هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئێران لە ورمێ دوو کۆڵبەری کوردیان کوشت

0
2450

لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ، دوو کۆڵبەری کورد کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش بە توندی بریندار بوو.

سەر لە ئێوارەی رۆژی شەممە١٣ی خەرمانان بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئێرانەوە لە سنووری ورمێ، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی فەیسەڵ وەفایی و داریووش فەقێ پوور خەلكئ گوندی “سوێسن ئاوا” کوژران.

هاوکات لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئیسلامیی ءیراندا سەیاد میرخان پوور خەڵکی گوندی “براسب” بە توندی بریندار بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە رادەستی کەسوکاریان نەکراوەتەوەو کۆڵبەرە بریندارەکەش بە برینداری لە نەخۆشخانەی ورمێ لەژێر چاوەدێری‌دایە.

ئەو کۆڵبەرانە کە لە بەرزاییەکانی “داڵانپەڕ” کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان روویان لە کۆڵبەری کردبوو.

چەند رۆ پێش ئیستا کوردپا رایگەیاندبوو کە  لە ناوچەی داڵانپەڕ کۆڵبەرێک بەناوی لزگین شەعبانی خەڵکی گوندی کۆڵەبی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا.

کوژرانی کۆڵبەران لە کوردستانی رژهەڵات بە دەستی چەکدارانی رژیمی ئێران بۆتە رەوتێکی ئاسایی بۆ چەکدارەکان و رۆژانە لە سنوورەکان بە بیانووی چۆراوجۆرەوە کۆڵبەرانی کورد کوشتار دەکەن.

سەرەڕای کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی و کۆڵبەری کورد و سکالای کەسوکاریان، هەتا ئێستا هیچ بکوژی کۆڵبەر و هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ناوەندەکانی ئیرانەوە لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە.

بە گوتەی سەربازانی کورد لە سنوورەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر جار بۆ گاڵتە و مەشقی تیرهاویژی کۆڵبەران دەکەنە نیشانە و دەیانکوژن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت