پێنج کۆڵبەر لە ورمێ بە دەستی سوپای پاسداران کومەڵکوژ کران و دەست بەسەر باری ٣٠ کاروانچی سردەشت دا گیرا

0
781

ڕۆژی کورد: هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، کە پاش مانگرتنی بەرینی خەڵكی کوردستان ناچار بە کرانەوەی کورت ماوەی یەک مانگەی سنوورەکان بوون، هەنووکە پاش تەواوبوونی ئەو یەک مانگە شەپۆلێکی کوشتاری کۆڵبەرانی کوردیان وەڕێ خستووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد، ژومارەیەک کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ، کە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سنووری شاری سەڵماس کەوتبوونە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، کۆڵبەرێکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا و ٤ کۆڵبەری دیکەشیان بریندار بوون.

ئەو کۆڵبەرە بەناوی گرمان ئەمینی تەمەن ٣٦ ساڵ و کوڕی وەحدەت کە خیزانداریش بووە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداراندا دەستبەجێ گیانی لێ ئەستێندراوە و ڕەحیم ئەمینی تەمەن ٣٣ ساڵ، کەریم ئەتمانی تەمەن ٣٨ ساڵ، کوهزاد ئەتمانی تەمەن ٢٩ ساڵ و سەمەد گوڵمحەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ، بە توندی بریندار بوون.

بە گوتەی کەسانی ئاگادار، هەتا ئێستا و پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر کوشتنی گرمان ئەمینی‌دا، هێزەکانی سوپای پاسداران، تەرمی ناوبراویان ڕادەستی کەسوکارەکەی نەکردۆتەوە.

دەگوترێ ئەو کۆڵبەرە بریندارە  کە سەرجەمیان خێزاندار و خەڵکی گوندی “دیشیوان”ی سەربە شارستانی سەڵماس بوون، لە نەخۆشخانەی ئەو شارەدا لەژێر چاوەدێریی پزیشکی‌دان و دۆخی جەستەییان نالەبار ڕاگەیاندراوە.

لەلایەکی دیکەوەو ڕۆژی سێ‌شەممە، ٥ی جۆزەردان کاروانێکی ٣٠ کەسی لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە دەشتی کەپرانی سەردەشت لەلایەن ‌هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و دەستیان بەسەر باری تێکڕای ئەو کۆڵبەرانەدا گرت.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە سەردەشت ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران وێڕای دەستبەسەر کردن و دەستبەسەرداگرتنی باری کۆڵبەران، بەڵێنیی نووسراوە “تعهد کتبی”یان لەو کۆڵبەرانە وەرگرتووە کە لە ئەگەری چوونەوە بۆ کۆڵبەری دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری “ڕۆژی کورد”ی ڕاگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران هەمان ڕۆژ ٤٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەرانیان گوللـە باران کرد.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ٣٠ کۆڵبەرە ماوەی یەک شەو لە پادگانی هەنگی مەرزیدا دەستبەسەر بوون و وێڕای لێ ئەستاندنی بەڵینی، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە شێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیاندراوە لە ئەگەری چوونەوە بۆ سنوورەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێ.

دەگوترێ سەروانێک بە نازناوی نیعمەتی لە ناوچەی سەردەشت بۆ ماوەی مانگێکە، دۆخی کۆڵبەرانی تووشی گوشارێکی زۆرتر کردووە و لە هیچ کوشتن و تاڵانێک لەمبارەوە خۆ نابوێرێ.

هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی بوونی ‌هێزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان، تێکڕای سنوورەکانی بەڕووی کۆڵبەراندا داخستووەو شەپۆلی کوشتاری کٶڵبەرانیان بەرین‌تر کردۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.