کیانووش ڕووستەمی و گەڕانەوەیەکی کپ و بێدەنگ

0
2526

ڕۆژی کورد: کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 30ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، وەرزشوانی کوردی یارسانیی پاڵەوانی ئولەمپیکی 2016 گەیشتەوە فڕۆکەخانەی خومەینیی باژێڕی تاران.

پۆلێک خەڵک پێشوازییان لە وەرزشوانەکانی ئێرانیی بەشداری ئولەمپیکی ئەمساڵی ڕیۆ کرد کە لە ناویاندا مەحموود گودەرزی، وەزیری وەرزش و لاوان، عەبدولحەمید ئەحمەدی، جێگری فەرهەنگیی وەزارەتی وەرزش، سەید مەناف هاشمی، جێگری ئیداری ماڵی و حەمیدڕەزا گرشاسبی، ڕاوێژکاری وەزیری وەرزش و لاوان وەبەرچاو دەکەوتن.

بەڵام گەڕانەوەی ئەو پاڵەوانە کوردە یارسانییەی کرماشان، بۆ باژیڕەکەی خۆی لە لایەن بەرپرسانی ئەو پارێزگایەوە پشت گوێ خرا و سووکە ئاوڕێکیشی لێ نەدراوە، وەک ئەوەی نە پاڵەوانێک هاتبێتەوە و نە شانازییەکیش بۆ ئەو باژێڕە خوڵقابێ. زۆربەی شارەزایان و کوردستانییان و بەتایبەت کرماشانییەکان، هۆکاری ئەو کپی و پشتگوێ خستنە دەگەڕێننەوە بۆ سەر “یارسانی” بوونی ئەو پاڵەوانە کوردەی کرماشان.

کیانووش لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا ڕەخنەی لەو پشت گوێ خستنانەی بەرپرسانی کرماشان گرت و گوتی: “بەرپرسان تەنیا بۆ وێنەگرتن دێنە لامان، کاتێکیش کارمان دەکەوێتە لایان دەبێ ١٠ ڕۆژ لە پشتی دەرگا گاڵە دراوەکانیان بمێنینەوە”.

کیانووش، پاڵەوانی کوردی ئولەمپیکی 2016، سەرچاوەی ئەو پشتگوێ خستن و ڕێزلێنەگرتنە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە میداڵەکەی بە زمانی کورد پێشکەش بە نەتەوەی کورد و داڵگ و باوکی کردووە.

وەرزشوانانی کورد بە گشتی لە ئێران ڕووبەڕووی هەڵاواردن و پشت گوێ خران دەبنەوە و لە بەشداریکردن لە زۆرێک لە پاڵەوانەتییەکان، بێبەش دەبن و زۆر جاریش مافیان دەخورێت.

سامان تەهماسبی، وەرزشوانی زۆرانبازی کورد، لە ساڵی 2012ـەوە و بە هۆی ئەو هەڵاواردنانە چۆتە وڵاتی ئازەربایجان و بۆتە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە و تا ئێستا لە یانەی نەتەوەیی ئازەربایجاندا زۆر میداڵ و نازناوی بۆ ئەو وڵاتە تۆمار کردووە.

هێرۆ ئەرجومەند، کچە شاخەوانی مهابادیش بەر لە سەفەر بۆ سەرکەوتن لە لوتکەی کۆمونیزم لە نامەیەکدا گازندەی خۆی لەو بارەوە خستبۆ بەرباس.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.