مەلا کەریم، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد کێیە؟/بۆ یەکەمجار لە ڕۆژی کورد بڵاو دەبێتەوە

0
3054

ڕۆژی کورد: کەریم ئەحمەد ناسراو بە “مەلا کەریم” لە ساڵی ١٨٨٥ لە شاری سابڵاغ (مەهاباد) لەدایک بووە و بە هۆکاری نادیار لە ساڵی ١٩٠١دا هاتۆتە شاری سلێمانی و لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٨دا لە شاری بەغدا، کۆچی دوایی کردووە.

لە تافی لاویدا لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی هاوشانی خۆی، لە شاری سلێمانی خەریکی بەزم و گۆرانی گۆتن بوون، ئەمە وای کردووە کە لە ناو خەڵکدا ناوبانگ دەربکات و داوای لێبکرێت کە بە مەبەستی گۆرانی وتن سەردانی ماڵان بکات، دواتریش ناوبانگەکەی ئەوەندەی دیکە پەرەی سەندووە و بەم بۆنەیەوە بەشێک لە بژێوی خۆی دابین کردووە.

لەهەمان کاتدا، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی وەک پیرەمێرد و ڕەشۆڵ ـی هونەرمەنددا پەیوەندی دۆستایەتی پەیدا کردووە و بە یەکەوە چەندین کۆڕی هونەرییان ڕازاندۆەتەوە و بە دوو قۆڵی کۆمەڵێک گۆرانییان تۆمار کردووە، تەنانەت لەگەڵ پێرەمێردی نەمردا دۆستایەتیی هەرە نزیکیان هەبووە و پێرەمێرد لە یەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی “ژیان”ـی ساڵی ١٩٣٥دا نۆکتەیەکی لەسەر مەلا کەریم بڵاو کردووەتەوە، هەروەها پێرەمێرد هۆنراوەی  گۆرانیی “بەهار-کەدەڵێن”ـی بەدەستی خۆی داوەتە مەلا کەریم، جگە لەوەی ئەم گۆرانییە بۆ هۆی دەنگی مەلا کەریمەوە بووە بە یەکێک لە سرودی قوتابخانەکانی ئەو سەردەمە، لەهەمان کاتیشدا تاکۆ ئیستا چێژی لەدەست نەداوە، کەنەک هەر ئەم گۆرانییەی هونەرمەند مەلا کەریم، بەڵکو زۆربەی بەرهەمەکانی لەلایەن گۆرە هونەرمەندانی کوردەوە دووبارە گۆتراونەوە.

مەلا کەریم، یەکێک لەو هونەرمەندە ناودارانەی کوردە کە بە ئەرشیڤێکی بچووک، پانتاییەکی فراوانی لە هونەری گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا دەستەبەرد دەکات. سەرەتا هەندێک لە گۆرانییەکانی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی گوتووەتەوە، چونکە لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەردا هاوسەردەم بوون. تەنها جیاوازییەکەیان ئەوە بووە کە ئەو لە ئێران ژیاوەو بەرهەمەکانی لە تاران خراونەتە سەر قەوان، ئەمیش لە ئێراق ژیاوەو بەرهەمەکانی لە لایان کۆمپانیاکانی ئەو سەردەمەی بەغداد: بەیزافۆن، ئۆدیۆن،…تاد تۆمار کراون.

گوتراوە کە مەلا کەریم خاوەنی پتر لە ١٢ قەوانە، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان نادیارن و تا ئێستا گوێگر و ئەرشیڤی نەتەوەی کورد، لێیان بێبەشە، چونکە یەکێک لەو هونەرمەندا بووە کە تەمەن بواری نەداوە فریای دامەزراندنی ئێزگەی کوردی بەغداد بکەوێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە چڕینی کۆمەڵێک گۆرانی و ئاوازی فۆلکلۆریی و هۆنراوەی شاعیرانی سەردەمەکەی، توانیویەتی لە جیهانی گۆرانی کوردیدا، ستایلێکی تایبەت بە خۆی جێگیر بکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەتوانین بڵێن: یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە بە کۆمەڵێک بەرهەمی کەم و ناوازەوە، ئەوەندەی دیکە ئەرشیڤی گۆرانیی کوردی ڕەنگاوەتر کردووە.

مەلا کەریم خوێندەواری هەبووە و مەلاش نەبووە و وەهاش ناوی دەرکەوتووە، بە قسەی عومەر قەزاز: “لە ساڵانی ١٩٢٧-١٩٢٨دا پیشەی مەلا کەریم دەڵاڵیی و دواتر تا مردن، ناتری حەمام بووە.”

 ناوی گۆرانییەکانی مەلا کەریم بریتین لە:

  • دەچمە سەر ناڵەشکێنی، مەقام: نەغمەی عەجەم، هۆنراوە: فۆلکلۆر
  • ئاگر بارانە، بەستە: نەغمە “ئۆرفە”یی، هۆنراوە: فۆلکلۆر
  • خانمی مەزەدار، بەستە: نەغمەی “هۆمایون”، هۆنراوە: فۆلکلۆر
  • غەزێمێ، بەستە: نەغمەی “هۆمایون”، هۆنراوە: فۆلکلۆر و دانراو
  • دڵەکەم غەمگینە، بەستە: نەغمەی مەقامی ئەفشار، هۆنراوە: فۆلکلۆر
  • لە سیلەی شێخ مەولانا، بەستە: نەغمەی سێگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر

ئەم بەستەیە لە ساڵانی بیستدا بۆ یەکەم جار بەدەنگی مەلا کەریم لەسەر قەوان تۆمارکراوەو لە شەستەکاندا بە دەنگی حەسەن زیرەک تۆمار کراوەتەوە.

  • شڵا یار، بەستە: نەغمەی سێگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر

ئەم ئاوازە بۆ یەکەم جار بە دەنگی مەلا کەریم تۆمار کراوە، دوایی مامۆستا عەلی مەردان لە ڕادیۆیی کوردیی بەغداد تۆماری کردووەتەوە.

خاسی تۆ خانمی، بەستە: نەغمەی ئەفشاری، هۆنراوە: فۆلکلۆر، دوو قۆلێ بە دەنگی مەلا کەریم و ڕەشۆڵ تۆمار کراوە

وەرگەڕێ ئاوێزانت بم، بەستە: نەغمەی سێگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر

دولبەرا، مەقام: سێگا، هۆنراوە: عەلی بەگی سالار سەعید

کەوای بەرت ماهووتە، بەستە: نەغمەی چوارگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر ئەم گۆرانییە دوو قۆڵی بە دەنگی مەلا کەریم و ڕەشۆڵ تۆمار کراوە

بەلەنجە، بەستە: نەغمەی چوارگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر

سەوزە هەی لیمۆ، بەستە: نەغمەی ڕاست، هۆنراوە: فۆلکلۆر

کاکە لە چەماو بێ، بەستە: نەغمەی سێگا، هۆنراوە: فۆلکلۆر

بەهاران، بەستە: مەقامی هوزام، هۆنراوە: عەبدوڵڵا بەگی مسباحۆلدیوان “ئەدەب”

کە دەڵێن، هەواکەی تورکییە لەسەر نەغمەی “ادار ساحلندە”، هۆنراوە: پیرەمێرد

چەند شیرینە لام، ئاواز: عەرەبییە، بەستە: نەغمەی مەقامی ڕاست، هۆنراوە: زێوەر، ئەم بەرهەمە دوو قۆڵی بەدەنگی مەلا کەریم و ڕەشۆڵ تۆمار کراوە

فەخرە بۆ ئێمە کۆردستان، ئاواز: عەرەبییە، بەستە: نەغمەی مەقامی ڕاست، هۆنراوە: زێوەر، ئەم بەرهەمە دوو قۆڵی بە دەنگی مەلا کەریم و ڕەشۆڵ تۆمار کراوە

دڵ لە دوری وەتەن، هۆنراوە: بێکەس، ئەم بەرهەمە دوو قۆڵی بە دەنگی مەلا کەریم و ڕەشۆڵ تۆمار کراوە

ئێمە کە منداڵ و نەوجەوانین، ئاواز: فارسییە، بەستە: نەغمەی مەقامی ڕاست، هۆنراوە: زێوەر.

بۆ گوێگرتن لە بەشێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە لێرە کلیک بکە

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.