بیرو ڕای ئازاد بەڕاستی لە کورد بەدبەختتر هەر خۆیەتی

0
297

نووسەر: شۆڕش ڕۆژهەڵاتی

 لە نیوە شەوێکی لێڵدا بەدەم خەیاڵەوە بیرم لە حاڵی کورد دەکردەوە، هەرچی دەڕوانم، لە کورد بەدبەختتر هەر کوردە.

باس لەوە نیە کە کورد خاوەن وڵات نیە یان حکومەتی نیە یان ئاڵا یان چی و چی. باسەکە لەوە قووڵترە، هەرچی دەڕوانم کورد هەر خۆی دەردی خۆیەتی و دەرمانێش هەر لای خۆیەتی. ئەو پەل پەل و بوون بە چەقڵ و چەقەڵەی لە ناو کورددا هەیە وایکردووە کورد پیویستی بە دوژمن نیە و نابێ.
کە جوان ورد دەبێوە دەبینی حاڵی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ نەک بەرەو باشی ناڕوا بەڵکوو بەرەو خراپی دەڕوا. کورد هەرچنەد مۆدێڕن تر دەبێ بە هەمان ڕادەش لە سەربەخۆیی و بوون بە خاوەنی خۆی و وڵات و ئاڵای خۆی دوور دەکەوێتەوە، بە هەر ڕادەیەکیش خەڵک لە سەر داوا ڕەواکەی خۆیان سوورتر دەبن، چالان و بەناو چالاکان و سیاسی و بەناو سیاسییەکان خۆخۆرتر و لێکتر دڕ و شڕتر دەبن.
با چاوێک لە حاڵی خۆمان بکەین:
یەک: لە ناو خۆ ئەوە هەندێ بەناوی ئیسلاح تەڵەب و خۆ بە ئاقڵ زان، سەری هەودایەکیان لە دەستە و بنێشتێک دەجوونەوە کە ڕاست سەرەداوەکەی لە مێژووی پان ئێرانیزم و فاشیسمی فارسەوە خوری بۆ ڕێسراوە و ئاوی ڕژاوە. ئەو کەسانە بەناوی جیاوازی وەک چالاکی مافی مرۆڤ، سیاسی، ڕۆژنامەوان، چالاکی مەدەنی و …تاد، لەو پەڕی ئەوەیدا کە دەوڵەت دانیان پێدا نانێ، دوکانێکی باشی بۆ کردوونەوە و هەموو تریبۆنەکانی لە خزمەت ناون، ئەوە جیا لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی و گۆڕان و ئیسلامییەکان وەک ڕوانینی مورید لە شێخ، ئەوتۆش لەوان دەروانن و جیا لەوەش کە بەتایبەتی کاناڵی ڕوودا (نازانم بۆ؟) بۆتە دەرگای لەسەر پشت بۆ ئەوانە و تا چالاکێکی دەربەدەربووی سیاسی لەو تەلەڤیزۆنانە وەدەر دەکەوێ دەبێ سەدان جار دەم و چاوی جەلالیزادە و فەرەهمەند و سەعد قازی و ئیجلال قەوامی و کێ و کێ، زیارەت بکەین. ئەوەش لە حاڵێکدایە ئەوانە لە سایەی ئەو سیاسەتە دژە کوردییەیان، هەم پشتگیری دەفرۆشن و هەم پشتگیری دەکرێن و هەمیش بەو ناوەوە سەردانی ئەم و ئەم (لە تی ڤی و ڕێکخراوە جیهانیەکان و حیزبەکان) دەکەن. ئەوە جیا لەوەی کە هەندێ حیزبێش ئاڵای خەباتیان داوە بە هزری بۆگەنی ئەو کەسانە و وێڕای ئەوان بە ناوی کوردایەتی تەپڵی پان ئێرانیزم گزەرم دەکەن و دەیکوتن.

دوو: هەندێ حیزب پەیدا بوون کە سەرد ڕەحمەت بە کفن دزی هەوەڵێ، لە حاڵێکدا کە دوژمنانیش دانیان بە کورددا هێناوە و دەیان پسپۆڕی فارس و عەرەب و تورک وەک بێشکچی دەڵێن کورد نەتەوەیە، ئەوان هاتوون دەفەرموون دەبێ سایکس-پیکۆ بمێنێ، کە لێیان دەپرسی بۆ؟ خێرە ؟ چ بووە؟ دەڵێن: برایەتیا گەلان لە مەترسی دایە و ئیزن نادەین پەت بخرێتە ملی بەهێز و گەشەکردووی برایەتی گەلان (برایەتییەک کە بەشی کورد تێیدا هەر تاڵان و بڕین و کوشتار و قەتڵ و عامە و ئەنفال و چەوسانەوە)، هەر ئەو بەڕێزانەشن دەفەرموون لە ڕۆژی ڕیفراندۆم و لە پێناو پاراستنی وڵاتی برایانی عەرەب و تورک و فارسمان، خوێنی کورد دەڕێژین (وەک ئەوەی کورد خاکی ئەوانی داگیر کردبێ نەک ئەوان داگیرکەری خاک و شەرەف و ژیانی کورد بن). لەو بارەوە قسە زۆرە بەڵام هەر ئەوەندە بەسە کە ئەوە سەرەتانی ڕاستەقینەی کورد و کوردستانن و مەرگی ئازادی جیا لەوەش کە هەندێ ڕۆژهەڵاتی زگ زبەرژەوەندیخوازی سمێڵ سێ قەد و ئەقڵ ڕزیویش، بە پێی بەرژەوەندیی شەخسی و حەزی بوون بە سرۆک کۆماری و سکرتێری، بوونە خاوەن تیۆرییان.
سێ: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێن زۆربەی هەر زۆریان بەو چەند دەردە دووچار بوون:
ئـ: دابڕان
بـ: نەخوێندەواریی ڕێبەری
ج: لەکارکەوتوویی میدیایی (حیزبی وا هەیە ٤ مانگیشە ماڵپەڕەکەی نوێ نەکراوەتەوە
د: ناوچەگەری خەریکە سەری هەموو حیزبەکان دەخوا
سێ: دەردی هەرە گران ئەو بەشی سێیەمەن، ئەوانەی کە تا لە ناوخۆ بوون، چالاکی سیاسی و مەدەنی و هەزار سندانی تر بوون، تا گەیشتنە ئوروپا و لە سایەی یەک دوو هەڕەشەی کراو و نیوە کراو و نەکراو، بوونە پەنابەری سیاسی، ئەنجا وەبیریان هاتەوە خۆیان تیۆریسیەن و سیاسین و بوونە ئەمری واقع و دیفاکتۆ، ئەدی ئەوە نیە لە چەند بەرنامەیتەلەیزۆنی و ڕادیۆیی و لە چۆند ڕۆژنامە و گۆڤار وەک پسپۆڕ قسەیان لەگەڵ کراوە.
ئەو تاقمە ئەگەر نەتوانن (کە ناتوانن) حیزبێکی هەرنەبی فەیسبووکی دانێن ئەوا ڕیش پرۆفیسۆریەکەیان بە دوو سێ شێواز هەر لە کەمپەکانەوە تاقی دەکەنەوە (ئەگە رلە تورکیەش ڕاهاتبن ئەوە هەر لە تەیانرەدا تاقی دەکەنەوە) و ئەنجا ڕێک بە دژی هەڵوێستی حیزبی پێشوویان، هەڵوێستی حیزبی دژبەری هەڵدەگرن. دەزانن بۆ؟ چونکە لیرەدایە میدیاکان باشتر بانگیان دەکەن و دەڵێن ئاها فلان کەس ئیستا دژی حیزبەکەی خۆیەتی با لێی بپرسین لۆ؟ جا ئەنجا بیبەن بۆ دەم بە دمەی سەر کاناڵەکەیان و زێدەکردنی بینەر و بیسەر، حەتمینە هەندێک کەسیش لە چاو جاران پێیان دەڵێن سیاسەتمەدار و زیرەک.
خەمی سەرەکیترینی ئەو بەشەش ئەوەیە کە بە زوویی لە میدیا فارسیەکان دەرکەون (ئاخر ئەوە خەون و ئاواتیانە و وادەزانن زۆر میهیمن) جا کە دوو جاریش وەدەر کەوتن ئەنجا بۆی هەیە دایانمەزرێنن کە ئەویش چون زۆربەیان فارسیەکەیان شەمۆلەی گرتۆتەوە و نیوەی ددانەکانی کەوتوون، کەم واهەیە بگەن بەو کانی مرادانە. بەڵام سەیرتر ئەوەیە کە ئەو بەشە لە بەناو چالاکان، زۆربەیان بۆ گەیشتن بەو شاری خەونانە ڕێک ماستاو بۆ کەسانێک دەکەن کە تا دۆینی بۆ نێشان دانی شوناسی خۆیان لە ناو خەڵک، شیریان لەوان دەسوو و بە دژە کورد و بەرژەوەندیخوازیان لە قەڵەم دەدان.

جا خوێنەری ئازیز، ئەوە حاڵی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە باسم کرد، جا ئیدی باسی باشوور و ڕۆژئاوا هەر ناکەم چوون دڵنیان لانیکەم بیست سی کەس لە خوێنەرانی ئەم بابەتە، جەڵتەی دڵ و مێشک لێیان دەدا،
دەی ئێستا خۆتان بڵێن لە کورد بەدبەختتر هەیە؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت