کوێستانی دڵ/ ژیاننامەی هونەرمەند سەید ڕەحیم قوڕەیشی

0
478
rahim
سەید ڕەحیم قوڕەیشی

سەید ڕەحیم قوڕەیشی، لەیەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری مەهاباد بەناوی گەڕەکی ” پشقەڵا ” لەساڵی ١٣٠٩ هەتاوی بەدونیا هاتووە، ئەم کەسایەتیە نامۆ نیە وناوێکی ئاشناو ناسراوە لە ناوچەکەدا ولەناو هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر بەتایبەت گوێگرانی ڕادیۆ مەهاباد، چونکە بەرهەمەکانی هەمیشە وێردی سەرزار و لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی مەهاباد و ناوچەکەدا بووە، سەید ڕەحیمی قوڕەیشی وەک هەرمنداڵێکی هاوتەمەنی خۆیی چۆتە قوتابخانە، لە قوتابخانەی “سەعادەت” خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە و هەرلە شاری مەهاباد درێژەی بە خوێندن داوە تاوەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم، ئەم هونەرمەندە لەتەمەنی میرمنداڵیدا خولیاو ئارەزوویەکی بێ‌ وێنەی هەبووە بەرامبەر بە هونەر بەتایبەت بە هونەری نواندن “شانۆ”، لەتێڕوانینی سەید ڕەحیم بۆ ئەو هونەرە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کەلەو ڕێگەیەوە دەتوانێ‌ خزمەت بەگەلەکەی بکات، حەزو ئارەزوی نواندن ڕۆژ بەڕۆژ لەناخیدا گەشەی کردووە وعەشقێکی بێ‌ وێنەی هەبووە بەرامبەر بەکاری نواندن، هونەرمەند توانیویەتی کۆمەڵێک بەرهەمی شانۆیی “کۆمیدی و تراژیدی” بنوسێت و نمایشی بکات و ڕۆڵی تیادا ببینێت وەک ئەکتەر، کارەکانی بریتی بوون لە” باوەش، عەدالەتی بەشەر، باڵندەی شین خانووی ئەرواح، ئاسمانی شین، تەنیا خۆم و ئیش و نۆش و .. تاد”

دوای ئەوەی سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەم کارە هونەرییانەی زیاتر خۆی دەناسێنێت ودەناسرێت لەنێو جەماوەردا ، هونەرمەند، دەبێت بەبەرپرسی کاری هونەری قوتابخانەکانی شاری مەهاباد و درێژە بەو کارەی دەدات، لەساڵی ١٩٥٨ لەشاری مەهاباد ڕادیۆیەک بەمەبەستی پەخشکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوورییەکان شاری مەهاباد دادەمەزرێت، للایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ مەهاباد بانگهێشتی هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی دەکرێت بەمەبەستی هاوکاری کردن و ئەنجامدانی کارە هونەرییەکانی لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە ، داوای لێدەکەن وەک بێژەری هەواڵ، کاری نمایشکردن و پێشکەشکردنی بەرنامەی کورتە چیرۆک تەنزو کۆمیدی، سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەڕادیۆی مەهاباد و لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو کارانە، بەرنامەیەکی هۆنراوەو میوزیک بەناوی ” گوڵانی گەشی کوێستانی کوردستان”  زۆر بەسەرکەوتوویی پێشکەش دەکات و دەبێتە جێگەی بەختەوەری و خۆشحاڵی گوێگرانی رادیۆی ناوبراو،
لەدرێژەی بەردەوام بوونی هونەرمەند و گەشەکردنی ڕادیۆی مەهاباد و کۆکردنەوەی گوێگرێکی زۆر لەدەوری ئەو ڕادیۆیە ، سەیدڕحیمی قوڕەیشی زیاتر تێدەکۆشێت و گەشە بە توانا هونەرییەکانی دەدات تادەگاتە ئەو بیرو ڕایەی کە هونەرمەندی گۆرانیبێژ جیا لە هونەری گۆرانی گوتن و دەنگخۆشی پێویستە شارەزایی لەئامێرەکانی میوزیک و دەزگا و گۆشە و نۆتەکانی میوزیکدا هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لەکارەکانیدا سەرکەوتووتر بێت.

 دوای ئەنجامدانی کاری نواندن و نوسینی کورتە چیرۆک و کاری بێژەری لەڕادیۆ، هونەرمەند دەزانێت کە دەنگی خۆشەو و توانی گۆرانی گوتنیشی هەیە لەم بوارەشدا خۆی تاقی دەکاتەوە بەدەنگە بەسۆزەکەی یەکەمین گۆرانی ئاوازی بۆدادەنێ‌ و دەیخوێنێ‌ ، گۆرانی ” ئافرەت و جوانی” لە هۆنراوەی مامۆستا گۆران، ئەم گۆرانیە زیاتر لەژێر ناوی ” بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە” ناسراوە و لەئاوازی خۆی بووە، سەید ڕەحیمی قوڕەیشی زیاتر لە ٢٠ گۆرانی خوێندووە کە ١٠ گۆرانیان لە ئاوازی خودی هونەرمەند بووە و سوودی لە هۆنراوەی ئەم شاعیرانە وەرگرتووە و ئاوازی لەسەر داناون وەک ” وەفایی، گۆران و سوارەی ئیلخانی زادە “.

بەهرەی هونەری سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەردەوام لەبەرەو گەشەدایەو بەردەوام دەبێت لەسەر کاری هونەری، بە سەدان چیرۆکی نوسیوە و شەوانە لەڕێگەی ڕادیۆ مەهابادەوە پەخشکراون بوونەتە مایەی سەرنج و خۆش حاڵی گوێگران، سەید ڕەحیم بەهۆی ئەوەی زمان زانێکی باش و بێژەرێکی بەتوانا بووە چەند بەنامەیەکی ئەنجام داوە یەکێک لەو بەرنامە هونەرییانە لە ڕادیۆ تەلەفزیۆنی مەهاباد یان تەورێز بووە بۆ هونەرمەند و بلیمەتی نەمر” حەسەن زیرەک ” ئەنجامداوە، حەسەن زیرەک ٣ گۆرانی خوێندووە لەو بەرنامەیە بەناوی ” ئەمان دکتۆر، کەتانەو …” ئەو بەرهەمە تۆمارکراوانەی حەسەن زیرەک دەنگ و ڕەنگن و ئێستاش وەک ئەرشیڤ ماون.

سەید ڕەحیمی قوڕەیشی بەهاوکاری ناوەندی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی مەهاباد بەشداری فیستڤاڵی موزیکای شیراز دەکەن لەگەڵ هونەرمەندان ” محەمەدی ماملێ‌ و مەلاحسێنی عەبدوڵا زادە و عەزیزی شارۆخ و قالە مەڕەی شمشاڵ ژەن” سەرەڕای کەمی دەرەتانی هونەری نەبوونی گروپێکی موزیکی باش و زەمینەیەکی لەبار بۆ بەشداربوونیان لەو فیستڤاڵەدا، بەڵام بەهۆی تێکۆشانی بێوچان و دڵسۆزانەو بەڕوحێکی زۆر گەورەوە بەشداریان لە و فیستڤاڵەدا کردووە، نەتەنیا میوزیک و گۆرانی کوردی بەنەتەوەی فارس و ئێران بناسێنن بەڵکو بەتەواوی نەتەوەکانی بەشداربووی ئەو فیستڤاڵەیان کردبوو ناساند و بوە مایەی شانازی و سەربەرزی بۆ نەتەوەی کورد.

هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی کەسایەتیەکی ناسراوی شاری مەهاباد و پیاوێکی هەست ناسک و قسەزان و خۆش مەشرەب و کانگای قسەی نەستەق و نوکتەوە گاڵتەو گەپ بووە، بەردەوام لەنزیکەوە ئاشنایەتی هەبووە لەگەڵ کەسایەتی و پیاوە قسە خۆشەکانی شاری مەهاباد، لەهەوڵی کۆکردنەوەی ڕووداو بەسەرهات و قسەخۆشەکانی شاری مەهاباد و دەوروبەری بووە و لە کتێبێکدا کۆیان بکاتەوە و بەچاپی بگەیەنێ‌ بەناوی”  کوێستانی دڵ”  بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای سەید ڕەحیم نادات و ئاواتەکەی نایەتەدی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی ” سی ” لەڕێکەوتی “١٩٩١ -٦- ٨” لەتەمەنی ٦١ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و ماڵئاوایی لە هونەرو هونەرمەندان و شارە جوانەکەی مەهاباد دەکات.

rahiim

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت