گوڵاڵە شەرەفکەندی: رێگەیان نەدا لەسەر پرسی ژنان قسە بکەم

0
1165

کۆنگرەی شازدەی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کۆتایی پێهات و وەک گرنگترین بابەتی ئەو کۆنگرە بەندی دوو دەورە سکرتێری لە پەیرەوی نێوخۆیی ئەو حیزبە لابرا و بۆ سێهەم جار خالید عەزیزی وەک سکرتێری گشتیی حدک هەڵبژێردرایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژی کورد گۆڕانێک لە ئەندامی رێبەریی حدک ڕووی نەداوە و سەرجەم ئەندامی رێبەریی کۆنگرەی پازدە جارێکیتر لە کۆنگرەی شازدە هەڵبژێردرانەوە.
گوڵاڵەی شەرەفکەندی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی ڕەخنەی گرتبوو کە ڕیگەیان نەداوە باسی پرسی ژنان لە کۆنگرە دا بکا و نووسیبووی:” ئیعتراف دەکەم کە لە ساڵۆنی کۆنگرەی شازدەی حیزبدا لەسەر مەسەلەی ژنان تەنانەت بە زۆری پێنج دەقەیان وەخت پێداوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ ماڵپەڕی رۆژی کورد گوڵالە شەرەفکەندی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کومیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات و جێگری بەرپرسی پەیوەندی نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە تەنیا سێ کەس دژی لابردنی بەندی دوو دەورە سکرتێری بوون و ئەو بەندە بە زۆرینەی دەنگ لە پەیرەوی نیوخۆیی حدک لابرا و بۆ بەشدارانی کۆنگرە تەنیا مەسەلەی گرنگ پرسی سکرتێر بوو، ئەویش تەنیا باسی بەرێز خالید عەزیزی بوو، بۆیە هیچ کام لە باسەکانی دیکەی کۆنگرە گرنگی ئەوتۆیان پێ نەدرا.

گوڵاڵە شەرەفکەندی لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ رۆژی کورد ڕایگەیاند: یەکێک لەو پرسە گرنگانە پرسی ژنان بوو کە هاورێیانی کۆنگرە پێیان وانەبوو ئەو باسە گرنگە بۆیە کاتیان نەدامێ.
سەبارەت بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی خالید عەزیزی وەک سکرتێری گشتی حدک، گوڵاڵە شەرەفکەندی گوتی: ” ئەوە گرنگ بوو کە تەنیا سێ دەنگی موخالیف هەبوو، هەموو بە تێکڕا دەنگیان بە لابردنی بەندی دوو دەورە سکرتێری دا و ئێستاش بەرێز عەزیزی کە لە لای خەڵک لە نێوخۆ زۆر خۆشەویستە، سکرتێری حیزبە.”
لە وەڵامی ئەوەی کە کاک خالید عەزیزی بڕیاری دابوو خۆی کاندید نەکاتەوە و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە کەسێکی دیکە بە تایبەتی ژنێک ببێ بە سکرتێر و ناوی جەنابت بۆ ئەو پۆستە لەسەر زاران بوو، گوڵاڵە شەرەفکەندی ڕایگەیاند: ” وەک ژن بەراستی بە پێویستی دەزانم ئاڵوگۆڕی وا ڕوو بدا، من وەک خۆم ئەوە بە ئەرکێکی پیرۆز دەزانم.

 یەکەم؛ لە حاڵی حازردا ئەو ئیمکانەم نییە لەبەر ژیانی شەخسی، خۆم بۆ وەها ئەرکێک کاندید بکەم، ئەوە بۆ من زیاتر وەک ژێستێکی سیاسی وابوو، چونکە پێم وانییە هیچ کام لە حیزبەکانی ئێمە بۆ ئەو مەسەلەیە ئامادە بن.

دووهەم؛ ئەوەی کە من پێویستیم بە یارمەتی و پشتگیری هاورێیانم هەیە بۆ فێربوون و خۆئامادە کردن بۆ وەرگرتنی وەها ئەرکێک کە پێم وایە هاورێیانم جارێ سیقەی وام پێ بکەن.

سێهەم؛ فەزای سیاسی کورد، قەت ژنێک لە وەها پۆستێک بە جیدی ناگرێ، بیر بکەوە سکرتێرێکی ژن قەرار بێ سەردانێک بکا، مادام ژنێکی کوردە کەس بە جیدی وەرناگرێ.
ناوبراو گوتیشی: “ئەو مەیدانە جارێ ئامادە نییە تەنانەت بۆ گوێ گرتن لە ژنان، چۆن دەتوانێ باوەڕ بکا ژنێک دەتوانێ وەها بەرپرسایەتییەک وەربگرێ.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.