لەمپەرەکانی بەردەم شۆڕش/ڕەحیم قەدروون

0
147

نووسەر: ڕەحیم قەدروون

ڕەحیم قەدروون
ڕەحیم قەدروون

لە بابەتەکانی پێشووتردا، دۆخی کۆمەڵگا و شۆڕش و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش بەپێی توانا و دەرفەتی وتارەکان، شی کرایەوە، لەو وتارەدا هەوڵ دراوە بە پێی توانا باس لە لەمپەرەکانی بەردەم شۆڕش بکرێت.

 ئەگەر جگە لە هۆکارە شاراوەکان و هەروەها هۆکارە لاوەکیەکانی تر کە هەندێ جار کاریگەرییان لە سەر چێ بوونی شۆڕش هەیە، چوار هۆکاری سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش شیتەڵ بکەین، دەگەینە ئەو ئاکامەی کە لە کوێی هاوکێشەکان جێمان گرتووە و بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە دەبێ چی بکەین.

چوار هۆکاری سەرەکی بۆ چێ بوونی شۆرش، بریتین لە:

  • ناڕەزایەتی قووڵ لە دۆخی هەنووکەیی
  • پەیدا بوونی ئیدئۆلۆژی جێگرەوە
  • زێدە بوونی ڕوحیەی ئانارشیستی
  • بوونی رێبەر

هۆکاری یەکەم (ناڕەزایەتی قووڵی کۆمەڵایەتی):

ناڕەزایەتی توخمی پێکهێنانی گۆڕانە، ناڕازایەتیەک کە گەییشتبێتە بێ هیوایی، لە بابەتی یەکەم دا شی کرایەوە کە ناڕەزایەتیەکی قووڵ هەم لە ڕۆژهەڵات و هەم لە ئێران بوونی هەیە، ئەو ناڕەزایەتیە نە تەنیا گەییشتۆتە بێ هیوایی لە ڕێژیم، بەڵکوو تا ئاستی دووژمنایەتی، ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتداران پەلی هاویشتووە، تا ئێستا ئەو دژایەتییە بە شێوازی جۆراو جۆر خۆی نواندووە، بەڵام هۆکارگەلێک بوونی هەیە کە ڕێگر بووە لەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە بتەقێتەوە و کاردانەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە کە بە کورتی ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەین.

  • چێ کردنی رەوتێکی حکوومەتی بە ناوی ڕیفۆرم (ئیسلاح تەڵەبەکان)

ڕیفۆرم یا چاکسازی بە واتای گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەی سیاسی و سیستمەی ئابووری کۆمەڵگایە بە شێوەی هەنگاو هەنگاو (پلیکان پلیکان) و لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراو بنکانەی کە لە کۆمەڵگادا هەن، تیۆری ڕیفۆرم خوازی لە هەمبەر شۆڕشی سۆسیالیستی (سوسیالیسمی ئینقلابی) داڕشترا، کە بڕوای بە شۆڕش هەیە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی بنەڕەتی کۆمەڵگا.

ڕیفۆرم خوازان لە ئێران بە هیچ شێوەیەک بڕوادار نین بە گۆرینی بنچینەیی پێکهاتەی سیاسی و ئابووری وڵات، لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا تەنیا داوای گۆڕینی هەندێ وردە فەرهەنگ و کەسایەتی سیاسی و سەربازی دەکەن، تا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، بە شێوەیەکی وردتر دەتوانین ئەو ڕیفۆرم خوازانە بە بناژۆخوازی نوێ (نو اصولگرا) پێناسە بکەین.

دوای بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتی تازە و تا ڕادەیەک جێگیر بوونی، ماهیەت و چیەتی بۆ بەشێک لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان دەرکەوت بە تایبەت خەڵک وحیزبە کوردیەکان، بۆیە بایکۆتی دەنگدانی بەڵێ و نەخێری حکومەتی شا یان کۆماری ئیسلامیان کرد واتا لە یەکەم هەنگاو، هەر دوو حکوومەتی شا و کۆماری ئیسلامی یان پەسەند نەکرد، دواتر بە دەنگ دان بە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان وەکوو شەهید دوکتور قاسملوو و دەنگ نەدان بە بەربژێرانی پەسەندی حکوومەت بۆ مەجلیسی زانایانی یاسای بنەڕەتی ئەو “نا”- یەیان دووپات و چەند پات کردەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان هێشتا لە خەو ڕانەچڵەکی بوون و پێیان وابوو بە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دژە ئیمپریالیستە دەبێ بە هەر شێوەیەک بێ پشتیوانی لێ بکرێ بە تایبەت هێزە چەپەکان.

ڕێفۆرم خوازی، دوای شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران، لە سەردەمی بەنی سەدر دەستی پێکرد (لە کاتێکدا ئەو هێزانەی کە حکوومەتی تازە و چوارچێوە تەسکەکەیان قەبووڵ نەبوو، کەوتنە بەر پەلامار، شەڕ، گرتن، کووشتن و لەداردرانی بە کۆمەڵ، ئەشکەنجە، دەرکردن و… هتد، هەر بە ناوخۆی وڵاتیش نەوەستان بەڵکوو پەل و پۆیان بۆ ئەوپەڕی دونیا هاویشت و دەزگای تیرۆر بە فەتواکان لەوسەردەمە دەستی پێکرد)، بەنی سەدر (بێگومان لەمەڕ پرسی کورد بە کەمێ جیاوازییەوە هەمان هەڵوێستی هەبوو و دواتر ئەمری کرد ئەرتەش کوردستان لە ئەشرار پاکسازی بکات)، خوازیاری ڕیفۆرمی بنچینەیی وەکوو داڕشتنەوە و چێ کردنەوەی ناوەندەکانی دەسەڵات، هەڵوەشاندنەوەی سپای پاسداران، هەڵوەشاندنەوەی دادگاکانی شۆڕش، کەم کردنەوەی دەسەڵاتی مەلاکان، هەڵوەشاندنەوەی کومیتە و هێزە سەربازیە بچووکەکانی سەر بە ئایەتووڵڵا و کەسایەتییە سیاسیەکان و ڕیفۆرمی ئابووری بوو. لە دوای لە سەرکار لادانی بەنی سەدر و دەرپەڕینی ئەو و بەشێک لە لایەنگرانی، ڕیفۆرم خوازی چوارچێوەی خۆی لە دەست د ا و شیوەیەکی نوێی بەخۆیەوە گرت، ئەو شێوەیە لە ڕیفۆرم خوازی یە زیاتر کایەی سیاسی دەسەڵاتە.

شێوەی نوێی ڕیفۆرم خوازی بە هاتنە سەرکاری محەمەد خاتەمی، دەسەڵاتی جێ بەجێ کردنیان وەرگرت و لووتکەی دەسەڵاتیان، بەدەست هێنانی کورسیەکانی مەجلیسی شەشەم بوو، بەڵام هەموو دەسەڵاتیان بارتەقای حوکمێکی حکوومەتی نەبوو و بە قسەی خودی خاتەمی تەنیا، تەداروکاتچی بووە. ئەو ڕەوتە بە هیچ شێوەیەک پێبەندی ئەو درووشمانەی نەبوو کە بەڵێنی دابوو بۆ گۆڕانکاری و خۆی بە بەرپرسیاری ئەو بیست میلیۆن دەنگە کە بۆ گۆڕانکاری متمانە و دەنگیان بە خاتەمی دابوو نەزانی.

لە بنەڕەتدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بڕوای بە ڕیفۆرم و گۆرانکاری نیە و قەبووڵی هیچ شێوەیەک (تەنانەت بچووک) لە ڕیفۆرم ناکا، ئەوەی کە هەیە پڕۆژەیەکە بۆ خزمەت، مانەوە و بەردەوامی حکوومەت، واتا بەشێک لە حکوومەت کراوە بە جێگرەوەی بەشێکی تر لە حکوومەت بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی بە جێگەی ئەوەی کە لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە و گۆرانخواز بگەڕێن، بە ئادرەسی هەڵە بچێتە بەردەم بەشەکەی تری حکوومەت، گەر خاتەمی بڕوای بە ڕیفۆرم هەبوایە بێگۆمان زۆرینەی کۆمەڵگای لەگەڵ بوو، لە بەنی سەدرەوە تا ئێستا، ڕیفۆرم خوازی تا دێت ئاستی داواکارییەکانی نزم و بەرتەسک و بێ بایەختر دەبێتەوە.

بە کورتی و بە پوختی ریفۆرم خوازی گەییشتۆتە ئەو ئاست و ڕادەیەی کە ئەگەر بێت و  لە بناژۆخوازە توندرەوەکان نەبی ئەوا بە ڕیفۆرم خواز هەژمار دەکرێی.

مەرجی بنەڕەتی گۆڕانگاری و شۆڕش ناڕەزایەتی و بێ هیوا بوونە لە ڕیفۆرم و چاکسازی لە دەسەڵات، کە ڕیفۆرم خوازان بە هێشتنەوەی هیوا بە دەسەڵات خزمەتێکی گەورە بەو ڕێژیمە دەکەن.

  • چێ کردنی کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر و فەرهەنگی خیاڵی یا ناراستەقینە، یەکێکی تر لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە ئۆپۆزیسیۆن.
  • بێدەنگبوونی ڕووناکبیر، نووسەر، مامۆستا، مەلاکان، خوێندکاران و هتد، یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، لە ڕاستیدا هەر تاکێک بە تایبەتی کەسانی ناسراو، جگە لە ئەرکی خۆیان، ناکرێ لە هەمبەر ڕووداو و زوڵم و زۆر و جنایەت بێ دەنگ بن، پێشەنگانی کۆمەڵگا هەموو کات ئەرکیان قورسترە لە تاکەکانی ئاسایی.

هۆکاری دووهەم (ئیدئۆلۆژی جێگرەوە)

بەر لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و دوای ئەویش کۆمەڵگای ئێران لە لایەن هزری سیاسی یەوە، خاوەنی چەندین ئیدئۆلۆژی و بیری سیاسی بووە، چەپ، ئیسلامی، ناسیۆنالیزم (فارس و نەتەوەکانی تر)، دێموکرات و هتد، کەوایە کێشە لە بوونی خودی ئیدئۆلۆژی نیە چوون لە بەرامبەر ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و گوتارەکانی تایبەت بەو ئیدئۆلۆژیە وەکوو، دیکتاتۆرییەت، دەسەڵاتی دینی، سەرکوت، گرتن، کووشتن، دەسەڵاتی نیزامی و میلیتاریستی، کپ کردن و… هتد، گوتارەکانی، دێموکراسی، ئازادی، مەدەنیەت، سێکولاریزم، خۆش بژێوی و هتد بوونی هەیە.

بەڵام کێشە لە ڕێڕەوانی ئەو ئیدئۆلۆژیانەیە کە دابەش بوون و بە جێی جەخت کردنەوە لە سەر دژایەتی ئیدئۆلۆژی دەسەڵاتدار، خەریکی دژایەتی کردنی بەشێک لە ئیدئۆلۆژی خۆیان و هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنن. ئەو ڕەوتە تەنانەت گەییشتۆتە هێزە سیاسیە کوردیەکانیش. بۆ نموونە ئۆپۆزیسیۆنی عەزەمەت خوازی هەخامەنشی  کوروش و خەشایار پەرەست (کە جێگەی ئیمام ڕەزا و مەهدی و حەسەن و حوسێنی گرتۆتەوە و بۆتە تەقەدووس) ئامادەیە ببێ بە سەربازی خامنەیی و لە دژی پارچە کردن و ویستی نەتەوە بندەستەکان بوەستێتەوە، ئەو ڕەوتە ئەوەندەی دژایەتی نەتەوەکان و چەپ و موجاهدین و… هتد، دەکا ئەوەندە دژی ئەو دەسەڵاتە نیە کە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی بەو پێناسە دەکا، چەپەکان، دژی ئیسلامیەکان و تەنانەت نەتەوەکان و دێموکرات خوازەکان، شیعە بەرهەڵستکارەکان دژی سوننە، فارسەکان دژی ویستی نەتەوەکان، نەتەوەکان دژی ویستی یەکتر و ئەو ڕەوتە شۆڕ بۆتەوە بۆ نێو بەشێک لە هێز و هزرە سیاسیە کوردی یەکان، بۆ نموونە سکرتێری حیزبێکی سیاسی کوردی، بوونی خۆی و حیزبەکەی لە دژایەتی تێڕوانین و ستراتیژ و تاکتیکی حیزبێکی تری کوردی پێناسە دەکا، واتا ئەوەی ئەو دەیکا من دژی ئەوم بەو هۆیە من لەو حیزبە جیاوازترم.

 ڕاستە کە چەندین ئیدئۆلۆژی جێگرەوە بوونیان هەیە و دەبێ ئەرکیان بە هاوپێوەندی لەگەڵ یەکتر دژایەتی ئیدئۆلۆژی زاڵ بێ بەڵام بەداخەوە کەمتر خۆیان لە قەرەی ئەو ئەرکە دەدەن و زیاتر دژایەتی بەشێک لە ئیدئۆلۆژی خۆیان (بە هەندێ جیاوازییەوە) و ئیدئۆلۆژی هێزە بەرهەڵستکارەکانی تر دەکەن.

بێگوومان هەوڵ دان بۆ پێناسە کردنی ڕیفۆرم خوازی (بناژۆخوازی نوێ) بەشێکی تر لە کایەی سیاسی دەسەڵات و لە خەفڵەتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، بەشێکی بەرچاو لە هێز و هزری کۆمەڵگای گشتی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بۆخۆی بردووە.

ئەوەی کە لێرەدا گرنگە نەهادینە بوونی چەمکگەلی وەکوو ئازادی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ، فرەیی سیاسی و دینی، مەدەنیەت، مافی ژنان، ژینگە پارێزی و هتد، لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و گشتی ئێرانە.

زێدەبوونی رووحیەی ئانارشیستی

کاتێک سەرهەڵدان و شۆڕش و ئایدیاۆلۆژی (جێگرەوە) مێشکی مرۆڤێکی شۆڕشگێر داگیر دەکا، بێگوومان لە پێناو شۆڕشدا ئامادەی هەموو جۆرە تێچوو بۆ دانێکە. لە دوای سەرهە‌ڵدانی ناڕەزایەتیەکانی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ٨٨ و سەرکووتی ئەو خۆپێشاندانانە بە تووندترین شێوە، خەڵک وازیان لە ویست و داواکارییەکانی خۆیان نەهێنا و بەدڵنیاییەوە شێوەیەکی بچووک لە دوای ڕادیکاڵتر بوونی ئەو سەرهەڵدانە لە ڕوحیەی شۆرشگێڕی چێ بوو، کار گەیشت بە شوێنێک کە بە ئاشکرا وێنەی خامنەیی دەکەوتە ژێر پێ و درووشمی ڕوخانی حکوومەت زرینگەی دەهات، ڕێک لەو کاتە ناسکەدایە کە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕیفۆرم خوازان دەردەکەوێ، لە ساتێکدا کە خەریکە گەڕانەوە بۆ دوایە مەحاڵ دەبێ. ڕێک لەو ساتەدایە، ڕیفۆرمیستەکان کە ئەرکیان بەردەوامی دان بە ڕێژیم و هێشتنەوەیەتی لەسەر دەسەڵات، داوای کۆتایی هێنان بە خۆپێشاندانەکان و چوونەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان دەکەن و هاوڕا لەگەڵ دەسەڵات، کردار و ناڕەزایەتی خەڵک مەحکووم دەکەن، هەروەها  ئەو سەرهەڵدانانە بە هەموو کووژراو، بریندار، گیراو، دەستدرێژی پێ کراو، بێسەروشوێن کراو و دەربەدەر بوو، بە بێ بچووکترین دەسکەوت کۆتایی پێ دەهێنن، ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێبەرانی ڕیفۆرم خوازی بزووتنەوەی سەوز بوو کە بووە هۆی کپ بوون و تەواو بوونی ئەو بزووتنەوەیە، گەر ئەو سەرهەڵدانانە بە هەر شێوەیەک پەلی هاویشتبا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرا چاوەڕوانی ئاڵوگۆرێکی قووڵ و بنچینەیی لێ بکەین (کاتێ گۆمی مەند بشڵەقێ، ڕۆژهەڵات ناگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خۆی).

 نموونەیەکی تر سترانە شۆڕشگێریەکان و وێنەی ڕێبەرانی کورد و درووشمی ئەحزابی سیاسی کورد و زەق کردنەوەی هێما نەتەوەییەکان لە نەورۆزی ئەوساڵدا بوو کە بێ گوێ دان بە هێزی سەرکوت، لە فەزایەکی ئەمنیەتی بە باشترین شێوە بەڕێوەچوو. بێگوومان خەڵک ئامادەیە بۆ تێچوو دان بەڵام ئەوە ڕۆڵی هۆکارەکانی ترە کە ڕێگری دەکا لە کاردانەوەی ڕوحیەی شۆڕشگێری و ئانارشیستی خەڵک.

ڕێبەر

کاتێک کە ئایدیالۆژیە جیاوازەکان لە ناوخۆیان ڕێکدەکەون و لە ناو ئیدئۆلۆژی زۆرینە یان چالاکدا کەسێک وەکوو ڕێبەر هەڵدەبژێرن، ڕێبەر دەست بە بەرهەڤگری (بسیج) هێزەکان و کۆدەنگی لە سەر شۆڕش دەکا.

هێز و لایەنە سیاسیەکان، پەرش و بڵاو، ناکۆک، دژ بە یەک، مەشکووک و خۆسەپێنن، بۆیە نە تەنیا نەیانتوانیوە لە سەر ڕێبەر بەڵکوو تەنانەت لە سەر خاڵە هاوبەشەکانیشیان کۆک و یەکگرتوو بن، تەنانەت گەر کەسایەتیەکی سیاسی کاریزماتیک و خۆشناو پەیدا بێ، هەوڵی شکاندن و بچووک کردنەوەی دەدەن (تەنیا لە پێناو ئامانجگەلی حیزبیی کورت خایەندا)، گەر بە چاوخشاندنێک بە سەر ئەحزابی سەرانسەری دا تێپەڕین، بێگوومان بێ دەسکەوت لە بوونی ڕێبەر دێینەدەر.

کە واتا دەگەینە ئەو ئاکامەی کە بۆ چێ کردن و دەسپێکردنی شۆڕش پێویستە، هێز یا کەسایەتیەکی سیاسی، ئەو هێز و ئیدئۆلۆژیە ناکۆک و دژ بە یەکانە لە سەر چەند خاڵێکی هاوبەش (کە جێی مشتومڕ نەبێت) کۆ بکاتەوە (لە ڕابردوودا هەر دوو سەرکردەی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید ئەو هەوڵەیان داوە)، ڕێبەریەکی هاوبەش لە سەر جێ بەجێ کردنی ئەو خاڵانە چێ بکرێ، چەمکگەلی وەکوو ئازادی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ، ژیار، پێکەوە ژیان و هتد بکرێ بە بەرنامەی هاوبەش و لە هەمانکاتدا کار لە سەر خاڵە لاوازەکانی دەسەڵات بکرێ (نابەرابەری، هەژاری، دیکتاتۆریەت، باڵ و کەسایەتیە پێک ناکۆکەکان و هتد)، ڕووی ڕاستەقینەی ڕیفۆرمخوازە حکوومەتیەکان هەڵماڵێ و بیانگەڕێنیتەوە سەر ناوەندی نیزامی و ئەمنیەتیەکان، پەرەدان بە هیوا بە گۆڕانگاری و چێ کردنی و زێدە کردنی ڕوحیەی شۆڕشگێری، دەسپێکردنی نافەرمانیە مەدەنیەکان و ڕادیکاڵتر کردنیان و هتد، لەگەڵ ئەو تێبینیە کە کورد لە گۆمی لێڵ دەتوانێ ماسی خۆی بگرێ (بێگوومان بەستێنەکانیش لەبارن).

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌