کۆڵبەری سەرسنوور و مەرگ لە پێناو بژێوی ژیاندا

0
1539
فوئاد شێربەیگی
فوئاد شێربەگی
فۆئاد شێربەیگی

نووسەر: فۆئاد شێربەیگی

لە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی لە چەند حەوتووی ڕابردوودا چەند هەواڵی دڵتەزێنی مەرگی کۆڵبەرانی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانەوە لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە. کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەگەرچی لە بواری ئاو و کشت وکاڵ و کانگاکاندا یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندترین شوێنەکانی ناوچەکەی و هێزێکی ئیشکەری کارامە و پسپۆڕیشی تێدایە بەڵام بە هۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئابووری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، یەکێکە لە دواکەوتوترین بەشەکانی ئەو وڵاتە لە بواری پەرەی ئابووری و پیشەسازییەوە و خەڵکێکی زۆری بێکار و کەمداهاتی تێدایە کە بۆ بژێوی ژیانیان ماونەتەوە و لە شارەکانی سەر سنوور تاقە کارێک بۆ خەڵکی فەقیر و هەژار و بێ سەرمایە دەست دەکەوێ، کۆڵبەرییە .

کۆڵبەریش ئەو ئیشەیە کە بارێکی قورس لە کۆڵ دەنێی و بە کێو و شاخدا سەردەکەوی و سەختترین و چڕترتن شوێنەکانت دێنە سەر ڕێگا و تووشی مەیدانی مین دەبی و گیانت هەمیشە لە مەترسیدایە . لەسەر سنوورەکانیش هێزەکانی حکومەت بە بیانوی قاچاخەوە کەمین دادەنێن و تەقە لەکۆڵبەران دەکەن. لە وڵاتێک کە بەرپرسانی حکومەتی خۆیان دان بەوە دادەنێن کە زۆرترین بەشی قاچاخی ئێران لە بەندەرەکانەوە و بە پێی پلانی دەزگا ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕژیمەوە دەکردرێ.

لەشارەکانی کوردستانیش دەبینین کە کەسانی سەرمایەدار بە دۆستایەتی و بەرتیل دان بە بەرپرسانی ڕژیم دەتوانن بێ کێشە کاری خۆیان بکەن و زۆرترین قاچاخ لە سنوورەکانەوە بپەڕێننەوە و بە بێ ئەوەی خۆیان تووشی زەحمەت بن یا سەرمایەکەیان بکەوێتە مەترسییەوە. تەنیا ئەو کاسبکارانەی لەگەڵ ڕژیم تێکەڵاویان نیە و یا سەرمایەکەیان ئەوەندە نیە بتوانن سمێڵی بەرپرسانی پێ چەوربکەن و بپخۆیان بە کەمترین سەرمایەوە کۆڵبارێک دەکڕن و لە سنوور بە پێ دەیانهەوێ بیپەڕێننەوە توشی کێشە دەبن لەو شوێنانەش کە بە هۆی بازارچە مەرزییەکانەوە هاتووچۆی سەر سنوور تارادەیەکی زۆر یاساییە، بەرپرسانی پاسگاکان بە لێدان و ئازار و ئەزییەتی کاسبکاران، چاوترسێنیان دەکەن و هەر چەند جارێکیش بە بەستنی سنوورەکان پێش بە کاروکاسبی خەڵکی فەقیر و هەژار دەگیردرێ و زۆر جاریش بەوپەڕی بێڕەحمییەوە، کاسبکاران وەکوو نەچیر دەدەنە بەر دەستڕێژ و دەیانکوژن و ساڵانە بەسەدان کەس بەو جۆرە دەکوژرێن و کەسیش لێیان ناپرسێتەوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیشیان دەکردرێ بۆ ئەوەی بەدوای سکالا لە هێزە ئەمنییەتیەکان نەکەون و لە کاتێکیشدا سکاڵایەک بگاتە دادگا بە بەڵگەی ساختە بکوژەکان بێتاوان دەردەچن و پارەی فیشەکەکانیش لە بنەماڵەکان دەستێندرێتەوە.

ئەو کەسانەی ئاوا دەکوژرێن ئەو بەشە لە کاسبکارانی سنوورەکانن کە لە فەقیرترین بەشی کۆمەڵگان و لەهەرە شوێنە مەترسیدارەکانی سنوور بە دژوارترین شێوە ئیش دەکن و بەدوای لانیکەمی بژێوی ژیان بۆ بنەماليکانیاندان و بەمەرگی ئەوان بنەماڵە هەژارەکانیان وا بێکەس دەمێننەوە کە هەموو ژیانیان دەشێوێ و لەناو دەچن، کە وایە کوژرانی هەر کۆڵبەرێک نەتەنیا مەرگی مرۆڤێکی فەقیر و هەژاری بێ تاوانە کە لەبەر نەبوونی، ڕووی لە کاسبی سەر سنوورەکان کردووە بۆ کۆڵبەری، بەڵکوو مەرگ و لەناوچونی بنەماڵەیەکە کە ئەو سەرپەرستیان دەکا و سەرچاوەی داهاتیان بووە و مەرگی ئەو کەسە بە جۆرێک دەبێتە سەرچاوەی دەیان کێشە و گرفتی دیکەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی. هەرچەند ئێمە بەداخەوە ڕۆژانە هەواڵی کوشتن و برینداربوونی کاسبکارانی کورد لەسەر سنوورەکان دەبیستین بەڵام تاوەکوو ئێستاش وەکوو کارەساتێکی مرۆڤی چاوی لێنەکردراوە و بەدواداچوونی بۆ ناکرێ، ئەگەر وایە لەسەر شانی هەموو تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ پێویستە بە لە قاودانی ئەو جنایەتە و ئاگادار کردنەوەی ناوەندە نێو دەوڵەتییەکان پێش بە پەرەی ڕۆژبەرۆژی ئەو جنایەتە بگرین و هاوکات لە ناوخۆشدا بە فشار خستنە سەر حکومەت بۆ سازکردنی هەلی کار لەو ناوچە سنووریانە، چیتر  خەڵکی فەقیر و هەژار ناچار نەبن بۆ پاڕوویەک نان سینگیان بە گوڵلەوە بنێن و بە ژیانی خۆیان کایە بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت