کۆنفڕانسی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بروکسێل بەڕێوە چوو

0
799

ڕۆژی کورد: ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی لە بروکسێلی پایتەختی وڵاتی بێلژیک کۆنفڕانسێک بە بەشداریی نەتەوەکانی کورد، عەڕەب ، تورکی ئازەری و بەلووچ بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانس کە لە ژێر ناوی ” بەربەرەکانی لە گەڵ تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ” بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدار و سەفیر و باڵوێزی وڵاتانی عەڕەبی و ئورووپایی بابەتیان پێشکەش کرد و بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان لە هەمبەر چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ تیرۆریسمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد.

سەرجەم بەشداران لەو باوەڕەدابوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لەوەی کە بۆخۆی ڕاستەوخۆ کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا ، پاڵپشتی و پشتگیریی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانیش دەکا و پێویستە هەموو وڵاتان بەرەنگاری ئەو ڕژیمە ببنەوە .

لە سەرەتا دا حەبیب جەبر سەرۆکی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی عەڕەبی ئەلئەحواز ((  حرکە النضال العربی التحریر الاحواز )) بابەتێکی گرینگی لە پێوەندی بە تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد و هەروەها داوای کرد کە لە ئێستا دا پێویستە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکگرتوانە کار بۆ ڕووخانی ئەو ڕژیمە بکەن.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانس دا جەماڵ پوورکەریم بابەتێکی گرینگی لە پێوەندی بە تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد‌:

جەماڵ پوورکەریم کە بابەتەکەی لە ژێر ناوی ڕووخانی ڕژیمی ئێران زامنی سەقامگیریی ناوچە و جیهانە باسێکی لە پێوەندی بە کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی دا پێشکەش کرد و گوتی: ئەگەر چاو لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی هەر کام لە سەرۆک کۆمارەکانی ڕژیمی ئێران بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە لە بیر و ڕا و ئیدۆئۆلپژیک بوون دا هیچ جیاوازییەک لە نێوانیان دا نییە و هەر هەموویان بڕەو بە تیرۆر و ترس و تۆقاندن دەدەن ، بۆیە تەنیا ڕێگە چارەی گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیی نەتەوەکان کە خاکیان لە لایەن ئێرانەوە داگیر کراوە هەوڵدانە بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژیمە .

ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانس واتە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ژانویە تەرخان کرابوو بۆ باس لە سەر نەتەوە غەیرە فارسەکان واتە ، کورد، عەڕەبی ئەحوازی و تورکی ئازەری.

کۆنفڕانسی ڕۆژی دووهەم کە لە ژێر ناوی نەتەوەکانی غەیرە فارس لە ئێراندا بەڕێوە چوو لە سێ پانێل پێک هاتبوو:

پانێلی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ عەڕەبەکانی ئەلئەحواز کە تێیدا کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتیی ئەحوازی بەشدار بوون و ڕا و بۆچوونی خۆیان لە پێوەندی بە خەبات و بەربەرەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئیران هێنایە بە باس ، عەڕەبەکانی ئەلئەحواز بە گشتی پێداگریان لە سەر سەربەخۆیی بۆ ئەلئەحواز دادەگرت و گوتیان ویستی خەڵکی ئێمە لە ئەلئەحواز سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆی ئەلئەحوازە.

لەو پانێلە دا ڕۆژنامەنووسی ناوەندی ڕۆژی کورد ، ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی دوو پرسیاری گرینگی هێنایە بەرباس، عەبدوڵڵاهی لە پرسیارەکانی دا گوتی: ئێوە تا چەند باوەڕتان بە خەباتی چەکدارانە هەیە و تا چەند توانیوتانە ناو ماڵی خۆتان بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێک بخەن ؟ پرسیارەکان لە لایەن فەیسەل عەبدولکەریمەوە ولام درانەوە و ڕایانگەیاند کە ئێمە باوەڕی قووڵمان بە خەباتی چەکداری هەیە و هەوڵەکانیش بۆ یەکخستنی ناو ماڵی حیزبەکانی ئەحوازی بەردەوامن.

پانێلی دووهەم کە لە لایەن ساڵح کامڕانیەوە بەڕیوە دەچوو  تەرخان کرابوو بۆ تورکەکانی ئازەری و لەو پانێلەشدا باس لە شێوەکانی خەبات و گیر و گرفتەکانی بەردەم تورکەکان لە ئێران دا کرا و سەرجەم حیزب و کەسایەتیەکانی ئازەریش پێداگریان لە سەر ئەوە کردەوە کە خواستی گەلی ئێمە سەربەخۆییە و هەوڵ بۆ وڵاتی سەربەخۆی ئازەربایجانی جنووبی دەدەین.

پانێلی سێهەم کە لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کوردەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو لە لایەن ڕۆژنامەنووس ئەردەڵان عەبدوڵڵاهیەوە بەڕێوە چوو.

پانێلی سێهەم بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ شەهیدانی ڕێگەی رزگاریی کوردستان و دواتر سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

لە سەرەتا دا ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی باسێکی تێرو تەسەلی لە پێوەندی بە هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕەوشی کورد لە هەر کام لە پارچەکان پێشکەش کرد ، لە باسەکەی عەبدوڵڵاهی دا ئاوڕ لە دۆخی نالەباری عفرین و بەرخودانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا و هەروەها ڕەوشی کورد لە کوردستانی باکوور و دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئەردۆغان و دۆخی کوردستانی باشوور و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و خەیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبر درایەوە ، بەڕێوەبەری پانێلەکە لە پێوەندی بە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وێڕای باسکردن لە مێژووی خەبات و بەرخودانی گەلی کورد لەو پارچەیە ئاماژەیەکیش بە راسان و خەباتی چەکدارانە کرا.

پاشان جەماڵ پوورکەریم چالاکی سیاسیی کورد باسێکی لە پێوەندی بە ویست و داخوازیی گەلی کورد لە ئێراندا پێشکەش کرد؛ پوورکەریم لە باسەکەی دا وێڕای ئاماژە دان بە فتوای جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد باسی لەوە کرد کە گەلی کورد لە کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە بەرگری چەکداریی کردووە و نەک خەباتی چەکدارانە ، چونکە گەلی کورد لە ناو خاکی خۆیدا بووە و دوژمن هێرشی کردۆتە سەر و کوردیش بە ناچاری و بۆ دیفاع و بەرگری کردن لە خۆی دەستی بۆ چەک بردووە ، لە درێژە دا جەماڵ پوورکەریم گوتی : پێویستیی هەنووکەییە کە هاوکات لە گەڵ گەلی کورد ، نەتەوەکانی دیکەش بەرانبەر بەو ڕژیمە کەڵک لە شێوەی خەبات و بەرگریی چەکدارانە وەربگرن ، بۆ ئەوەی ڕژیم سەرجەم هێزەکانی تەنیا لە کوردستان دا موتەمەرکیز نەکا و بەم چەشنە کار بۆ لاوازکردن و ڕووخانی ئەو ڕژیمە بدرێ.

دواتر عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان باسێکی بە زمانی عەڕەبی پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی بەم چەند خاڵەی خوارەوە کرد.

١ – سەرەتا سوپاسی هاوکاری خەڵکی ئەحوازی کرد بۆ لێقەوامانی کارەساتی زەلزەلە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، و داوای پشتیوانی بەردەوامی نەتەوەکانی بندەستی کرد لە یەکتر بە پێجەوانەی ویستی ڕێژیمی ئێرانی و فارسی داگیرکەر.
٢ – پیرۆزبایی کردنی حەفتاو دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە زمانی عەرەبی و لەگەڵ کورتە باسێک لە سەر ئەو رۆژە گرنگە.
٣ – گرنگی پێکەوە کاردنی نەتەوە بندەستەکان لە ئاست وڵاتانی عەرەبی و ئوروپی و ئەمریکی و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهانەوە.
٤ – باسێک لە سەر زوڵم و زۆر و جیناتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کوردستان
٥ – باسێک لە سەر مەترسی بوونی حکومەتێکی بەهێزی ئێرانی و فارسی لە درێژای مێژووی پێشتووتر و ئەگەری داهاتووش.
٦ – باسێک لە سەر دەستپێکردنی چالاکی هاوبەش لە چەندین وڵاتی دەرەوە.
٧ – باسی خۆپێشاندانەکانی ئەم دوایە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەچی دروشمێک بەڕێوە چووە.
٨ – باسێك لە سەر پیلانی ڕێژیم بۆ تێکدانی پێوەندی نێوان لایەن و نەتەوە بندەستەکان، گۆڕینی ناوی شار و ناوچەو دەریا و ئاو ورووبارەکان بە فارسی. هەوڵدان بۆ نەهێشتنی زمانی دایک و پووشاکی ڕەسەنی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە.

لە درێژە دا بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک باسێکی چڕی پێشکەش کرد ، کە بەشێک لە پەیامەکە بەم چەشنە بوو:

لە پاش ڕزگاریی باشووری کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ی زایینی و هەروەها هاتنە ئارای بزاڤی بەناو ئیسڵاحخواز لەنێو ئێران، حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە بۆ ماوەی نزیک به ٢٠ ساڵ خەباتی پێشمەرگانەی خۆی ڕاگرت و چاوەڕوان بوو کە ئاڵوگۆڕێکی وەها لە ئێران بێتە ئاراوە کە هەم گەلانی ئێران بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن و هەم گەلی کوردیش بتوانێ لە رێگەی وتووێژ و دیالۆگەوە پرسی کورد چارەسەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پاش شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان کۆماری ئیسلامیی و عێراق خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات ئەوە بوو کە مادام رێژیم توانیویەتی لە پاش ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق ئامادەیە سوڵح بکات، بۆ ناتوانێ لەگەڵ گەلی کورد ڕێک بکەوێ؛ بەڵام بەداخەوە وڵامی ئەو نیازپاکییەی حیزبی دێموکرات شەهیدکردنی ڕێبەری ناوداری گەلی کورد دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” بوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە کۆتایی ئەم پەیامەشدا هاتووە:
تەنیا زامنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا نایەکگرتوویی خەباتی هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە ئێمە ئاواتەخوازین ئەو یەکگرتووییە لە خەبات هەرچی زووتر بێتە ئاراوە تاکوو تەخت و تاجی ڕێژیمی خوێنمژ ودژی گەلی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە کۆتایی پێبێت و گەلانی ئێران و تەنانەت گەلانی ناوچەش بتوانن بە بێ ترس و تۆقاندن و تێرۆر و جەنایەت بە ئاسودەیی بژین.

لە درێژەی پانێلی سێهەم دا عەلی نیک ڕەوش وەک زیندانیی پێشووی سیاسی باسێکی لە سەر جینایەتەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد.

دواتر لە ڕێگەی سکایپەوە ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی سویسەوە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلی بە زمانی ئینگلیسی لە پێوەندی بە ڕەوشی مافی مرۆڤ پێشکەش کرد:

هەڵمەت مەعڕووفی ڕاپۆرتێکی چڕی لە پێوەندی بە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە پێشەکش کرد و بە شێوەی ئامار و داتا ڕێژەی ئێعدام ، زیندان و دەستبەسەرکردنەکانی باس کرد و گوتی: ڕژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو خەریکە مافی مرۆڤ پێشێل دەکا

پاشان شوعەیب دانیش پەژوو  بە زمانی فارسی وتارێکی لە پێوەندی بە ویلایەتی فەقێ و داگیرکاریی رژیم پێشکەش کرد.

دانش پەژوو لە باسەکەی دا وێڕای ئاماژە دان بە نەتەوە و نەتەوە سازی و هەروەها جوغڕافیای دەستکردی ئێران گوتی: ڕژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە کە زمان و ناسنامە و فەرهەنگ و مێژووی گەلانی بن دەست بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکا و بەم شێوەیە هەوڵی لە ناو بردنی ئەو نەتەوانەی داوە ، لە درێژەی بابەتەکە دا هاتووە کە کۆماری کوردستان لە مەهاناد لە لایەن ڕژیمی پاشایەتیەوە سەرکوت کرا و دواتر گەلی کورد کە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی سیستمی پاشایەتی بەشدار بوو لە لایەن خومەینیەوە فتوای جیهادی بە دژ دەرکرا ، لە کۆتایی بابەتەکە دا دانش پەژوو ئاماژەی بەوە دا کە ئەو گەلانەی دەکەونە ژێر باری ستەم و زۆرداری تا وەدەست هێنانی مافەکانیان دەست لە خەبات هەڵناگرن و ئەو رژیمە دیکتاتۆرانەی مافی ئازادیخوازان پێشێل دەکەن مەحکوومن بە نەمان و ڕووخان

دواتر ئەوین پوورکەریم بە زمانی فەڕانسەوی بابەتێکی لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامی ماکەی تیرۆر پێشکەش کرد،

ئەوین پوورکەریم لە بابەتەکەیدا وێڕای باسکردن لە تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەو ڕژیمە لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک حەشدی شەعبی لە عێڕاق م حوسیەکان لە یەمەن، حەماس و حیزبوڵڵا و تەنانەت ئالقاعیدە و تالیبان ئاماژەی بەوە دابوو کە هاوکات لە گەڵ هەناردە کردنی ئینقلابی ئیسلامی و تیرۆر خەریکی دەستێوەردان لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی جیهان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی دایە .

پوورکەریم لە وتارەکەیادا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لەوەی مەترسیە بۆ سەر مان و مەوجوودیەتی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ ، عەڕەبی ئەحوازی ، تورکی ئازەری و نەتەوە بندەستەکانی تر لە ئێران دا بەڵکوو مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڤین ، چونکە ئەو ڕژیمە لە هەوڵ دایە کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا و جا لێرە دا مەترسیی گەورە ئەوەیە کە رژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەناردەکەری تیرۆرە ، ئەگەر دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا ، چ کارەساتێکی جیهانی ڕوودەدا ، گومان لەوە دانییە کە دەست ڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی واتای ئەوەیە کە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی جیهان دەبنە خاوەنی ئەو چەکە و کەڵکی لێوەردەگرن .

ئەوین پوورکەریم لە بەشێکی وتارەکەی دا باسی لە کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئورووپایی کرد و تیرۆری ڕێبەرانی کورد ، شەهیدان  د. قاسملوو و د، شەڕەفکەندی وەک نموونە هێنایە بەر باس .

دوایین بەشدار بووی پانێلی سێهەم سەعید باخی بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و مودیری ماڵپەڕی ژینگەوان بوو . سەعید باخی لە پێوەندی بە ڕەوشی ژینگە لە ئێران دا وتارێکی چڕ و پڕی پێشکەش بە بەشداران کرد :

باغی لە سەرەتای  وتەکانیدا باسی لە ڕۆڵی مافیایی سپای پاسداران لە تێکدانی ژینگەی کوردستان و دەستبەسەردا گرتنی سەرجەم جمگەکانی ئەم بەشە گرنگە و هەروەها دروست کردنی دەیان بەنداو و گواستنەوەی ئاوی شارەکانی کوردستان بۆ شارە غەیری فارسەکان، سووتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن دەستو پێوندییەکانی سپای پاسدارانەوە، ویشک بوونی گولی ورمێ و دۆخی تاڵاوەکانی کوردستان، گۆرینی کابری دارستانەکان، دەستبەسەر کردن و بەند کردنی چالاکی ژینگەپارێزی کرد.

هەروەها باسی لە دروست کردنی چەندین بەنداو لە سەر رووباری کاروون و هاموون لە احواز و بلوچستان و مەسەلەی خۆڵبارینەکان و هەروەها گواستنەوەی ئاوی ئەم رووبارانە بۆ شارکانی ناوەندی ئێران و کۆچی خەڵکی ئەم ناوچە بە بۆنەی ویشک بوونی ئەو رووبارانەوە کرد.

باغی لە درێژەی باسەکەی خۆییدا باسی لە گرفتی راو و قاچاخی پەلەوەرەکان لە شۆماڵی ئێران و هەرەها قاجاخی دار و لە ناو چوونی سەدان هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچە کرد.

پانێلی سێهەم بە پرسیار و وەڵامی بەشداران کۆتایی پێهات و بە دوای ئەویش دا بەیاننامەی کۆتایی کۆنفڕانس بە سێ زمانی ئینگلیسی ، فارسی و عەڕەبی لە لایەن هەریەک لە ساڵح کامڕانی وەک تورکە ئازەریەکان، جەماڵ پوورکەریم وەک کورد ، یەعقووب حوڕ وەک عەڕەبەکانی ئەحواز پێشکەش کرا ،

کە کاكلی بەیاننامەکە بەم چەشنە بوو:

  • هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە کە دەتوانێ بریتی بێ لە سەربەخۆیی نەتەوەیی
  •  باوەڕ بە بەرابەری نەتەوە ژێر دەستەکان و پێویستیی هاوکاری و خەباتی هاوبەش بۆ درباز بوون لە چنگ ئیستبدادی ڕژیمی ویلایی ئێران
  • دوژمنی هاوبەش کە هەمان ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و تێیدا ڕەگەز پەرەستی لە سەر بناغەی ناوەند گەرایی دامەزراوە  دەتوانێ بۆ نەتەوەکان ببێتە زەمینە کار و خەباتی هاوبەش
  • سەرجەم نەتەوەکان لە سەر ماهیەتی تیرۆریستیی ڕژیم کۆکن و باوەڕیان وایە کە کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان بە تایبەتی لە سووریە ، یەمەن، عێڕاق و لوبنان و … دا دەستێوەردان دەکا و بۆتە ماکە و ڕاهێنەر و هەناردەکەری تیرۆر و تۆقاندن
  • نەتەوە زوڵم لێکراوەکان ئەو ڕەواییەیان هەیە کە بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاری لە داگیرکاری لە هەموو کەرەستە و شێوەکانی خەبات کەڵک وەربگرن
  • نەتەوەکان مافی ڕەوای خۆیانە کە کار و هاوکاریی هاوبەش و چەند لایەنە لە گەڵ هێزەکانی ناوچەیی و نیونەتەوەیی کە دژ بە سیاسەتەکانی رژیمی ئێرانن بەڕێوە ببەن
  • ئامانج لەو کۆنفڕانسە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشە پێکهاتوو لە نەتەوە ژێر دەستەکانی خاک داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە
  • هەروەها ئامانج ئەوەیە کە چالاکیی هاوبەش لە ئاستی نێونەتەوەیی بۆ وەدەست هێنانی پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەکان بەڕێوە بچی و ئەوەش پێویستی بە هاوئاهەنگی و خەباتی هاوبەش لە بەرەی هاوبەشی نەتەوەیی دایە

پێویستە بگوترێ پانێلی سێهەم کە تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو ، لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کورد بەڕێوە چوو و هەروەها بەیاننامەی کۆتایی کۆنفڕانس لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کورد، حیزبی حرکە النضال و حیزبی سەربەخۆیی خوازی ئازەربایجانی جنووبی ئامادە و پێشکەش کرا و کۆی گشتیی کۆنفرانسەکەش بە سەرپەرەستیی حرکە النضال العربی التحریر الاحواز رێکخرابوو.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.