلومەرجەدا ئەو ئێتنیکەی کە لە دەسەڵاتی ناوەندی جیابۆتەوە و ئیمکاناتی باشتری ئابووری هەیە بە هۆی مێژووی پێکەوە ژیان و نزیکی فەرهەنگی و مێژووی  لە ئاست ئەو هاوڵاتیانەی کە لە نێو دەسەڵاتی ناوەندیدا ماوەنەوە و ناتوانن بژێوی شەرافەتمەندانە پەیدا بکەن بەرپرسایەتیەکەیان قورسترە

لێرەدا ئەو هۆکارەی کە بۆ دەستەبەر نەکردنی مافی جیابونەوە دیهێنەوە لە باتی ئەوەی کە پەیوەندی بە ڕەوا بوون بوون یان نەبوونی مافی جیابوونەوە بێت پتر پەیوەندی بە ئەرک و بەرپرسایەتی مرۆڤە لە ڕوانگەی چەمکی “دادپەروەری دابەشکارانە”وە هەیە.

بە واتایەکیتر ، تەنیا ئەوەی کە جیابونەوەی ئیتنیکێکی جودایی خواز ژیانی ئابووری دەسەڵاتی ناوەندی دەباتە ژێر مەترسییەوە بەو واتایە نییە کە نەتەوەی جودای خواز مافی جیابونەوەی نییە بەڵکوو لە باشترین کاتدا ئەو باسە ئەوە دەردەخات کە ئەو ئێتنیکەی کە جیادەبێتەوە پاش جیابونەوەشی بە هۆی هۆکاری ئەخلاقییەوە ئەرکی ئەوەی لەسەر شانە کە یارمەتی ئەوانە بەدا کە لە ژێر دەسەلاتی ناوەندی داماونەوە و ناتوانن لانیکەمی ژیانێکی شەرافەتمەندانە دابین بکەن

لێرەدا دەرکرێت ئەو باسەش بێتە گۆرێ کە دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ جودایی خوازان رێکبکەوێت کە لە بەرانبەر بە فەرمی ناسینی مافی جیابونەوەی ئەو ئێتنیکە، دەوڵەتی ناوەندیش لە هێندی سەرچاوەی ئابووری شەریک بێت  یان ئەوەی دەوڵەتی ناوەندی کۆمەلێک یارمەتی ئابووری تایبەتی پێبدرێت.

لێرەدا دەکرێت بلێن ئەو حکوومەتەی کە پاش جیابونەوە دەمێنێتەوە دەتوانێت بۆ باش بوونی دۆخی ئابووری هاوڵاتیانی بە پێی کۆمەلێک مەرج بچێتە سەر دەوڵەتێکیتر  واتە بێ ئەوەی مافی کۆمەلایەتی و سیاسی هاوڵاتیانی تووشی خەسارە بێت بە دەوڵەتێکیترەوە پەیوەست بێت.

بەڵگە‌ هێنانەوە بە پێی چەمکی “دەنگی زۆرینە”

ئەو بەڵگەیە پتر لە بەرانبەر ئەو ئێتنیکانەدا بەکار دێت کە لە باری رێژەییوە کەمن واتە لە نێو دەسەڵاتی ناوەندیدا هەم ئێتنیکی جیاوازن هەم کەمینەن[ کوردکان لە چوارپارچەی کوردستان لە دۆخێکی وا دان کوردەکان لە باشوور نەتەوەی دوو هەمن و کەمینەی نێو عیراقن لە تورکیا نەتەوەی دو هەمن و کەمینەی نێو تورکیا و لە سوریە نەتەوەی دووهەمن و کەمنیەی نێو سوریە و لە ئێران نەتەوەی سێهەمن و کەمینەی نێو ئێرانن]

بە پێی ئەو بەڵگەیە ، جیابونەوەی ئێتنیکێک تەنیا کاتێ رەوایە کە زۆرینەی دانیشتوانی جەغزی دەسەڵاتی ناوەندی لە ڕاپرسییەکدا ئەوە جیابونەوەیە قەبول بکات و دەنگی ئەرێ بدەن بە ئەو  جیابونەوەیە.

بەڵام ئەگەر ویستی جیابونەوە  دەنگی زۆرینە نەیەنێتەوە ئەوە بە واتای ژێر پێنانی چەمکی دەنگی زۆرینەی لێکدەدرێتەوە و هەر بۆیەش جیابونەوەکە نارەوا  لە قەڵەم دەدرێت.

بەڵام ئەو بەڵگەیە زۆر بێبنەمایە، دەنگی زۆرینە هەموو کاتێک ناکرێت بنەمایی بریاری کۆتایی نییە ؛ بۆ وێنە زۆرینە مافی ئەوەی نییە سیاسەتێک دانێن و بەرێوەی بەرن کە ئەو سیاسەتە دەبێتە هۆی پێشێل کردنی مافی تاکەکەسی و کۆمەلایەتی کەمینەیەک

لە لایەکیترەوە دەنگی زۆرینە، کاتێ دەتوانێ لە نێو کۆمەلێکدا ڕەوا بێت کە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە دڵخوازانە بریاریان دابێت هاوکاری یەک بکەن و هەر وەها چەمکی دەنگی زۆرینەشیان وەکوو بنەمایەک بۆ بریاردان ، سیاستەدانان و هاوکاری خۆیان دیاری کردبێت.

هەر بەو هۆیەش کاتێ کە حکوومەتی ناوەندی مافی بنەرەتی تاکەکەسی یان ئێتنیکی  ئێتنیکێک پێشێل دەکات  یان ئەوەی بە زۆر ناوچەیەک بە وڵاتەکەی خۆیەوە دەلکێنێت یان ئەوەی پێکهاتەی پەیوەندییەکە پتر بە پێی لێکێشانەوەیە هەتا هاوکاری کردن پێبەند بوون بە دەنگی زۆرینە پێویست نییە[15]

بەو پێیە وادیارە دەبێ لە فۆرمپێدان بە بەڵگاندی سەرەوە پێداچوونەوە بکرێت.

لەوانەیە لێکدانەوەی خوارێ سەلمـێندراوتر بێت : ئەگەر حکوومەتی ناوەندی  پێملی مافی تاکەکەسی و ئێتنیکی، ئێتنیکی جودایی خواز  دەبێت و ئێتنیکی جودایی خوازیش بە شێوەی دلخوازانە پەیوەست بوبێتە جەغزی حکوومەتی ناوەندی و هەر وەها ئێتنیکی جودایی خواز دڵخوازنە بریار دابێ کە چەمکی “دەنگی زۆرینە” وەکوو بنەمایی بریار و سیاسەتەکان نێو دەسەڵات قەبوول بکات لەو کاتەدا ئەو ئێتنیکە دەبێ پێبەندی دەرئەنجامی “دەنگی زۆرینە” بێت

لەو کاتەدا جیابونەوەی ئێتنیکێک تەنیا کاتێ رەوایە کە زۆرینە هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دەنگ بەو جیابونەوە بدەن بەغیر ئەوە، جیابونەوەی ئەو ئێتنیکە پێشێل کردنی چەمکی ” دەنگی زۆرینە” و لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ناگونجاوە چون ئەوان پێشتر لەسەر بنەمای چەمکی “دەنگی زۆرینە” پێکەوە رێکەوتوون

بەڵام شرۆڤەی  دووهەمش بێ ئیراد نییە نوقستانی شرۆڤەی دووهەم چین؟

یەک: ئەو پاساوانەی دهێندرێتەوە بۆ چەمکی دەنگی زۆرینە پتر لەوەی کە سەلمێنەری بەرگری لە مافی جیابوونەوە بێت باس لەسەر ئەوە دەکات کە لە چ هەلومەرجێکدا مافی جیابوونەوە ڕەوایە و کەی رەوا نییە

دوو: وای دادەنێن کە نەتەوەیەک کە کەمیینەی ناو دەسەلاتێکە بە دڵخوازی خۆی چۆتە نێو کۆمەلێکەوە  و یاسای “دەنگی زۆرینەشی” قەبوول کردووە و مافی تاکەکەسی و ئێتنیکیشی هەتا رادەیەک دەستەبەر بووە

بەڵام لەو کاتەشدا مافی هاتنەدەرێ لەو رێکەوتنە هەر لە جێی خۆیەتی بەتایبەتی ئەگەر ئەو بریارە لە لایان جیلەکانی پێشوودا درابێت هیچ هۆکارێک نییە کە ئەو بریارە لەلایان جیلی ئێستاوە قەبوول بکرێت.

هەڵبەت ئەگەر ئەو جیابونەوەیە خەسارەیەکی ناگونجاو لە ئەو بەشە بدات کە لە نێو دەسەڵاتی ناوەندیدا ماوەتەوە لەو کاتەدا لایەنی جودای خواز دەبێت بۆ قەرەبووی ئەو خەسارەیە غەرامتەتێکی دادپەروەرانە بدات

هەڵبەتە بە فەرمی ناسینی مافی جیابوونەوە دەتوانێت لە لایەنێکەوە بۆ زۆرینە مەترسیدار بێت : ئەوەیش کاتێکە کە دەستەبەر کردنی مافی جیابوونەوە بۆ زۆرینە خەسارەیەکی قورس بێت لەو کاتەدا کەمینە دەتوانێت جیابوونەوە وەکوو هەرەشەیەک بەکار بێنێت  و ئەو هەرەشەیەش ببێتە ئامێریك  بۆ وەرگرتنی پشکی نەگونجا و بەو شێوەیە مافی زۆرینە بەردەوام هەرەشەی لەسەر بێت

بۆ پێشگرتن لەو جۆرە هەڵسووکەوتانە دەبێ هاوسەنگیەک لە نیوان بەرژەوەندیەک کە لە دەرنجامی جیابوونەوە ساز دەبێت لەگەڵ ئەوە بەرژەوندییەی کە لە دەرنجامی پێکەوە بوون و پێبەند بوون بە دەنگی زۆرینەیە هەیە، هەبێت.

بۆ وێنە  لەوانەیە قانونی بنەرەتی مافی جیابوونەوە بە فەرمی بناسێت بەڵام لەوانەیە بۆ بەرێوە بردنی ئەو قانوونە مەرجێکی قورسی داندرابێت بۆ وێنە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی (سێ بەش لە چوار بەشی خەڵک) ئەو ناوچەی کە دەیانەوێت جیاببنەوە دەنگ بە جیابونەوە بدەن. [16]

هۆکار هێنانەوە لەسەر بنەمای مەترسی بشێوی:

بە پێی ئەو هۆکارە ئەگەر مافی جیابوونەوە بە فەرمی بناسرێت هیچ سنوورێک بۆ بەکار‌ هێنانی ئەو مافە نامێنیت ئەوە کەسانەی کە باوەریان بەو هۆکارە هەیە بنەمای فکرەکەیان لەسەر ئەو پرسیارە دادەمەزرێنن  ئەگەر گروپی گەورە مافی جیابونەوەیان هەبێت بۆ گروپی چەکۆلە ئەو مافەیان نییە؟

لەو ڕوانگەیەدا لە پێشدا مافی جیابوونەوە بۆ گروپێکی گەورە بە ڕەوا دەدەندرێ و لە پاشان ئەو مافە بۆ گروپێکی چکۆلەتریش هەر بە ڕەوا دەزانێ و لە کۆتاییدا مافی جیابوونەوە دەدرێت بە هەر تاکێکی کۆمەلگا و  بە ئەنقەست هیچ مەرجێک بۆ وەرگرتنی  مافە جیابونەوە  لەچاوناگیرێت

لە کۆتاییدا دەگوتریت ئەگەر هەر گروپ یان تاکێک مافی دەرچوون لە جەغزی دەسەڵاتی سیاسی و دادپەروەری حکوومەتی ناوەندی هەبێت و خۆی جەغزێکی دەسەڵاتداری سیاسی و دادپەروەری تایبەت بە خۆی دابنێت ئەو کاتە بشێویەکی زۆر ساز دەبێت و ئەوە بشێوەیش واتای ئەوەی هەیە کە تئۆری  یەکەم واتە مافی جیابوونەوە تئۆریەکی هەڵەیە[17]

بەڵام لەسەر ئەو هۆکار‌‌ چ دەگوترێ؟

ئەو هۆکارە لە سەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە مافی جیابوونەوە هیچ پێشمەرجێکی نییە و بە هیچ سنوور و کەوشەنێکەوە نەبەستراوەتەوە و هەر بۆیەش هەموو کەسێک دەتوانێ داوای بکات بەڵام ئەو فەرزە زۆر ناگونجاوە

یەکەم :

هەر هۆکارێک کە بۆ جیابوونەوە دهێنەرێتەوە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە هۆکارێکی  تەواوکەر و سەلمێنەر نییە تەنیا ئەو هۆکارانە کە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە بایەخیان هەیە و سەلمێنەرن، دەتوانێت داخوازی جیابوونەوە لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە گونجاو بکات

دووهەم :

ئەو بەڵگەو هۆکارانەی کە بۆ سەلماندی مافی جیابونەوەش لە روانگەی ئەخلاقییەوە گونجاون ، هەموویان واتای ئەوەیان نییە کە هەر ئێتنیکێک کە ئەو بەڵگانەی بە دەستەوەیە دەتوانێت  سەربەخۆی تەواو داوا بکات و مافی تەواوی  جیابوونەوە بەکار بهێنێت

بۆ وێنە ، ئێوە وای دانێن کە ئێتنیکێک بە پێی چەمکی ” هۆدانەوەی دادپەرەرانە” دەیەوێت جیابێتەوە ئەو هۆکارە تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە پێشتر لەلایان وڵاتێکەوە بە ناحەق داگیرکراوە دیارە ئەو هۆکارە ناوچەیەک کە ئەو تایبەتمەندیی نەبێت ناگرێتەوە

سێهەم: ئەگەر مافی جیابوونەوە لە قانونی بنەرەتیدا بە فەرمی بناسرێت ئەو ئێتنیک و لایەنانەی کە پێکەوە نەتەوەیەک پێک دێنن دەتوانن لە قانونی بنەرەتی خۆیاندا پاش بە فەرمی ناسینی ئەو مافە مەرج و لەمپەری تایبەتی بۆ دانێن.

لەو کاتەدا ئەو بەشە لە داخوازییەکانی جیابوونە کە لە چوارچیوەی قانونی بنەرەتیدا نییە و لەو چوارچیوەیە تێدەپەرێت قەبوول ناکرێت و وەلادەندرێت.

( ٤ )

ئەو وتارە سەرجەمی ئەوە چەمک و هۆکارانە لە خۆ ناگرێت کە لە دژ یان لە قازانجی مافی جیابوونەوە هەیە بەڵام گرینگترینیان لە خۆ دەگرێت.

ئەگەر دەرنجامەکانی ئەو نوسراوەیە ڕاست بێت دەبێ بلێین کە مافێک بە ناوی “مافی جیابوونەوە” هەیە بەڵام ئەو مافەش دەبێ سنوور و کەوشەنی ئەخلاقی هەبێت.

لەوانەیە  هەڵسوکەوت لەگەل مافی جیابوونەوە لە وڵاتێکدا  لە داخوازی مافی جیابونەوە هەیە  بەو شێوەیەی خوارێ هەڵسوکەوتێکی ئەخلاقیانە بێت :

یەک: قانونی بنەرەتی مافی جیابوونەوە بە فەرمی بناسێت هەر وەها چۆنێتی و مەرجەکانی جیابوونەوەش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دیاری بکات

دوو: دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەرگرتن لە بە هێز بوون بیری جوداییخوازی  لە نێو کۆمەلگادا بۆ مافی کەمینەی ئێتنیکی، ئایینی و فەرهەنگی بە کردەوە رێزی  دانێت بەتایبەتی مافی بەشداری کاریگەر بۆ ئێتنیکەکان چ وەکوو ئێتنیک و چ وەکوو تاک لە چاو بگرێت  و پێشیلی نەکات.

**********************************************

١: بۆ ئاگاداری لە سەر جیابوونەوە بە پێی چەمکی هۆدانەوەی دادپەرەرانە بروانە :

  1. S. Mason, R. Dorfman, and S. A. Marglin, Conflict in East Pakistan: Background and Prospects, cited in Subrata Roy Choedhury, The Genesis of Bangladish (New York: Asia Publishing House, 1972), p.11, n. 18. Also, Allen Buchanan, Secession (The Morality of Political Divorce from Fort Sumter to Lithuania and Quebec), Westview Press, 1991,pp. 67-70.

۲- بۆ وێنە، بروانە.

Lee Brilmayer, “Secession: A Territorialist Reinterpretation”, Yale Journal of International Law, vol. 16, no. 1, January 1991, pp. 177-202.

۳- ئەو بیرمەندانی کە لە سەر ئەو باوەرن مافی جیابوونەوە لە ریزی رێکەوتنی کۆمەلایەتی دایەن ئەوانەن :

Harry Beran, The Consent Theory of Political Obligation, New York: Croom Helm, 1987. And Lee Brilmayer, “Secession: A Territorialist Reinterpretation”. Also Lee Brilmayer, “Consent, Contract, and Territory”, Minnesota Law Review, 1989, 74:6-10. Also see, Allen Buchanan, Secession,1991, pp. 38-45, and pp. 114-124

٤: لە نێوان دابەش کردن و بڵاوکردنەوە جیاوازییەکی گرینگ هەیە لەوانەیە داهات دابەش بکرێت بەڵام بەسەرناوچەیەکی تایبەتدا ئەو کاتە دابەش کراوە بەڵام بڵاونەکراوەتەوە

٥: بۆ باسی زیاتر لەسەر دادپەروەری دابشکارانە بروانە

Donald Horowitz, Ethnic Groups in Conflict (Berkeley: University of California Press, 1985), pp. 249-254. And Arthur Nwanko and Samuel Ifejika, The Making of a Nation: Biafra (London: C. Hurst and Cp., 1970), p.229.

5- Ernest Gellner, Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell, 1983, p.2.

٦ بروانە جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ

7:- Ernest Gellner, Nations and Nationalism, Oxford Blackwell, 1983, p.2.

٨: خوێنەری هێژا بەرێز مامۆستا مەسعود محەمەد بۆ وشەی بلقوە زاراوەی ” هێزەکی” بەکار دێنێ و لە فەرهەنگی کاوە لاپەرەی ٢٢٨ بۆ زاراوەی بلقوە زاراوەی “پەنگراو” داندراوە پاش لێکدانەوە لەگەڵ چەند شارەزایەکی زمانی کورد هەموویان هەر دوو وەشەیان پێ راست بوو. ئێوەی خۆشەویست دەتوانن هەر کامە کە لە زارتان خۆش هات بەکاری بێنن

٩: Ernest Gellner, Nations and Nationalism, Oxford Blackwell, 1983, p.2.

١٠:   بروانە وتاری لە گوتاری نەتەوەییەوە هەتا نەتەوە کوژی ،گۆڤاری ڕۆشنبیری ، نوسینی عەلی ئیسماعیل نژاد

١١: سەبارەت بەو باسە بروانە

Allen Buchanan, Secession, 1991, pp. 52-64.

١٢: بۆ درێژەی باسەکە بروانە.

Charles Taylor, “The Meaning of Human Existence”, in Burton M. Leise, ed. Values in Conflict: Life, Liberty, and the Rule of Law, Prentice Hall, 1981.
13- Allen Buchanan, Secession, 1991, pp. 58-61, esp. p.611

14- Ibid., pp. 91-2.

15- بۆ درێژەی باسەکە بروانە..

Bruce Ackerman, Social Justice and the Liberal State, New Haven, Conn. : Yale University Press, 1980,

۱٦- بۆ درێژەی باسەکە بروانە

Bruce Ackerman, Social Justice and the Liberal State, New Haven, Conn. : Yale University Press, 1980, pp.293-299.

۱٧- هەمان

۱٨- هەمان ڵاپەرەی :

Ibid., pp. 102-104.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت