لقی خوێندنی زمانی کورد، ناوێکی بێ زانکۆ لە دەفتەرچەی ئەمساڵی کۆنکوردا/لێدوانی تایبەت

0
146

لقی خوێندن بە زمانی کوردی و تورکی، یەکێک لەو سەدان بەڵێنیانەی حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێستای ڕژیمی ئێرانە کە تا ئێستاش وەک کارتێکی گەمە، کەڵکاژۆی لێوەردەگیردرێت و یاری بە هەستی کورد و ئازەرییەکان دەکرێ.

ڕۆژی کورد: وەک لە دەفتەرچەی هەڵبژاردنی بژاردە و لقی خوێندنی ئەمساڵی سەرانسەریی ئێران دەردەکەوێ، دوو لقی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی و تورکیش بە دوو  ژومارە ڕیزی، 31 و 34 و لە ژێر لقی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکاندا، لە ناو ئەو دەفتەرچەیەدا هاتووە، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش نەبوونی ناوی زانکۆکانە لە پێش ئەو بژاردانە و خوێندکارا نازانێ ئەگەر هات و دەرچوو ئەوا لە کام زانکۆی ئەو وڵاتە پان و بەرینە دەبێتە خوێندکار، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی دەرچوان بۆ هەڵبژاردنی لق و بواری خوێندن، باژێڕ و زانکۆکانە.

حوسێن تەوەکولی، ڕاوێژکاری باڵای سازمانی “سەنجش و ئاموزشی ئێران، لە وتووێژێکدا بۆ “شەهروەند” باسی لە ئەگەری هەڵبژاردنی لقی خوێندن بە دوو زمانی تورکی و کوردی لە قۆناغی کارناشی (بەکالۆریۆس) لە ساڵی داهاتووی خوێندن دا کردووە و گوتوویەتی: “ئەمساڵ لە دەفتەرچەی تاقیکاریی سەرانسەری 95دا، دوو لقی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی و تورکی هەیە و خوازیاران دەتوانن هەڵیبژێرن”.

هاتنی ناوی دوو بواری خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی و تورکی و شانتاژ و ڕێکلامی هەواڵی بەربڵاوی ڕژیم، لەمبارەوە و بە وەدیهاتنی یەکێک لە بەڵێنییەکانی حەسن ڕوحانی بە کەمینەکان لەقەڵەم دانی لە ناو زۆربەی ماڵپەڕ و ڕاگەیێنەکانی خۆیدا، لە حاڵێکدایە کە تا ئێستاش نازاندرێ کام زانکۆ ئەو ٢ لقە خوێندنەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی ئێرانی دەبێت، ئایا وەک ساڵی پار کە زانکۆی کوردستان ٤٠ کەسی لەو بەشەدا هەڵگرت، هەروا لەم زانکۆیەدا قەتیس دەمێنێتەوە یان ئەوەتا زانکۆی تری وەک ڕازی کرماشانیش ئەو بوارە لە خوێندنیان دەبێ؟

خاڵێکی تری بەرباس لەمبارەوە دیارنەبوونی ڕێژەی وەرگرتن لەو لقە لە خوێندنی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویە، تا ئێستاش دیار نیە کە چەند کەس و لە کام زانکۆ لەم بوارەدا وەردەگیردرێت،

بە ڕای خاوەن ڕایان و چەند خوێندکارێکی کورد کە ئەمساڵ لە تاقیکارییەکانی کۆنکووری سەرانسەریدا دەرچوون، ئەوە هۆکارێکە بۆ بوونی دڵەڕاکێ لەواندا بۆ ئەوەی کە نەوێرن ئەو بوارە هەڵبژێرن. ئەوان دەڵێن کاتێک کە هیوای دەرچوونی خۆیان یان ڕێژەی ئەگەری دەرچونیان لەمبارەوە نازانن، چۆن دەتوانن ئەم ڕیسکە بکەن و ئەو بوارە وەک یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی خۆیان دابنێن.

سامان.م، لەمبارەوە بۆ ڕٶژی کورد دوا و گوتی: “ئەوەی من دەیبینم تەنیا شانتاژێکی ڕژیمە کە دەیهەوێ لە ئاستی ناونەتەوەییدا خۆی پێدەربخا و نەبوونی مافی کەمینە نەتەوەییەکان لەمبارەوە کەمڕەنگ و کاڵ بکاتەوە و بۆیاغی بکات ئەگینا بە ئاشکرا ناڕوون و فۆرمالیتەیە”.

شەریف.ڕ، لەمبارەوە ڕای خۆی بۆ ڕۆژی کورد دەربڕی و گوتی: “من وەک خۆم حەزم لێیە لە بەر هەندێ هەلومەرجی خۆم ئەم بوارە لە زانکۆی ڕازی بخوێنم، چوون بۆ ئەو زانکۆیە بۆ من هەندێ ئیمتیازی هەیە، بەڵآم من کە نازانم زمان و ئەدەبی کوردی لەو زانکۆیە هەیە یان نا، دەبێ چی بکەم؟ بە دڵنیاییەوە بە پێچەوانەی حەزی خۆم، خۆی لێ دەبوێرم و ئەگەر دواتر لەو زانکۆیە ئەو بوارە هەبێ، دەبێتە گرێی سەر دڵم”.

کەژاڵ.خ، یەکێکی تر لەو دەرچوانەیە کە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “من لە مهاباد دەژیم، مهابادیش تەنیا زانکۆی ئازادی هەیە، بەڕاستیش من ناتوانم بچمە شارە دوورەکان، تێچووی خوێندن زۆرە و من جیا لە خوێندن کاریش دەکەم، ئەگەر زانکۆی ورمێ زمان و ئەدەبی کوردی هەبا بۆ من کە حەزم لە خوێندن بە زمانی خۆمە و ئاواتی لەمێژینمەوە و بەشی خۆشم تێیدا پسپۆڕم، زۆر باش دەبوو، بەڵام ئێستا ناچارم بواری تری خوێندن لە زانکۆی ورمێ کە دیارن و لێیان دڵنیام، هەڵبژێرم”.

کاوە، ف کە خوێندکار و چالاکی مەدەنیە ڕای خۆی بەو شێوە دەربڕی: “من بوونی ئەو لقە واتا تەنیا ناوێکی بێ نیشان وەک گەمەیەکی سیاسی دەبینم، دڵنیاشم ئەوە بیانوویەکە بۆ ئیسلاح تەڵەبەکان کە ئەوە بکەنە دەستکەوتێک بۆ هەڵبژاردنەکان یان بەسەروگوێی دەوڵەتدا هەڵگوتن و سێ ئەوەندە زەقی دەکەنەوە، بەڵآم ڕاستی ئەوەیە کە من تەنیا بە گەمەیەکی سیاسی دەبینم، ئەگینا لە دەفتەرچەدا دەبێ بەرچاوڕوونیی تەواو بۆ هەڵبژاردن هەبێ و پێوەرەکان و شار و ئەژمارەکان دیار بن”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت