کۆریدۆری شیعە و چەند سەرنجێک/عیرفان ڕەهنموون

0
4093
عیرفان ڕەهنموون
عیرفان ڕەهنموون

نووسەر: عیرفان ڕەهنموون

بە شیێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی داعش لە بەرژەوەندیی ئێران دا نەبوە. چونکا بەشێکی بەرچاو لە خاکی عیراقی هاوپەیمانی ئێران کەوتە دەست هێزە سوونییە توندئاژۆکانی دژبەری ئێرانەوە و سوریەی هاوپەیمانیشی بەسەر سێ ناوچەی (کورد-سونە و علەوی ) دا دابەش بوە و بەهۆی جەنگی سوریەوە ، زۆرینەی موسەڵمانانی جیهان کە سوننە مەزهەبن ، بە توندی دژی ئێران هەڵوێستیان گرتوە و رژیمی تاران لە بیرورای گشتیی موسولمانانی سوننە مەزهەب دا ، بۆتە سەرەکیترین دوژمن و ئەمەش لە درێژخایەندا و لە رووی ئیدئۆلۆژیکەوە ، پێگەی رژیمی ئێران بنکۆڵ دەکات. ئێران کە لەژێر باری گرانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکاندا پشتی چەماوەتەوە ، زۆرترین تێچووی جەنگی سوریە دابین دەکات و پێشبینیی دەکرێ کە ئابووریی ئیران توانای ئەم گشتە قەیرانەی نەبێت و لە ئایەندەیەکی نزیکدا ، دووچاری رکوودێکی سەختی ئابووری بێتەوە.

لەژێر رۆشنایی ئەو دیمەنەدا ، دەبێ بەدوای ئەو پرسیارەدا بگەڕێیین کە ستراتیژیی ئیران لە جەنگی راماڵینی داعش دا چیە و بە چ شێوازێک دەخوازێ بەرژەوەندییە ژیئۆ پۆلتیکەکانی بپارێزێ؟

ئێران بەو ئاکامە گەشتوە کە رەوتی رووداوەکان لە بەرژەوەندیی ئەو دا نیە و بۆ پاراستنی لانیکەمی بەرژەوەندییە ژیۆسیاسیەکانی ناچارە لە رێگای کردنەوەی کۆریدۆرێکەوە ، قوڵایی ستراتیژیی خۆی بپارێزێ و هیلالی پارچە پارچە بووی شیعە لێک ببەستێتەوە.

بە پێیی راپۆرتی رۆژنامەی ” گاردییەن ” ، رژیمی تاران بە نیازە کۆریدۆرێک لە تارانە وە بۆ پایتەختی عێراق و لە وێشەوە بۆ کوردستانی باشوور(شەنگار ) و لەوێشڕا بەرەو رۆژئاوای کوردستان(قامیشلوو و کوبانی ) و لەوێشەوە تا حەلەب و ئەدلێب و حومس تا دەگاتە سەر دەریای مەدیتەرانە. ، بکاتەوە .

ئەم کۆریدۆرە هەم لە بواری لۆژستیکی سەربازی و هەم لە رووی ئابوورییەوە گرنگییەکی ستراتیژیکیی گەورەی هەیە و تەنیا نەخشەیەکە کە دەتوانێ وا بکات ، رژیمی ئێران لە گۆڕانکارییەکانی پاش بەهاری عەرەبی دا، رەنج بە خەسار نەبێت.

ئەم نەخشەیە هەرچەند گرنگییەکی ستراتیژیکیی بۆ رژیمی ئێران هەیە ، بەڵام پیادەکردنی کۆمەڵێک لەمپەری جدی لەسەر رێیە. گرنگترین لەمپەر ” پارتی دیموکراتی کوردستان “ە . چونکا ئەو کوریدۆرە دەبێ لە ” شەنگار”ەوە تێپەڕێ و ئەو شارەش ، بەدەست پارتی دیموکراتەوەیە.

ئا لێرەوەیە کە دەتوانین لە ناکۆکیی “پەکەکە” و ” پارتی ” لە سەر “شەنگار ” تێبگەین. هەر لێرەشەوەیە کە دەتوانین خوێندنەوە بۆ مەیلی “یەکیەتیی نیشتیمانی” بۆ پایتەختی عێراق بکەین. هەر ئەم خاڵەیە کە “پەکەکە ” هان دەدا لە ” شەنگار ” نەکشێتەوە و هەوڵ بدات لە نێو ئیزەدییەکانی شەنگار دا ، لقی نوێ بۆ پەکەکە بتاشێ و حکومەتی شیعەی عێراق بە ئاماژەی ” قاسم سولەیمانی” ناچار بکات ، مووچەی هیزی سەر بە پەکەکە لە سەر بودجەی ” حەشدی شەعبی ” دابین بکات. هەر لێرەشەوەیە کە تێیدەگەین بۆ ” عەبادی ” سەرەکوەزیرانی عێراق داوا لە تورکیە دەکات هێزەکانی لە ” باشیک ” بکشێنێتەوە و تورکیەش دەڵێ لە ژێر هیچ گوشارێکدا ،ئامادە نیە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات. هەر ئەم هاوکێشەیەشە کە پێنج پارتی باشووری کوردستانی ناچار کرد کە لە راگەیەندراوێکدا ، داوای پاشەکشەی هێزەکانی تورکیا بکەن بە بێ ئەوە ی بە ئاماژەیەکی کورتیش بووبێ ، باسی بوونی هێزێکی چەندین هەزار کەسیی رژیمی ئێران لە باشووری کوردستان و عێراق دا بکەن.

پێم وایە ئەوەی کە دەتوانێت هێزی یەکلاکەرەوەی پێکناکۆکیی نێوان ( پارتی-عەرەبستان – ئیسرائیل ) و (ئێران -عێراق – سوریە و پەکەکە ) بێت لەسەر ئەم کوریدۆرەی کە ئێران نەخشەی بۆ کێشاوە ، “روسیە ” یە. ئەگەر” روسیە ” بەلای ئێران دا بکەوێ ، تورکیە و عەرەبستان ئیسرائیل و رۆژئاوا دەکات بە دوژمنی خۆی و ئەوەش بۆ روسیە ئاسان نیە لەم قەیرانە ئابوورییەی کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتوە و دەتوانێ تەگەرەش بخاتە سەر رێکەوتننامەی واژۆکراوی” وزە” لەگەڵ تورکیەدا کە گرنگییەکی ستراتیژیکیی بۆ ئەو وڵاتە هەیە. پێویستە ئەوە ش بڵێین کە سیاسەتی روسیە چ لە سەردەمی سۆڤیەت و چ لە سەردەمی “پوتین ” دا ، نیشانی داوە کە لە زۆربەی کاتدا ، ئەو وڵاتە ، هاوپەیمانەکانی دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی و ئێرانیش باش ئەو راستییە دەزانێ و بەدووریش نازانرێ کە ئەم جارەش ئەو سیاسەتە پەیڕەو نەکات.

ئەگەر ” پارتی کرێکارانی کوردستان ” ببێتە بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی ئیران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست و لە “شەنگال ” و “رۆژئاوای کوردستان ” دا و رێخۆشکەری پراکتیزەکردنی کۆریدۆری بەستنەوەی هیلالی شیعە پێکەوە بێت ، ئەوە قسەی رکەبەرەکانی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دا ، بەراست دەگەڕێ کە چەندین ساڵە ئەوە دەڵێن کە ئەو پارتە بۆتە بەشێک لە پلانە ناوچەییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا و بەتەواوی پێگەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا لەدەست دەدات و ئیدیش ناتوانێ لەسەر پشتیوانیی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردانی رۆژئاوا حیساب بکات و بەو سیاسەتە قومار بە چارەنووسی رۆژئاوای کوردستانیشەوە دەکات. قومارێک کە ئەگەری دۆڕاندنی ، سەدهێندە لە بردنەوەی زیاترە.

رەنگە پێش کۆتاییهاتنی ئەم ساڵ ، چارەنووسی ئەو کۆریدۆرەی کە ” قاسم سولەیمانی” بە فەرمانی “خامنەیی” بۆ بەستنەوەی هیلالی شیعە لە رێگای خاکی کوردستانەوە بۆی راسپێردراوە ، یەکلایی بێتەوە و بۆ ئێمەی کوردیش روون بێتەوە کە ئایا کورد هێشتا وەک سەردەمی میرنشینەکانی ” بابان و ئەردەڵان” لە بیاڤی هیژموونیی سەفەوییە ئەمێستاکە نوێکان و عوسمانییە ئەمێستاکە نوێکان دا سیاسەت دەکات یان لە مێژووی کارەساتباری رابردوو ، وانەیەک فێر بوە و چیدی نابێ بە دەستەچیلەی ئاگری بەرژەوەندیی داگیرکەران و دەتوانێ بیسەلمینێ کە شایستەی ” ئازاد ژیانە” ؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت