کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر لە سێدارەدانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر، بە بەشداریی کەمینەی ڕۆژهەڵاتییەکان، بەڕێوەچوو

0
851

ڕۆژی کورد: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە دژی لە سێدارەدانی لاوانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەلات لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەولێر بەڕێوەچوو بەڵام لە  ئاست چاوەڕوانی بەشداربووابدا نەبوو و بە پێچەوانەی جاران کە ڕێژەی بەشداری کردنی ڕۆژهەڵاتیەکان لە چالاکیەکاندا زۆرتر  بوو، سیمای کۆبوونەوەکە ڕەنگ و ڕوخساری کەمی ڕۆژهەڵاتییەکانی بە خۆیەوە بینی.

چالاکوانانی سیاسی و  مەدەنیی کوردستانی باشور و ڕۆژئاوا بە دروشمگەلی “مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی”، “نا بۆ سێدارە و ئیعدامی زندانیانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان”، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەمەڕ لەسێدارەدانی کوردانی کوردستانی ڕۆژهەلات مەحکوم کرد، بەڵام لە کاتێکدا کە هاوارەکە بۆ ڕۆژهەلات بوو، دەنگی ڕۆژهەلاتییەکانی لە کۆبوونەوەکەدا کپ و لاواز بوو و ڕێژەی ئەو چالاکوانە سیاسی و مەدەنیانەی رۆژ‌هەلاتی نیشتەجێی باشور بە قەدەر پەنجەکانی دەستیکیش نەدەبوون .

 هادی عەزیزی، یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە تایبەت بە ڕۆژی کورد ڕایگەیاند” :چالاکیی ئەمڕۆ بۆ زیاتر یەکدەنگی و یەکڕەنگیی کوردستانییەکان بوو  لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دژی ئەو نادادوەرییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بێ دادگایی کردن و بێ پارێزەر و تەنیا بە تاوانی کورد بوون، گەنجانی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە سێدارە دا.”

دەربارەی بەشداریی کەمی ڕۆژهەلاتیەکان لە چالاکیەکەدا، عەزیزی باسی لەوە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکیەکە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەلایەتی و ماڵبەڕەکان، بڵاو کراوەتەوە و بانگهێشتی هەموو هاووڵاتیانیان کردووە و بە شێوەی ڕەسمی سەرجەم ‌‌حیزبەکانی ڕۆژهەلات بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە کراون بەڵام بەداخەوە چونکە تەواو سەربەخۆ بوو و سیما و ڕەنگی حیزبی بوونی پێوە دیار نەبوو، هیچ لایەن و کەسایەتیەکی حیزبی تێیدا ئامادە نەبوون.

 عەزیزی هەروەها گازندەی لە لایەنە سیاسیەکان کرد کە ناکۆکییەکانیان لێرەش ڕەنگی داوەتەوە و تەنانەت لە مەحکووم کردنی بە کۆمەڵیش یەکدەنگ نین و بە جیا ئەم کارە دەکەن.

لاوانی کوردستان ڕۆژئاوای دانیشتووی هەولێر، زۆرترین ڕێژەی بەشدارییان لەم کۆبوونەوەدا هەبوو، ژڤان، یەک لەو گەنجانە بوو، خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداری کردن لە مەحکووم کردنی هەرچی داگیرکەرە مەحکووم کرد و بەتایبەت لەم بارودۆخەدا کە ئێران بۆ چەوساندنەوەی کورد، ڕیزبەندیی یەکەم بە داگیرکەرانی دیکە نادات.

 ژڤان، بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ڕۆژهەلات زۆر بێنازە، لاوانی ڕۆژهەڵات لە هەموو پارچەکان شەهیدی داوە و خەباتی کردووە هەر لە کۆبانی تا کەرکووک و دیاربەکر، بۆیە ئێستا هاتوین دەست لەناو دەستی ڕۆژهەلات لەناو سینگی باشور ئیدانەی کۆماری ئیسلامی دەکەین و مەرگ و نەمانی بۆ بە ئاوات دەخوازین”.

هاوڕێ کە چالاکوانێکی باشوری کوردستانە ڕەخنەی لەوە گرت کە پشتگیرییەکان تەنیا لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و لەناو چوار دیوارییە بەڵام کاتێ دەگاتە قۆناغی بەشداری، ڕێژەکە بە گوێرەی پێویست نیە و ئەمەی بە شەرم ناو برد کە لەناو دڵی کوردستانی گەورە، چ لە بەر مەرامی سیاسی بێ یان بەرژەوەندیی ‌حزبی، کوردایەتی لە بیر کراوە.

هاوڕێ، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێمە ناهێڵین ڕۆژهەلات تەنیا بمێنێ و ئەگەر کەمیش بین بەردەوام دەبین و پیشان دەدەین کە پارچەکانی کوردستان یەکە و ئەگەر سوچێکی جەستەی نیشتمانی کوردستان خەمبار و زامدار بێ، بەشەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

کۆبونەوە ناڕەزایەتیەکە لە بەردەم پارکی شانەدەری هەولێر بوو،  دوای خوێندنەوەی  وتار و پشتگیریی تەواوی ڕۆژهەلات لە لایەن ئامادەبوان، کۆتایی پێهات.

13951042_1690793727911976_365198938_o

13978029_1690793837911965_2046589438_o

13987920_1690793714578644_903569348_o

14001777_1690793807911968_312924825_o

14002411_1690793801245302_1259622916_o

14002568_1690793747911974_923746436_o

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.