كریس كوچیرا چی بۆ کورد کرد؟

0
901
نووسینی: عەزیز ماملێ

“كریس كوچێرا” ناوی دوو كەسه. یەکەمیان بە نێوی ” پۆل مۆبێك ” كه ڕۆژی ٣١ی مانگی ژووئیه تووشی ڕاوەستانی دڵ بوو و له ڕۆژی یەكی مانگی ئووت له نەخۆشخانه كۆچی دوایی كرد۔ ئەوەی دیكه “ئیدیت مۆبێك”، خانمەکەیەتی كه وێنەهەڵگری دامەزراوەی “كریس كوچێرایه”۔
مەڵبەندی كریس كوچیرا خاوەن ماڵپەڕی :
Kurdistan-photolibrary.org
Kurdish history image

کە ئەو ماڵپەڕە هەر بەردەوامە و لە ڕێگای وێنەکانی، مێژووی کورد دەخاتە بەر چاو و لە ڕووی ئارشیڤەوە گەنجینەیەکەی پڕبەها لە مێژوو و خەباتی کورد تێیدا کۆکراوەتەوە کە هەر دێ و زیاتر بەربڵاوتر دەبێت.
“پۆل” کە لە ناو کورددا هەر بە ناسناوی ” کریس کوچێرا ” دەناسرێت، هەرچەند به هۆی نەخۆشی “پاركینسۆن” نەیتوانی درێژه بە كاره بەنرخەكانی بدات، بەڵام له ماوەی ٤٦ ساڵ پیوەندی و تێکەڵاوی لەگەڵ بزاڤی کورد، خزمەتێکی بێوێنە وبەنرخی بە نەتەوەی کورد کرد. گرینگترین تایبەتمەندی نووسەر و ڕۆژنامەوانی وەک کریس کوچێرا لەوە دابوو کە بەردەوام و لە هەل ومەرجی گەلێک دژواردا چ لە شاخ و چ لە شار، سەردانی کوردیان دەکرد.
یەکەمجار لە ساڵی 1971 سەفه ری باشووری کوردستانیان کرد و چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیان لەگەڵ “مەلا مستەفا بارزانی” ڕێکخست و هەر لەو سەردەمەشدا لەگەڵ د.قاسملو ئاشنا بوون و ئەوەش بوو بە سەرەتای پێوەندییەکی نیزیک و درێژخایەن. لە لوبنان چاویان بە “ئۆجالان” کەوت و لە ئیتالیاش لە دۆخێکی دژوار کە ئۆجالان تێیدا بەسەر دەبرد، سەردانیان کرد و وت‌ووێژیان له گه ڵ ئاماده كرد. لە سوریا دیداریان لە گەڵ مام جەلال پێکهێنا و لە گوندی ” تووژەڵ”ی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیمانەكانیان دووپات کردەوە و لە سلێمانییش درێژەیان پێدا.
ده رئه نجامی گشت ئەو سەفەر و چاوپێکەوتن و وت‌ووێژه رۆژنامەوانیانە لە ناو مێدیاکانی فەڕەنسا و ئورووپا بڵاوکراوەتەوە کە لە خۆیدا ڕۆڵ و دەورێکی گرنگی لە ناساندنی پرسی کورد بینی وله سه ر و به ندێكدا كه بزووتنه وه ی كوردستان كه م باسی لێوه ده كرا، توانیان رەوش و دۆخی نه ته وه یه كی بێ‌دەوڵەت به لێكدانەوەی به پێز بخەنه بەرچاو و ڕای گشتیی ئورووپا و ببنە پردێک لە نێوان کورد و دونیای دەرەوە.

کریس کوچێرا لە ناو مێدیای فەڕەنسادا سەرچاوە و گەنجینەیەکی پڕبەها و باوەرپێکراو لەمەڕ دۆزی کورد بوو کە هەرکات سەبارەت بە ڕووداو یان بابەتێك ناوی کورد هاتبا گۆڕێ، ئەو جوامێرە بە زانیاری ته واو و شارەزایی چڕوپڕ وەک کوردیناس و ڕۆژنامەوانێکی بە ئەزموون بەرسڤی پرسیارەکانی دەداوە و وەک پارێزەرێکی بەتواناش هەڵسەنگاندنی بەناوەرۆكی بۆ بابەتەکان دەکرد.

کریس کۆچیرا کۆمەڵگای کوردەواریان لە ڕووی سیاسیی- کۆمەڵایەتی و تەنانەت داب و نەریت وەک بەری دەست دەناسی و هاوکات خۆشیان لە کارەسات و پەژارە وهه روەها خۆشییەکانی کوردستان بەشدار دەزانی و بە هەموو هەست و توانا چاویان لە ڕووداوەکان دەکرد و بە نووسینی وتار یا ڕوونکردنەوەیان بۆ مێدیاکانی وەک، لۆمۆند، لۆمۆند دیپلۆماتیک و گۆڤارە جیا جیاکان، دەنگی نەتەوەیەک بوون کە بە ڕۆژانە لە چەوسانەوە دابووە. گه ر مادام “میتێڕان” بۆ كورد دەنگی به دەنگان بوو له ڕاستی دا كریس كۆچیراش ده نگ و ڕه نگی شۆڕشی كورد بوو و به قەڵەم و به وێنەی كەموێنه، ده نگ و باسی كوردستانیان له ئوروپا بڵاو ده كرده وه و لەو بوارەدا گه ورەترین خزمه تیان به كورد كرد.

لە دوو کتێبی پڕناوەڕۆک لە سەر دیرۆکی خەباتی کورد بە هەر دوو زمانی فەڕەنسیی و ئینگلیزی بە لێهاتوویی بۆ خۆێنەرانی ئورووپایی مێژووی کوردیان شێ کردەوە.

هەندێک دەبێژن کە کوچیرا لە فلان لایەن یا فلان بەرپرسی حیزبی نیزیکبوون و لایەنگریان لە لایەنێکی تایبەت، بە زیانی ئەوەی تریان کردووە. چاوپێداخشاندنێکی ورد لە ناوەڕۆکی نووسراوەکان بە تایبەت لە دوو کتێب کە لە سەر مێژووی کورد نوسراوە، پێمان دەسەلمێنێ كه بە پێچەوانەی ئەو قسە وباسانە، کوچیرا وەک نووسەرێکی بێلایەن و پرۆفێشنال شرۆڤەیان بۆ ڕووداوەکان کردووە و به شێوەی ئۆبژێكتیو پەنجەیان خستۆتە سەر کردەوەکانی نالەباری بەرپرسانی کورد و لە سۆنگەی ڕەخنەگرانەوە شێکاریان کردووە.
من لە ساڵی 1999 لە دوای دەرچوونی کتێبی ” ئاله نگاری كورد یان خەونی سەربەخۆیی” كه بۆ خۆی پێشكەشی كردم، ئەو دەرفەتم بۆ هەڵکەوت کە ئەو کتێبە وەرگێرمە سەر زمانی فارسی کە پاشان بەرێز کاک حەسەن رەستگار بۆ کوردی وەریگێرایه وە. لەو کتێبەدا بە وردی تیشکیان خستۆتە سەر زۆڵم و زۆرداری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و هاوکاتیش چاویان بە سەر هەڵە و هەڵوێستە ناڕەواەکانی سەرکردایەتی کورد نه به ستووه و لێیان خۆش نه بوون، چ لە ڕۆژهەڵات یان باشووری کورستان چ ئەو کەسانە کە پیوەندی فرەتریان لە گەڵیان بووە و چ ئەوانی تر.
کریس کوچیرا لە ڕووی دڵسۆزی بەڵام، بە تووڕەیی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ جیابوونەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد و وەک نارەزایەتییەک پێوەندیان لەگەڵ هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات [ حدکا – حدک ] پچڕانبوو. سەڕەرای تکای من بۆ دیتن و چاوپێکەوتن و وت‌ووێژ كردن لەگەڵ مێدیا و تەلەڤیزیۆنەكانیان، جا له کوردستان بێ یان پاریس، به هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون لە گەڵیان دابنیشێت وپێشمەرجیان، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بوو.
كریس كوچیرا ژیانێكی زۆر ساكار و ئاساییان به ڕێوه برد، هه تا ئێستاش هه ر له كرێ نشینی دا بوون، ڕۆژێك كه لەگەڵ سەرمایه دارێكی كورد سه ردانیانمان كرد له ماڵەكەی له پاریس، برادەری كورد هەر بڕوای نەدەكرد كه مرۆێكی ئەوتۆ ناسراو و به ناوبانگ دەتوانێ و دەبی ئاوا بەتەنگدەستی و بەفەقیری ژیان بەرنەسەر۔ كوچیرا به شەرافەتمەندی ژیان و به ڕووسوری كاریان كرد هەرچەنده كه دەیانتوانی شێوەیەكی دیكه بۆ ژیانیان هه ڵبژێرن۔
ڕۆژی دووشممە 7ی مانگی ئووت واتە شەش ڕۆژ لە پاش کۆچی دوایی “پۆل مۆبێک” لە شاری “گێرێ” بە ئامادەبوون ئێدیت و کچەکەی سوازیک و نیکۆلای کوڕی و لە سەر داوای خۆی تەرمەکەیان سووتاند.
من وەک دۆست و هاوڕێیەکی نیزیکی کریس کوچیرا کە دۆستایەتیمان بۆ ساڵی 1979 لە سەر چیاکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بووم و جگە لە دۆستایەتی، بۆ دەربڕینی هەستی پێزانین لە تێکۆشانی بە کەڵکی ئەو پیاوە و خانمەکەی کە له خزمەت بزاڤی ئازایخوازی کوردستاندا بووە بە ئەرکی سەر شانم زانی کە لە گەڵ بنەماڵەکەی ئامادەی پرسه و ڕی و ڕەسمەكه بم، ئەوانیش وەک دۆست و کوردێک، بەدڵۆڤانی وەریان گرتم.
پۆڵ مۆبیک باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو و ئەوەشی بە مافێکی حاشا هەڵنەگر دەزانی و زۆر جاریش لە ساڵەکانی ڕابردوودا لە گفتگۆکانماندا باسی ئەو پرسەمان دەکرد و پێی وابوو کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا باشووری کوردستان لە عێراق جیا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ بەختەوەرانە بەشێکی چالاک لە کریس کوچیرا لە مەیدانی تێکۆشاندا ماوەتەوە و بە دەوڵەمەندکردنی وێنەکانی کوردستان درێژە بە کار و ئەرکەکانی دەدات و سەرچاوەیەکی بەنرخیشی دامەزراندووە بۆ توێژه ر و لێکۆلەری کورد و غەیری کورد.
” کریس کوچیرا هەر زیندووە “

عه زیز ماملێ
پاریس
8ی مانگی ئووتی (ئاگوست)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت