کۆماری ئیسلامی،کۆتێزی ئیسلامی شاهەنشاهی و تێرۆریزم

0
463

سەرەتای نۆستالۆژیایەک پڕ لە خوێنمژین بۆ تاک لە رۆژهەڵاتی کوردستان

12696053_819356911541862_1000027967_nهادی عەزیزی

لە هەموو کۆمەڵگایەکدا،لە رووی فەلسەفەی سیاسییەوە کاتێک نرخاندن بۆ کۆمەڵگا دەکرێت،لایەنی بەڕێوەبەری کۆمەڵگا بە خاوەن تێز(هزر)ناوزەد دەکرێ کە لە هەمان کاتیشدا ئانتی تێز(دژە هزر)ە بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەر بیرۆکەیەک کە بیهەوێ کۆمەڵگا داگیر بکات.لە بەرامبەردا ئەو بیرۆکە نوێیەی کە دەیهەوێ دەست بە سەر کۆمەڵگادا بگرێت،لە لایەن خاوەنەکانییەوە(تێئۆرسییەنەکان)بە تێز ناو دەبردرێ و بیرۆکەی لایەنی حاکم لە سەر کۆمەڵگا بە ئانتی تێز دەزانرێت،کە وابوو بە پێوانەی فەلسەفەی کۆمەڵناسی،تێز و دژە تێز هەر دووکیان دەتوانن جێی خۆیان بگۆڕنەوە،ئەویش روانگەی دیار لە لایەن دەسەڵات و هێزی بەرهەڵستکار ئەو قۆناخە دیاری دەکات.هەر لە ئەو پەیوەندییەدا لایەنێکی دیکەش بوونی هەیە کە لێرەدا مژاری باسی ئیمە نییە،ئەویش پەیدا بوونی دژەتێزە لە ناو لایەنی بەرهەڵستکار کە ئەم حاڵەتە زۆر جار لە ناو وەدواکەوتنتی شۆڕش و داڕێژەی سیاسیدا سەر هەڵدەدا.

لە ساڵی 1978ی زایینی کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد،حکوومەتی ئێران لە تەمەنی نیوسەدەیی ئاکادمی بوونەوەی خۆیدا بوو،چوونکە وەک  پێناسەی حکوومەتی ئەوکات و بیرمەندانی فارس و نەتەوەی سەردەست،سەردەمی رەزاخان بە سەردەمێکی زێڕین ناو دەبەن کە توانی بە پتەوکردن و داڕشتنەوەیەکی سیستماتیک خزمەتێکی گەورە بە پان ئیرانیسم و وڵاتی ئێران(ئێرانێکی فارس)بکات.

کاتێک بیرۆکەی ئیسلامی بە هەر جۆرێک کەوتە ململانێ لە گەڵ بیرۆکەی شاهەنشاهی،لە سەرکەوتنی شۆڕشی 1978دا،دیارە نەیتوانی سیستمی پێشوو لە خۆیدا بهاڕێ.هەر بۆیە هەندێک ناو و پاشگر و پێشگریان بە لق و پۆپەکانی سیستمی پێشوو زیاد کرد کە لەوانە “شا” بوو بە “ویلایەتی فەقیه” و”سازمان” گۆڕدرا بە “وەزارەت” و کۆماری ئیسلامی لە ترسی داڕێژەکانی سازمانی سیا کە لە کاتی خۆی لە نۆفێل لۆشاتۆ خومەینییان تێگەیاندبوو و هەر وەها لە بەر پاراستنی جێگە و پێگەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیه،چەند بازنەیەکی دیکە وەکوو “ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری” و “ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران” و هتد،دامەزران.بابەتێکی گرینگ کە لێرەدا پێویسیت بە ورووژاندنی دەکات،دانانی رێکەوت و مێژوویە کە وەک خشتەیەک،کە باس لە لایەنێکی گرینگ لە ئایدۆلۆژیا و سیستمی حوکمڕانی دەکات.لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا،کاری رۆژانەی حکوومەت لە سەر ئەساسی “هیجری شەمسی” لێک دەدرێتەوە،کە کۆتێزێکە لە خشتەی مێژووی ئیسلامی و شاهەنشاهی.وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا،بیرۆکەی ئیسلامی نەیتوانی هزری پێشوو بسڕێتەوە،هەر بۆیە بە پێی ئەو مێژووە بناخەی ئیسلام لە رووی هەتاوەوە لێک دەدرێتەوە کە بە پێچەوانە لە وڵاتانی عەڕەبی لە رووی مانگەوە ئەژمار دەکرێت،کە لە مێژوووی ئێراندا،هەتاو برییتییە لە وڵاتی خۆر کە لە هەموو دەورەکانی سیستمی پاشایەتی لە ئێراندا بە روونی دیارە.

ئەو لایەنەی دیکە کە پێویستە لێرەدا باسی لێ بکردرێ،تێرۆریزمە،کە لە کۆماری ئیسلامیدا رووخسارێکی درەوشاوەی هەیە کە بەردی بناخەی دەگەریتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی کە چەند گرووپێکی تێرۆریستی بە بەرنامەیەکی لە پێش داڕێژراو،لە فەلەستین و سوریا و لیبی پەروەردە کرابوون،کە دواتر ئەرکی پێکهێنانی “کۆمیتەی شۆڕش” و “دادگای شۆڕش” یان پێسپێردرا هەتا خومەینی و رژیمی ئاخوندی بپارێزن.لەوانە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆریست مستەفا چەمڕان و گرووپە لوبنانییەکان،تێرۆریست ئەبوو شەریف(عەباس زەمانی) و گرووپە فەلەستینییەکان،مەهدی هاشمی و ئیسفەهانییەکان و سادقی خەڵخاڵی بکەین کە تەنانەت لە ناو خۆشیاندا بۆ بەدەست هێنانی مەقام و کورسی،دەستییان کرد لە کوشتنی یەکترنەپاراست،کە لە کوشتنی موتەهەری و مەدەنی و بەهەشتی و هەتا بەند کردنی مونتەزەری و کەڕووبی و مووسەوی درێژەی هەیە.لایەنی بەرچاوی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە بەستێنە نێونەتەوەییدا دیار دەکەوێ،کە کە بە دەیان کەسی سیاسی و پسپۆڕ و شارەزایان تێرۆر کرد کە لە سەرووی هەمووانەوە تێرۆری رێبەرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەر چاوە،ئەو سیستمە ئاژاوەگێڕ و تێرۆریستییەی ئێران کارێکی وایکردووە کە لە ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامیدا،زۆربەی ڕێبەرەکانی ناتوانن لە ئێران دەربچن،چوونکە لە لایەن دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری قۆڵبەستکرانییان دراوە.

پەیوەست بە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرەتای شۆڕشدا،جارێکی دیکە بزاڤی ئازادیخوازی کورد لەو پارچەیە لە نیشتمان وەگەڕ کەوتەوە،کە لە لایەن خومەینییەوە حوکمی جەهادی لە سەر درا،کە بە بەرپا بوونی دادگای شۆڕش لە لایەن تێرۆریستانەوە،بە هیچ شێوەیەک دەستییان لە کوشتنی خەڵکی کوردستان نەپاراست،کە لەوانە کوشتاری قاڕنێ و قەڵاتان بوو،کە وەک بۆخۆیان دواتر دانییان پێداناوە،تەنانەت رەحمیان بە چۆلەکەی سەر دارەکانیش نەکرد.ئەم کوشتارە شارەکانی،مەهاباد،سەقز،سنە،پاوە و….بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.لێرەدا نامانهەوێ خەسارناسی سیاسی بزاڤی کوردی بکەین،بەڵکوو ئەو لایەنە گرینگترە کە چۆن بە فەرمانی خەڵخاڵی،دادگای شۆڕش بەرپا کرا و بە سەدان لاوی کورد کە زۆربەیان سیاسیش نەبوون،کەوتنی بەر پەلامار و کوشتاری پاسدارەکانی خومەینی و هەتا ئێستاش زۆر کەسییان بێ سەر و شوێنن.زۆربەی ئەو کەسانەی کە دادگایی دەکران،زۆر فۆڕماڵیتە و تەنیا لە رووی رق و قینی نەتەوەیی و لە رووی مژینی خوێنی کۆمەڵگای کوردی،بە مەرگ مەحکووم دەبوون.لە دانپێدانەکانی حوسێن برووجردی لە پڕتووکی ” پشت پەردەی شۆڕش” باس لە سووکایەتی و گاڵتە پێکردنی دادگەکان دەکا و تەنانەت باسی ئەوە دەکات،ئەو کاتەی لاوی کورد “حەسەن ناهید”دەبەن بۆ گۆڕەپانی گوللەباران کردن،چۆن خەڵخاڵی گاڵتەی پێدەکا و دەڵێ پێویستی نەدەکرد کە دەستە شکاوەکەی لە گەچ گیرابایە و پارەیان تێدا خەرج کردووە کە دواتر بە بڕانکاردەوە(قەڕەوێڵە)دەیبەن بۆ تیرۆر کردن.

لە وەچەرخانی ئەم مێژووە نوێیەدا کە کۆماری ئیسلامی تۆماری کرد،بێجگە لە کوشتار،سێدارە،هەژاری،لەشفرۆشێ،تەڵاق و گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان کە وەک ”ئەنفالی سپی و ژێرزەوی” هەموو رۆژهەڵاتی کوردستانە تەنیوە،هیچ خەڵاتێکی پێنەبووە و تاکی کورد بە شێوەیەکی تاکتیکی و یاسایی بەرەوڕووی ئاپارتایدێکی هەمە لایەنە بووەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت