كوردێكی تری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌نێو ریزه‌كانی داعش له‌شه‌رگات كوژرا

0
913

ڕۆژی کورد: چه‌كدارێكی تری كوردی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ناو ریزه‌كانی داعش به‌ناوی (بیلال كوردی)، له‌قه‌زای شه‌رگات كوژرا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ تائێستا چه‌ند كوردێكی‌ دیاری‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌مانگی شه‌شی ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌عیراق كوژراون، به‌پێی راگه‌یه‌ندنه‌كانی داعش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ماڵپەڕی خەندان لەمبارەوە ڕایگەیاند کە سێ لاپەڕەو ئه‌كاونتی چه‌كدارانی داعش له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، كوژرانی بیلال كوردییان له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی سنووری شاری جوانڕۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی ناوبراو بكه‌ن له‌ناو رێكخراوه‌كه‌دا.

له‌یه‌یه‌كێك له‌ئه‌كاونه‌ته‌كانی داعش له‌فه‌یسبوك كه‌ڕۆژی 24-9 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ “برامان بیلال كوردی ئه‌مڕۆ ماڵئاوایی لێكردین…”.

سوپای عیراق به‌ره‌به‌یانی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای شه‌رگاتی ده‌ستیپێكرد كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014ه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش‌و دوای دوو رۆژ‌و له‌پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوودا توانیان بچنه‌ ناو قه‌زاكه‌وه‌.

فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی عیراق سه‌ره‌تا بۆردومانی‌ پێگه‌كانی‌ داعشیان له‌قه‌زاكه‌ ده‌ستپێكرد، دواتریش سوپا‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تر به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رێكخراوه‌ پێشڕه‌وییان كرد.

به‌ڵام په‌یجه‌كانی داعش هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ بیلال كوردی له‌بۆردومانی فڕۆكه‌كان كوژراوه‌ یان له‌شه‌ڕی روبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هێزه‌ عیراقییه‌كان، هه‌روه‌ها كوژرانی ناوبراو دوای دوو رۆژ دێت له‌كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌ری قه‌زاكه‌.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌سێ قۆڵی‌ باكورو باشورو رۆژئاوای‌ شه‌رگاته‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ تكریت‌و لیوای‌ 61ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌و عه‌شایه‌ری‌ شه‌رگات به‌شداربوون‌و ده‌یان چه‌كداری داعش كوژران.

جگه‌ له‌كوژرانی بیلال كوردی، له‌ماوه‌كانی رابردوودا چه‌ند كوردێكی تری نێو داعش كه‌خه‌ڵكی باشوورو رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون له‌شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق كوژران، به‌پێی راگه‌یاندنه‌كانی داعش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

محه‌مه‌د شه‌رتی، كورده‌ “قومارچییه‌كه‌”ی ناو داعش، كه‌ به‌ (ئه‌بو عائیشه‌ كوردی) ناسرابوو و خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، له‌ 30-6ی ئه‌مساڵ‌و له‌شارۆچكه‌ی‌ حاج عه‌لی سنوری قه‌زای مه‌خمور‌، له‌ڕێی ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ خۆی به‌هێزه‌ عیراقیه‌كاندا ته‌قانده‌وه‌.

له‌و هێرشه‌دا داعش، له‌ڕێی سێ‌ خۆكوژه‌وه‌ روبه‌ڕوی سوپای عیراق بوونه‌وه‌‌و به‌پێی ئاژانسی ئه‌عماق-ی سه‌ر به‌و رێكخراوه‌، “سێیه‌م خۆكوژ كورد بوو به‌ناوی (ئه‌بو عائیشه‌ كوردی)، به‌هۆی خۆته‌قاندنه‌وه‌شی سێ‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی تێكشكاوه‌و ئه‌وانه‌ی تێیدا بوون كوژران”، به‌ڵام داعش له‌و هێرشه‌یدا زیانی گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وت‌و پاشه‌كشێی پێكرا.

شه‌رتی، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ژن‌و منداڵه‌كانی په‌یوه‌ندییان به‌داعشه‌وه‌ كردووه‌ له‌سوریا.

هاوكات شه‌وی 17-6ی ئه‌مساڵ فه‌رهاد مسته‌فا خدر ناسراو به‌ئه‌بوهوره‌یره‌، خه‌ڵكی باشووری كوردستان له‌هێرشێكی داعش بۆ  سنوری خورماتوو كوژرا.

فه‌رهاد له‌كۆتایی 2013 هه‌رێمی كوردستانی به‌ره‌و سوریا جێهێشت به‌ئامانجی په‌یوه‌ندیكردن به‌گروپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌.

كوژرانی چه‌كداره‌ كورده‌كانی نێو ئه‌و رێكخراوه‌، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پاشه‌كشێی به‌رده‌وامی داعش‌و لاوازبوونی له‌عیراق‌و سوریاو له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌پێشتر كۆنترۆڵی كردبوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت