فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی نەغەدە هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکرات و خەباتی کورد لە خۆرهەڵات

0
1069

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەمیر ئەکبەری، لە نەغەدە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەلاکانی سووننە و شیعە مەزهەب باسی لەوە کردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هۆکاری نائەمنی لە ناوچەکەیە و بە تووندی بە دژی ئەو حیزبە و جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لێدوانی داوە.

فەرماندەی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە نەغەدە لەو کۆبوونەوەیەدا گوتوویەتی: “وڵاتانی ئامریکا، عەڕەبستانی سعوودی و ئیسرائیل بە پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەیانهەوێ نائەمنی و بشێوی لە ناوچەکەدا دروست بکەن و گەلێک تۆمەتی ناڕەوا وەپاڵ حیزبی دێموکرات دەدات.”

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ڕژیم هەروەها لە لێدوانی پڕ لە تووندوتیژیی خۆیدا گوتویەتی: “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پارەی ئامریکا و ئیسرائیل دەیهەوەێ نائەمنی لە ناوچەکەدا دروست بکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لەژێر ئاڵای ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران شەڕ دەکەن”

ناوبراو لە بەشێكی دیکەی قسە چەواشەکارییەکانیدا گوتوویەتی” د:وژمنی ئامریکا لەگەڵ موسڵمانانی جیهان تا ئەبەد درێژەی هەیە و بەرپرسانی سعوودیش ناتوانن بەڕێوەبەری ماڵی خودا بن و بەڕێوەبەریی ماڵی خوداش کەوتووەتە دەستی کۆمەڵێک نەزان و منداڵ کوژ”.

کۆماری ئیسلامی لە دوای پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حدکا بۆ دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی “ڕاسان”، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لێ نیشتووە و بۆ ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی هێزەکانی، بەردەوام شوێن و ناوچەکانی کوردستان تۆپباران دەکات و ژینگەی کوردستانی ئاگرداوە.

بە گوێرەی هەواڵ و ئاماری ماڵپەڕی ژینگەوان لە ماوەی نزیک بە ٦ مانگی ڕابردوودا تا ئێستا 630 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هاتۆتە ئاراوە کە بەشی سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لەژێر مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ڕژیم و هەروەها بە دەست کەسانی سەر بە سپا و بنکە ئەمنییەتییەکانەوە هاتۆتە ئاراوە.

هەروەها بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ڕۆژی شەممە 19ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی واتا ماوەی سێ ڕۆژ بەر لە ئێستاوە، سپای تیرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام ناوچەی سەرشاخان ـی سەر بە نەغەدە و لەندی شێخان ـی مهابادیان تۆپباران کردووە.

ئەو تۆپبارانە چڕ و بەردەوامانە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە بە بیانووی هەبوونی پێشمەرگەکانی دێموکرات لەو شوێنانە ئەنجام دەدرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادارم لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “بەرپرسانی ڕژیم لەو ناوچەیه بە ئاژەڵدارەکانیان گوتووە دەبێ هەرچی زووتر ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و لە ئەگەری چۆڵ نەکردنیدا ڕووبەڕووی سزا و خەسار دەبنەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت