دین و عەلمانیەت، سیاسەت و ئیتیک! لە کۆڕێکی “مەریوان وریا قانع” و “ئاراس فەتاح”دا

0
350

ئامادە کردنی ڕاپۆرت بۆ ڕۆژی کورد: محەمەد چاوشین

کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ،  لە ١٧/ ٥/ ٢٠١٦، کۆڕێکی بۆ ھەردوو ڕووناکبیری ناسراو:”مەریوان وریا قانع” و “ئاراس فەتاح” ڕێکخست، لەژێر ناونیشانی (دین و عەلمانیەت، سیاسەت و ئیتیک).

لەو  کۆڕەدا کە لەلایەن”ئامانج ئامینە”، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی “کتێبخانە و قاوەخانەی کولتووری سۆفیا/ قەڵادزێ” بەڕێوە چوو، سەرتا مەریوان وریا قانع قسەکانی خۆی بەو شێوازە  لەسەر سێکولاریزم (عەلمانیەت)دەست پێکرد :

“یەکێک لەشتە خراپەکانی دنیای ئێمە ئەوەیە کە لە ١٥بۆ ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ئیسلامییەکانی کوردستان، چەمکی”سێکولاریزم”یان کردووە بە شتێکی ناشیرین و گڵاو.کردوویانە بە سەرچاوەی ھەموو شتە ناشیرینەکانی دنیای ئێمە”.

ناوبراو پێی وابوو کە ئیسلامی سیاسی بەدەستی ئەنقەست دەستەواژە و چەمکە ناشیرینەکانی وەکوو : دیکتاتۆری ، نەبوونی عەدالەت، گەندەڵی و ھەموو شتە خراپەکانی دنیای ئەمڕۆیان داوەتە پاڵ سێکولاریزم.ئەم ڕوانینەش بۆ چەمکی سێکولاریزم، ڕوانینێکی سەد لە سەد ھەڵەیە.

مەریوان وریا قانع گوتی:لەبەرامبەر ئەم ڕوانینەشدا، ڕوانینێکی دیکە ھەیە کە ھەرچی شتەجوانەکانی دنیای ئەمڕۆ ھەیە دەیداتە پاڵ سێکولاریزم. نوێ بوونەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، دێموکراتیەت و فرەیی، گەشەی زانست و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیا ھەمووی دەخاتە پاڵ سێکولاریزم.ئەم دیدەش بۆ سێکولاریزم، بەقەدەر دیدی یەکەم بۆ سێکولاریزم ھەڵەیە.

بەبۆچوونی ناوبراو، سێکولاریزم نەئەوەیە نەعلەتێکی گەورەبێ، نە ئەوەشە کە ئامڕازێک بێ بۆ ڕزگاربوونی ھەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

ئەو ڕووناکبیرەی کورد لەبەشێکی قسەکانی خۆیدا، زیاتر لەسەر لێکدانەوەی ماناکانی چەمکی سێکولاریزم وەستا و ڕوونی کردەوە “یەکێک لەمانا ھەرە سەرەکییەکانی چەمکی سێکولاریزم، چۆنیەتی بیرکردنەوەیە لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دین و دەوڵەت، دین و سیاسەت، ھەروەھا دین و ژیانی گشتی.تیۆری سێکولاریزم، باوەڕی بەوە ھەیە کە دین نابێ بەشێک بێ لە ژیانی گشتی.دین دەبێ کورت بکرێتەوە بۆ شتێکی کەسی، واتا پەیوەندی نێوان تاک و خوداکەی. بەمانایەکی تر، دین لەبواری گشتی دا دەبێ دەربھێنرێت و  بگەڕێتەوە بۆ بواری شەخسی”.

مەریوان وریا قانع گوتیشی”کێشەی گەورەی دنیای ئەمڕۆ ئەوەیە کە لەھیچ سوچێکی ئەم گەردوونەدا، دین کورت نەکراوەتەوە بۆ پەیوەندی نێوان شەخس لەگەڵ خودای خۆیدا.دین کاریگەری زۆریشی لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان ھەیە”.

بە بۆچوونی ناوبراو، ئەو ڕوانگەیەی کە پێی وایە دین تەنھا دەبێ لەوەدا کورت بکرێتەوە کە پەیوەندییەکی شەخسی نێوان ئیمانداران و خودای خۆیان بێ، ئەوە ھەرگیز سەرناگرێ.دین بۆئەوەی ببێتە دینێکی سیاسی مەرجێک ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕوانگە و تێڕوانینەکانی دین نابێ بەناوی موقەدەسەوەبێت.واتا، نابێ بەناوی خوداوە قسە بکەی.

ناوبراو زیاتر ئەوباسە ڕوون دەکاتەوە و گوتی”کەسایەتییە دینییەکان دەبێ بۆچوون و ڕوانگەکانی خۆیان وەکوو”تاک”دەرببڕن نەک بەناوی فەرموودەی خودا و پێغەمبەرەوە بی گوازنەوە بۆناو ڕووبەری گشتی کۆمەڵگاوە.لەچوارچێوەی حیزبەکەی خۆیدا ئاساییە ڕاکانی خۆی بە “موقەدەس” تەماشا بکات، بەڵام کاتێک بۆچوونەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆناو فەزای گشتی، دەبێ ڕوانگەکانی خۆی وەکوو”بۆچوونێکی تاکەکەسی” پێشکەشی کۆمەڵگا بکات نەک بەناوی موقەدەسات و خوداوە”.

ھەروەھا مەریوان وریا قانع ئەوەشی گوت”دەرچوون لە کێشەی ئیسلامی سیاسی  لەکۆمەڵگای ئێمەدا، بەوەنابێ کە بڵێین دین پەیوەندییەکى شەخسی نێوان تاک و خودای خۆیەتی، کەواتە ھێزە ئیسلامییەکان دەبێ بارەگاکانی خۆیان دابخەن و ئیسلامیەکان بچنەوە بۆماڵەوە لەبەرئەوەی دین نابێ سیاسەت بکات.ئەم داواکارییە داوایەکی ناڕاست و نا دێموکراتیکە”.

لەڕوانگەی مەریوان وریا قانعەوە، داوای مەنتیقی و ڕەوا، ئەوەیە کە ئیسلامییەکان نابێ ڕوانگەکانی خۆیان وەکوو فەرموودەی خودا تەماشا بکەن و بۆچوونەکانی تریش بە  لەڕێ لادەر و ناڕاست لەقەڵەم بدەن.دەبێ ھەموو لایەک بۆچوونەکانی خۆیان وەکوو”ڕا و بۆچوون”ی شەخسی تەماشا بکەن”.

لەبەشێکی تری قسەکانی خۆیدا، مەریوان وریاقانع لەسەر چەمکی”سیاسەت”وەستا و بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو.

لەوبارەوە گوتی”یەکێک لە کێشەگەورەکانی ئێمە ئەوەیە کە ماناکانی سیاسەت کورت کراوەتەوە بۆ ناشیرین ترین شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی ئینسانی.لە وڵاتی ئێمەدا، سیاسەت کورت کراوەتەوە بۆ دزی کردن، درۆکردن، گەندەڵی، ناپاکی،خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات. ھەرچی مانای ناشیرین ھەیە، بەستراوەتەوە بە سیاسەت.سیاسەت یەکسان کراوەتەوە بەو مانایانە”.

ئەو ڕووناکبیرەی کورد پێی وابوو کە، سیاسەت بریتییە لەو  چالاکییەی کە پەیوەندی ھەیە بە ڕێکخستنی ژیانی گشتی کۆمەڵگاوە.لەھەرشوێنێکی دنیادا ئەگەر سەد کەس بەیەکەوە کۆببنەوە،ئەوسەد کەسە پێویستییان بەوەیە کە ژیانی گشتی خۆیان ڕێک بخەن.سیاسەت ڕێکخستنی ئەو ژیانە گشتییەیە.کاری سیاسەت ئەوەیە کە  ژیانەکە ڕێک بخات و بەیەکەوە ھەڵکردنێک لەناو جڤاتدا بێنێتە کایەوە”.

مەریوان وریا قانع،لەبەشی کۆتایی قسەکانیدا، بۆچوونەکانی خۆی بەم چەشنە ھێنایە زمان:”دەستکاری کردنی چەمکی سیاسەت و بەخشینەوەی مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت بەخودی سیاسەتەوە، یەکێکە لەوکارانەی کە لەدنیای ئێمەدا دەبێ ڕووبدات. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ ئێمە پێوەرێکمان لەبەردەستدابێ بۆ جیاکردنەوەی سیاسەتی باش و سیاسەتی خراپ.یان سیاسسیەکی باش لە سیاسییەکی خراپ”.

بەشی دووەمی کۆڕەکە تەرخان کرا بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی”ئاراس فەتاح” لەسەر (سیاسەت و ئیتیک).

ئاراس فەتاح سەرەتای قسەکانی خۆی، بەوە دەست پێکرد کە یەکەم وەزیفەی سیاسەت، بریتیی نییە لە دۆزینەوەی حەقیقەت.چونکە ھەرکاتێک سیاسەت کاری لەسەر درووستکردنی حەقیقەتێکی ڕەھا کرد، ئەوە دەبێتە دیکتاتۆر”.

ئاراس فەتاح گوتی”دەکرێ فەیلەسوفێک یان دیندارێک، یان نووسەرێک لەسەر حەقیقەت قسە بکات، بەڵام کە سیاسەت بووبە حەقیقەت و کاری لەسەر درووست کردنی حەقیقەتی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاری کراو کرد،دەبێ لەوە بترسین کە حەقیقەتێکی دیاری کراو،دەبێتە فۆڕمێک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا. لەوەھا دۆخێکیشدا، ئەمە دەبێتە ھۆی کوشتنی جیاوازییەکان و پلۆرالیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی”.

بەبۆچوونی ناوبراو، ئەوەی سیاسەت کە دەبێ کاری لەسەر بکات، ھێشتنەوەی جیاوازییەکانی ژیانی گشتی کۆمەڵگا و پلۆرالیزمە.ھیچ کۆمەڵگایەک نییە سەرجەم بەشەکانی لەیەک بچێت. کولتوور و گرووپەکانی ھاوشێوەی یەکتر بن، دین و مەزھەبییان یەک شت بێت.

واتا کۆمەڵگاکان لەھەرموو دنیادا، بەسەر چەندین فۆڕمی جیاوازی بەھای کۆمەڵایەتی و دینی و  ئەخلاقی و سیاسیدا دابەش بوون.بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سیاسەت، کارکردنە بۆ ڕێزگرتن لەو پلورالیزمەی کۆمەڵگا و ڕێزگرتنە لە جیاوازییەکان”.

ناوبراو پێی وابوو کە سیاسەت بە پلەی یەکەم، مومارەسەکردنی”ئازادی”یە لەناو ڕووبەری گشتی دا.سیاسەت کردەیەکی مرۆییە لە ڕووبەری گشتی دا.سیاسەت چاکەیەکی گشتییە. سیاسەت ئەوە نییە کە ھەموومان واتێکەیشتووین کە بریتییە لە چاڵ بۆیەکتر ھەڵکەن و ملشکاندنی یەکتر.ئێمەدەبێ سەرلەنوێ کار لەسەر داڕشتنەوە و پێناسەکردنەوەی چەمکی سیاسەت بکەینەوە”.

ئاراس فەتاح، دواتر کۆی قسەکانی لەناو چوارچێوەی ئەو فۆڕمەدا چڕ کردەوە کە “سیاسەت” درۆ نییە، گەندەڵی نییە، بەڵکوو کردەیەکی مرۆییە بۆ چاکەی گشتی.سیاسەت بریتییە لە ئەخلاقیات و بەرپرسیارێتی. واتا،سیاسەت بریتییە لە بەرپرسیارێتی ئەوانەی کە لەناو سیاسەتدا کار دەکەن.بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئاسایشی کۆمەڵگا و ژیان و مردنی  مرۆڤەکان”.

ناوراو نموونەی وڵاتانی ئەوروپایی ھێنایەوە کە دەوڵەت  بەرپرسیارە لەبەرامبەر تەنانەت مردنی مرۆڤەکانیش. کاتێک کەسێک دەمرێت، زۆرجار دەبێتە باس و خواسی دەوڵەت و کۆمەڵگا، کەچی لەلای خۆمان میللەتێک کۆمەڵکوژ بکرێت نابێتە بابەت.ئەوە کێشەی نەبوونی بەرپرسیارێتییە لە دنیای ئێمەدا.

ئاراس فەتاح گوتیشی”بەشێوەیەکی گشتی چەمکی سیاسەت بە دابڕان لە ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتی، مانای بێبەری کردنی کردەی سیاسەتە لە درووستکردنی چاکەی گشتییدا”.

13219974_807815206016467_1710832586_n

13220067_807815212683133_1132275256_n

13236119_807815226016465_1216133497_n

13249607_807815259349795_905286017_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌