ڕاگەیاندنی دامەزرانی بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان

0
52

بەرنامە و پێڕەوی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سەرەتا
نزیکەی ٥٠٠ ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی زلهیز و داگیرکەر و چوار ئیستعمارگەری ، ئێران، سووریە،عێراق، تورکیە وە داگیر و دابەش کراوە.
یەکەم جار ساڵی ١٥١٤ی زایینیدا و لە کاتی شەڕی چاڵدێران کە لە نێوان دوو دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی دا ڕوویدا، کوردستان دابەش کرا و ئەو دابەشکردنەش ساڵی ١٦٣٩ی زایینی لە پەیماننامەیەک دا بە ناوی زەهاو بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
جارێکی تر و پاش شەڕی یەکەمی جیهانی خاک و نەتەوەی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە، ئێران، عێڕاق و سووریە دا دابەش کرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا کوردستان بۆتە موستەعمەرە و بە بەردەوامی هەوڵ بۆ سڕینەوە و لە ناو بردنی دراوە.
لەو نێوە دا گەلی کورد بەردەوام بە شۆڕش و خەبات دژ بە داگیرکەران وەستاوەتەوە و لەو پێوەندییە دا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، سەیدڕەزای دێرسیم، سمایل ئاغای سمکۆ، شۆڕشی ئارارات ، شێخ مەحموودی بەرزنجی، کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شۆڕشی بارزان و ئەیلوول، شۆڕشی ٤٦،٤٧ ، شۆڕشی مەلا خەلیل و دەیان شۆڕشی دیکە بکەین.
ئەو شۆڕشانە هەتا ئەمڕۆ نەپساونەوە و لە فۆڕم و شێوەیەکی ئەمڕۆیی و مۆدێرن دا و بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئارا دایە و بەردەوامە.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانین ئاماژە بە خەباتی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بکەین کە بۆ گەیشتن بە ئازادی سەدان شەهید و گیانبەختکردوویان پێشکەشی بارەگای بەرزی کوردایەتی و نیشتمان کردووە.
نزیکەی سەد ساڵە گەلی کورد، بە شێوەی مۆدێرن و لە ڕێگەی حیزبایەتییەوە خەریکی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی و بۆ دەستەبەربوون و گەیشتن بە ویست و خواستەکانی قوربانی دەدا .
لێ سەرەرای ئەو هەموو قوربانی و تێچووە، خەباتی کورد هەروا لە جێگەی خۆی دایە و دۆخی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بە هۆی داگیرکاریی دوژمنانەوە بەرەوە خراپتر بوون چووە، لە ئێستا دا هەڕەشە و مەترسی گەورە لە ئارا دایە کە زمان، ناسنامە، فەرهەنگ، مێژوو و شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد زیاتر ئاسیمیلە بکرێ و بسڕدرێتەوە، ئێستا زمانی کوردی هەڕەشەی لە سەرە و ڕژیمی داگیرکەر دەیهەوێ لە ڕێگەی ڕۆژنامە، تەلەفیزیون و دەزگاکانی پڕوپاگەندای خۆیەوە پڕش و بڵاوی و شێوان دروست بکا و وەک چۆن خەریکی گۆڕینی دێمۆگرافی و جوغڕافیای کوردستانە ، بەم شێوەیە لە هەوڵی گۆڕینی زمانی کوردی دایە، داگیرکەران لەوە گەیشتوون کە زمان ناسنامەی گەلە و گەلێک زیندوویە کە زمانەکەی زیندوو بێ، هەر بۆیە دەیانهەوێ بە لە ناو بردنی زمان و کلتووری نەتەوەی کورد، بوون و مەوجوودیەتی بسڕنەوە.
لە ژێر ناوی عێڕاقی، ئێرانی، سووریەیی، تورکیەیی، دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هۆویەتی کورد و کوردستانی بوونی تاکی کوردیان داوە و بە بەتاڵان بردنی مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەی کورد، مێژوو و فەرهەنگ و زمان و جوغڕافیا و نەتەوەیان بۆ خۆیان دروست کردووە.
بۆ داگیر کردن و لە ناو بردنی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات جوغڕافیایەکی دەستکرد و جەعلییان بە ناوی ئێران دروستکردووە و هەوڵیان داوە کورد لەو بەشە دا بە ئێرانی لە قەڵەم بدەن .
ئەوەش سیاسەتێکی سەردەمی ڕەزا شا بووە بە دژی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەحواز، تورکی ئازەری، کاسپیەن و مازەنی،گیلەک و … تاکوو هەر هەموویان وەک ئێرانی ناودێر بکەن بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی داگیرکەر واتە فارس.
شۆڤێنیسمی فارس و پان ئێرانیسم، لە ژێر ناوی ئێرانی بوون دا هەوڵی داوە، ئەو جوغڕافیایە وەک یەک وڵات و لە ژێر سێبەری یەک ئاڵا و یەک زمانی واحید پێناسە بکا و هۆویەت و ناسنامە و شوناسی باقی نەتەوەکان بسڕێتەوە و ئەوەش بە ئیلهام وەرگرتن لە ئاڵمانی نازیی ئەو کات کاری بۆ کراوە و ئەسڵی تەڕحەکە لەوێ وەرگیراوە، ئەگینا ناوی ئێران کەمتر لە سەد ساڵی مێژوو هەیە و ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی کەسانێکی وەک سەعید نەفیسی، محمەممەدعەلی فرووغی و سەید حەسەن نەقی زادە هاوکات لە گەڵ ڕەوتی ناسیۆنالیسمی تورکی بە ڕێبەرایەتی داگیرکەر کەماڵ مستەفا ئەتاتۆرک لە وڵاتی پێرشیای ئەو کات کە تەنیا نوێنەرایەتیی فارسی دەکرد، کەوتنە بیری ئەوەی ناوی ئێران بۆ خزمەت بە فارس و توانەوەی نەتەوە و زمانەکانی دیکە لە فارسیدا ، بە ڕەزاشای پەهلەوی پێشنیار بکەن و لە ڕۆژنامەی ئەوە کاتی ئیتلاعات دا بۆ یەکەم جار داوا لە وڵاتان کرا کە لەمە بەدواوە ناوی پرشیا بە ئێران بێنن و پێیان بڵێن وڵاتی ئێران.
لە سووریە و عێڕاق بەردەوام هەوڵ دراوە کورد وەک عەڕەب و لە تورکیە وەک تورکی شاخستانی و لە ئێران وەک ئێرانی و فارس پێناسەی بۆ دروست بکەن.
شوناسی تاکی کورد نە ئێرانییە، نە عێڕاقی، نە سووری و نە تورکی، بەڵکوو هەموو تاکێکی کورد، کوردە و کوردستانیە و خاک و جوغڕافیاکەی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر کراوە ناوی کوردستانە.
بە پێی هەلومەرج و گۆڕانکاریەکان و چوونە سەری ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئەمڕۆ دا تاکی کورد گەیشتووتە ئاستێک کە لەوە تێبگا ، بە ناوی ئێرانی،سووری،تورکی و عێڕاقی دەیانهەوێ پێناسەی کورد بوونی لێ زەوت بکەن.
تاکی کورد گەیشتۆتە ئەو باوەڕە کە دەبێ خاک و نیشتمانەکەی لە دەستی داگیرکەر ڕزگار بکا و خەباتەکەی بۆ ئەوە بە فیڕۆ نەدا کە لە چوارچێوەی ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە دا بمێنێتەوە.
هەروەها لە پێوەندی بە زمان، هەر وەک چۆن زمانێک بە ناوی ئێران بوونی نییە ، جوغرافیا و نەتەوەیەکیش بە ناوی ئێران و ئێرانی دەستکرد و جەعلیە و بوونی نییە.
مانەوە لەو چوارچێوە دەستکرد و جەعلییە بە مانای مانەوەیە لە ژێر دەستەیی و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی.

سیستمی سیاسی بۆ داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات: فیدراڵی یا سەربەخۆیی
سیستمی فیدراڵی لەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، ناتوانێ وەڵامدەر بێ، چونکە بە ناسیاوی و شناختێک کە لە سەر پان ئێرانی و شۆڤێنیسمی فارس هەیە، هیچ کات نە باوەڕیان بە مافی گەلانی غەیرە فارس هەیە و نە باوەڕیان بە دێموکراسی، دەسەڵاتی ناوەندی چ رژیمی ئیسلامیی ئێستا و چ پاشایەتی و سەڵتەنەت تەڵەب و موجاهیدین بێ، لە بەرانبەر خواست و ویستی گەلی کورد دا هەر هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە و بچووکترین ماف بە گەلانی غەیرەفارس ڕەوا نابینن.
ئەوان خۆیان لە بەرانبەر نەتەوەکانی دیکە دا بە باڵا دەست و گەورە دەزانن و پێیان وایە بە خێری خۆیان هەندێ ماف دەدەن بە نەتەوەکانی تر.
ئێرانیەکان پێیان وایە دەبێ دەسەڵاتێکی ناوەندی بە سەر هەموو ئێراندا زاڵ بێ و لە زیهنیەتی ئەواندا فیدراڵی و شێوەکانی هەر مانای دابەشکردنی ئێران دەدا.
ئێرانیەکان لە باشترین حاڵەتی خۆیاندا باوەڕیان بە سیستمی فیدراڵیی ئیداری هەیە و فیدرالیی جوغرافیایی ، نەتەوەیی بە هێلی سوور لە قەڵەم دەدەن .
ئێرانیەکان لە سیستمی داهاتوو دا باوەڕیان وایە کە دەکرێ ئوستاندار یا فەرماندارێک کورد بێ و نەک کورد لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و … دا بەشدار بێ.

داواکاری سیستمێکی فێدراڵ بۆ کورد لە ئێرانێکی دێموکرات دا، ویست و داخوازی و بەرنامەی سیاسیی بەشێک لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان کە ڕێبەرایەتی ڕەوتی چەپی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دەبوو ڕێبەرایەتیی ڕەوتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی کورد بکەن، باس لە سیستمی فیدراڵ دەکەن، باوەڕیان وایە کە لە ئێرانێکی دێموکرات دا وەها سیستمێک باشترین چارەسەرە، ئەدی ئەگەر ئێران هیچ کات دێموکرات نەبوو، ئەو کات چی؟

ئەگەر چاوێک بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە کورد بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەر بچووکترین دەرفەتی بۆ ڕەخسابێ، هەوڵی بۆ سەربەخۆیی داوە ،لە خانی لەپ زێڕین ڕا تا شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ و کۆماری کوردستان، گشتیان هەنگاو نان بوون بۆ دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان.

ئەگەر شەهید د.قاسملوو دەڵێ: ئێمە لە هەموو کەس ئێرانیترین، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە سەربەخۆییمان ناوێ. ئەگەر کتێبی کوردستان و کورد بخوێنینەوە یا هەلوێستەیەک لە سەر هەڵویستەکانی د.قاسملوو بکەین باش بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خواستی ئەو چ بووە.
د.قاسملوو دەڵێ: ئەوڕۆ ئەمن داوای خودموختاری دەکەم، ڕەنگە نەسلی داهاتووی من شتێکی تر بخوازێ، هاوکات دەڵێ: هێچ ڕێگە چارەیەکی کۆتایی بوونی نییە کە جێگرەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بێ و ئەوە هۆکارێکی گرینگە بۆ ڕزگاریی گەلی کورد و گەیشتن بە دۆخێکی گونجاو کە کورد بتوانێ لە ڕێگەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مافەکانی بگا کە بریتیە لە دەوڵەتی سەربەخۆ لە سەراسەری کوردستان و ئەگەر ڕۆژێک کورد بیهەوێ پێکەوە یەکگرتوو بێ و سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێ، لە ڕاستیدا تەجزیە و دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نییە،بەڵکوو پێکەوە گرێدانەوەی نەتەوەیەکە کە بۆ خۆی تەجزیە و دابەش کراوە.

زیندووترین و نەتەوەییترین بەش کوردستانی ڕٶژهەڵاتە،زیندوویی و لە سەر پێ بوونی ڕۆژهەڵات لەوە ڕا خۆ دەردەخا کە ئەگەر ڕووداو یا پرسێک لە هەر کام لە پارچەکانی تر دێتە گۆڕێ، ئەوە کوردی ڕۆژهەڵاتە کە هەڵویست دەگرێ و لە شادی پارچەکانی دیکە دا شایی دەکا و لە غەم و نەهامەتیان دا شیوەن دەگێڕی، شەنگال و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوور،کۆبانی و عفرین لە ڕۆژئاوا،گیرانی ئۆجەلان و دێمیرتاش لە باکوور و هەڵویستی ڕۆژهەڵات لە سەر ئەو پرسانە هەمووی شایەد و بەڵگەی سەلمێنەرن بۆ نەتەوەیی بوون و لە سەرپێ بوونی ڕۆژهەڵات.
ئایا کۆتایی فیدراڵی هەر هەمان گەڕانەوە بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و لە ئەنجامدا سەربەخۆیی خوازی نییە؟
فیدراڵ خوازەکان باوەڕیان وایە کە سەرەتا دەبێ هەوڵ بۆ سیستمی فدراڵی بدرێ و دواتر کار بۆ سەربەخۆیی بکرێ.
لێ ئەگەر چاوێک بە فیدراڵیی کوردستانی باشوور دا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، هیچ کات نابنە خاوەن سیستم و حکوومەتێکی دێموکرات کە دان بە مافەکانی گەلی کورد تەنانەت لە سیستمی فیدراڵ دا بێنن.
پاش نزیکەی ٢٠ ساڵ لە سیستمی فیدڕالیی عێراق و خواستی زیاتر لە ٩٣ لە سەدی گەلی کوردستان لە باشوور، بینیمان کە سیستمی فیدراڵی تا ئەو کاتە دەپارێزرێ کە حکوومەتی ناوەندی لە لاوازی دابێ.
کە واتە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ فیدراڵییەک تاقی کەینەوە کە لە باشوور لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بوو و بۆ لە ئێستاوە خەبات بۆ سەربەخۆیی نەکەین؟
ئینجا ڕەوشی عێراق لە گەڵ ئێران جیاوازییەکی گەورەی تێدایە و ئەویش ئەوەیە کە: ئێرانی دەستکرد وەک عێڕاقی دەستکرد نییە کە تەنیا بریتی بێ لە دوو نەتەوەی کورد و عەڕەب، ئێران خاکی عەڕەب، بەلووچ، کورد، تورکی ئازەری، تورکمان،گیلەک و مازەنی و چەندین نەتەوەی دیکەی داگیر کردووە و خواستی زۆرینەشیان سەربەخۆییە و گومان لەوە دا نییە کە بە پلەی یەکەم و دوای ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، عەڕەبەکان بە پشتگیریی وڵاتانی عەڕەبی و ناوچەکە سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن و ئەوەش ئاسانکارییە بۆ نەتەوەکانی دیکە.
خواستی کورد لە ڕۆژهەڵات سەربەخۆیی خوازییە و پشتیوانی و داکۆکی لە پرسی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوور سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.
تاوانە ئەگەر ئێمەی کورد پاش رووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، بگەڕێینەوە تاران و لە هەوڵی دروستکردنەوەی ئێران دابین، پارچە پارچە بوونی ئێران لە بەرژەوەندیی هەموو نەتەوەکانی دیکە جگە لە فارس دایە.
پێویستە یەکگرتوانە لە گەڵ نەتەوە غەیرە فارسەکان لە لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی کەڵک وەرگرین و هەڵەی دیالۆگ و دانوستان و پێکهاتنی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گەڵ ڕژیمی ئێران دووبارە نەکەینەوە و ئەگینا مێژوو دیسان بۆ ئێمەی کورد دووپاتە دەبێتەوە و جارێکی تر پێشمەرگە دەبێ چەک لە شان ڕوو لە چیاکان بکەنەوە و بە دژی دەسەڵاتی نوێی پان ئێرانی و شۆڤێنیسمی فارس خەبات بکا.
تاکی کورد ئیستا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی چیدیکە ئەوە قەبووڵ نەکا کە خاک و جوغڕافیا و مێژووەکەی لە لایەن داگیرکەرانەوە تاڵان بکرێ.
کوردستانی گەورە یا چوار دەوڵەتی کوردستان
لە پێوەندی بە کوردستانی گەورە و یەکخستنەوەی خاکی کوردستان ڕەنگە لە هەلومەرجی ئەوڕۆ دا دژوار و ئەستەم بێ، بەڵام دەکرێ هەر کام لە حیزب و ڕێکخراوەکانی پارچەکانی کوردستان، بە جیا و بە بێ دەستێوەردان لە ڕەوشی پارچەکانی تر ، هەوڵ و خەباتەکەیان بۆ ئەو پارچەی کە خۆیان لێی لە دایکبوون ، چڕ بکەنەوە .
دەکرێ کوردستان لە جیاتی ئەوەی ببێ بە یەک وڵات، ببێ بە چوار وڵات و لە نەتەوە یەکگرتووەکان چوار نوێنەری هەبێ و وەک چۆن هەندێ وڵاتی بچووکی عەڕەبی، ئێستا وڵاتن و سەرەڕای ئەوەی هەموو عەڕەبن، بەڵام بە جیا ڤیا خاوەن وڵات و نوێنەرن لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەر کام لە حیزبەکانی پارجەکانی کوردستان، دەکرێ کار بۆ ئازادی ئەو پارچەیە بکەن کە خەباتی بۆ دەکەن و پاش ئەوەی هەموو کوردستان لە داگیرکەر پاککرایەوە و چوار دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانییەک لە چەشنی یەکێتیی ئورووپا و …بۆ چوار دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێ و سنوورێک لە نێوان چوار دەوڵەتەکەی کوردستان دا بوونی نەبێ و لە ئەگەری هەر هەڕەشە و هێرشێک بۆ هەر کام لە وڵاتانی کوردستان، هەر چوار وڵات پێکەوە هاوکار و پاڵپشتی یەک بن و ئەگەریش لە ڕێفراندۆمێک دا گونجا کە هەر چوار دەوڵەت لە چوارچیوەی ئەیالاتی یەکگرتووی کوردستان بخرێنەوە سەر یەک ، ئەوە ئەو کات دەکرێ، بڕیاری لە سەر بدرێ.
بۆ ڕەوشی ئێستای کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستە لە گەڵ نەتەوە بندەستەکانی دیکە کە خاکەکەیان لە لایەن ئێرانەوە داگیر کراوە و باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە، هاوپەیمانییەک بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئێران پێک بهێندرێ.
بۆ سەربەخۆیی:
لە کوردستان مێژووی سەرهەڵدانی حیزب لە شێوەی مۆدێرن و ئەوڕۆیی خۆیدا بۆ نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
حیزب و ڕیکخراوەکان بۆ ویست و داواکاریی گەلی کورد و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد خەباتیان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراون.
زۆربەی حیزبەکانی کوردستان بە هۆی هەلومەرجی نالەباری کوردستان و بە ئامانجی خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد و ڕزگاریی کورد لە ژێر دەستەیی و داگیرکاری دامەزراون.
لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە ، دەیان حیزب و رێکخراو و سازمانی دژ بە ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ڕژیمی پاشایەتییەوە تا ئەوڕۆی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانن دامەزراون و خەباتیان کردووە و لەو پێناو ئازادی دا گەلێک قوربانی و تێچوویان داوە، هەزاران ڕۆڵەی کورد لە کیژ و کوڕ، لە لاو و پیر، لە ژن و پیاو و منداڵ و مێرمنداڵ بوونەتە قوربانی و گیانیان بەختی ئازادی کردووە و شەهید بوون.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گەلێک حیزب هەبوون و ئێستاش لە مەیدان دان کە خەباتیان بۆ ئازادی کردووە و بە گشتی فرە حیزبی لە کوردستان باو بووە.
فرە حیزبیی کوردستان هەم خاڵی ئەرێنی تێدا بووە و هەم نەرێنی.
خاڵی نەرێنی ئەوەیە کە بە داخەوە فرە حیزبی تا ڕادەیەک بۆتە هۆی پەرتەوازەیی، لێک دوورکەوتنەوە و دابڕانن و لێک دوورکەوتنەوە و یەکنەبوونەوەی ناو ماڵی کورد و ئەوەش هەندێ جار بۆتە هۆی دروستبوونی شەڕی خوشک و برا کوژی(( خۆکوژی)) .
لە بواری ئەرێنیەوە، سیستمی فرە حیزبی، دەتوانێ پێش بە دیکتاتۆری و تاکڕەویی یەک یا دوو حیزب بگرێ و سیستمێکی دێموکرات کە باوەڕی بە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەبێ، بخوڵقێنی و ببێتە هۆی دێموکراسی.
لێ پێویستە ئێمە وەک کورد ، وەک ئامراز کەڵک لە حیزب و حیزبایەتی وەربگرین و ڕوانینی هەموومان بۆ حیزب وەک کەرەستە و ئامراز بێ و بەم شێوەیە کەڵک لە حیزب وەرگرین، با حیزبمان بە لاوە پیرۆز و موقەددەس نەبێ و تەنیا وەک ئەبزار و وەسیلەیەک لێی بڕوانین بۆ گەیشتن بە ئامانج.
پێویستە ئامانج نەکەینە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی، بەڵکوو ، حیزب پێویستە بکرێتە ئامراز لە خزمەت بە گەل و خاک و نەتەوە و نیشتمان و ئامانج.
نەتەوەی کورد پێویستە، بە دوور لە دەمارگرژیی حیزبایەتی و بە بێ بیرکردنەوەیەکی تەسکی قەتیس کراو لە چوارچێوەی یەک حیزب دا، تەنیا بیر لەوە بکاتەوە کە کورد بوون و کوردستانی بوون لێکمان نزیک بکاتەوە و کوردایەتی لێکمان گرێ بداتەوە .
شەڕی خوشک و براکوژی(( خۆکوژی)) و بێڕێزی بە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد وەک هێڵی سوور دەستنیشان بکرێن و هەوڵ بدرێ ڕەخنەی ڕووخێنەر و بێڕێزیکردن، جێگەی خۆی بدا بە ڕەخنە و پێشنیاری سازێنەر و بنیاتنەر.

ئێستا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووس ساز دا تێپەڕ دەبێ و نەخشە ی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەر لە نوێ دادەڕێژرێتەوە.
گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی کە سەدان ساڵە دابەش کراوە و خاک و جوغرافیای لە لایەن داگیرکەرانەوە، بۆتە موستەعمەرە و لە ئێستا دا سەربەخۆیی خوازی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بۆتە ویست و داخوازیی سەرەکیی گەلی کورد، بوونی بزووتنەوەیەک کە ویستی سەربەخۆییخوازی بۆ نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی ئوسوولی، مەنتقی و پلان بۆ داڕێژراو بێنێتە گۆڕێ، پێویستییەکی زەرووری و هەنووکەیی بوو.
گۆڕانکارییەکان و شێوەی فکر و ڕوانینی پان ئێرانی و شۆڤێنیمی فارس بە نیسبەب مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە فیدرالیزم و مۆدێلەکانی لەم چەشنە تەنیا بە فیڕۆ دانی کات و خەباتی نەتەوەی کوردە و ناتوانن وەڵامدەری ویست و داخوازیی ئەمڕۆیی نەتەوەی کورد بن.
هێرشی بەغدا و حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە پێوەندی بە ڕێفراندۆمی کوردستانی باشوور دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە داگیرکەرانی کوردستان تا ئەو کاتەی لە لاوازی دان، دان بە مافی گەلانی بندەست دادەنێن و هەر کات هێزیان گرت ، هێرش دەکەنە سەر کورد و هەوڵی شکاندنی کەڕامەت و شکۆی کورد دەدەن..
بە لە بەر چاو گرتنی خواستی کۆمەڵگای کوردستان و هەروەها ڕەوشی ناوچەکە و جیهان لە مەڕ سەربەخۆیی گەلان و مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێکی یاسایی و نێونەتەوەیی، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ی کوردی دامەزراوە.
بۆ بەرچاو ڕوونی و ناساندنی زیاتر سەرەتا پێویستە باسێک لە سەر فۆڕم و شێوەی پێکهاتەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازنی کوردستان بکەین.

پێڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

فەسڵی یەکەم/ پێناسەی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

ماددەی یەکەم: ناوی بزووتنەوە،بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ە و کورتکراوەی ناوەکەی بە کوردی (( بسک)) و لە ئاستی نێودەوڵەتی
KIM
ماددەی دووهەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆییخوازی، نەتەوەیی و دێموکراتە و سەرجەم سەربەخۆییخوازانی کورد لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە.
ماددەی سێهەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێ کاف و کۆماری کوردستان بنیات دەنرێتەوە.
ماددەی چوارەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، گۆڕەپانی خەباتەکەی لە چوارچێوە و جوغڕافیای کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە و لە ژێر دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە ، خەبات دەکا.
ماددەی پێنجەم: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان، بزووتنەوەیەکی سێکۆلار و لائیکە و باوەڕی بە جیایی دین و ئایین لە سیاسەت و دەوڵەت هەیە و هاوکات ڕێز لە سەرجەم بیر و باوەڕ و ئایینەکان دەگرێ و باوەڕمەندە بە مافەکانی مرۆڤی پەسەند کراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ماددەی شەشەم: ئاڕمی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان بە ئیلهام وەرگرتن لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان دروستکراوە.
فەسڵی دووهەم / چۆنیەتیی ئەندامیەتی

ماددەی حەوتەم: کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان کە باوەڕی بە سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەبێ، دەتوانێ ببێتە ئەندام.
ماددەی هەشتەم: ئەندام دەبێ باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان هەبێ و لەو پێناوە دا کار بکا و سیاسەتەکانی بزووتنەوە لە ناو خەڵک دا پەرە پێبدا.

فەسڵی سێهەم/ فۆڕم و پێکهاتە

ماددەی نۆهەم:
یەکەم: کۆنگرە
باڵاترین ئۆرگانی بزووتنەوەیە و هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێ.
هێڵی گشتی، سیاسەت و ستراتیژ و بەرنامە و پێڕەوەی ناوخۆیی لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند دەکرێ.
ئەندامانی ڕێبەری لە لایەن کۆنگرەوە و بە دەنگی ئەندامانی بەشدار بوو لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن کە بریتییە لە:
سەرۆک
جێگری سەرۆک
شووڕای ڕێبەری
ڕاوێژکارانی شووڕای ڕێبەری
ماددەی دەیەم: ئەندامانی شووڕای ڕێبەری، بەرپرسی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی بزووتنەوەن و ئەندامانی ڕاوێژکاری شووڕای ڕێبەری وێڕای بەشداری لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی ڕێبەرایەتی بە هەر سێ ئەندام وەک یەک دەنگ بۆ پەسەند کردن یا نەکردنی بڕیارەکانی ڕێبەرایەتی دەتوانن دەنگ بدەن و ڕاستەوخۆ بەشداری بڕیارەکان بن.
ماددەی یازدەیەم: شووڕای ڕێبەرایەتی و ڕاوێژکارانی شووڕا مافی ئەوەیان هەیە کە لێپێچینەوە لە سەرۆک بکەن و لە هەلومەرجێک کە بە پێویستی بزانن، دەتوانن داوای بەستنی گۆنگرەی نائاسایی بکەن.

فەسڵی چوارەم/ ئەندامانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات

ماددەی دوازدەیەم: ئەندامانی بزووتنەوە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر بە پێنج کەس شووڕایەک پێک دێنن و ئەرکە ڕاسپێردراوەکانی بزووتنەوە لە ژێر ڕێنوێنیی بەرپرسی شووڕا ، جێبەجێ دەکەن .
بەشێک لە ئەرکەکان بریتین لە : بڵاو کردنەوەی بیر و بۆچوونەکانی بزووتنەوە لە چوارچیوەی چالاکیی تەبلیغی، کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ڕەوشی ژینگە، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و … ی کوردستان، ڕێکخستنی چالاکییە مەدەنییەکان، پاڵپشتی و هاوئاهەنگ بوون لە گەڵ خەباتی چەکداری و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە خەباتی شار دا.
شووڕایەکی پێنج کەسی لە ناوخۆ دەتوانێ یەک نوێنەری بە شێوەی نهێنی بۆ بەشداری لە کۆنگرە دا هەبێ.

فەسڵی پێنجەم / ئەندامانی دەرەوەی کوردستان

ماددەی سێزدەیەم: لە هەرکام لەو وڵاتانەی ئەندامانی بزووتنەوەی لێیە، بە گرتنی کۆنفڕانس ، بە هەر پێنج کەس دەتوانن یەک نوێنەر بە کۆنگرە بناسێنن و ئەگەر لە وڵاتێک کەمتر لە پێنج کەسی لێبوو بە شێوەی ئیستسنا، لانی کەم یەک کەس وەک نوێنەری ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە، بەشداری کۆنگرە دەبێ و دەبێتە نوێنەری بزووتنەوە لەو وڵاتە و بە گشتی بەرپرسانی کۆمیتەکانی دەرەوە ، نوێنەری بزووتنەوەن لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن.
ماددەی چواردەیەم: شووڕا و ئەندامانی بزووتنەوە لە سەرجەم وڵاتان دەبێ بە شێوەی مانگانە ڕاپۆرتی کاریی خۆیان بدەنەوە شووڕای ڕێبەری.
ماددەی پازدەیەم: هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و سەربەخۆییخواز دەتوانێ داوای ئەندامیەتی و هەروەها پشتگیری و پاڵپشتی لە بزووتنەوە بکا و شووڕای وڵاتان پاش لێکۆڵینەوە بە هاوئاهەنگی لە گەڵ شووڕای ڕێبەری، پشتگیری دەدەن بە ئەندامان و لایەنگران.

فەسڵی شەشەم/ ئەرکی شووڕای ڕێبەرایەتی

ماددەی شازدەیەم: سەرجەم بڕیارەکانی پەسەند کراوی کۆنگرە لە لایەن شووڕای ڕێبەرییەوە دەخرێنە بورای جێبەجێکردنەوە و ئەوان بەرپرس و داڕێژەری سیاسەتی گشتیی بزووتنەوەن.
ماددەی حەڤدەیەم: سەرۆکی بزووتنەوە، وتە بێژی ڕەسمی بزووتنەوەیە و بەرپرسە لە سیاسەتە گشتیەکانی بزووتنەوە و هاوئاهەنگی نێوان ئەندامانی شووڕای ڕێبەری لە ئەستۆی سەرۆکە.

فەسڵی حەوتەم / داهات و سەرچاوەکانی داهات

ماددەی هەژدەیەم: سەرجەم ئەندامانی بزووتنەوە بە پێی یارمەتیی دیاریکراو بۆ هەر وڵاتێک بڕە پارەیەک وەک حەقی ئەندامیەتی دەدەن.
ماددەی نۆزدەیەم: بزووتنەوە هەوڵ دەدا بۆ دەستخستنی داهات لە پڕۆژەی جۆربەجۆری ئابووری دا سەرمایە دابنێ و ئەوە ببێتە داهات بۆ بزووتنەوە.
فەسڵی هەشتەم/ ڕاگەیاندن
ماددەی بیستەم: بۆ بڕەو دان بە بیری سەربەخۆییخوازی، بزووتنەوە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی کە سیاسەتەکانی بزووتنەوەی تێدا بڵاو دەبێتەوە چالاکیی تەبلیغی و ڕاگەیاندن دەکا
www.kurdnation.com
ماددەی بیست و یەکەم: کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کە هەوڵ دەدا دەنگ و ڕەنگی هەموو سەربەخۆییخوازانی کورد بێ لە ڕێگەی سەتەلایتەوە بڵاو دەبێتەوە.

بەشێک لە هێڵە گشتیەکان:
سیاسەتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان ، لە سەر بنەمای دێموکراسی و مافی مرۆڤ داڕێژراوە و باوەڕی بە بنەماکانی مافی مرۆبی پەسەند کراو لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە و هەروەها لە ڕوانگەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی، وەک مافێکی نێونەتەوەیی هەوڵ بۆ سڕینەوە و وەدەرنانی داگیرکەر دەدا و ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە سەربەخۆیی کوردستان.
هەروەها بزووتنەوە ، بۆ گەیشتن بە سەرەبەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، هەموو شێوەکانی خەبات لە بەرگری مەدەنییەوە تا بەرگری چەکدارانە بە مافی ڕەوا و بێ ئەملاو ئەولای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەزانێ و هەوڵی بۆ دەدا.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بە دەستەواژەی تەوایەتی ئەرزی ئێران نییە و نەتەوەی ئێران و جوغرافیای ئێران بە دەستکرد و ساختە دەزانێ و لەو باوەڕە دایە کە خاک و جوغڕافیا، زمان و فەرهەنگ و کلتوور، مێژوو و ناسنامە و شوناسی کورد لە لایەن ڕژیمە داگیرکەرەکانی ئێران و شۆڤێنیسمی فارس داگیر کراوە و سەدان ساڵە هەوڵی سڕینەوە و ئاسمیلە کردنی نەتەوەی کوردیان داوە و هەوڵەکانیشیان بەردەوامن.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بە جوغڕافیایەک بە ناوی ئێران نییە و لەو باوەڕە دایە کە ئەو جوغڕافیایە دەستکردە و لە سەر خاکی نەتەوەکانی دیکە بنیات نراوە و هەروەها نەتەوەیەک بە ناوی ئێرانی، بێ مانایە و تەنیا بە مەبەستی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی غەیرە فارس ساز کراوە
.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بۆ ئەو خاکە خەبات دەکا کە لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و بریتییە لە ئوستانەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ، لوڕستان و لەکستان و بەشێک لە خوراسانی باکوور و شاری کرماشان وەک پایتەختی دەوڵەتی کوردستان پێشنیار دەکا
.
لە ڕێگەی زمانناسان و شارەزایانی ئەو بوارە کار بۆ زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو زاراوە و بن زاراوەکان دەکرێ و هیچ زاراوەیەک بە سەر زاراوەیەکی تر دا زاڵ نابێ و میدیا و ڕاگەیاندن و کتێب و خوێندن لە ناوچەکانی سەر بە زاراوە جۆربەجۆرەکان دەبێ دابین بکرێ ، بەڵام زمانی سەرەکی و ئیداری و فەرمی زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی و زمانی دووهەم زمانی ئینگلیسی دەبێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بە پشت بەستن بە ئیرادەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ڕێگەی لۆبیگەری لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و وەدەرنانی داگیرکەران لە خاکی کوردستان دەدا .

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان باوەڕی بەوە هەیە کە هەموو ڕێکخراو و حیزبێک بە مەرجێک سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست نەدا، دەتوانێ یارمەتی لە وڵاتانی زلهیز وەربگرێ و لە گەڵ دوژمنانی ئێران دۆستایەتی و هاوپەیمانی پێک بێنێ و لە سەر ئەو بنەمایەی دوژمنی دوژمنەکەم ، دۆستی منە، پێوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێ و هاوکات ئەو ئەسڵە وەبەرچاو بگرێ کە جگە لە داگیرکەرانی کوردستان، دەکری یارمەتی لە هەموو لایەک وەرگیردرێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کورستان ، هێرشی نیزامیی وڵاتانی زلهێز بۆ لاواز کردنی ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و هەناردەکەری تیرۆریسم بە ڕەوا دەزانێ و ئەو هێرشە وەک دەستێوەردانی مرۆڤ دۆستانە ی وڵاتانی زلهێز بە مەبەستی لە ناو بردنی تیرۆر لە قەڵەم دەدا و پاڵپشتی و پشتیوانیی وەها هێرشێک بۆ سەر ئێران دەکا.

بزوووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی باوەڕی بە هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران هەیە، لەو باوەڕەش دایە کە وڵاتانی زلهێز بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئامادەن وەها هێرشێک بکەن و کورد و وڵاتانی زلهێز لەو نێوە دا خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشن ، بەڵام بزووتنەوە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بە پلەی یەکەم پشتی بە ئیرادە و ورەی نەتەوەی کورد بەستووە.
بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان پێوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئورووپایی، عەڕەبی،ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕەوا دەزانێ و یارمەتی وەرگرتن لەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان داگیر نەکردووە، بە مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆی دەزانێ و بەرژەوەندیی هاوبەش و دوژمنی هاوبەش دەتوانێ خاڵی هاوبەشی هاوکاریی دوولایەنە بێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بە دامەزراندنی فیدراسیۆنێک لە ژێر ناوی سەربەخۆییخوازانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کورد و بەرەیەکی سەربەخۆیی خواز دەدا و داوا لە سەرجەم حیزب و سازمان و ڕێکخراوە سەربەخۆیی خوازەکان دەکا کە بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و بە دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی لە دەوری یەک کۆ ببینەوە و کار بۆ ئامانجی هاوبەش بکەین.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان هەوڵ بۆ دامەزراندنی میدیایەکی سەربەخۆ و بێ لایەن دەدا تاکوو دەنگ و ڕەنگی سەرجەم سەربەخۆیی خوازانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێ و لەو پێوەندییە دا داوا لە دڵسۆزان و غەمخۆرانی کورد دەکا کە یارمەتیدەر و پاڵپشت بن.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان لە گەڵ هەموو نەتەوە غەیرە فارسەکان کە خاکیان لە لایەن ئێرانەوە داگیر کراوە خۆی بە دۆست و هاوپەیمان دەزانێ و هەوڵ دەدا لە بەرەیەکی سەربەخۆیی خوازی دا لە گەڵ نەتەوەکانی عەڕەبی ئەحواز،تورکی ئازەربایجان ، بەلووچەکان و نەتەوە کانی دیکە کە باوەڕیان بە نەمانی ئێران لە تەواویەتی خۆی دا هەیە کار بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری لە داگیرکاری بکا.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان بۆ بڕەو دانی زیاتر بە بیری نەتەوایەتی و سەربەخۆیی خوازی، ژوورێکی فکری دادەمەزرێنێ و داوا لە ڕووناکبیران، بیرمەندان، نووسەران و چالاکانی بوارە جۆڕبەجۆڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکا کە بە بێ لە بەر چاو گرتنی بیری حیزبایەتی و خۆ بەستنەوە و خۆ قەتیس کردن لە ناو حیزبایەتی دا بە نووسینی وتار و بابەت و لێدوان یارمەتیدەری سەربەستی و سەربەخۆیی و هەوڵی ڕوونکردنەوەی زیاتری نەتەوەکەمان بدەن.

بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی کوردستان
١٧ی بەفرانباری ٢٧١٨ی کوردی بەرانبەر بە ٧ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی

kurdnationbsk@gmail.com

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

SHARE
‎بابه‌تی پێشئاغاكەی لای ئێمە

‎وه‌ڵام بده‌وه‌