ئێران دژایەتی پاشگری دومەینی (KRD) کرد

0
154

کرد (KRD) دومەینێکی نوێیە کە تایبەتە بە کوردەکان، ئێران کە خۆی دومەینی IRی هەیە، بە تووندی دژایەتی ئەو دومەینە نوێیەی کوردەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کرد (KRD)، شناسەیەکی نوێیە لە ئینتێرنێت دا و ئاستێکی باڵای دومەین لە تۆڕی مەجازی ئینتێرنێتدا بۆ کوردەکان دەستەبەر دەکات و کەشێکی جیاواز دەخوڵقێنێ.

کۆمپانیای ئایکان کە بنکەیەکی ئینتێرنێتییە بۆ دانانی ناو، ژمارە، ئەو بنکەیە کە بنکەیەکی نادەوڵەتییە و ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، ساڵی ٢٠١٣ ڕەزامەندی خۆی بۆ پێدانیناوی  کرد (KRD) بۆ پانتایی ئینتێرنێتی بە کوردەکانی کوردستانی باشوور، دەربڕیبوو.

ناوی کرد (KRD)، ناوێکی فەرمییە کە بۆ شناسەی ئینتێرنێتی وڵاتەکان (کوردستان) داندراوە و هەر هەموو وڵاتێکی تریش بە پێی ناوی وڵاتەکەی بە پیت یان چەند پیتێکی تر، پێناسەی خۆی هەیە. تا ئێستا حکومەتی هەرێکی کوردستانی باشوور و سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ ماڵپەڕەکانی خۆیان کەڵکیان لە پاشگری کرد (KRD) وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆیتێرز، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناڕەزایەتییەکی فەرمیدا کە بۆ کۆمپانیای (ئایکان)ـی ناردووە گوتوویەتی: “ئەو کردەوەیە دەتوانێ ببێتە هۆکاری گرژی و پێکهەڵپڕژانێکی سیاسی تووند و بەربڵاو”.

شایانی باسە کە پێشتریش زۆربەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دوو پیتەکەی عێراقیان بەکار نەدەهێنا.

شایانی ئاماژەیە کە هەر چەند کوردستان کرد (KRD)ی هەیە بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیوە پاشگرێکی دووپیتی هەبێ کە تەنیا وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ببنە خاوەنی.

هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: کۆماری ئیسلامی یەکێک لە سەرەکیترین دوژمنەکانی کورد و نەیارەکانی پێکهاتنی دەوڵەتی کوردییە، هەڵبەت ئەو دوژمنایەتییە هەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەند نیە و مێژوو و بناغەیەکی کۆن و دیرۆکی هەیە و بەر لە کۆماری ئیسلامی و دوای کۆماری ئیسلامیش بوونی دەبێ. بۆیە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەر هێما و نیشانە و کردەوەیەک کە بە واتای بە فەرمی ناسینی کورد و بەرەو دەوڵەت چوونی کورد بێ، دژایەتی دەکا و لەوبارەشەوە لە هیچ کردەوە و دژایەتییەک ناپرینگێتەوە.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

مەعرووفی لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: ئەوەی جێگای داخە، تێگەیشتنی نزمی سیاسیی هەندێ لایەنی کوردی باشوورە کە تا ئێستاش یان لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون یان بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی چاوی بەرەو ڕووی راستیەکە داخستوون، ئەگینا چۆن دەکرێ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەر جووڵە و کردەوەیەک کە نیشانەی بوونی کورد و مافی  کورد بێ بە ڕاشکاوانە دژایەتی دەکا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەبەزێنێ و خۆی لە کار و باری وڵاتێکی تری وەک عێراق و بەشە فیدرالییەکەی کە کوردستان بێ هەڵدەقووتێنێ و هەڕەشەی هاتنە ئارای شەڕ و تەنگژەی قووڵی سیاسی دەکات، بەڵام لایەنە کوردییەکان کتێبی هزری خومەینی بڵاو دەکەنەوە، ناوەندی ڕۆشنبیری خومەینی لە کەرکووک دانەنێن و فەڕشی سوور بۆ تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەخەن و بەشێک لە وتار و لێدوانەکانیان بۆتە پەسنی هەندێ کەسی وەک قاسم سلێمانی؟

ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکە سیاسییە هەروەها گوتی: بەپێی هەندێ فاکتەر و شیکاری، کود لە ئەگەری ویستی خۆی و کۆکردنەوە و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی، زۆری نەماوە بەرەو حکومەت و دەوڵەت بچێت، ئێران و بگرە تورکیاش لە دۆخێک دا نین کە بتوانن دوژمنایەتی ئەو دەوڵەتە کوردییە بکەن، ئەگەر ٢٠٠٠ و ٢٠٠٣ ئەو دوو وڵاتە توانیبایان هێرش بکەنە سەر هەرێم، دۆخی ئێستای ناوخۆ و جیهانی ئیزن بەو دوو وڵاتە نادات تەنانت بیر لە هێرشێکی ئەوتۆ بکەنەوە، کەواتە باشترین کات گەڕانەوە سەر خۆ و قۆڵ هەڵماڵینە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کورد و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌