كورد و ستراتیژیی هه‌ڵه‌ له‌ خه‌بات

0
74
ئاریتما موحه‌ممه‌دی
ئاریتما موحه‌ممه‌دی

من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ كورد له‌ باكوور دژایه‌تیی ئه‌ردۆغان بكات، پێموایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ردۆغان نییه‌ كه‌ دژایه‌تیی كورد ده‌كات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ كولتووری فاشیستیی تورك و ئه‌وه‌ سیسته‌می سیاسیی و فاشیستیی حوكوومه‌تی توركه‌ كه‌ دژایه‌تیی كورد ده‌‌كات و هه‌وڵی شۆردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كورد ده‌دات. هه‌روه‌ها بۆ ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونم كه‌ كورد نابێ ته‌نیا دژایه‌تیی حوكوومه‌تیی ئیستای ئێران بكات، به‌ڵكوو كورد پێش حوكوومه‌تی ئیستای ئێران كێشه‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ سیسته‌می پاشایه‌تیدا هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها پێش سیسته‌می پاشایه‌تیش كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمه‌كانی دیكه‌ی ئێراندا هه‌بووه‌. كه‌واتا ئه‌و ستراتیژییه‌ی كورد كه‌ ئیستا كێشه‌كان ته‌نیا به‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووكه‌یی وڵاتانی داگیركه‌ر‌ه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ پێناسه‌ ده‌كه‌م و پێموایه‌ كه‌ ده‌بێ كورد قووڵتر له‌وه‌ بیر بكاته‌وه‌ و نابێ كه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ته‌نیا به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی داگیركه‌ره‌وه‌ گرێ بدات. به‌ڵكوو كێشه‌ی هه‌ره‌ مه‌زن و هه‌ره‌ سه‌ره‌كیی كورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیركه‌ر كێشه‌ی كولتوور و ناسنامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ڕژیمه‌كانی داگیركه‌ره‌وه‌ فاشیستییانه‌ و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ هه‌وڵی له‌نێو بردنی ده‌درێت و پێویسته‌ كه‌ كورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاتانه‌ بكه‌وێته‌ وتووێژه‌وه‌، وتووێژی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ش ته‌نیا له‌ ڕێگای میدیای ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه‌ ده‌بێ، واتا له‌ ڕێگای تێڤێكانه‌وه‌ ده‌كرێ كورد ئه‌و هه‌نگاوه‌ گرینگه‌ بنێتت. هه‌نووكه‌ كورد له‌ باكووری كوردستان دژایه‌تیی ئه‌ردۆغان ده‌كات، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، ئیتر كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ نه‌، بێگومان چاره‌سه‌ر نابێ، ده‌ی بۆ كورد وزه‌ی خۆی بۆ دژایه‌تیی كردنی كولتووری فاشیستییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیه‌ ناخاته‌گه‌ڕ و هه‌وڵی گۆڕانكاریی له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی ده‌وڵه‌تی تورك نادات! بێگومان پرسی كورد له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیی و گه‌ییشته‌ ئه‌و ئاسته‌، به‌ڵام كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌رنه‌كراو ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كورد هیچ مافێكی به‌ده‌ست نه‌هێنا‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسی كورد له‌سه‌رده‌می حوكوومه‌تی ئه‌ردۆغاندا هه‌میشه‌ له‌ ڕۆژه‌ڤی گۆڕه‌پانی سیاسیی توركیه‌دا بووه‌.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بتوانین سرنجی كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌ پێوه‌ندی به‌ دۆزی كورد و مێژووی كوردستان ڕابكێشین كه‌ كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و به‌تاییبه‌ت وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست خاوه‌ن ماف و كولتوور و مێژویی تاییبه‌ت به‌ خۆیه‌تیی، ئه‌وا ده‌توانین كه‌ كێشه‌ی كورد یه‌كجار بۆ هه‌میشه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی ببه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی كورد بده‌ین، ئه‌وه‌ هه‌ركات كه‌ ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت، پێویسته‌ كه كورد جارێكی دیكه‌ هه‌وڵی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ پێوه‌ندی به‌ مافی كورد ڕێكه‌وتن بكات و به‌رده‌وام له‌ وتووێژدا بێت و ده‌بێ زانست و زانیاریی ته‌واو له‌ پێوه‌ندیی به‌ پرسی كورد به‌ ده‌سه‌ڵاتی نوێ بدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كۆمه‌ڵگای وڵاتانی داگیركه‌ر له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورددا به‌شدار بكه‌ین و ئه‌وان زانیاریی درووست و زانستییان له‌سه‌ر مێژوو و ناسنامه‌ی كورد هه‌بێ، ئه‌وكات كێشه‌كان ئاسانتر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئیستاش له‌ ئێران كورد به‌ به‌شێك له‌ فارسه‌كان هه‌ژمار ده‌كه‌ن و له‌ توركیه‌ش كورد هه‌ر به‌ توركی كێوی پێناسه‌ ده‌كرێن، واتا چه‌واشه‌كارییه‌كانی ڕژیمی داگیركه‌ر كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر مێشك و هزری كۆمه‌ڵگای باڵاده‌ست له‌ پێوه‌ندی به‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی كوردی بنده‌ست هه‌بووه‌ و پێویسته‌ كه‌ كورد ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌ و ڕاستیان بكاته‌وه‌.

پێویسته‌ ئه‌‌و به‌شه‌ له‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ خه‌بات بۆ جێگیركردنی فیدراڵی له‌ ئێران ده‌كه‌ن، پتر په‌ره‌ به‌ خه‌باتی كولتووریی بده‌ن و له‌ ڕێگای میدیاكانیانه‌وه‌ پێواژۆی چه‌مكی شارستانیانه‌ كه‌ به‌دیهێنه‌ریی ژیانێكی ئاشتییانه‌ و یه‌كسانییانه‌ له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كدا بێ بهێننه‌كایه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن كه‌ چه‌نده‌ پێیان باشه‌ كه‌ له‌ پێوه‌ندیی به‌ پرسی كورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی داگیركه‌ر وتووێژ و دیالۆگ بكه‌ن، ده‌بێ له‌وه‌ زیاتر هه‌وڵ بده‌ن كه‌ تێگه‌ییشتنی هاوبه‌ش له‌مه‌ڕ پرسی كورد له‌نێو كۆمه‌ڵگای وڵاتانی داگیركه‌ر بهێننه‌ كایه‌وه‌، ناكرێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ڕێكه‌وتن واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست وه‌ك نه‌یار و دووژمن سه‌یری كورد بكات. ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر فیدراڵیخوازه‌كان كه‌ چاره‌سه‌ری كولتووریی و تێگه‌ییشتنی هاوبه‌شی كولتووریی له‌نێوان پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بۆ دۆزی ڕه‌وای كورد مسۆگه‌ر بكه‌ن. واتا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نابێ ته‌نیا پشت به‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ببه‌سرێت، به‌ڵكوو پێویسته‌ پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستیش له‌و چاره‌سه‌رییانه‌دا به‌شدار بن.

كه‌واتا ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ له‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ نێۆڕۆكی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕووی له‌وانه‌ هه‌وڵ بده‌ن كه‌ تێگه‌ییشتنی سیاسیی و كولتووریی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌مه‌ڕ ڕه‌وابوونی ماف و داخوازییه‌كانی كورد له‌نێو مێشك و هزر و كولتووری نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا بچه‌سپێنن و له‌وه‌ تێیانبگه‌یه‌نن كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز و خاوه‌ن مافی سرووشتیی خۆیه‌تیی و پێویسته‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات دان به‌ كورددا وه‌ك نه‌ته‌وه‌ بنێن. ناكرێ سبه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات هه‌رێمی تاییبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێ، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست‌ به‌ چه‌شنێكی نایه‌كسان سه‌یری كورد بكات. نابێ چاره‌سه‌رییه‌كان ته‌نیا سیاسیی بن، ده‌بێ كولتووریی، ئازادیی و مافی ئاسایی و یه‌كسانیی مرۆڤییانه‌شی له‌گه‌ڵدا بێ.

چونكه‌ ئێمه‌ ته‌نیا كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه‌ نییه‌، به‌ڵكوو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كولتووری فاشیستیی و زێده‌خوازیی كۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاتانه‌ش هه‌یه‌. فارسه‌كانی دانیشتووی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا پتر له‌ ڕژیمی هه‌نووكه‌یی ئێران ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستن و دژی مافی نه‌ته‌وه‌یی كوردن. هه‌روه‌ها توركه‌كانی ئه‌ورووپاش پتر له‌ ڕژیمی تورك دژی ماف و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردن. ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كورد كه‌ هه‌وڵی برایه‌تیی و ئاشتیی له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ و كورددا ده‌ده‌ن، پێویسته‌ كه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌ وتووێژ نه‌كه‌ن، به‌ڵكوو ده‌بێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئه‌و وڵاتانه‌ش هه‌لومه‌رجی سازان و دانبه‌یه‌كترنان ڕێك بخه‌ن، چونكه‌ چاره‌سه‌ریی بنه‌ڕه‌تیی له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

ئه‌ردۆغان به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی پێویست بۆ گۆڕانكاریی له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری توركدا هێرشی كرده‌سه‌ر كورد و وتی كه‌ كورده‌ جیاخوازه‌كان سه‌ركوت ده‌كه‌ین و پاش هێرشه‌كه‌ش ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێ كه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵات و حوكوومه‌تی تورك دژی كورد نین، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگای توركیش دژی ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌. كه‌واتا كێشه‌ی ئێمه‌ پتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ هه‌تا ڕژیم و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كانیان. كاتێك كه‌ ده‌ڵێم پێویسته‌ پتر هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین كه‌ كۆمه‌ڵگای وڵاتانی داگیركه‌ر مێژوو، ناسنامه‌ و كولتوور و شارستانییه‌تی كورد بناسن، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ بۆ زۆر كه‌س ڕوون نه‌بێ و پێیان وابێ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به‌ سازان بگه‌ین و ڕێكه‌ویین ئیتر كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌، چونكه‌ هه‌ر هێزێك ڕای كۆمه‌ڵگای له‌گه‌ڵ نه‌بێ له‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌وام ناهێنێت و كۆمه‌ڵیش پشتی تێ ده‌كات و دواتریش ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ده‌دات.

بێگومان فارس و توركه‌كانی ئه‌ورووپا له‌ژێر كاریگه‌ریی مێدیای داگیركه‌ر و له‌ژێر په‌روه‌رده‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست نه‌ژیاون تا بڵێین ئه‌و هه‌سته‌ پڕ له‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستییه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌یانه‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی. مه‌زنترین كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌رده‌م هه‌وڵی داوه‌ كه‌ به‌ گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی داگیركه‌ر مافه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت و هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیركاریی له‌ به‌رامبه‌ر خۆیه‌وه‌ دیتووه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ریش ته‌نیا له‌ ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورد هه‌ڵسووكه‌وتی كردووه‌، كورد ده‌بێ ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێ كه‌ ته‌نیا كۆمه‌ڵێكی بچووكی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست به‌ نه‌یاری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێناسه‌ بكات. پێویسته‌ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ی كورد گشتگیر بێت و هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا تێیدا پشكدار بكرێن. هێزه‌ سیاسییه‌كانی كورد باس له‌ ئاشتیخوازیی كورد و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ن، كه‌واتا ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكانی وڵاتانی داگیركه‌ر ده‌ست به‌ وتووێژ بكه‌ن، بێگومان هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ پێوه‌ندی به‌ پرسی كورده‌وه‌ كۆمه‌ڵگای چه‌واشه‌ كردووه‌ و پێویسته‌ كه‌ كورد ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌.

به‌ڵێ كۆمه‌ڵگاكانی وڵاتانی داگیركه‌ر شاره‌زای مێژوو و شارستانییه‌تی كورد نین و زانیاریی پێویستیان له‌ باره‌ی كورده‌ پێ نییه‌. واتا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ك كورد بتوانن كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی كورد له‌ مێژوو و ڕابردووی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ تێبگه‌یه‌نین، ئه‌وا ده‌كرێ كێشه‌ی كورد به‌ ئاشتیی چاره‌سه‌ر بكرێت یانخود هه‌نگاوی ئاشتییانه‌ی بۆ هه‌ڵبگیرێت. ئه‌گه‌ر كورد مێژوو، ناسنامه‌ و كولتووری خۆی به‌ كۆمه‌ڵگای وڵاتانی داگیر بناسێنێت، ئیتر دۆخه‌كه‌ بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئاسان ده‌بێ، چونكه‌ له‌و لاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ ژێر گوشاری كۆمه‌ڵگا، به‌تاییبه‌ت كاتێ كه‌ كۆمه‌ڵگا هه‌ست ده‌كات كه‌ خه‌ریكه‌ شه‌ڕێكی نادادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر كورددا ده‌سه‌پێنن. ده‌سه‌ڵاتدارانی حوكوومه‌تی ئێراق پێش چه‌ند ساڵ له‌مه‌وه‌به‌ر وتیان كه‌ وه‌ك حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی كورددان، به‌ڵام له‌ژێر گوشاری شه‌قامداین و ناتوانین كه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌ به‌رامبه‌ر داخوازییه‌كانی كورد شل بین، واته‌ كورد له‌ ئێراق خاوه‌ن پێگه‌ی سیاسیی خۆیه‌تیی، كه‌چی تاكوو هه‌نووكه‌ش نه‌یتوانیوه‌ زانستی پێویست سه‌باره‌ت به‌ مێژوو و شارستانییه‌تی خۆی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیی ئێراق بگه‌یه‌نێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كورد پێی وابووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ كوردستان به‌ده‌سته‌وه‌ بێ ئیتر پێویست ناكات كه‌ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بۆ كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بیی له‌ ئێراق ڕوون بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ تاكوو كورد به‌شێك له‌ جوگرافیای سیاسیی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بێ، پێویسته‌ كه‌ زانست و زانیاریی پێویست له‌ باره‌ی پێناسی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی خۆی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی داگیركه‌ر بدات. بێگومان شه‌قام كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی دیكتاتۆریشدا ده‌سه‌ڵات تا ئاستێكی دیاریكراو باییخ به‌ ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات و ناتوانێت كه‌ له‌ هه‌موو بوواره‌كاندا كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ركوت بكات یانخود ڕۆڵی له‌به‌رچاو نه‌گرێت.

ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی داگیركه‌ر هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ ڕێ له‌ كورد بگرن و نه‌هێڵن كه‌ كورد په‌یامی ئاشتیخوازیی خۆی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بگه‌یه‌نێت، چونكه‌ پێیان وابووه‌ كه‌ زانست و زانیاریی له‌ باره‌ی كورد و مێژووی كوردستانه‌وه‌‌ كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی له‌ قازانجی كورد له‌سه‌ر شه‌قامی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست داده‌نێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی گوشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست. به‌ڵێ سه‌ركرده‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات هه‌بووه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی هاتنه‌سه‌ر كاری ڕژیمی هه‌نووكه‌یی ئێران داوای له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كردووه‌ كه‌ با ئیزنی پێ بده‌ن ته‌نیا نیو كاتژمێر له‌ میدیای ده‌نگوڕه‌نگی ئێرانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست سه‌باره‌ت به‌ ویست و داخوازیی كورد ڕوون كردنه‌وه‌ بدات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ئیزنی پێ نه‌داوه‌ كه‌ كه‌ڵك له‌ میدیای ئێرانیی وه‌رگرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وتووێژی سیاسیی له‌گه‌ڵ كورد كرد. واتا ڕژیم پێی باش بوو كه‌ به‌شێك له‌ مافی كورد به‌ كورد بدات به‌ڵام ئیزنی پێ نه‌دات كه‌ خۆی به‌ كۆمه‌ڵگای ئێرانیی بناسێنێت، چونكه‌ پێیوابوو كه‌ ئه‌گه‌ر مافێك به‌ كورد بدات ده‌توانێ‌ له‌ داهاتوودا ئه‌و مافه‌ی لێ زه‌وت بكاته‌وه‌ و لێی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد ویست و داخوازیی خۆی له‌ ڕێگای میدیای ئێرانییه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ئێرانیی باس بكات له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی گۆشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ركوتكردنی كورددا پشتیوانیی له‌ ڕژیم نه‌كات.

بێگومان ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن هه‌ڵقووڵاوی ناخی كۆمه‌ڵگاكانی خۆیانن و ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی له‌سه‌ر كولتووری سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و په‌روه‌رده‌ی وڵاتانی داگیركه‌ر دابنێت و خۆی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخواز، خاوه‌ن مێژوو و شارستانییه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌و وڵاتانه‌ بناسێنێت له‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی سیاسیی به‌ باشتر پێناسه‌ ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای وڵاتانی داگیركه‌ر له‌ ئاشتییخوازیی كورد و په‌یامی یه‌كسانیی خوازیی مرۆڤه‌كان تێبگه‌ن، ئه‌سته‌مه‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌ستیی فاشیستیی خۆیاندا زاڵ نه‌بن، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ره‌تا و ده‌سپێكێكی باش بۆ گۆڕانكاریی قووڵ له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت. ڕژیمی ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ركاریه‌وه‌ وتی كه‌ كورده‌كان مرۆڤكوژ و جه‌رده‌ن، توركییه‌ و سووریه‌ش هه‌مان ستراتیژییان له‌ دژی كورد له‌ پێش گرتووه‌. ئیستاش كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست هه‌مان ڕوانگه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌یان له‌ پێوه‌ندیی به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بوو كورد بیكات ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بوو پتر ڕووبه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بدوێت و ڕوونكردنه‌وه‌ بدات، به‌داخه‌وه‌ كورد تاكوو ئیستاش ئه‌مه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ مه‌زنترین هۆكاری سه‌رنه‌وكه‌وتنی كورد بووه‌. ئیستاش كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست وتووێژ ده‌كه‌ین، هه‌مان سیاسه‌تی ڕژیمه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ كورد دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، واتا ڕژیمه‌كان كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر مێشك و هزری كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له‌ پێوه‌ندیی به‌ پرسی كورده‌وه‌ هه‌بووه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش ئێمه‌ وه‌ك كورد نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ بڕه‌وێنینه‌وه‌. چونكه‌ هه‌رده‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات وتووێژ بكه‌ین و ده‌سه‌ڵات ئه‌و هه‌نگاوه‌مان بۆ هه‌ڵبگرێت. ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ به‌هۆی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌وه‌ هه‌میشه‌ نه‌یاریی سه‌ره‌كیی كورد بووه‌ و پێی وابووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كورد به‌ مافه‌كانی شاد بێت، نه‌ك هه‌ر له‌مپه‌ر بۆ ده‌سه‌ڵات ساز ده‌كات، به‌ڵكوو هێز و پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست لاواز ده‌كات.

به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ داڕشتنی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی لاوازن و له‌ جێبه‌جێكردنی تاكتیك و سیاسه‌تی ڕۆژیش زۆر په‌له‌ ده‌كه‌ن و كاتێ هندێك ده‌ستكه‌وتی سه‌ره‌تایی به‌ده‌ست دێنن، ئیتر پێیان وایه‌ كه‌ ڕژیمی داگیركه‌ر لاواز بووه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌ڕۆخێت. به‌ڵێ ڕژیمه‌كانی داگیركه‌ر له‌ زۆر بوواردا لاواز بوونه‌، به‌ڵام هێنده‌ هێزی سه‌ربازیی و پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی پێ سه‌ركوت بكه‌ن. ڕژیمی توركییه‌ش له‌ زۆر بوواری سیاسیی و ئابووریی‌دا لاواز بووه‌، به‌ڵام جارێ هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی كوردستانیی له‌ باكوور سه‌ركووت بكات و گونده‌كان و شاره‌كانیش وێران بكات، ڕژیمی ئێڕان و سووریه‌ش له‌ دۆخێكی ئاڵۆزدان، به‌ڵام سه‌ركوتكردنی كورد بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ زۆر ئاسانه‌. ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ ڕۆژئاوای كوردستان به‌ده‌ستی هێناوه‌، به‌رهه‌می ئه‌و ڕوانگه‌یه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی ئه‌سه‌د پێی وایه‌ له‌مپه‌ری سه‌ره‌كیی هێزه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی عه‌ره‌بی سوونه‌ن، چونكه‌ له‌ سه‌ركوتكردنی كورد هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هاوكاریی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌نووكه‌ ڕژیمی ئه‌سه‌د دژكرده‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر كورد له‌ ڕۆژئاوا پێشان نادات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕژیمی ئه‌سه‌د سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هێزی ئۆپۆزیسیۆنی عه‌ره‌بی سوونه‌ مسۆگه‌ر بكات، ئیتر بۆ سه‌ركوتكردنی كورد توركیه‌، ئێران و هندێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هاوكاریی ده‌كه‌ن، بێگومان ماڵ نییه‌ له‌ ماڵی كورد بۆ ڕۆخاندن ئاسان و ساناتر، چونكه‌ كورد یه‌كگرتوو نییه‌ و هه‌میشه‌ش وابووه‌ كه‌ هێزه‌كه‌ی له‌نێوان حیزبه‌كان له‌توپه‌تكراو بێ، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ كورد یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست ده‌بێ، ئه‌و ڕۆژه‌ ئاسۆی كورد ڕوون و گه‌ش ده‌بێ، ئه‌و ڕۆژه‌ش ڕۆژی ڕزگاریی و سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت