لە “سەرا“تا “مەقبەرتولشوعەرا”/چیرۆکی چوار ساڵ کاری فەرهەنگی لە شاری مەهاباد

0
847

 لێکۆڵینەوەیەک لە چیرۆکی چوار ساڵ  کاری فەرهەنگی لە شاری مەهاباد

نووسین و گردوکۆی

ئاسۆ ئاریایی

وتەی نووسەر:

خوێنەری هێژا و خۆشەویست ئەو نامیلکەیە بە پێنووسی کەسێک نووسراوە کە ئێستا بە سەدان کیلومێتر لە شار و زێدێ خۆی دوورە بەڵام، خەمی نیشتمان هانی داوە تا دووبارە بچێتەوە ناو باس و بابەتێک کە خۆی بۆ ماوەیەک تێیدا ژیاوە و زۆر لە مێژ نییە لێیان دوور بۆتەوە و جگە لەوە، لەم بارەوە خوێندوویەتەوە و بیستوویەتی تا بیخاتە بەر چاوی خوێنەران.  بۆیە بۆ هەر دێڕێک کە نووسیوێتی بەڵگەی هێناوەتەوە و لە خۆڕا قسە ناکات و وتەکانی بە ئاڕشیوی ماڵپەڕەکان، وێنە، بەڵگەی نووسراوە، ئەزمونی دەستە ئەوەڵی خۆی بەڵگەمەند دەکات.  ئامانجی نووسەری ئەو دێڕانە ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک خوێنەر و ڕەخنەگران هان بدات تا پێش هەر جۆرە ڕەخنەیەک ڕەوتی پەیدابوونی دیاردەکان لە مێژوو و قۆناغێکی دیاری کراو دا بدۆزنەوە و بزانن ئایا ئەو شتەی کە ئێستا ڕووی داوە ، پێشووتریش هەبووە یا نا؟. لەو پێناوە دایە ، کە ئەو نامیلکەیە تەنیا گێڕانەوەیە و دەیهەوێ دیوێکی تری ڕوداوی فەرهەنگی لە شاری مەهاباد بخاتە بەر دیدی خوێنەران و دڵسۆزان و هانیان دەدات تا بە چاوێکی ترەوە سەیری بابەتەکان بکەن.  بۆیە نووسەر نە قسە هەڵدەبەستێ نە بێ ڕێزی بە کەس دەکات ، ئەوەی لێرەدا نووسەر دەیکات تەنیا هەڵدانەوەی ئاڕشیوی ماڵپەڕەکانە و وەبیر هێنانەوەی هێندێک بابەتە کە ڕەنگە خەڵک لە بیری چووبێتەوە  تا بە ناسین و ناساندنی کێشەکان ، چارەسەرییەکی شیاو و عەقڵانیان بۆ بدۆزنەوە.  لێرەوە، لەو غوربەتە وە ، ئەو نامیلکەیە پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەم کە دڵسۆزانە خەم خۆری ئەدەب و فەرهەنگن و ئەو کەسانەی کە وەک خۆم لە دوورەوە جگە لە نووسین هیچ شتێک نابێتە ساڕێژی زامی دوورییان لە نیشتمان و هەروەها سپاسی ئەو کەسانە و ئەو شاعیرانە دەکەم لە نێو خۆ ، لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان و سەردەشت، شنۆ زانیاری وردتریان لە ئیختیار نام و سپاسی تایبەتیش بۆ هاوڕیانی هەمیشە خۆشەویستم لە ئەنجومونی ئەدەبی مەهاباد کە بە نامە و واتساپ و ئیمەیل ئاگاداری ڕێکەوتی ڕوداوەکان و کێشە ناوخۆییەکانیان کردمەوە.

بەسپاسەوە

ئاسۆ ئاریایی

پێشەکی

لە ڕوانینی گشتی دا، دەکرێ بڵێین فەرهەنگ شێوازی ژیانە و ڕەهەندی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە و ناکری ئەو گۆڕەپانە بە یەک یا چەند ڕەهەند  کورت بکرێتەوە. بەڵام ، لە ڕوانین و ڕامانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا، ئەو گۆڕەپانە پان و بەرین و هاڵۆزە تەنیا خۆی لە ڕەهەندی هونەر و لە ناو ئەو ڕەهەندەش دا خۆی لە بەیت و هەڵبەست دا دەبینێتەوە؛ بە چەشنێک کە ئەو ڕوانینە چەوتە ،گەلێک زیانی بە گۆڕەپانی فەرهەنگی گەیاندووە و گەلێکیش دەرهاویشتەی نەشیاو و نالەباری بۆ جێهێشتووە. یەک لەو بوارانەی کە لە هەموو ئاستەکان زیانی وێکەوتووە بەشی سیاسەتی فەرهەنگییە کە خۆی لە گەڵالە دارێژی فەرهەنگی دا دەبینێتەوە کە گڵۆلەکەی بۆ لێژترین ئاستیش  شۆڕ دەبێتەوە و لە ئێستا دا خۆی لە کاری فەرهەنگی شار و ناوچەکان داپێناسەدەکات و لە قەوارەی جۆراوجۆری وەکوو „کومیسیۆنی فەرهەنگی شوڕای شار و شارەداری“، „ئەنجومەنە ئەدەبییەکان“، “گۆڤارە خۆماڵییەکان“، „کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکان”دا دەردەخات. بە پێی ئەوەی گوترا، دەتوانین بێژین کە گۆڕەپانی  فەرهەنگی شاری مەهابادیش وەک هەر شارێکی تر ، ئەو دەرهاویشتە و کاریگەرییانە بە خۆیەوە دەبینێت کە دەکرێ لە هەر دوو گۆشە نیگای نەرینی و ئەرینییە وە لێیان بڕوانین.  بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێک ئامادەکراوە کە دەیهەوێ بە چاوێکی ڕەخنە گرانەوە بڕوانێتەوە هێندێک دیاردەی فەرهەنگی و دیمەنێک لەو گۆڕەپانە بخاتە بە دیدی و خوێنەران و هێندێک شتیش وەبیر بێنێتەوە و هێندێک دیوی دزێویش نیشان بدات. لەو کارە دا ، بۆ ئەوەیکەبابەتەکە وردتر و بەرچاوتر بێ ،  باس لە قۆناغێکی نوێ لە کاری فەرهەنگی لەو شارە دەکات کە ئاخر و ئۆخرەکانی خولی سێهەمی شوڕای شار لە دایک دەبێت و لە خولی چوارەم پێ هەڵدەگرێت و هێندەی پێناچی کە قۆناخی دارە دارە تێبپەڕێنێت  کە هەر بە زارۆکی لە “مقبرەالشعرا”ی شار بە دەستی کوێخایانی فەرهەنگی دەنێژرێ.

چیرۆکەکان

١. لە کۆتاییەکانی ژیانی خولی سێهەمی شوڕای شاری مەهاباد لە ساڵی ١٣٩٢ ، “کەریمی“شارەداری ئەو کاتی مەهاباد ، ماڵێک دەکرێتەوە و بە ناوی „سرای هیمن“ناودێری دەکات و وەکوو دیارییەک پێشکەشی هۆگرانی فەرهەنگی دەکات.  لەو بوارەوە هەواڵنێری کوردپریس ،  لە ڕێکەوتی ٢٨/١/٩٤ ک. ه باسی دوو کەسایەتی دەکات بە نێوەکانی ئەحمەد بەحری و سەلاحی پایانیانی“دەکات و ئەو دوو کەسە بە پێشنیاردەرانی ئەو پڕۆژەیە دەناسێنێت.  بەڵام ، هەر لەو بوارەدا ، لە گێڕانەوەیەکی تر ، سەعدون مازوچی لە یاداشتێکی خۆی دا کە ماڵپەڕی ڕوانگە دا و لە ڕێکەوتی ٢٧/١/ ١٣٩٤  ک.  ه دا لە ژێر ناوی “منزل استاد هێمن چگونە سرا شد؟ „ئەو ئیدعایەی ماڵپەڕی کوردپرێس ڕەد دەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە بەڵگەیەک بە سکەنکراوی دادەنێت کە لە لایەن چەند کەسەوە و لە ڕێکەوتی ٢٥/١٢/١٣٨٦ ک. ه بە شارەدار پێشنیار کراوە ، لەو یاداشتەدا ، مازوچی دیوێکی نەگوتراوی تریش دەردەخات کە ڕەنگە خەڵک کەمتر سرنجیان دابێتێ و ئەویش ئەوەیە کە لە سەر بەردێک کە لە دیواری ئەو ماڵەی کە بە پارەی خەڵکی مەهاباد و لە “بیت المال”ی شار و خەزێنەی شارەداری کڕدڕاوە ، ناوی ئەو دوو کەسە لەسەر بەردەکە هەڵقەندراوە.  پاش دەرکەوتنی ئەو شتە ، خەڵکێکی زۆر بەو کارە توڕە دەبن  و دەڵێن کەڵک وەرگرتن لە سەرمایە نەتەوەیی و خەڵکییەکان بۆ مەبەستی تاکی و بۆ خۆدەرخستنی خۆیان کارێکی بێ ئەخلاقانەیە و ئەو دوو کەسە دەیانتوانی  بۆ گەییشتن بەو مەبەستە لە ئامارازی ڕەوا و شیاو کەڵکیان لێوەرگرتبا و بە شان و باهۆ خۆیان و بە بەرهەمەکانیان ناو و یادی خۆیان هەرمان ڕاگرتبا نەک بەو شێوەیە.  بەڵام ،کەس گوێبیسی هاوارەکانیان نابێ و بەردەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هەر وەکی ئەوەیکە ئەو بڕە پارەیەی کە بە 000/000/518/3 ڕیاڵ مەزندە کراوە بۆ ئەو کارە و لە لایەن  کەریمی شارەداری ئەو کاتی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٧/٦/١٣٩٢ ک. ه بۆ هەواڵنێری  زریان پشت ڕاست کراوەتەوە و وانیشان دەدرێ کە ئەو پارەیە نەک لە خەزێنەی گشتی شارەداری بەڵکوو، لە خەزێنەی ئەحمەد بەحری و سەلاح پایانیانی“دراوە.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:

http://kurdpress. ir/Fa/NSite/FullStory/Photo/?Id=82526

http://www. ziryan. ir/NewsDetail. aspx?itemid=4750

http://www. ruwange. net/NewsDetail. aspx?itemid=3025

وێنەی ژ١.  بەردی پێش “سرا”ی هێمن ناوی بەحری و پایانیانی لەسەر بەردەکە

01

02

بەڵگەی ژمارە ٢- سەرچاوە ماڵپەڕی ڕوانگە- ئەم بەڵگەیە ئیدعای سەر بەردەکە ڕەد دەکاتەوە و دەرخەری زۆر شتە.

٢. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی شوڕاکان لە ئێران هاوکات ئەبێ لە تەک هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار.  بۆ ئەم مەبەستە خەڵکێکی زۆر خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ناو نووس دەکەن ،زیاتر لە ١٨٠ کەس لە شاری مەهاباد بۆ ئەو مەبەستە خۆیان  دەپاڵێون و ١١ کەس لە لایەن خەڵکەوە ڕەواییان پێدەدرێ.  لە لایەک، خەڵکی بێ هیوا لە نوێنەری شار “عوسمان ئەحمەدی“، تەواوی خولیاکانیان بۆ شارێکی ئارام و ئاوەدان لە شوڕاکان دا دەبیننەوە و بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەلاقەی هیواوە لە شوڕاکانیان دەڕوانن و لە لایەکی دیکەشەوە ، شوڕاکانیش بە دانی بەڵێنی بە خەڵک کە ئێتر گەندەڵییەکانی خولی پێشوو دوپات نابێتەوە و ناهێڵدرێ ڕانتخۆران و پەیمانکاران سەرمایەی شار قوت بدەن و ڕەخنەیان لە خولی پێشوو دەگرت کە ئەوان گرینگییان بە کاری فەرهەنگی نەداوە  و خولی چوارەمیان بە شوڕای شاری فەرهەنگ تەوەر پێناسە کرد و نەبەوی لە وتووێژکی خۆی دا دەگەڵ ماڵپەڕی شواڕای شار ،  لە ژێر ناوی شورای اسلامی دوره چهارم شهر با رویكردی فرهنگی آغاز به كار نموده است“لە ١/٨/١٣٩٢ باسی ئەو شتە دەکات  و بۆ ئەو مە بەستە یەکەم کۆبوونەوەی فەرهەنگی لە “موجتەمیعی وەحدەت”ی شار لە دار خست.  ئەو کۆبوونەوەیەکە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لە لایەن „سید ڕەسوڵ نەبەوی“بەرپرسی ئەو کومیسیونە بەڕێوە چوو ،لە لایەن بەرپرسانەی کۆبوونەوەکە دوو کەس بۆ قسە کردن دەست نیشان دەکرێن : یەکەم کەس کە قسە داکات خوالێخوشبوو ئەحمەدقازی دەبێ کە خەڵک نەسیحەت دەکات ، پاشان، کەسێک نا ناوی خالق جەلیل نیژاد”قسە دەکات و باس لە حکومەتی ڕوحانی دەکات و پێویستی کاری مەدەنی و دەستەبەر کردنی مافی فەرهەنگی لەو دەوڵەتە داو هەروەها باس لە “تعامل“لە نێوان خەڵک و حکومەتی ئیسلاحات و پێویستی هاوئاهەنگ بوونی چالاکانی مەدەنی دەکات.  پاش ئەو دوو کەسە دەستنیشانکراوە خەڵکێکی زۆر داوا دەکەن قسە بکەن و بپڕژێنە سەر کێشە فەرهەنگییەکانی شار ، بەڵام ، لە لایەن بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە ئیزنیان پێنادرێ و هەڵا و بەزمێکی زۆر ساز دەبێ. هێندێک کەس ، بێدەنگ دەبن و ناوێرن هیچ بڵێن ، هێندێکی تریش دەست هەڵدێنن و داوا دەکەن مایکیان پێبدرێ تا قسە بکەن ، بەڵام ، دیسانیش قسەکەران هەر کەسانێک دەبن کە لە بەرپرسی کومیسیۆن نزیک دەبن ،بۆ وێنە یەک لەوان موهەندیسێک دەبێ کە لە کۆبوونەوەیەکی سیاسەت دارێژی دا باسی بەیتی سەیدەوان و گرینگی ئەو بەیتە دەکات ! بە گشتی ئەوەی باسی لێناکری  چەمکی فەرهەنگە لە و کۆبوونەوە دا و تەنیا دەستکەوتێک کە بۆ ئەو چەند سەد کەسە دەمێنێتەوە شیرینی خواردەنەکەیە ، بەڵام ، شیریینییەکە بۆ ئەندامانی شواڕا دەبێتە تاڵترین ئەزموون لە کاری فەرهەنگی دا و یەکەمین دیاردەی دووبەرەکی و  چەند بەرەکی لەو کۆبوونەوەدا دەردەکەوێ ، لەو کۆبوونەوە دایە کە “کامڕان یەزدانفەر“ڕەخنە لە “سەید ڕەسوڵ نەبەوی“دەگرێ و باس لەوە دەکات کە ئەو وەکوو ئەندامێکی شوڕا و جێگری کومیسیونی فەرهەنگی بە هیچ جۆرێک ئاگاداری فۆڕم و ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوە نەبووە و لە پێش چاوی بەشدار بووان ڕەخنە لە کارێک دەگرێ کە پلانی چەند کەسە ، جگە لە یەزدانفەر،  سێ ئەندامی تری شوڕا „یۆنس قۆیتاسی“، “کاوە خزری ئەقدەم“و „عەباس حسێنی“بەشداری کۆبوونەوەکە نابن و „سلێمان جەنگەڵی“و „دوکتور عەلیزادە ئازەر „،“کوردستان خۆشی“،“ئومید خزری“ ،“محەممەد ئیبڕاهیمی“لە قەراغەوە و بە بێدەنگی لە گۆشەیەک دادەنیشن. لەو کۆ بوونەوە دایە کە یەکەمین بریسکە دووبەرەکی لە ناو ئەندامانی شوڕا دەردەکەوێ و سەرۆکی شوڕا“سەید ڕەئوف سەیدی“ کۆبوونەوەکە هێوەر دەکاتەوە و کۆتایی بە دەمە تەقەی “نەبەوی و ئەزدانفەڕ“دەهێنێت. لەو کۆبوونەوە دا ، کاری فەرهەنگی بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە بۆی دەکرا خۆی لە قەیران دەهاوێ و بەستێنێک خۆش دەکات بۆ دیاردە نەشیاو و دزێوی وەکوو “سڕینەوە“،“دووبەرەکی نانەوە“،“شەڕە جنێو“ و لە کۆتایی دا بە کێشە دار کردنی کاری فەرهەنگی لە مەهاباد  کە لە کۆبوونەوەی دووهەمی شوڕا دا ، بە یەکجاری خۆی دەنوێنێ و بۆ هەمیشە مۆهری یەکجاری لەسەر ئەو شتە دەدات.  دیسان  بەو عەقڵییەتەوەیە کە کۆبوونەوەی دووهەم دەست پێ دەکا ، دووبارە هەر لەو شوێنە و بە حەشیمەتێکی زیاتر میوان و دیسانیش بە دەمە تەقەی نەشیاو و بێ بەرهەم و زەق کردنەوەی هێندێک کەس لە ناو خەڵک  کۆتایی دێت و دەبێ  ئاماژە بەوە بکرێ کە ئەو جۆرە کۆبوونەوەیە دەگەڵ خۆی دوو دەرئەنجامی هێنا گۆڕێ کە بریتین لە:

  • کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەی فەرهەنگی و سڕینەوە خەڵکانی دڵسۆزی بواری فەرهەنگ و بی هیوا هێشتنەوەی ئەو کەسانەی کە شوڕای شاریان وەکوو تەنیا پەنجەرەی هیوا بەخش دەدیت ، بە جۆرێک کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە لە شوڕا تۆران و لێیان بێ هیوا بوون.

لە بەرابەر سرینەوە و حەزفی کۆمەڵێک خەڵک ، دوابەدوای کۆبوونەوەی دووهەم خەڵکانێک زەق بوونەوە ، گەورە کرانەوە ، تریبونیان پێدرا ، پارە و سامانی خەڵکیان لە ئیختیار نرا و بوونە دم — – ڕاستی کاری فەرهەنگی لە شاری مەهاباد و هەموو جومگە و تریبوونە فەرهەنگییەکانیان وەکوو کومیسیونی فەرهەنگی شوڕای شار، بەشی فەرهەنگی شارەداری و لق و پۆپەکانی ، ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی سەر بە ئیڕشادی ئیسلامی  و بەشێک لە بەرنامەکانی ڕادیۆ و تلویزیۆنی“مەهابادیان بەدەستەوە گرت و لێرەدا بوو  زەماوەندی دوو چەمکی کوێخاگەری فەرهەنگی کە کەسانێکی وەکوو ئەحمەدی بەحری و سەلاح ئاشتی لە زەمانی زووە لە مقبرەالشعرا“و گۆڤاری مەهاباد“دا ڕێبەڕایەتییان دەکرد ، دەگەڵ چەمکی پەیمانکاری فەرهەنگی کە کەسانی وەکوو سەید ڕەسوڵ نەبەوی و پایانیانی و جەلیل نیژاد بە ڕێوەیان دەبرد ، ئەنجام دەدرێ و بەرهەم و دەرکەوتەی ئەو ە دیاردەیەک  یان باشترە بێژین  مناڵێک دەبێ بە ناوی لۆمپەنیزمی فەرهەنگی کە نیشانەکانی خۆی لە چیرۆکەکانی تر دا دەردەخات.

03

٣-پاش هێرشی داعەش بۆ شەنگاڵ ، لە هەموو شارەکانی کوردستان خەڵک کۆدەبنەوەی و یارمەتی مادییان بۆ کۆدەکەنەوە. پاش دانی ئیجازە لە لایەن “کەتانی“فەرمانداری مەهاباد ، رۆژی یەکشەممە لە چەندین شوێنی شار دا خێوەت هەڵدەدرێ و لە هەریەک لەو خێوەتانە خەڵکانێک لێک کۆ دەبنەوە کە بواری فکری و پیشەیی لێک نزیکترن. پاش ئەوەکە ئەو کارە کۆتایی پێدێت لە سەر بەڕێوەبردن و ناردنی بارەکان بۆ باشوور ، شەڕ و کێشە دێتە ئاراوە.  دوو جەمسەری کێشەکە لێرەدا ، خەڵکانێکن کە پێشتر لێک هەڵبەزیونەتەوە و لایەنێک ئەو کەسانەن کە لە شوڕا حەزفکراون و بۆ خۆیان خەریکی پێک هێنانی دەستەیەکی جیاوازن لە متمانە پێکراوانی شوڕا ، ئەوان کەسانێکن کە بە جەماعەتی ڕوانگە نێویان دەکرد ، ئەو کەسانە داوای ماوەیەک ماڵپەڕی ڕوانگەیان دامەزراند و توانیان بژاردە و خوێندەوارانی کۆمەڵگا لە خۆیان کۆ کەنەوە بوونە لاینێکی ئەو باسە و دەگەڵ جەماعەتی سەید ڕەسوڵ نەبەوی کە پێک دەهاتن لە چەندین کارمەندی شارەداری و چەند کەس لە شاعیرانی مەهاباد کەوتنە دژایەتی و داواکاری ئەوە بوون تا باری ئەو یارمەتییانە بگاتە شوێنی مەبەست و ناوچەی زەرد بەڵام لە نەرابەر دا لایەنی نەبەوی پێیان وا بوو ئەوان نابێ خۆ لەو کارە وەربدەن و گرینگ نییە ئەگەر بڕواتە قەڵادزە و ناوچەی سەوز. بە جۆرێک کە پاش ملمڵانی ئەو دوو لایەنە کار دەکەوێتە جنێو و دمەقاڵە و قسەی نەشیاوی یەکێک لە کەسانی جەماعەتی ڕوانگە و سەید ڕەسووڵی نەبەوی و سەید ڕەسوڵ بەوە ڕاناوەستێ و لە گۆڤاری مەهاباد ( ژمارە ١٦٢- لاپەڕەکانی ٧-٦) بە وتووێژێکی سێ قۆڵی لە ژێر ناوی ( یارمەتی مەهاباد بۆ کوردەکانی شەنگاڵ)  باسی هەموو ناوەند و ئینجیۆکان دەکات بەڵام، باسی جەماعەتی ڕوانگە ناکات و پلاریان تێدەگرێ و دەڵێ :

“هێندێک کەسیش بۆ خۆڕانان دەهاتن کە جێی گلەیین؛خۆشبەختانە ئەوانە زۆر کەم بوون هیچ تەئسیرێکیان لە هاندانی خەڵک دا نەبوو،عەکسیان دەکێشا و موساحەبەیان دەکرد”(گۆڤاری مەهاباد.  ل. ٦-٧).

بڕوانە:

http://govar-mehabad. ir/g162/

  لە بەرابەر ئەو تەس و تەشەرەدایە کە عەلی ئابادییان لە فەیسبووکی خۆی و پاشان لە ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات تایمز دا  بە وتارێک لە ژێر ناوی لە مەهابادەوە تاکوو کە مپی ئاوارەکانی شەنگاڵ  وڵامی نەبەوی  دەداتەوە و خەڵکی مەهابادیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یەک لە وان لە پەیجی فەیسبووکی (مەهاباد) باسی بایکۆتی گۆڤاری مەهاباد دەکەن و داوا دەکەن نەبەوی و بەحری داوای لێبووردن بکەن.  بەڵام ، نەک داوای لێبوردن لە خەڵکیان  نەکرد بەڵکوو دوو بەرەکی زیاتریان لە ناو خەڵک ساز کرد  و بۆ هەمیشە خەڵکێکیان وادار بە ماڵئاوایی لە بەشی فەرهەنگی شوڕا کرد.  پاش ئەو وتووێژە نابەرپرسانەیە بوو کە ڕقەبەرایەتێکی وا لە ناو خەڵک دا درووست بوو کە خەڵکەکەیان دابەش کرد و گۆڤاری مەهابادیان کردە تریبوونێک بۆ شکاندنی کەسایەتی خەڵک ، بۆ نموونە و لە زنجیرەی ئەو کارانە دا ، پآش کۆبوومەوەی ڕەخنەگرانەی دوکتور یونس قوربانی فەڕ لە سەر کتێبی نگاهی بە تاریخ مهاباد ، دیسان ئەوە گۆڤاری مەهاباد بوو کە لە جیاتی وەڵامی زانستی بەو ڕەخنە گرە ، وتارێکی تووند و هێرشبەرانەی ئاغای سەید محەممەد سەمەدیان بڵاو کردەوە و لە جیاتی ئەوە کە وەکوو گۆڤارێک بێ لایەن بن و ڕای هەر دوو لا بڵاو کەنەوە یەک لایەنە هەڵوێستیان نیشان دا و بەسیتێنی دوبەرەکی و چەندبەرەکییان نایەوە. بۆیە گۆڤاری مەهاباد ڕاستەوخۆ بوو بە ئامرازی دووبەرەکی نانەوە لە شارێکی وەکوو مەهاباد و بە شاهیدی خەڵکی ناو شار ئێستاش بواری فەرهەنگی پڕە لە دوو دەستەیی، دڕدونگی، درۆ و زۆر دیاردەی نەشیاو کە کای فەرهەنگی لەو شارە فەلەج کردووە.

04

٤. ئەرسەلان قانع زادە هونەرمەند و ژەنیاری لاوی شاری مەهاباد لە ٢/٢/١٣٩٤ گیانی لە دەست دەدات و هۆگرانی موزیک و فەرهەنگی کوردی تازییەبار دەکات. ئەرسەلان وەکوو مرۆڤێکی روح سوک و بە بڕوا خۆشەویستی خەڵک و بەتایبەتی لاو و منداڵە بێنازەکانی گەرەگە هەژار نشینەکانی مەهاباد بوو. خۆشەویستی ئەو لە ناو کۆمەڵانی خەڵک و هونەرمەند بوونی وای لە خەڵکەکە دەکات تا داوا لە بەرپرسانی خۆسەپێنی “مقبرە الشعرا „بکەن تا ئەو هونەرمەندە جوانەمەرگە لە وێ لە جیرانێتی “مامڵێ“بنێژن.  بەڵام ، مەخابن دووبارە “سەلاحی ئاشتی“و „ئەحمەد بەحری“ئیزنیان نەدا.  خەڵکی مەهاباد و لاوانی تازییە بار ناڕەزایەتتیان دەڕبڕێ ، دیسانیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆنە جێای قسە و باس.  لە ماڵپەڕی ڕوانگە دا کەسانێکی وەکوو دوکتور تاهیر خەدیو لە یاداشتێک دا٤/٢/١٣٩٤بە ناوی “چند نکته و یک پیشنهاد در مورد مقبره الشعرای مهاباد!“و هەروەها ، خالید وەتمانی (هەرمان) لە ٤/٢/١٣٩٤ لە ژێر ناوی نامه‌یه‌کی سه‌ر‌ئاوه‌ڵه بۆ به‌ڕێزانی هه‌یئه‌ت ئۆمه‌نای (مقبرة الشعرا)“دا کە هەر دووک لە ماڵپەڕی ڕوانگە دا  بڵاویان کردبووە  ڕەخنەی خۆیان ئاراستە  بەڕێوەبەرایەتی “هیئت امنا“ی مقبرە الشعرای مەهاباد “سەلاح ئاشتی و ئەحمەد بەحری“دەکەن و لە ڕەخنەیان لێدەگرن و داوای پێداچوونەوە بەسەر کار و باری ئەو گردە دەکەن.  بەڵام ، دیسانیش کەس گوێیان لێناگرێ. ناچار خەڵکەکە ڕوو لە شارەدار دەنێن و شارەدار و شوڕا بەشێک لە گۆڕستانەکە تەرخان دەکەن و ناوی „قطعههنرمندان“ لێدەنێن.  بەڵام ، کار لە کار دەترازێ و هاواڵانی ئەرسەلانی جوانەمەرگ بە ئاواتی خۆیان ناگەن و ناتوانن لەو ڕووبەرە پان و بەرینەی گردەکە کە ئێستا هەمووی بە بەردی مەڕ مەڕی لوس و لە بار وێران کراوە بینێژن.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:

http://www. ruwange. net/NewsDetail. aspx?itemid=3113

http://www. ruwange. net/NewsDetail. aspx?itemid=3110

وێنەی ژمارە٣- پاش مەرگی ئەرسەلانی جوانەمەرگ ، ئەو بەشە لە گۆڕستانی شار لە لایەن شارەدارییەو تەرخان کرا بۆ ئەو هونەرمەندانەی کە بە پێوانەی “هیئت امنا“شیاوی ناشتن لە گردەکە نابن.

وێنەی ژومارە ٣
وێنەی ژومارە ٣

٥-پاش مەرگی جوانەمەرگ ئەرسەلان قانع زادە ، خەڵک هێندێک شتی تریان هاتەوە بیر، کە دیسان حیکایەت لە کوێخا گەری „ئاشتی“و „بەحری“دەکات.  خەڵک پاش ساڵانێکی زۆر بۆیان دەرکەوت ئەوە “سەلاح ئاشتی“بووە کە نەیهێشتووە تەرمی زمانناسی کورد و خوێندکارەکەی کۆماری کوردستان پرۆفیسۆر د.  سەید کەریم ئەیوبی“بنێژرێ و کەسایەتێکی ئاوا بەرز و بە ناوبابگی نەتەوەکەمان کە خاوەنی چەندین پەرتووکە سەبارەت بە زمانی کوردی ، لە بیر بچێتەوە وئێستاش بەشێکی زۆر لە خەڵک لەو کەسایەتی و سامانە نەتەوەییە بێ خەبەرن. جگە لەوە لە باتی ئەوە کە  دووبارە بیگۆازنەوە  بۆ ناو گردەکە ، کە چی بە سازدانی وتووێژێ بێ بنەما و چەوت کردنی مێژوو  و ساز کردنی سوژەیەک بە ناوی سەلاحی کوڕی مامۆستا هێمن ، تاوانەکەیان لە سەر شانی سەلاحی ئاشتی داماڵێ.  بەڵام ، خەڵک زۆر لەوە ئاگادارتر بوون. بۆیە ئەوەیان بۆ نەچوە سەر و تا ئێستاش ئەو کارە دزێوەیان بۆتە پەڵەیەکی نەنگ بە تەوێڵ و ناو چاوانیان.  جگە لە و، خەڵکەکە باسیان لە ئیزن پێنەدانی ئەو دوو کوێخایە کرد کە نەیانهێشتووە شاعیر و مامۆستای قوتابخانەکانی مەهاباد ، ئەبوبەکر ڕەشید زادە ، ناسراو بە فوڕات لەوێ بە خاک بسپێردرێ.  خەڵک گلەییان دەکرد ئەوە چۆنە کەسێکی ئاسایی ئیزنی پێدەدرێ لە پاڵ گەورەپیاوان بنێژرێ بەڵام ، نابێ کەسێکی وەکوو پڕۆفسۆر ئەیوبی، فوڕات،ئەرسەلان قانع زادە لە دیداریان مەزنەپیاوانی خۆیان شاد بێتەوە.

٦- ڕێکەوتی ٢١/١٢/١٣٩٣ هەماییشێک لە مەهاباد بەڕێوە دەچێ بە ناوی “بداق سولتان موکری“،جگە لەوە کە ئەو نەماییشە چەندە دەگەڵ پێوانەی زانستی ڕێک و تەبا بووە و چەند وتاری لێکەوتۆتەوە ئەوە زانایان و توێژەران دوای ئەو کارە ، هەڵسەنگاندنی خۆیان کرد و ڕەخنەی خۆیان بەڕەو ڕووی بەرپرسەکانی ئەو کارە کرد.  بەڵام، ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بووە ئەوەیە کە هێندێک دیاردەی نەشیاوی وەکوو خۆڕانان، بانگەشەی فرۆشتنی بەڵگە مێژووییەکان، تێچوویەکی زۆری چەندمیلیون تمەنی ، بەڕێوە چوونی ئەو کارە لە لایەن کەسانێکەوە کە نە شارەزای مێژوو بوون و نە بەداق سوڵتانیان ناسیوە و ئێستاش کە دوو ساڵ لێی تێپەڕییەوە کەس چاوی بە و  ٩ وتارەی !کە لە هەماییشەکە! دا وەردەگیرێن و ٢ دانەیان دەخوێندرێنەوە  نەکەوتووە و ئەوەی ماوەتەوە تامی نەهارە چەورەکەی هەماییشەکەیە و تەنیا بیانوویەک هەیە کە داکۆکی لێبکەن ئەوە یە کە لە هیچی هەرباشترە و ئەگەر ئەوە نەکرابا چیمان کردبا و لەو بەیت و باوە پاساو هەڵنەگرانە.  

ڕەخنەی زۆرلە هەماییشە گیراوە و یەک لەو ڕەخنانەی لە ئاڕشیوی ماڵپەڕی ڕوانگە دا بەرچاو دەکەوێ کە خوێنەران پێویستە دوبارە تەماشای بکەنەوە و پاش ئەو دوو ساڵە هەلێسەنگێننەوە.

http://ruwange. net/NewsDetail. aspx?itemid=139

جگە لەوە دەتوانن ڕەخنەی مێژوو نوسی کوردی شاری سەقز مامۆستا عومەر فاڕوقی لەو بارەوە بخوێننەوە:

http://www. ruwange. net/NewsDetail. aspx?itemid=791

 وێنەی ٤.  هەماییشی بوداق سوڵتانی موکری لە سێ وێنە دا( خوێندنەوەی فاتێحا و نەزر و نیاز و شەمۆلە گرتنەوە لە جیاتی وتاری زانستی!)

وێنەی ژومارە ٤
وێنەی ژومارە ٤

٧-هەماییشی هێمن دووهەمین هەمایش بوو کە دەبوایە پێش دەسپێکی مانگی ڕەزبەر بەڕێوە بچێ.  لەو هەماییشە دا بە پێچەوانەی شەوە شێعری دووهەمی مەهاباد کە کارەکان لە ئیختیاری تاقمی جەلیل نیژاد هاتبووە دەر ، بۆ ئەوەیکە وەک ئەو کاتی لێنەیەت و “جەلالی پور حەسەن بەرپرسی ئەنجومەن قسە نەکات و دواتر مەجبور نەبن وەک جاری پێشوو لە ناو خەڵک دا بیشکێننەوە!. تەواوی کار و بارەکان لە لایەنی باڵێکی دەست ڕۆییشتووی ناو ئەنجومەن مۆنۆپۆل دەکرێ و جەلیل نیژاد دەبێتە بەرپرس و دەبیری زانستی  هەماییش ! و چەند کەسی تر بانگهێشت دەکەن بۆ داوەری وتارەکان.  لێرەش دا چەندین دژایەتی و تەناقوزات دەردەکەوێ و دیسان لە باتی کارێکی ئەدەبی و زانستی پڕ بەرهەم پێشکەشی خەڵک بکرێ. . بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کارێک تەرخان دەکرێ کە جگە لە خۆ نواندنی چەند کەس و بەزۆر گەورەکردنەوەیان هیچی تری لێ شین نابێ و دیسانیش سەوداگەرانی شێعر دەستەواوی خۆیان دەکەن و قەرزی خۆیان دەدەنەوە و تەنیا وتاری ئەو کەسانە ئیزنی پێ دەرێ کە لە باڵی دەست ڕۆییشتووی ناو ئەنجومەن نزیکن و چاووەڕوانی وتاری زانستی لە هەماییشێک دەکەن کە یەک لەسەدی پێوانە زانستییەکانی بۆ هیچ کام لە کارە کانی ڕەچاو نەکردووە ! بەڵام تەنیا پاساو و بیانوویەک کە ئەو باڵەی ناو ئەنجومەن دەیهێننەوە ئەوەیە کە دەبێ لە دەرفەتەکان کەڵک وەرگرین ! کەس نییە پرسیاریان لێبکات بەو دەرفەتانەی کە کەڵکتان لێوەرگرت چیتان کرد ؟! ئایا کۆبوونەوە و وێنە کێشان و خۆراکی تەبلیغی ساز کردن ئەوەندە دەهێنێت کە کرێکاری شارەداری مەهاباد ٢ مانگ موچەی مانگانەی وەرنەگرتبێ و منداڵی ڕەش و ڕووت بێ نان و ئاو بێ  و پوڵ و پارەیەک زۆر بۆ نەماییشەکانتان خەرج بکرێ تا بەڵکوو لە کاناڵێکی کۆڵەوار باستان بکرێ؟! بەڵام، لایەنگرانی ئەو تاقمە لە وڵامی ئەو ڕەخنە دا دەڵێن بودجەی فەرهەنگی و عومڕانی جیایە و کێشەیە نییە کرێکار ٢ مانگ پارەی نەبێ ! خۆ لە بەشی عومڕانی وەرماننەگرتووە !

هەر لە باسی ئەو هەماییشە دا ، ئەگەر ئاوڕێک لە ڕەخنەگرانی بدەینەوە دەبینین بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە وێنەی یادگارییان دەگەڵ کێشراوە لە هەموو کەس ناڕازی تر بوون کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین :

بەڕێز مستەفا ئیلخانی زادە مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی فێرگەی ئەدەبی بۆکان وەها دەنووسێ :

„-بانگەشە بۆ ئەو ھەمایشە بەربڵاو نەبووە و ماوەکەی کەم بوو.  دەبوایە بەربڵاوتر و ماوەکەی زۆرتر بایە.

لەبارەی ھەڵبژاردنی وتار بۆ خوێندنەوە پێم وایە عەداڵەت ڕەچاو نەکراوە و ھەرچەند لە کۆڕەکەدا ڕاگەیاندرا کە ناوی خاوەنەکانی وتارمان قرتاندووە و ئینجا داومانە بە داوەران من پێم وایە ئەوە ڕاست نییە.  چونکە بە داخەوە لە زۆربەی ئەو ھەمایش و کۆڕە ئەدەبییانەی کە لە ناوچەی ناسراو بە موکریان یانی شارەکانی بانە، سەقز، بۆکان، مەھاباد، سەڕدەشت، شنۆ و پیرانشار بەڕێوە دەچێ تاقمێکی دیار و دیاری‌کراو بەشێکیان داوەر و بەشێکیان و بە کورتی وتارخوێن ھەمەکارەن و ھەم پارە و حەقدەستی داوەری و ھەم خەڵاتی وتارەکان بۆ خۆیان و بە کەیفی خۆیان وەردەگرن و دەیبەخشن و دەیدەن بەم و بەو.  بۆ وێنە ئەو تاقمە پاوان خوازە لە فستیڤاڵی بانەش ھەر وایان کرد.

لێرەدا کەوانەیەک دەکەمەوە و باسێک لەو فستیڤاڵە دەکەم بەڕاستی باشیان کردە حاتەم بەخشی و وەک گوللە و بارووتی بایزئاغا لە کەنداڵیان ڕاکێشا.  بە کتێبی لاسایی 15 ملیۆن جایزەیان بەخشی و زۆر کتێبی باشی دیکەیان خستە پەڕاوێز بۆ وێنە من کە دۆست و برادەری مامۆستا یۆنسی بووم و ھەستان و دانیشتنم لەگەڵی بوو، چەند جۆر لە کتێبەکانی خۆم بۆ ناردبوون کتێبەکانم ھەڵنەبژێردرا و باوەکوو دعوەتیش کرابووم تەنانەت پارەی کرێی ڕێشیان پێ نەدام و لە زۆر کەسی دیکەش ئەو زوڵمە کرا.  (خودا لە ڕۆژی قیامەتدا بە حیسابیان ڕابگا

بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕواننە :

http://www. ziryan. ir/NewsDetail. aspx?itemid=16278

دوکتور شەهباز موحسینی  سەرۆک زانکۆی ئازادی سەقزیش دەبێتە ڕەخنەگری ئەو کارە و باسی سەرکەوتوو نەبوونی هەمایش لە ساز کردنی پەیوەندی دەگەڵ بەردەنگەکانی دەکات و جگە لەو، دوکتوور سەلاح خەدیو ڕەخنەگر و ڕۆژنامە نووسی مەهابادی ، هەمایش بە شانۆ وەسف دەکات کە هێندێک کەس دەیانهەوێ خۆیانی پێ گەورەکەنەوە و جگە لەوە ، خەدیو باس لە زمانی سەقەتی ئەو کەسانە دەکات کە نەیانتوانییەوە چەمکەکان بە گوێی بەردەنگ بگەیێنن و جگە لەو جەند کەسە سەعید نەجاری “ئاسۆ“دەکەوێتە سەفی ڕەخنەگران و سمکۆ پاکزادیش پەیوەست بەو کەسانە دەبێ.

بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە :

http://haje. ir/newsdetails. aspx?itemid=905

http://www. ziryan. ir/NewsDetail. aspx?itemid=16294

لە بەرامبەر ئەو ڕەخنەگرانە دایە کە چەند کەس لە داوەرانی زانستی هەماییش خۆیان دەکەوەنە داکۆکی و وڵامی ڕەخنەگران دەدەنەوە :

مەسعود بینندە یەکێک لە نوێنەرانی چەپی نوێ لە کوردستان ، داکۆکی لەو هەماییشە دەکات و ئەو هەماییشە بە مەجالێک وەسف دەکات کە ئەدبی کوردی دەگەڵ مۆدێڕنیتە گرێ دراوە و سەرکەوتنی هەماییش لەوە  دا دەزانی کە پەیوەندی دەگەڵ جیلی نوێ درووست دەکات  ! بەڵام ، ئاخۆ کەس نییە لەو کۆمەڵناسە بە ناو بانگە بپرسێ یەکەم ، جیلی نوێ کییە؟ مناڵێکی ١٥ ساڵەیە یا تۆی سی و چەند ساڵە؟! ئایا چەند کەس لە و جیلە بەشدار بوون؟ ! ئایا ئامانجی هەماییش دەبێ ئەوە بێ؟!

بڕوانە:

http://www. ziryan. ir/NewsDetail. aspx?itemid=16282

ئەحمەد غوڵامی پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر درێژ دەکات و ڕەخنەگران بە „عوام“و „ڕەشایی „و “خەڵکی ئاسایی „و „بێ سەواد“دەشوبهێنێ و زۆر پرسیاران بێ وڵام دەهێڵێتەوە.

بڕوانە:

http://www. ziryan. ir/NewsDetail. aspx?itemid=16296

پاش ئەو فەرتەنە یەی کە بە ناوی هەماییش بڵاو بۆتەوە ، داخۆ نابێ لە خۆ بپرسن چ قازانجێکی هەیە کە پارە و سامانی خەڵک و شارەداری شار  بۆ شانۆ گەرییەک خەرج بکرێ کە هیچ دەسکەوتێکی نییە جگە لە دوو بەرەکی نانەوە و زیاتر لێک دابڕاندنی خەڵک و دڵئێشە ساز کردن؟! کەس نییە لێیان بپرسێ ئەگەر توانایی ساز کردنی هەماییشێکی ئاواتان نییە بۆ خۆتانی تێوەردەدەن؟! نەکا بڵێن ئەوەش لە هیچ هەر باشترە و دەبێ لە فەرسەتەکان کەڵک وەرگرین !یان پاساو بێننەوە کەسێک کار بکە ڕەخنەشی دێتەوە سەر و ئەوە کەسێک کە کار ناکات کەس باسی ناکات.  خۆ ئەوە ڕاستە بەڵام ، ئێوەی مۆدێڕن و دوکتور و موهەندیس بۆ کارێک ناکەن عەیبەی نەیەتە سەر ! ئەگەریش بۆ خۆتان پێتان ناکرێ بۆ ڕاوێژتان لە کەسانی خاوەن فکر لەو بوارەدا وەرنەدەگرت ؟! و مافیای ئەدەبی موکریانتان دیسان لە مەهاباد زیندوو کردەوە ! یانی ڕای باڵی دەست ڕۆییشتووی ناو ئەنجومەنتان بە سەر کەسانێک سەپاند کە ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ لە ئەنجومەن دوور دەبنەوە و بەشداری کۆبوونەکانی چوارشەمۆیانتان نابن[1] !

٨- دوایین چیرۆکی ئەو لێکۆڵینەوە ،باسی دوو ڕوداو دەکات کە یەکەمیان، شێواندنی گڵکۆی زانا و نوسەر و شاعیرانی کوردە کە لە مەهاباد نێژراون و دووهەمییان ،نووسینە هەڕە شە ئامێز و جنێوە نەشیاوە و دور لە چاوەڕوانییەکانی بەڕێز بەحرییە لە ژمارە ١٨٦ گۆڤاری مەهاباد.  بۆ شرۆڤە کردنی زیاتری ئەم چیرۆکانە باشترە هەرکامیان بە جیا باس بکرێ کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکرێت:

  • وڵات ئارام دەبێ و ئەو باس و خواسانەی کە ئێستا گەرم و بەردەوامە لە گۆڕێ دا نابێ ، بەیانی زوو خەڵکی مەهاباد پێش خواردنی نانی جێژنی پیرۆزی قوربان سەردانی گڵکۆی ئازیزانیان دەکەن و وەکوو دابی خۆیان سەرێکیش لە مەزارگەی ئەدیبانی کورد دەدەن. بەڵام ، چ سەردانێک ، کاتێک دەچن نە کێل ماوە و نە بەرد و نەسینگە بەرد !خەڵکەکە دەحەبەسێن !ڕەنگە ئەگەر پێشتر لەو کارە ئاگادار کرابانەوە ، سەریان وا سوڕ نەمابا.  پڕۆژەکە تازە ئیجرا کراوە و چی دەگەڵ ناگوترێ جگە لە ناڕەزایەتی دەڕبڕین.  بەرپرسانی گردی ئەدیبان و ناودارانی شار ، ئەو جەساڕەتە بە خۆیان دەدەن ببنە کەلا و دم ڕاست و لەسەر دابی کوێخاگەری ئەو پڕۆژەیە نۆژەن بکەنەوە و ٧٠٠ میلیۆن تمەن لە کیسەی خەلیفە ( شارەدار و شوڕا) کە پارەی خەڵکە وەرگرن و بە پارەی خەڵک کارێک بکەن کە دڵی خەڵکی خۆیانی پێ بشکێنن. خەڵکەکە دڵیان شکا بوو و سکاڵایان دەکرد و نەشیان دەوێرازیاتر لە بەڕەی خۆیان لاق درێژ بکەن بەڵام کاکڵی گلەییەکانیان ئەوانە بوون :

١.  ئەو پڕۆژەیە هەر ئی شاری مەهاباد نییە و ئەوە گڵکۆی ئەدیبان و نوسەرانی کوردە کە لێرە نێژراون ، بۆ چی دەبێ ئەو بەڕێزانە کارێک بکەن کە“شنۆی مارف ئاغایی لە ناشتنی ڕۆڵەکەیان لە مەهاباد پەشیمان بێتەوە و نەغەدەی “خاڵەمین دڵی بشکێ و سەقزی زێدێ مەلاغەفور“لە مەهاباد بتۆرێ و سنەی دوکتور سۆران کوردستانی ئیتر ڕوو لە مەهاباد نەکاتەوە و ڕووگەکەی بگۆڕێو چیتر مەلاجامییەکان“لە مەریوانەوە ڕێگای مەهاباد نەگرنەبەرو بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێبکەنو خەڵکی کرماشان خۆشحاڵ بن کە برایم نادرییەکەیان شانسی هێنا لە مەهاباد کۆچی یەکجارەکی نەکرد!

٢-خەڵکەکە لەوە گلەیی دەکەن کە ئەگەر پرۆژەکە ئاوا گەورەیە و پارەیەکی وا زۆری لێ خەرج کراوە ، ئەدی بۆ چی کەس لە بیناسازان و ئەندازیارانی شارەزا نەیانزانییەوە و کارەکە ئەوندە ناحەز بووە کە  تەنانەت بەردتاشەکە لە خەجاڵەتییان پێ خۆش نەبووە ناوی خۆی لە سەر کێلەکان هەڵقەنێ.

٣- هێندێک لە شارۆمەندان پێیان وا بوو پرۆژەی گردی شاعیران و ئەدیبان درێژەی هەمان عەقڵییەتێکە کە کە بە پەیمان کاری فەرهەنگی ناوزەد کرابوو و هەمایشی „بداق سوڵتان „و „هێمن“پێی بەڕێوە چوو بوو.  بۆیە گلەییان دەکرد کە نەدبوایە ئەوپرۆژەیە بە دەردی پرۆژەکانی پێشوو بچێ  و ئەو کارە بەو کەسانە بسپێردرێ.

[1] .  بەداخەوە ئەنجومەنی ئەدەبی سەربەخۆیی خۆی لە دەست داوە و بۆتە داردەستی کومیسیۆنی فەرهەنگی و بەشێکی زۆری شاعیرانی لە خۆ دوور کردۆتەوە و هەڵبەت پێشتریش نووسەری ئەو دێڕانە وەکوو ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەن ئاگاداری هێندێک باڵ باڵێن و دوبەرەکی بووە و هیچ کات بێ ڕێزی „مەریەم قازی“بە کوڕە بێ نازەکانی گەڕەکە هەژار نشینەکان لە بیر ناباتەوە کە بە „ئەدیبانی مەیدانی حەیوانان“ناودێرێ کردبوون و بە ئاشکرا سوکایەتی پێدەکردن .

له‌ مێژه‌ ڕژیم خۆی نیشان داوه‌ كه‌ له‌ گۆڕ و گڵكۆی مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كانی كورد ده‌ترسێ و سامیان لێ ده‌كا ، رژیم له‌و هۆنراوانه‌ ده‌ترسێ كه‌ له‌ سه‌ر به‌رد و كێلی ئه‌وان نوسراوه‌ و زراوی له‌و وشانه‌ و له‌ ناویان ڕژاروه‌ ، له‌ سه‌ر كێله‌كه‌ی مامۆستا هێمن نوسرابوو : كیـژ و كـوڕ بگـرن له دەوری گۆڕی هێمن ڕەشـبەڵەك من كه شین‌گێڕی شەهیدانم، له كوێ شینم دەوێ

لە و بوارەوە جگە لە گلەیی خەڵک ، هێندێک شارەزا هاتنە دەنگ و لە ڕوانگەی زانستییەوە پرۆژەکەیان وەبەر ڕەخنەدا. یەک لەو کەسانە سەنگەڕ شەڕەفی بوو کە لە وتارێک دا لە ژێر ناوی یادداشتی انتقادی در باب روند عملیات بازسازی و نوسازی مجموعه مقبره الشعرای مهاباد“٣٠/٦/١٣٩٥  ڕەخنە لە شێوەی مێعماری پڕۆژەکە دەگرێ و بە کارێکی نالەبار و نازانستی لە قەڵەم دەدات و بەڵگە و بۆچوونەکانی خۆی بە وردی لەو بوارەدا دەردەخار کە لە خوارەوە دەتوانن بیبینن:

http://haje. ir/newsdetails. aspx?itemid=816

جگە لەو ، کەسانێک لە ناو خۆ و دەرەوەی وڵاتیش هەستی خۆیان دەڕبڕیوە و بە وەبیر هێنانەوی ڕەهەندی نۆستالۆژیک و هیما و نوسراوەکان ، ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر پڕۆژەکە دەڕ بڕیوە.

باش ئاڵ و گۆڕی ئەو ڕا و سرنج و گازندانەیە کە شوڕای شار داوا لە “هەیئەت امنا دەکات و بانگهێشتیان دەکات “و لە سایتەکانی خۆیان دا ئەو ە بڵاو دەکەنەوە کە ویستی خەڵک لە بەر چاو دەگیرێ.  دۆخەکە هێوەر دەبێتەوە تا ئەوە کە تەشقەڵەیەکی تر لە لایەن مودیر مەسئولی گۆڤاری مەهابادسەر هەڵدەداتەوە و گۆنگەڵێکی تر هەڵدایسێتەوە و هەموو ئەو ڕیسەی ناوبژیوکران لەو ماوەیە دا کردببیان دەکاتەوە خوری و خەڵکەکە نیگەران دەکاتەوە و لە گۆڤارێک کە بە ناوی شارێک و بۆ هەموو خەڵکی کوردە ، کەلکی تایبەتی خۆی لێوەردەگرێ و زۆر ناشیانە ڕووبەرگی گۆڤارەکە بە کارە جوانەکەی خۆیان دەڕازێنێتەوە و یەکەمین لاپەڕەی گۆڤارەکەی بە جنێو و قسەی سوک و بێ بنەما تیف تیفە دەدات. و بەو کارەی دەنگی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە خەڵک بڵێند دەکات و کەسانێک کە تا دوێنی دڵسۆزانە حەولی ناوبژیوانیان دەدا لەخۆی دور کردەوە و ئەوانیشی بۆ سەفی دژبەرانی خۆی ڕاکێشا.  لەو بارەوە “مامۆستا جەعفەر حوسێن پور(هێدی)“نووسەر و شاعیری هاوچەرخ کە پێشتر پەیام و ڕاسپاردە و نەسیحەتەکانی „سەلاح ئاشتی“لە فەیس بووکەی خۆی ڕا بۆ خەڵک بڵاو دەکردوە و لە کۆمێنتێکی خۆی واز لە تێکۆشانە دڵسۆزانەکەی بۆ هێوەر کردنی دۆخەکە دەهێنێ و بەو جۆرە بە دەر ئەنجامی کارەکانی و خۆ ماندوو کردنی دەگەڵ ئاشتی و بەحری ڕادەگەێینێ:

Jh Hedi   ئەمن دوای بڵاوبوونەوەی “سەروتار”ێکی سووک و چرووکی “سەرنووسەرێک“سەبارەت بەو پڕۆژەیە، هەموو ئەو بابەتانەم لە سەر فەیسبووکەکەم لابردن کە پێوەندییان بەو پڕۆژە سەقەتەوە هەبوو.  نووسەری ئەو سەروتارە، ڕاست وەک ورچەکەی بۆخۆی دەستەوداوێنی بووە، گاشەبەردێکی بە مێشی سەر پڕۆژەکە دادا و پڕۆژەکەی ئەوەندەی دیکە لە بەر چاوان خست و باسەکەی ئەوەندەی دی بە لاڕێدا برد! ئێستاش کە پڕۆژکە وای لێهاتووە هەتا چیلکەی تێوەردەی بۆگەنیوی زیاتر دێ، هەر ئەو بە سەر ئەویدیکەی دادێنێ! ئەمن ئەو باسە چیدیکە لە دوو نادەم، چونکە هەر لە سەرەتاوە بڕوام بە گۆڕستانێکی وا و شێوازی بەڕێوەبردنی نەبووە!”

جگە لە مامۆستا هێدی، شاعیران و نووسەرانی وەکوو مامۆستا عەلی فەتحی لە فەیس بووکەکەی دا گازندەی خۆیان بە زمانێکی نەرم و نیان دەردەبڕن و بە هێمنی دەگەل بەحری دەدوێن :

“یه‌که‌مجار که‌ چه‌ند وێنه‌ و بابه‌تێک له‌و باره‌وه‌ له‌لایه‌ن دۆستانه‌وه‌ بڵاوکرانه‌وه‌، من به‌کورتی ڕاوبۆچوونی خۆم نووسی.  چاوه‌ڕوان بووم هه‌ندێک وێنه‌ی تازه‌ و ڕوونتر له‌ کۆی ئاڵوگۆڕه‌کان ببینم و پێموابوو به‌رپرسانی ئه‌و نه‌وژه‌نکردنه‌وه‌یه‌، له‌مه‌ر ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانی دڵسۆزان، کۆمه‌ڵێک ڕوونکردنه‌وه‌ و وێنه‌ی نوێ‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ستمان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچمان نه‌دیت.  به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بابه‌تێکی نووسراو له‌ گۆڤارێکدا بڵاوبۆوه‌ و تێیدا کۆڵێک سووکایه‌تی به‌ ڕه‌خنه‌گران کرا‌.  ئه‌گه‌ر له‌بیرم بێ، له‌ژێر ناوی قسه‌ی سه‌رنووسه‌ر ئه‌و بێ‌ڕێزییه‌ کرابوو.  له‌و باره‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: بێ‌ڕێزی له‌هه‌ر لایه‌که‌وه‌ بێ په‌سندی ناکه‌م.  وه‌ک چۆن به‌ڕێوه‌به‌رانی پڕۆژه‌ی نه‌وژه‌نکردنه‌وه‌ به‌ خۆفرۆش و خه‌یانه‌تکار و چی و چی نازانم، به‌و قه‌یاسه‌ش ئیزن به‌و که‌سانه‌ ناده‌م که‌ چوون له‌ مه‌هاباد ده‌ژین، ئه‌و هه‌قه‌ به‌خۆیان بده‌ن و بێ‌ڕێزی بکه‌ن و خه‌ڵکی دڵسۆزی تاراوگه‌یان به‌لاوه‌ به‌زیو و هه‌ڵاتوو و پاڵه‌وانانی پشت کۆمپیۆتێره‌کان بێ.  ده‌بێ پێتان بڵێم که‌ من وه‌کوو خۆم، له‌به‌ر تێکۆشان بۆ به‌ئامانج گه‌یشتنی فکر و ئامانجی هێمن و هه‌ژاره‌کان، ده‌یان ساڵه‌ ئاواره‌م و مافی ژیانم له‌ زێدی خۆم لێ‌زه‌وتکراوه‌.  ئه‌وانه‌ چه‌نده‌ مڵکی ئێوه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ش مڵکی منن”.

مامۆستا براییم جەهانگیریش لە فەیس بووکی خۆد دا بەهێمنی  قسە ی خۆی دەڕدەبڕێ و نامەیەکی برایانە و دڵسۆزانە بۆ کاک ئەحمەد بەحری و سەلاح ئاشتی دەنووسێ کە بەشێک لە قسەکانی بەو جۆرەیە  :

„کاک ئەحمەدی بەحری بەڕێز، لەماوەی رابردوو دا من یەکێک لەو کەسانە بووم کە دژایەتی هەرجۆرە تووند ڕوانین و هەرجۆرە تاوانبارکردنێکی ئێوە و هەیئەت ئومەنای پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی شاعیران بووم و تا ئێستاش هەم، بەڵام کاکی برا لەجیاتی گۆڤارێکی گشتگیر و خەڵکی وەک گۆڤاری مەهاباد بکەیە جێگای دەمەتەقەی شەخسی و تاوانبار کردنی خەڵکی دەبوو ئاوڕێک لەو ماوەیە بدەیەوە کە لەهەیئەتی ئومەنای پرۆژەی گۆڕستانی شاعیران دا چالاک بوون و بەدڵنیاییەوە نیەتی خێریشتان هەبووە”.

جگەلەوانە، شێرکۆ هەژار ، کوڕی مامۆستا هەژاریش وەدەنگ دێت و داوا لە هئیت امنا دەکا چی تر ،کاری وا دووپات نەبێتەوە.  ڕەنگە کاک شێرکۆ زیاتر لە هەمووان هەست بە ناخۆشی قسەکانی بەحری بکات. ئەگەر هۆگرانی ئەدەب لەبیریان بێ ، ئەوە هەر چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو ، کە سەرنووسەری گۆڤارەکە لە ژێر ناوی داکۆکی لە هەژار کۆڕی هەژاری وەبەر تەوس و پلار دا بوو  و کاک شێرکۆ زۆر باشتر لەوانی تر ئاگاداری ئەدەبیاتی بەحری بوو و دەیزانی کە پێشتریش لە سەر بڵاو کردنەوەی کتێبەکەی خۆی ، بەحری و جەماعەتی گۆڤارەکەی ئەوەی بێ ڕێزی دەبێ بە “مامۆستا هێدی“کە تازە ببووە ویراستاری گۆڤارەکەیان و شاعیری لاو „تاهیر کەریمی“ناسراو بە شیوەن دەکەن!

لێرەدا ،بۆ پاراستینی بێلایەنی و گێڕانەی هەرچی هەبووە و نەبووە ، نووسەر خۆی لە شرۆڤەی وتەکانی مودیر مەسئول بەڕێز ئەحمەد بەحری دەبوێرێ و وەک خۆی پێشکەشی هۆگرانی ئەدەب و  فەرهەنگ دەکات :

10

دەرئەنجام :

خوێنەری هێژا ، لە ڕوی ئەو بەڵگە و لینک و فاکتانەی لێرەوە پێشکەش کران دەردەکەوێ :

  • گۆڕەپانی فەرهەنگی مەهاباد ، لە قەیران دایە و پاوانکارانی ئەو بەشە هەرچی پێیان خۆش بێ ئەنجامی دەدەن و هەر چی بەسەر زاریان دا بێ ، دەینووسن.
  • کێشە و دووبەرەکی لە ناو چالاکانی فەرهەنگی بۆتە هۆی دوور بونەوە خەڵکێکی زۆر و لە جیاتی ئەوان خەڵکانێک بە ئێشتیا و ئارەزوی خۆیان بە کەڵک وەرگرتن لە ناوی شار خەریکی کاری نەشیاون.
  • ئەو کارە فەرهەنگییانە ی کە کراوە نەیانتوانییەوە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان بپیکێنن و لە جیاتی لێک نزیک کرنەوەی خەڵک ، دوو بەرەکی و ئاژاوەیان ناوەتەوە.
  • شوڕای شار و شارەدار نابێ لە کیسە ی خەلیفە و لە پارەی منداڵی کرێکار و زەحمەتکیشی شارەدەاری پارە خەڵک بەسەر تاقمێک کە ژێر دەمامەکی کوردایەتی خۆیان حەشار داوە تەخشان و پەخشان بکەن و کاری گەورە و نەتەوەیی وەکوو “مقبرە الشعرا“بە خەڵکانێک بسپێرن کە نائەهل و بێ ئەدەب”ن! و پارە خەڵک بخەنە ناو گیرفانی کەسانێک و کتێبیان بۆ چاپ بکەن و لەم لاشەوە ، کرێکاری شارەداری لامپی ماڵەوەی بفرۆشی تا قەرەبووی دوومانگ بێ مووچەیی خۆی بکاتەوە!
  • ئەگەریش هێندێک کۆبوونەوەی وەکوو شەوە شێعر بەڕێوە چوو ، دیسانیش باند و باند بازی و مافیاگەری لێدەرکەوتووە و نەیتوانییەوە پەیوەندی دەگەڵ هەموو کۆمەڵانی خەڵک دوررست بکات و لە بازنە چەند دە کەس زیاتر دەرنەکەوتووە و لە کۆبوونەوە ئاساییەکانیش ژمارەی بەشدار بووەکانیان لە قامکی دەست تێنەپەڕیوە و دەگەڵ ئەوەیکە تا ئێستاش بەرهەمی هاو ئاستی هێمن و هەژار پێشکەش نەکراوەتەوە  و گۆڕانێکیان لە ئەدەبیاتی کوردی ساز نەکردووە.  
  • سیاست دارێژی فەرهەنگی لە ئاستی خواروو دا ،بەدەست خەڵکانێک دەناڵێ کە ئێستاش پێتان وایە سەردەمی ٣٠ ساڵ پێشەوە و هەر ئەوانن زمانی کوردی دەزانن ! و بۆیە ئەو جەساڕەتە بە خۆیان دەدەن ببنە مێعمار! زمانناس! کۆمەڵناس! فەرهەنناس! ژینگەپارێز! نووسەر! سیاسەتوان!،. . . ئەو بوارە بەدەست ئەو کەسانە دەناڵێت کە ئێستاش کە ئێستایە بە عەقڵییەتی کوێخا گەری دەست دەکارە نەتەوییەکان وەردەدەن ! کارەکانیان لە خەڵک دەشارنەوە! و ئەگەریش خەڵک پرسیارییان ئاراستە بکە بە سووک و چرووکی وڵامی دەدەنەوە و لە سەر سفرەی ڕابڕدوو دادەنیشن و پێمان دەفرۆشنەوە و ئیستا و داهاتووشمان لێدەستێننەوە ! بەداخەوە هێدێک لە لاوانیش وەشوێن ئەو نەریتە کەوتوون بە خۆ گرێدانیان بە و کەسانە ،چاوەڕوانی پارو نانێکن تا بەڵکوو لە سایە سەری ئەو کەسانەوە بۆ قاپە ماستاوەکان پەیدا بێ و زگی خۆیانی پێ تێر بکەن.
  • هۆگرانی فەرهەنگ پێویستە زیاتر لە سەر ئەو باسە بنووسن و بخوێنەوە و لاپەڕە تۆز لێ نیشتتوەکان هەڵدەنەوە تا بە بەرچاو روونییەکی زیاترەوە ئەو کەسانە بناسن کە ئێستا گۆرستانەکان دەشێوێنن و جنێو بارانیان دەکەن.
  • زمانناس و وەرگێرەکەی مەدرەسەی شەبانە و سەرنوسەڕە ژیرەکەی گۆڤاری مەهابادیش وا باشترە وردە وردە خۆ لەو دەردە سەرانە بکێشنەوە ، خەڵک دەزانن ماندوون و زۆریان خزمەتی کورد کردووە و باشترە لە گۆڤاری مەهابادیش دەست بکێشنەوە و ئەگەریش وەکوو گۆرانێکەی ئەڕدەڵان بەکر دەڵێن “ئیخۆمە و نایدەم بەتۆ“، با فکر لە ناوێکی شیاوتر بۆ گۆڤارەکەیان بکەنەوە و لەوێ بە کەیفی خۆیان ، چییان پێ خۆش بێ بیڵێن بەڵام، تکایە بە ناوی مەهاباد و لەسەر سفرەی مەهاباد کاری وا نەکەن !و باشترە لە گۆڤارەکەی خۆیان دا ، عەکسی هەرکەس پێیان خۆش بێ بڵاوی کەنەوە و پەرژینە بەگوڵەکانیان نەک لەسە کاغەزی گلاسە بەڵکوو لەسەر زێر بنووسنەوە!

  -لێرەوە دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە ئەو ماوەیە لەناوخۆی وڵات دا، لینک ، بەڵگە و فاکتیان بۆ ناردووم و ئاگاداری زۆر شتیان کوردوومەوە کە زۆر لە مێژیش نییە لێیان بێ خەبەرم.

-بەو هیوایەی چیتر شتی لەم چەشنە دووپات بەبێتەوە

-نووسەر خۆی لە چوونە ناو هێندێک وردەکاری پاراستووە و ئەو  خەڵکانەی کە ڕۆڵی بەرچاویان نەبووە و زیاتر لە دەور و بەری ئەم و ئەو خولاونەتەوە  نەی هێناونەوتە بەر باس بەڵام ، ئەگەری هەرجۆرە ئینکار و ئیدانە کردنێکیان ئەوانیش دێنە بەر لێکۆڵینەوە.

07

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت