کۆڵبەرێکی تر لە ناوچەی پیرانشار کوژرا

0
836

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە شاری پیرانشار، ئەمشەو و ماوەیەکی کورت بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کۆڵبەرێکی کورد لە دەڤەری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژرا.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە پیرانشار ڕایگەیاند، ئەمشەو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٢ی گەڵاوێژی 1395ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی ڕەحمان گوڵیاری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە.

ڕەحمان گوڵیاری وێڕای چەند کۆڵبەرێکی تر لە ناوچەی بەرینەی پیرانشار لە گوندی گردەسوور کەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم و کوژراوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا 10کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە شارەکانی سەردەشت، ورمێ، پیرانشار و بانە و سەلماس، کوژراو و بریندار بوون.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥ هەتاوی، “دەروێش عادۆیی”، کوڕی عادڵ و خەڵکی گوندی “ستورە”، بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕژیمی تاران بریندار بووە و لە ئەنجامدا دوای چەند ڕۆژ خەوتن لە نەخۆشخانە، بە هۆی تووندی و قووڵی برینەکانی، گیانی لە دەست دا.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی میرمنداڵی کورد لە ناوچەی ئالان ـی سەردەشت کەوتە بەر دەستڕێژی هیزەکانی ڕژیم و بە تووندی بریندار بووە.

هێدی ئیسماعیلی، تەمەن ١٦ ساڵان، ڕۆژی شەممە کات ژمێر ٦ی ئێوارە لە نزیک گوندی :مێرگاسە” کەوتۆتە بۆسەی هیزەکانی هەنگی مەرزیی شاری سەردەشت و بە هۆی دەستڕێژ لە پشتێن بۆ سەرێ بە تووندی بریندار بووە .

ڕۆژی سێ شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی و لە کاتێکدا کە دوو برای گوندی گوێزیلەی ناوچەی ئالانی سەردەشت بە ناوەکانی لەتیف و فاڕووق (ڕەئووف) عادڵخانی کوڕی مام سمایل لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە کەوتە بەر پەلامار و لە ئەنجامدا هەر دوو برا  کوژران.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی ڕاونانی کاسبکاران لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیم ، دوو ژنی بێ تاوان و سڤیل، کوژران. ئەو ڕووداوە کاتێک هاتۆتە ئارا کە هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم لە سێ‌ ڕێیانی ” بۆیەن” ـی بانە بە ئۆتۆمبیل هەڵیان کوتاوەتە سەر چەند ئۆتۆمبیلەکی کاسبکاران و خەڵک لە هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم  وەدەنگ هاتوون  و لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە نێوان خەلک و هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم هاتۆتە ئاراوە. هیزە ئینتزامییەکانی ڕژیمش بەمەبستی بڵاوە پێکردن بە خەلک بە ئۆتۆمبیلە وەناو خەڵک کەوتوون و لە ئاکامدا دووژن بە ناوەکانی ” فاتمە ” خێزانی فەرشید و ” گەرمیان ” خێزانی حەمە هەڵۆ، کەوتوونە بەر ئۆتۆمبیلەکانی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم و گیانیان لە دەست داوە.

 ڕۆژی  دوشەممە، ١٧ جۆزەردان، لە گوندی “قوڵئەستێری” سەر بە شاری بانە، بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامیەكان  لە كاسبكارانی كورد،  دوو كاسبكار بە توندی بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت