کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەخۆی سوپای پاسداران

0
573

ڕۆژی کورد: تەنیا چەند ڕۆژ دوای هەڕەشەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سەردەشت، ژومارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد درانە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کورد کوژرا.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە سەردەشت ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنج‌شەممە کۆڵبەرێک بەناوی ڕەسووڵ خەڵکی زمزیران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو و شەوی ڕابردوو لە ڕێگای ڕەبەت بۆ مهاباد گیانی لە دەست دا.

شایەتحاڵێک بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆڵبەرە لە ئەنجامی ئەو تەقە کردنەدا گوللـەیەک لە سەری دراوەو بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی پیرانشار بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

نجم‌الدین قادری، کوری کەریم و خەلكی پیرانشار شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە راگەیاندراوە کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سەر سنوور دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.

حەفتەی رابردووش کۆڵبەرێکی خەلكی پیرانشار بەناوی حوسین مەولوودخانی کە لەترسی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە رێگەی لێ هەڵە بوو، کەوتبووە نێو کێڵگەی مین و بەو هۆیەوە لاقی چەپەی لەدەست دابوو.

شایانی باسە کە حەوتوی ڕابردوو ٢٧ کۆڵبەری کورد لە خاڵی سنووریی قاسمەڕەش لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزیی سەردەشتەوە دەستبەسەر کران و پاش زەوت کرانی کۆڵەکانیان و شەوێک مانەوە لە دەستبەسەریدا، لەلایەن فەرماندەی هەنگی مەرزییەوە هەڕەشەی تەقە کردنیان لێکرابوو.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەزاران کۆڵبەر کە تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ڕۆژانەی بنەماڵەکانیان ڕوویان لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان کردووە، بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە لەلایەن هیزە چەکدارەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانیان لێ ئەستێنداوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت