فێستیڤاڵی سینەمایی یا پێشانگای نمایشکردنی ئەکتەری فارس و تورک و عەڕەب ؟

0
1471

ڕۆژی کورد: سینەماكارێكی كوردستانی ڕۆژهەڵات ڕایدەگەیەنێت “ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری سینەمایی بە هەزینە و تێچوویەكی زۆرەوە لە چەند شارێكی كوردستانی باشوور بەڕێوە دەچێت، بەڵام نە دەسەڵات ویستوویەتی پشتی سینەماكارانی كورد بگرێ و نە فێستیڤاڵەكان بوونەتە هۆكار بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی كوردی و خۆماڵی”.

لەیلا مەجیدی سینەماكار و شانۆكاری كوردستانی ڕۆژهەڵات لە نوسراوێكدا كە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات “زۆر و بۆر قازانجی نییە، یەك فێستیڤاڵی ساڵانە لە یەك شاری كوردستان بەسە بۆ ئەوەی سینەماكاران و هونەرمەندان هان بدا كار و ئیشی سینەمایی كوردی بكەن، فێستیڤاڵێكی بەهێز لە چەشنی (كانی فەڕانسە، هالیوودی ئەمریكا یا لانی كەم ڤێنیزی ئیتالیا)”.

دەشڵێت “بایەخ دان بە فیلمی بیانی و ئەكتەری غەیرە كورد بە داخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەكان پێیان وایە ئەگەر فەڕشی سووریان بۆ ئەكتەرێكی ئێرانی و فارس یا تورك و عەڕەب ڕاخست، ئەوە نیشانەی پێشكەوتنی سینەمای كوردییە”.
ئاماژە بەوەش دەكات “ئەركی دڵسۆزانی سینەمای كوردییە كە ئەو چەشنە فێستیڤاڵانە كە زیاتر وەك پێشانگای ئەكتەرە غەیرە كوردەكان دەچێت، بایكۆت بكەن”.

هەروەها دەڵێت “ئایا بۆ كەس ناپرسێتەوە فێستیڤاڵی فیلمی كوردی چەندین ساڵە لە كوردستان بەڕێوە دەچێ، ئەدی كوا فیلم و سینەمای كوردی گەیشتۆتە كوێ؟ كوا چەند كورتە فیلم و فیلمی سینەماییتان بەرهەم هێناوە كە بتوانێ لە فێستیڤاڵە جیهانیەكان دا بەشداری بكا و دەنگ و ڕەنگی كورد بە دونیا بناسێنێ؟ دەرهێنەرانی سینەمای كوردی ، كوا چەند ئەستێرەی سینەمایی كوردیتان دروست كردووە؟ تەنانەت ئەوانەی هەشن خەریكن دەیان ڕووخێنن. كەڵك وەرگرتن لە ئەكتەری سینەمای فارس و تورك و عەڕەب خزمەت بە سینەمای كوردی نییە”.

رونیشیكردەوە “فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەبوو بایەخی بە فیلمسازانی كوردی چوار پارچەی كوردستان دابایە ، ئەو جار بە سینەماكارانی بیانی. بە داخەوە ئێمە فێستیڤاڵی سینەماییمان نییە، پێشانگای نمایش كردنی ئەكتەری غەیرە كوردە و ناوی فێستیڤاڵی خراوەتە سەر”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.