کورتە شانۆی پێشمەرگەی کوردستان لە گەورە هۆڵی شانۆگەری لوتزێرن ـی سویس بەڕێوە چوو

0
1126

ڕۆژی کورد: کورتە شانۆی “پێشمەرگەی کوردستان” کە تێیدا ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لەگەڵ پێشمەرگەیەکی کوردستان وتووێژ دەکا، لە گەورە هۆڵی شاری لوتزیرن ـی وڵاتی سویس نمایش کرا.

لەو شانۆیەدا پێشمەرگەکە کە لە دەستێکی دا چەک و لە دەستەکەی تریدا پەرتووکێک هەیە، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسی بیانی دەداتەوە. هەڵمەت مەعرووفی ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات، لەو شانۆیەدا دەوری پێشمەرگە دەگێڕیت و شانۆکارێکی سویسی بەناوی یوگ، دەوری ڕۆژنامەوانی لە ئەستۆیە.

ئەو شانۆیە کە نزیک بە ٣٥٠ کەس بینەری هەبوو، باس لە دابەشکاری کوردستان بە پێی ڕێککەوتنی سایک پیکۆ لە لایەن فەرانسە و بریتانیاوە دەکات و دواتر ئاماژە بە شۆڕشەکانی کوردی بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە خاکی کوردستان دەکات و لەسەر کۆماری کوردستان و هەروەها لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد بە دەست ڕەژیمی پەهلەوی دەدوێ و باس لە ژیانی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لەسەردەمی کۆمار دەکات.

لە درێژەدا و دوای باس کردن لە زەوت کرانی مافی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک بە تورکی کێوی ناساندن لە باکوور، پێنەدانی ناسنامە لە ڕۆژئاوا و ئەنفال لە باشوور و نەبوونی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی و سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باس لە بەردەوامی خەبات و هەستانەوە و نوێژەن کردنەوەی خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات دەکات و کەسایەتی دوو ڕێبەری مەزنی کورد، دوکتور عەبدووڕڕەحمان قاسملوو و دوکتور سەعید شەرەفکەندی و تیرۆری ئەو دوو ڕێبەرە کوردە دەخاتە بەر باس و باس لە ڕادەست کردنەوەی تیرۆریستان بە ئێران لە لایەن دەوڵەتی ئوتریش و هەروەها باس لە حوکمی دادگای میکونووس دەکات و هەوەها دەڵی کورد لە خەباتدان و ڕۆژێک سەر دەکەون، ئەو کات ئێوە دەزانن کە باشترین دۆست بۆ وڵاتانی ئوروپایی و دێموکراسی، کوردستان و کوردەکانن.

لە درێژەدا باس لە دەوڵەتی ڕووحانی دەکات کە بە هاتنی ئەو کەسە کە دونیا بە دێموکراتی دەناسێ نەتەنیا هیچ ئاڵوگۆڕی لە ئێران و دۆخی کورد ڕووی نەداوە بەڵکو ڕێژەی لەدار دانەکان زیاتریش بووە و کورد و کەمینەکان لە دۆخێکی خراپتر دان.

لە کۆتاییدا شانۆ پەیامی کۆتایی خۆی بەو شێوەیە دەدات کە ئەگەر ئێستا ئێوە خەڵکانی ئوروپایی وا بێخەم دانیشتوون ئی ئەوەیە کە هاوڕێیانی منی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ مەزنترین دوژمنی مرۆڤایەتی واتا داعش شەڕ دەکەن، هەر چەند منی کورد و پێشمەرگە حەزم لە شەڕ نیە و ئەگەر لە دەستێکمدا چەک هەیە ئەوا لە دەستی ترم دا پەرتووک هەیە، بەڵام کورد بۆ بەرگری لە خۆی و مافەکانی شەڕ دەکا نەک شەڕ بۆ شەڕ.

هەڵمەت مەعرووفی لە لێدوان بۆ ڕۆژی کورد سپاسی لە حیسام دەست پیش کرد کە لە داڕشتنی دەقەی شانۆکەدا یارمەتی داوە و هەروەها گوتی:”لەو شانۆیەدا دەبوا من وەک پەناخواز باسم لە ژیانی خۆم کردبا بەڵام من زۆرم هەوڵدا تا بەرپرسانی ئەو هۆڵە و ڕێ و ڕەسمەکەم رازی کرد تا من بە جلی کورد و چەک بچمە سەر شانۆ و باسی ئازارەکانی کورد بکەم کە لە کۆتاییدا زۆریش جێگات ڕەزامەندی بینەران بوو و زۆریشیان سپاس کرد و بۆیان سەرنجڕاکێش بوو”.

هەڵمەت مەعرووفی گوتی: وێنەگەڵیکی باشم لە تیرۆری ڕێبەران و هەروەها لەسێدارەدان و ماددە هۆشبەرەکان لە ئیران ئامادە کردبوو، مخابن بە ۆی ئەوەی کە وێنەکان زۆر تراژدیک بوون و لایان وابوو هەر کەس ئەو وێنانە ببینێ یەک حەوتوو نەخۆش دەکەوێ، ئیزنی بڵاو کردنەوەیان پێنەدام.

مەعرووفی هەروەها گوتی: ئێمەی کورد لە دەرەوەی وڵات یەکێک لە ئەرکەکانمان ناساندنی کوردە بە دونیا و پەیدا کردنی دۆستی باش بۆ کورد، کارێکی کە تەنیا دوکتور قاسمڵوو بە درووستی ئەنجامی دا و مخابن لێی غافڵین.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.