کۆماری ئیسلامی پێویستییەکی حەیاتی بە شەڕ هەیە

0
463
کەیوان دروودی
کەیوان دروودی

نووسەر: کەیوان دروودی

وەک دیارە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وەک هاوشێوەکانی خۆی بۆ چارەسەریی قەیران پێویستی بە خولقاندنی قەیرانیتر هەیە.ئاخۆ ئیستە قەیرانی وا هەیە کە کۆماری ئیسلامی ناچار بە خولقاندنی قەیران بکات؟! بۆ ئەم مەبەستە ئەم خاڵانەی خوارمان لەبەردەستە:
قەیرانە دەرەکییەکان
– قەیرانی سووریە
– قەیرانی یەمەن
ئەم دووانە هاوکات کۆماری ئیسلامییان لە گۆڕەپانێکدا تووش کردووە کە رێگەی پاشی بۆ نییە، ئەویش لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە لایەنێکی ئەم قەیرانانە بووە و لە ئەگەری پاشەکشەی ئەوە لەرووی ئیدیۆلۆژی و چییەتی و لە رووی ژیۆپۆلیتیک دۆڕاوی هەرەسەرەکییە.
هەناردنی دوو پاپۆڕەی شەڕکەر بۆ کەنداوی یەمەن نەک هەر نیشانەی مەیلی هێرشبەریی رێژیم، بەڵکوو دەرخەری پێویستیی حەیاتییە بۆ دەرچوون لە قەیران. بەتایبەت لەحاڵێکدا کە هەردووکی ئەم قەیرانە پێی ناوەتە رۆژانی چارەنووسساز، کەڵکوەرگرتنی چاونەترسانە لە رۆکێتی هەناردەکراوی ئێران لەلای حووسییەکانەوە بەدژی عەرەبستان و پاپۆڕەکانی ئامریکا دەرخەری بەزاندنی سنووری مەسڵەحەتچیگەری و سازشتکارییە لەلای ئێران، هەروەهاش رووبەرووبوونەوەی بەشار ئەسەد لەگەڵ دونیای ئازاد و شۆرای تەناهیی نێودەوڵەتی ئەگەری سەرکەوتنی بەشار ئەسەدی لەجاران کاڵتر کردووە کە لەئەگەری دۆڕانی کارتی بەشار ئەسەد و پێکهاتنی حکوومەتی نوێ، ئەوە خەڵکی سووریەن کە بڕیاردەران ناچار دەکەن کە کۆماری ئیسلامی وەک جینایەتکاری شەڕ لەو وڵاتە بناسرێ و بڕشتی ئێران لەو حاڵەتە نەک هەر نامێنێ بەڵکوو حکوومەتێکی دڵخواز و ملکەچ جێی خۆی بە حکوومەت / خەڵكێکی ناکۆک و دژبەر و تەنانەت دوژمن ئەدات و بەوشێوەیەش قووڵایی ئیستراتیژیکی رژیم کە سووریەیە لە کیسی ئەچێت، بەم پێیە رژیم بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە دەبێت شەڕی مانونەمان بکات تا ئەڵقەی لوبنان – سووریە – عیراق تەواو بکات و سەنگەری دژەئیسراییلی لە دەست نەدات.
لەرووی ناوخۆیی
-قەیرانی ئاو و سەرمایەگوزاریی بیانی
-قەیرانی نارەزایەتیی بەرینی مامۆستایان و کرێکاران
– قەیرانی هەڵبژاردن
-قەیرانی لێکەوتە نێوخۆییەکانی بەرجام
لەراستیا هەرکام لەمانە بۆ چارەسەری پێویستی بە تێچووی سیاسی/ئیدیۆلۆژی/ داراییە و لانیکەم لە کورتخایەن هیچکامەیان چارەسەر ناکرێن، هەربۆیەش دەبێت بۆ پەردەپۆشیی پەنا بۆ فاکتی دەرەکی ببردرێ.
واتە ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناچار دەکات بەکردەوە بچێتە ناوشەڕی گەورە زیاتر فاکتە نێوخۆییەکانن.
وەک دەزانین کەمیی ئاو لە ئێران بەپێی پێشبینییەکانی دامودەزگاکانی رژیم لەساڵانی داهاتوودا زیاتر ئەبێت. سەرمایەگوزاریی دەرەکی لەناو ئێران لەدوای بەرجام زیاتر نەبووە و رەوتێکی ئەرێنیی بەخۆوە نەبینیوە.
لەلایەکیتر مامۆستایان، کارمەندان و کرێکاران رۆژلەدوای رۆژ زیاتر و بەرینتر خۆپیشاندان دەکەن و ئەگەری کشانەوە و یان هەڵپەساردنی پیشە و پەروەردە لە درێژەدا هەیە.
کۆماری ئیسلامی جیا لەمانە دەبێ دیسان دەسپێبکات بە مۆرەچنین و کانالیزەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ئەمەش دیسان دەتوانێ لەمپەرێک بێت بۆ رەوایی رژیم وەک ئەوەی لە 88 روویدا. ئەوە
جیا لەوەیە کە لێکەوتەی گەڕی پێشووی سەرۆککۆماری لەسەر دەستی خامنەیی ماوەتەوە.
دوایین هۆ و رەنگە گرینگترین فاکتی نێوخۆیی مەسەلەی خوێ و خورمای بەرجامە، هەر هەنگاوێک بەرەو دانیشتن و رێکەوتن لەگەڵ پێنج کۆی یەک بەقورسایی لایەنە ئەرێنییەکەی کە دەرچوون لەژێر قورسایی تاقەت پڕووکێنی بوو، تێچووی قورسیشی بۆ بەیتی رێبەری و خامنەیی هەبووە کە وەک ملکەچی رۆژئاوا ملی بۆ دانیشتن دانەواند، هەربۆیەش بۆ بووژانەوەی پێگەی خامنەیی و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی دەبێت هەینەنەی تایبەتی دیکتاتۆرییەکەی بە جۆرێک بەدەست بێنێتەوە.
کۆی فاکتەکانی ئەم دوو تەوەرە ناوخۆیی و دەرەکییە پێمان ئەیژێت کە سوپای پاسداران مەئموورە بە خولقاندنی قەیرانێکی قووڵتر لە قەیرانی هەنووکەیی کە دەشێت شەڕێکی بچووک یان گەورە بەپێخواستی خامنەیی و چییەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت