ئارام مودەڕسی: بەداخەوە ناکۆکی نیوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وایکردووەکۆماری ئیسلامی لە سیاسەتەکانی خۆیدا سەرکەوتوو بێ

0
866

ناوەندەی هەواڵدەریی باس نیوز له‌ زمانی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، بنکە سەربازییەکەی سوپای پاسداران دەکەوێتە نزیک چیای سوورێن لە شاری سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی و ئێستاش فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.

سەرکردەیەکی کورد، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، کە سوپای ئێرانی لە ڕۆژی 7ی مارسی 2016ـەوە دەستی بە دروستکردنی بنکە سەربازییەکە کردووە.

بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو باسە لەگەڵ ڕۆژنامە نووس و چالاکی سیاسی و یەکێک لە هەڵسووڕاون و بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رێزدار “ئارام مودەررسی” وت و وێژێکمان کردووە کە سرنجتانی بۆ ڕادەکێشین .

ئارام مودەڕسی
ئارام مودەڕسی

ڕۆژی کورد: بەرێز ئارام مودەڕسی ئێوە تا چەند ئاگاداری ئەو دەستتێوەردانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەن و هەستیار بوونی ئەو هەڵوێستەی دەسەڵاتی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

مودەڕەسی: دەستێوەردانی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان بابەتێکی تازە نییە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت لەو کاتانەدا کە ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی باشوور زیادی کردووە و هەروەها باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک لە دۆخێکی ناجێگیر و نالەباردا بووە، ئەوە بە تایبەت باڵی سەربازی ڕژیم و بە دیاریکراوی سپای پاسداران و لق و پۆپەکانی ئەو سپایە هەوڵیان داوە لە ڕێگای ڕێکخستن و جووڵاندنی تیمە تیرۆریستییەکان و تەنانەت لەشکرکێشی بەئاشکراش ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات و ئەندامانی حیزبەکان. سەبارەت بەو هەواڵە دیاریکراوە بەڵێ ماوەیەکی زۆرە سپای پاسداران هەوڵ دەدا لە ناوچەسنووریەکان، بنکەیەکی موشەکی دامەزرێنێ و ئەوە ماوەیەکە بە کردەوە خەریکی دامەزراندنی ئەو بنکە سەربازییە و هەروەها نۆژەنکردنەوەی هێندێک لە سەنگەر و مەنهۆڵەکانی سەردەمی شەێی نێوان ئێران و عێراق ـە. ئەو سیاسەتە سەربازییەی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا درێژەی کامڵبوونی ئەو بلۆکبەندیەیە کە بۆ پاڕاستن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا و ناوچەکە لە هەموو عێراق بەڕێوەدەبرێ و گرێدراوی گەلێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکییە و بێگوومان ئامانجی جۆراوجۆری بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە کە یەک لەوانە دەتوانێ مەترسی ڕاستەوخۆ بێ بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ کە بنکە و بارەگاکانیان لە باشووری کوردستانە.

ڕۆژی کورد: کۆمەڵە بەشێکی زۆری ئەندام و چالاکی سیاسی لە پارێزگای سلێمانیە، بەڵگە نەویستە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش کردنە سەر حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵە لەو هەرێمەیە ئێوە پلانتان بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی چیە؟

مودەڕسی: تیرۆر و ڕەشەکوژی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی جەستەیی نەیارانی سیاسی وەک سیاسەتێکی سەرەکی و پیلانێکی بەرنامەبۆدارێژراو ئیتر پێناسەیەکی حاشاهەڵنەگری و بەرچاوی کۆماری ئیسلامییە کە لەگەڵ هاتنەسەرکاری ئەو ڕژیمە بەبەردەوامی ڕەچاوکراوە و لەهەر شوێنێک بۆی لوابێ تەنانەت لە دڵی ئوروپادا دەستی نەپاڕاستووە، بێگوومان لە باشوری کوردستانیش کە بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی سیاسی و نەندامانی حیزبە سیاسیەکان نیشتەجێن، ئەو ڕژیمە بەبەردەوامی بە دژیان لە چالاکی دابووە،لە هەمووی ئەو ساڵانەدا ئێمە هەوڵمانداوە خۆمان و ئەندامانمان لە زەبری تیرۆر و ڕەشەکووژیی کۆماری ئیسلامی بپارێزین و بێگوومان و بەتایبەت لەو قۆناغەدا کە ناوچەکە بە گشتی قۆناغیکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر تێپەردەکا ئەوە ئێمەش هەموو هەوڵەکانماندا دەدەین کە بە ناسینی تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بابەتەدا خۆمان و هاورێیان و دۆست و ئەندامانمان بپارێزین.

رۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێک کە لە هێزی خۆی بۆ کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی ترۆر و رەشەکوژی بەردەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە ئایا دانانی بنکە و بارەگای نیزامی لە خاک و لە ژێر سەروەری وڵاتێکی دیکە کە باشووری کوردستانە نابێتە بەستەرێک بۆ ئەوەی گیانی کادر و پیشمەرگە لە مەترسییەکی جییدیتر لە جاران بێ ؟

مودەڕسی: پەرەپێدانی سیاسەتی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم لەلایەن کۆماری ئیسلامییە ڕاستەۆخۆ گرێدراوی هەل و مەرجی نێوخۆی ڕژێم و پێگەی نێونەتەوەی ئەو ڕژیمەیە. بۆ نموونە لە یەک ساڵی ڕابردوودا سەرەرای هەراوهوریای تەبلیغاتی بەڵام ئێمە شاهیدی هیوابراوی زیاتری کۆماری ئیسلامین بەرامبەر بە پرۆژەی ئەتەمی  و ئاکامی رێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژئاوا،هەر بەو پێیەش بە ئاشکرا لە سیاسەتی ناوچەیی رژیمدا باڵادەستی باڵیکی دیاریکراو واتە باڵی خامنەیی دەبیندرێ و ئاکامەکەشی حوزوور و بوونی بەرچاوی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ناوچەکەدایە، بێگوومان ئەوەش مایەی مەترسی زیاتر بۆسەر تێکۆشەرانی سیاسی.

ڕۆژی کورد: دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە پرس و بابەتەکانی سیاسی هەرێمی کوردستان کە زۆر جار لە زاری وتەبێژەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی ڕاگەیاندراوە کە ئەوان بۆیان هەیە دەستێوەردانی باشووری کوردستان بکەن، لەلایان دەسەڵاتی کوردییەوە پارچەکردارێکی شیاوی خۆی ئەنجام نەدراوە لە هەمان کاتیشدا گرینگی بە پاراستنی گیانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی بەڵێنیدرواو خۆی وەروو نەخستووە هەموو ئەو بابەتانە ئاماژەن بۆ مەترسییەکی زیاتر، کۆمەڵە لەو بواردەوە چ بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێ؟

مودەڕسی: ئێمە نابێ لەبیرمان بچێ یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی و تەڕاتێنی هێزە جۆراجۆرەکانی لە هەرێمی کوردستان شکاندنی غوروور و سەروەری و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە و بەتایبەت بە زیاتر ئاڵۆزکردنی پرسەکان و نانەوەی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی باشوور هەمیشە هەوڵی داوە جێگا پێی خۆی قایم بکات و لە ڕاستیدا نەک وەک هەرێمێکی سەربەخۆ و وخاوەن سەربەخۆیی ئیداری و سیاسی، بەڵکوو هەمیشە وەک سەنگەرێک بۆ ململانێی ڕۆژئاوا و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان و دوور خستنەوەی کێشە و ململانێکان لە ناوخۆی کەڵکی لێ وەرگرتووە، بەتایبەت کە ئێستا پرسی ڕێفراندووم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ئارادایە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی جیددی دایە بۆ لەبار بردن و بە لاڕێدابردنی ئەو پرسە. ئێمە وەک حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەمیشە هەوڵمانداوە پەردە لەسەر ئەو سیاسەتەی ڕژێم لادەین و بیروڕای گشتیمان لێ ئاگادار کردۆتەوە و بەتایبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا زۆر بە جیددی مەترسییەکانی حوزووری سەربازیی کۆماری ئیسلامیمان لە عێراق و سیاسەتی پرچەککردن و ڕێکخستنی شیعەکانی عێراق و کارتێکردنەکانی داهاتووی ئەو پیلانەی کۆماری ئیسلامیمان بە دەسەڵاتدارانی باشوور ڕاگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە و بە تایبەت ناکۆکی و کێشەنێوخۆییەکانی هێزەسیاسییەکان خۆیان و ئەو جەمسەربەندییە ناوچەیەی کە لە ئارادایە و هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە وای کردوە کە کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووتر بێ.

ڕۆژی کورد: کۆمەڵە، ڕێکخراو و لایەنە نێو نەتەوەییەکان چۆن لە مەترسی ئەو پیلانەی دەسەڵاتی تاران ئاگادار دەکاتەوە؟

مودەڕسی: لەو بارەوە بەڕاستی ئێستا ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم ئێمە وەک کۆمەڵە چ هەنگاوێک لەو بارەوە هەڵدەگرین،بەڵام بێگوومان لەگەڵ خۆئامادەکردنی زیاتر و تۆکمەتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک، هەوڵ دەدەین لە ڕێگای نوێنەرایەتیەکانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات ناوەەند و کۆر و کۆمەڵە جیهانێکان و لە مەترسییەکانی حووزووری نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بە گشتی و هەرەوها ئامانجی شەڕخوازانەی ئەو ڕژیمە لە ڕێگای بەزاندنی سنوورەکان و دامەزراندنی بنکە و پێگەی سەربازی لە سەر سنوور بە تایبەتی ئاگادار بکەینەوە، هاوکات هەوڵدەدەین لەڕێگای دۆستان و ناوەندەکانی مەدەنی و جەماوەری و ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان، مەترسییەکان و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان لە قاو بدەین و بەمجۆرە بتوانین گوشارێکی جەماوەری بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەو هێزە بخەینەرێ.

ڕۆژی کورد: بنکە و بارەگاکانی کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە پێویست دەکا رێنمایی کۆمەلێک یاسا و رێسای ئەمنییەتی زیاتر بکەن بۆ ئەو مەبەستە دانانی ناوەندێکی ئەمنییەتی لە نێو لایەنەکانی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات کە پێویستییەکی هەنووکەین ئایا کارێکی بۆ کراوە یان دەکرێ ئەوە گرینگی پێبدرێ؟

مودەڕسی: لەوبارەوە پێویستە بڵێم چەند ساڵێکە هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنییەتی لە نێوان حیزبەکاندا هەیە و ئەگەرچی بە بەردەوامی و وەک کارێکی رووتین و سیستماتیک نا،بەڵام کۆبوونەوە لە نێوان ئۆرگانەکانی ئەمنییەتی حیزبەکاندا هەیە،بەڵام سەبارەت بۆ پرسە منیش لەسەر ئەو بروایەم کە زۆر پێویست و گرینگە کە ناوەندێکی هاوبەش لە نێوان هەموو حیزبەکاندا پێک بێ و بە هاوبەشی و هەماهەنگی یەکتر هەنگاوەکانی خۆپاڕاستن و خۆرێکخستن بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەر رەچاوبکرێ،بەتایبەتی کە ئێمە دڵنیاین کۆماری ئیسلامی بۆ زەربەلێدان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە دەرفەت دەگەرێ کە ئاڵۆزی ناوچەکە  و پێگەی کۆماری ئیسلامی مەترسییەکانی ئەو دەستوەشاندن و زەربەلێدانەی زیاتر کردووە،بۆیە پێویستی وەها هاوئاهەنگییەکی ئەمنییەتی لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زیاتر هەستی پێدەکرێ.

ڕۆژی کورد: رێزدار مودەرسی سپاس بۆ کات و ڕاتان ئەگەر شتێکی پێویست هەیە کە لە پرسیارەکاندا ئاوڕی لێنەدراوەتەوە تکایە بفەرموون.

مودەڕسی: منیش زۆر سپاسی “ڕۆژی کورد “دەکەم بۆ ئەو دەرفەتە و بۆ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و خۆشحاڵم کە چالاکی و هەوڵەکانتان جێی خۆی گرتووە و وەک ناوەندێکی هەڵسوور و پرۆفیشناڵی خەبەری جێکەوتوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.