کورتەیەک لە لێدوانەکانی جەماڵ پوورکەریم، چالاکی سیاسیی کورد بۆ میدیاکانی عەڕەبستان لە سەفەر بۆ ئەو وڵاتە

0
859

ڕۆژی کورد: جەماڵ پوورکەریم چالاکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و میدیاکاری ناسراوی کورد کە هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی سیاسیی تری نەتەوە بندەستەکانی ئێران و لە سەر بانگهێشتی وەزارەتی ڕەوشەنبیریی عەڕەبستانی سعوودی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، لە دیمانە لەگەڵ چەند میدیایەکی بەناوبانگی ئەو وڵاتە باسی لە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات و سەرەڕۆیی و شێوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی کردووە و لایەنە جیاجیاکانی شیکردۆتەوە کە لە میدیا جیهانییەکانێشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە و کۆماری ئیسلامیش لە چەند ڕاگەیێنەی خۆیدا دژکردەوەی نیشان داوە و بە جیاییخوازی لە قەڵەم داوە.

پوورکەریم وێڕای ئاماژە بە دۆخی زیندانەکانی ئێران و شێوازی ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی ئێران و دۆخی زیندانییانی سیاسی، لە بەشێک لە دیمانەکەی لەگەڵ شەرقولئەوسەت دەڵێ: “کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دامەزراوە، خۆی بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی پێناسە دەکات و بە شێوەیەکی کۆنەپەرستانە، ئایین بۆ زاڵ کردنی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەکانی تر لە ئێراندا بەکار دێنێت”.

پوورکەریم هەروەها لە وتووێژێک لەگەڵ (سەعوودی گازێتێ) دەڵێ: سەرەکیترین مەترسی کە ئێمەی کورد لە ئێران لەگەڵی ڕووبەڕووین، بزربوون و توانەوەی شوناسی نەتەوەییمانە، کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ دەدا، شوناسی نەتەوەیی لە خەڵکانی غەیرەفارس بستێنێتەوە و بیانکات بە فارس” .

ئەو چالاکە سیاسیە کوردە لە وتووێژەکەیدا باس لە نەبوونی ئازادیی دەربڕین لە ئێران دەکات و دەڵێ: “سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێران چەندین نەتەوە و ئایین وئایینزا بوونی هەیە بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ ئازادییەکی دەربڕینی بە هیچ کامیان نەداوە و لە کردەوەشدا گەلێک ئاستەنگ و کۆسپ لەسەر ڕێگای بیروڕا جیاوازەکان و ئایین وئایینزاکان هەیە”.

پوورکەریم ئاماژەی بە بابەتی هەناردەکردنی شۆڕش لە لایەن ئێران داوە و گوتوویەتی: “خامنەیی و بە گشتی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی نوێنەرایەتیی خودا، زۆردارییەکانی خۆیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانیش ڕاگواستووە و هەر بەو بیانوویەش خامنەیی و ڕژیمەکەی زۆر بێ شەرمانە دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تردا دەکەن”.

“ئەلمەناتق” یەکێکی تر لەو ماڵپەڕە بەناوبانگانەی سعوودیەیە کە چالاکی سیاسیی کورد، جەماڵ پوورکەریم، لە سەردانەکەی خۆی بۆ سعوودیە وتووێژی لەگەڵ کردووە، پوورکەریم لە دیمانەکەی خۆی لەگەڵ “ئەلمەناتق” ئاماژەی بە ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵکی ئێران لە ڕژیم داوە و گوتوویەتی: “هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕژیمی ئێران تا بە ئێستا، خەڵک دەزانن کە ئەو ڕژیمە شیاوی دەسەڵاتداریی ئەوان نیە و  بە گشتی ناڕازین”.

پوورکەریم لە دیمانەکانی خۆیدا باس لە نەبوونی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی بۆ نەتەوەکانی کورد و عەڕەب و بەلووچ و تورک و تورکەمەن و..تاد دەکات و دەڵێ: “کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک لە سەرەتای هاتنە کاری خۆیەوە، هەوڵی داوە وا بنوێنێت کە ئێران یەک زمانە و ئەویش  فارسیە و زمانی نەتەوەکانی تر بە خۆجێی و ناوچەیی ناو دەبا و مافی خوێندن بەو زمانانەی لەو نەتەوانە ئەستاندۆتەوە”.

پوورکەریم هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ “سەعودی پرێس”، باسی لە ئیرادەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ سەربەخۆیی دەکات و دەڵێ: “ئێران وڵاتێکە کە لە چەند نەتەوە پێکهاتووە کە لێک جیاوازن و نەتەوەی سەربەخۆن، نەتەوەکانی ئێران هەر کات مەیلیان هەبێ و ئیرادە بکەن، ئەو سنوورە دەستکردانە و ئەو وڵاتە کە ناوی ئێرانە هەڵدەوەشێننەوە و کیانی خۆیان پێکدێنن”.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو سەردانەدا تا ئێستا گەلێک پڕووپاگەندەی لە میدیاکانی خۆیدا و بە تایبەت لە بەشی عەڕەبیی میدیاکانی خۆیدا و بەتایبەتی لە “پرێس تی ڤی” و “ئەلوێفاق ئان لاین” و “فارس”  لە دژی ئەو سەردان و لێدوانانەی پوورکەریم بڵاوکردۆتەوە و میدیاکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر لێدوانەکانی ئەو چالاکە سیاسیەی کورد و بە جیاییخوازیان ناو بردوە و دەڵێن، سەعودیە لەژێر ناوی حەج، هەوڵی کۆکردنەوەی چالاکانی سیاسی بە دژی ئێران دەدات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت