كۆنسێرتە هونەرییەكان لە بن سێبەری دیكتاتۆردا

0
154
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی

ڕەسووڵ سوڵتانی

ماوەیەكە بەردەوام ئیجازەی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكان لە ئێران پووچەڵ دەكرێنەوە و هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئاوڕدانەوە لەو مەسەلەیە پێویستیی بە وردبوونەوەیەك لە ناخی دیكتاتۆر هەیە، ئاخۆ دیكتاتۆر بۆچی ڕقی لە هونەرە؟

دیكتاتۆرەكان بە پێچەوانەی ئەوەی دەریدەخەن كە لە هیچ شتێ ناترسن بەڵكو لەسەر ئەو باوەڕەن نەك هەر گیانلەبەرەكان بگرە چەرخی گەردوونیش بە ویستی ئەوان هەڵدەسووڕێ، لە ناخی خۆیاندا كەسێكی ترسنۆكن.  دیكتاتۆرەكان لە ڕەوتی بەدەسەڵاتگەیشتن و حوكمڕانیی خۆیاندا وردە وردە دێنە سەر ئەو باوەڕە كە ئەوان تاكێكی جیاواز لە خەڵكن و بژاردەی سروشت و هەڵبژاردەی هێزێكی بانسرووشتین و لە ڕووی ئاستی ئەقڵ و تێگەیشتنەوە خۆیان لە هەموو كەسێك پێ ژیرترە و لەو سۆنگەیەوە دەخوازن هەمووان ملكەچیان بن بەڵام ئەوان وەڵامدەری هیچ یاسا و ڕێسایەك نەبن، چونكە هەموو شتەكان لە پلەی خوارەوەی خۆیان دەبینن. بەڵام هەر ئەو دیكتاتۆرانە ترسێكی سامناك لە دڵیاندا هێلانەی كردووە. ترس لە هۆشیاریی خەڵك، ترس لە پرسیار و ترس لە ویستی ئاڵوگۆڕ. هەر بۆیە بە هەموو تواناوە بەرەنگاری ئەو دەستە و تاكانە دەبنەوە كە بیر دەكەنەوە و پرسیار دەكەن و پرسیار دەخەنە مێشكی خەڵكەوە و ئەو مێشكانە دەورووژێنن كە دیكتاتۆر حەز دەكا هەمیشە سڕ و كەسیرە بن.

دیكتاتۆر لە ڕواڵەتدا هونەری خۆش دەوێ، ئامادەیە ملیۆن ملیۆن دۆلار بۆ سیمینار و كۆنفرانس و كۆڕی ئەدەبی و هونەری خەرج بكات، بەو مەرجەی لە هیچكامەیاندا دێڕێكی ڕەخنەگرانە و هۆشیاركەرەوانە نەبێ. دێڕێك نەنووسرابێ كە مێشكێكی نوستوو بەخەبەر بێنێ…

لە ڕوانگەی دیكتاتۆرەوە شاعیرانی جگە لە شاعیرە مەداحەكانی دەوروپشتیان، لە وشە و كێش و سەروا ئامێرێكی وا دروست دەكەن لە گوێن ئەو ئامێرەی پیرەپیاوەكان بە كۆڵیانی دا دەدەن و كۆڵانەوكۆڵان دەگەڕێن و چەقۆ و مقەست و چەكوشی پێ تیژ دەكەنەوە بەڵام ئامێرەكەی شاعیر لە بری چەقۆ و مقەست و چەكوش، بیر و هزری خەڵك تیژ دەكاتەوە، هەر بۆیە دیكتاتۆر ئەمر دەكا هەم شاعیر و هەم ئامێرەكەی بشكێنن…

پاش هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشێكی هەرە زۆری شاعیر و نووسەر و گۆرانیبێژ و مۆسیقارە ئازادیخوازەكان یان ئەوەتا بەرەو هەندەران ڕۆیشتن و لە غەریبی سەریان نایەوە، یان لە نێوخۆدا بەبێ دەنگی دانیشت، ئەوانەش كە هەر دەستیان لە چالاكی هەڵنەگرت یان ئەوەتا وەك محەمەد موختاری و پوویەندە و هاوڕێكانیان كەوتنە بەر چەقۆی ئیتلاعات و لەتوكوت كران، یان بەرهەمەكانیان خرانە بەر چەقۆی سانسۆری كاربەدەستانی ئیرشاد، یان ئەوەتا لە ماڵەوە دایانناون تۆز و خۆڵیان لێ دەنیشێ بەو هیوایەی دیكتاتۆر بمرێ و دەرفەتی چاپیان بۆ بڕەخسێ.

گۆرانیبێژەكانیش، یان ڕایان كردە هەندەران، یان لە ناوخۆی وڵات خۆیان بە شێوازە سوننەتییەكەی گۆرانی و مۆسیقاوە خەریك كرد، یان ئەوەتا هەموو جارێ ڕۆژێك بەر لە پێشكەشكردنی كۆنسێرتەكانیان لایەنێكی سەرووی یاسا لێیان هەڵدەوەشێنێتەوە. چونكە كۆنسێرت دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك لە دەوری یەكتر كۆ ببنەوە و چەند ساتێك بەخۆی و دوور لە خەفەتی ژیان و نان بژین. دیكتاتۆر لەوەش تۆقیوە. ئاخر هەموو هەوڵی سیستەمەكەی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی خەڵك لەبەر خەمی نان فریا نەكەون لە دەوری یەكتر كۆ ببنەوە و تاوێك بە دڵخۆشی بژین و بتوانن بیرێك لەو سیستەمە بكەنەوە…

بەڵام دیكتاتۆر تا كەی دەتوانێ دیكتاتۆر بێ؟ ئاخۆ تا ئەوكاتەی خۆی دەیەوێ؟ یان تا ئەودەمەی خەڵكەكە شوكرانەبژێرانە لە سێبەریدا دەژین و دەنگ ناكەن؟

بە دڵنیاییەوە بێدەنگیی خەڵك و شوكرانەبژێریی خەڵك بەو وەزعەی تێیدا دەژین، بەشێكە لە ئاواتی دڵی دیكتاتۆر و هاوكات فەلسەفەی بەردەوامیی دیكتاتۆر هەر لەوەدایە… بە كورتی چۆنی حەزت لێیە و خۆت دەتەوێ بەو شێوەیە حوكمت بەسەردا دەكەن…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت