وتووێژی کەیهانی لەندەن لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی

0
118
SONY DSC

بیژەن فەرهوودی لە بەشی فارسی کەیهانی لەندن بە بۆنەی پەیامی نەورۆزی بەرێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وتووێژێکی لەگەڵ بەرێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی پێک هێناوە .

دەقی وتووێژەکە

بیژن فەرهوودی: لە لەندەنەوە سڵاوم هەیە بۆ ئێوە بەرێز حەسەن شەرەفی ” جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و گوتەبێژی ئەو حیزبە” لە کوردستانی عێراق.

حەسەن شەرەفی: سوپاستان دەکەم، سڵاو بۆ ئێوەش بەرێز فەرهوودی و هەموو ئەو کەسانەی کە چاو لەم وتووێژە دەکەن و یان دەیخوێنەوە.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی، جەنابی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزب لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا داوای لە گەنجانی کورد کردووە پەیوەست بە رێزەکانی پێشمەرگەوە ببن و گوتوویانە کە ئەمساڵ خەباتی شاخ و شارەکانی کوردستانی ئێران پێکەوە گرێ دەدەن. ئەمە یەکەم جارە پاش ساڵانێک کە سکرتێری گشتی داوایەکی لەو جۆرە دەنێتەگۆڕێ، ئایا دەبێ ئەم پەیامەی بەرێز هیجری وەک ڕاگەیاندنی سەرلەنوێی خەباتی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامی چاوی لێ بکەین؟

حەسەن شەرەفی: وەک هەموو ساڵێک و لە نەورۆز و دەستپێکی ساڵی نوێ دا، پەیامی نەورۆزی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و لە لایەن سکرتێری گشتی حیزبەوە بە ئاگاداری خەڵک دەگات وێرای پیرۆزبایی ساڵی نوێ. پەیامەکەی ئەمساڵیش لە شاخەکانی سەرسنووری کوردستانی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە کەش و هەوایەکی خۆش و ڕێورەسمی نەورۆزدا خوێندرایەوە. لەراستی دا ئەم پەیامە نە بە واتایی ڕاگەیاندنی شەڕە و نە ڕاگیەاندنی هێندێک پرسی تر کە هەرکەسێک لە گۆشە نیگای خۆیەوە لێکی بداتەوە. زۆر ڕوون و ئاشکرایە. مەبەست لەو پەیامە ئەوە بووە کە بە حزووری ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، لە کوردستانی ئێران، خەباتەکەمان پڕ رەنگتر لە ڕابردوو بکەین، پەرە بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکی ناوخۆ بدەین و لە ئاکامدا خەباتەکەمان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پتر جەماوەری و بەربڵاوتر بکەین.

فەرهوودی: کەواتە ئەم داواکارییەی بەرێز مستەفا هیجری بۆ لاوان کە دەڵێ پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگەوە ببن ، داواکارییەکی نوێ نییە و لە ساڵانی ڕابردووش داوایەکی لەو چەشنەتان کردووە؟

حەسەن شەرەفی: لە ساڵانی ڕابردووش ئەم داواکارییە هەبووە هەرچەند لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوو نەبووە، بەڵام لە راستی دا هەرچەند ریزەکانی پێشمەرگەی حیزب، چالاکانی حیزب بەربڵاوتر بێ و ژمارەیەکی زیاتر لە لاوانی کورد و یان هەر ئێرانییەک لەهەر نەتەوەیەکیتر پەیوەست بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ببێ، بەرنامە و خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران شکڵێکی نوێ و بەربڵاوتر بە خۆیەوە دەگرێ و ئەم پەیام و داواکاریەی حیزب لەمەڕ پەیوەست بوون بە رێزکانییەوە، لە راستایی هەمان بەرینترکردنەوەی خەباتە لە دژی کۆماری ئیسلامی و لە راستای تۆختر کردنەوەی بوونی چالاکانی حیزب لە نێوخۆ و لە نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی کورد لە نێوخۆی کوردستان دەبێ.

فەرهوودی: بەڵام لە ڕابردوودا بەرێز هیجری داوای لە لاوەکان دەکرد خۆیان ئامادە بکەن،گەشە بە خۆیان بدەن تا لە کاتی پێویست دا لە خزمەتی خەبات دابن، بەڵام ئێستا بە کردەوە داوایان لێ دەکات کە بێن و پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگەوە ببن، ئایا پێتان وانییە شێوازی دەربرینی ئەم پەیامە کەمێک جیاوازترە؟

حەسەن شەرەفی: پێتان دەلێم کە گۆڕانکارییەکە هێندە بەرچاو نییە،لەبەر ئەوەی کاتێک بە لاوان پێشنیار دەکرێ کە خۆیان پێگەیەنن، پەرە بە تواناکانیان بدەن لە نێوخۆی وڵات و بۆ رۆژێک کە پێویست بێ، ئەمڕۆ لەوانەیە ئەم پێویستییە بۆ حەزووری بەرچاوی تێکۆشەران و چالاکانی حیزب بە پەیوەست بوونی لاوان بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتەوە زێدەتر بووبێ و هەرجۆرە خەباتێک و بەرینترکردنەوەی ئەو خەباتە پێویستی بە حزووری زیاتری لاوان و چالاکانێک هەیە کە دەیانهەوێ لە رێگای دێموکراتیزە بوونی ئێران و دابین کردنی مافی نەتەوەکانی ئێران و لەناوبردنی هەڵاواردن و جێگیرکردنی سیستمێک کە بتوانێ عەدالەت و یەکسانی لە وڵاتی ئێمە دابین بکات.

فەرهوودی: ئێوە لە ئەم گرێدانی خەباتی “شاخ و شار”ە و یەک دەست کردنەی خەبات چۆن دەروانن. ئایا لە رابردوودا بەو شێوەیە نەبووە؟

حەسەن شەرەفی: بۆنا، لە راستی دا ئەو بەشە لە هێزەکان کە بۆ کۆماری ئیسلامی ناسراون، بە شوێنیانەوە بوون، زیندانی کراون و ئەمانە کە بە هۆی نەبوونی دەرفەتی حزووری ئاشکرا لە نێوخۆی وڵات بۆ خەبات و تێکۆشان روویان لە ناوچە سنوورییەکان و نێو حکوومەتی هەرێم و یان بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان کردووە، بەڵام تێکۆشەرانێکیش لە نێوخۆی کوردستانی ئێران و تەنانەت لە شارەکانی دیکەی ئێران ئەرکی خۆیان بە نیسبەت بردنە نێوخەڵکی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و لەقاودانی زوڵم و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوە، لەراستیدا هەردوو لایەن بوونیان هەبووە، بەڵام لە دۆخی ئێستادا، هاودەنگی لە نێوان ئەوانەی کە بە ناچاری وڵاتیان جێ هێشتووە و بەتایبەت ئەوانەی لە خاکی حکوومەتی هەرێم گیرساونەوە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە نێوخۆی کوردستانی ئێران چالاکییان هەیە یان ئامادەی ئەنجامدانی چالاکین، هاودەنگی و هاوکاری لە نێوان ئەمانەدا دەتوانێ ئاکامێکی پۆزۆتیڤی هەبێ و هەر بەو هۆکارەشە کە دەڵێن پێوستە لە نێوان ئەم دوو هێزەی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات هاودەنگی پێک بێت.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی ژمارەی هێزەکانتان لە نێوخۆی وڵاتی ئێران چەند کەسە؟ دەتوانن ژمارەیەکمان پێ بەن؟

حەسەن شەرەفی: لە نێوخۆی وڵات و بە پێی ئەزموونێک کە لە ساڵانی خەبات و تێکۆشان هەمانە و هەڵبژاردنێک کە بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران نیشانی دا کە پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تەنانەت لەیەکم هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کە ٨٠%ی سەرجەم نوێنەرەکانی پارێزگاکانی ئیلام،کرماشان، کوردستان،ئازەربایەجانی رۆژئاوا لە حیزبی ئێمە هەڵبژێردران. لەراستی دا ئەمە پێگەی ئێمە نیشان دەدا و لە ڕاستیشدا ئەمڕۆ ئەم پێگەیە کەمی نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە ژمارەیەک وەک پێشمەرگە ناوبێنین و ژامەرەکەی ڕاگەیەنین، لەمبارەوە و بە هۆکاری ئەمنیەتی داوای لێ بوردن دەکەم.

فەرهوودی: ژمارەی ئەندامانی حیزب چی؟ئایا بە هۆکاری ئەمنیەتی ناتوانن کە ئاماژە بەوەش بکەن؟

حەسەن شەرەفی: زۆر دژوارە. سەرنج بدەن! بێ گومان جەنابت قبووڵی ئەوە دەکەن کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێک نییە لە حیزبێک دا کە ئەو حیزبەی هەڵوەشاوە ڕاگەیاندووە و ئێمەش دروشمی رووخانی ئەو رێژیمەمان بەرز کردۆتەوە، ژمارەی ئەندامەکانی بە دروستی بزانێ یا خود ئاگاداری شوێن و چۆنیەتی چلاکاییەکانی بێ ولەم ڕووەوە ئاماژەدان بەوە جۆڕێک دانی زانیارییە کە دەبێتە هۆی دەستگیری و تەنانەت ئەشکەنجە و لە سێدارەدانیش.

فەرهوودی: کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت چالاکی بۆ نموونە حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسە دەکرێ، بەجۆرێک گاڵتە بەوە دەکەن و دەڵێن کە ئەمانە هەر حیزب نین و ژمارەیان زۆر کەمە، هیندێک جار دەڵێن کە لە چەند سەد کەسێک تێناپەرن. کاردانەوەتان لەبەرانبەر ئەو قسانە چییە؟

حەسەن شەرەفی: ئەم جۆرە دەربڕینانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەتەنیا بە نیسبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڵکوو بە نیسبەت سەرجەم ئۆپۆزسیۆنەوە دەریدەبڕن. کەواتە ئەمە پروپاگەندەیەک زیاتر نییە و ئەگەر بەراستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر ئەو ژمارەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەبلیغی بۆ دەکات، ئەو هەموو ترس و لەرزە لەو ژمارەیە و لەو دۆخە لەبەر چییە؟ من دڵنیام کە کۆماری ئیسلامی دەزانێ پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆ و لە پێوەندی بە هێزەکانیتری سیاسی ئێرانەوە چەندەیە و لە ڕێگای سازدانی جەبهەیەک یان ڕێکخراوێک لە هێزەکانی دێموکراتیکی ئێران ئەم حیزبە تا چەند کاریگەرە. کەواتە ئەمانە شتێکن کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بە نیسبەت پرسی سیاسییەوە بەڵکوو بە نیسبەت پرسگەلێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژیانی خەڵکیشەوە دەریدەبرن، بەڵام بەکردەوە بۆ هەموو خەڵک سەلماوە کە ئەم ئیدەعایانە تەنیا وەهم و خەیاڵە و ئەمەش تەنیا دەتوانێ ماوەیەکی داخراوە بوونی هەبێ و بۆ هەمیشە ناتوانن ڕای گشتی لە خشتە بەرێ.

فەرهوودی: دەگەڕێمەوە سەر پەیامەکەی بەرێز مستەفا هیجری. ئەوان باسی ئەوەیان کردووە کە پێشمەرگەکانی بۆ نێوخۆی کوردستانی ئێران دەنێرێتەوە، ئەگەر هێرشیان کرایەسەر بێگومان دیفاع ل خۆیان دەکەن. بفەرمون لەبەرچی هێزەکانتان بۆ نێوخۆی وڵات دەنێرنەوە؟

حەسەن شەرەفی: من پێشتر وتم کە ئێمە هەموومان لە سکرتێرەوە بگرە تا دەگاتە من و باقی ئەندامانیتر پێشمەرگەین و ناومان پێشمەرگەیە. ئەم دوو هێزە( پێشمەرگە و تەشکیلاتی نێوخۆ) پێکەوە و بە هاوکاری یەکتر حزووری حیزبی دێوکرات لە نێوخۆی خەڵک پڕ رەنگتر دەکەن و چالاکی لە نێوان هاوکاری ئەم دوو هێزەدا چڕتر و کاریگەرتر دەکات. کەواتە پێشمەرگەکان کە ئەگەر ئەندامانی حیزبن هەر لەوێن و ژمارەیەکیش لە دەرەوەی سنوورەکانن بە پێی بەرنامەیەک و دیاریکردنی ئامانجی دیار و بەرچاو بۆ نێوخۆ دەگەرێنەوە. بەڵام دووپاتی دەکەمەوە کە ئامانجی شەڕ کردن نییە بەڵکوو ئامانج حزوورمانە و هەروەکوو لە پەیامی نەورۆزی حیزب کە لە لایەن سکرتێری گشتییەوە ڕاگەیەندرا، ئەگەر هێزەکانمان لە نێوخۆی وڵات کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی،بێ گومان مافی پارێزگاری و بەرەنگاری بۆ خۆیان بە رەوا دەزانن.

فەرهوودی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵانی پێشووتردا دروشمی “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”ی هەڵگرتبوو. ئایا ئێوە ئێستاش بە شوێن ئەم ئامانجەوەن؟ یان پاش ئەوەی کە لە نێو حیزب دا ئینشەعاب رووی دا و ئێستا لایەنێکیتریش وجودی هەیە، ئێستا ئێوە خاڵی جیاوازتان لەگەڵ ئەو لایەنە چییە؟

حەسەن شەرەفی: دروشمی بنەڕەتی و ستراتیژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دابین کردنی دێموکراسی بۆ هەموو ئێران و وەدی هێنانی مافی نەتەوەیی بۆ هەموو گەلانی ئێران و یەک لەوان میللەتی کوردە. بەو پێیە و لەم دروشمەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ رووی نەداوە، ئەوە نەبێ لە خودموختارییەوە بۆتە فیدڕاڵی. ئەوەش بۆ ئەوەیە نیشانی بدەین کە مافێک بۆ خۆمانی بە ڕەوا دەزانین بۆ نەتەوەکانیتری وەک ئازەرییەکان، بلووچەکان، عەرەبەکان و یان تورکمەنەکانیش بە رەوای دەزانین. کەواتە دروشمی ئێمە دێموکراسی بۆ ئێران و وەدیهاتنی مافی نەتەوەیی بۆ نەتەوەکانی ئێرانە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێمە دڵنیاین بەبێ بوونی دێموکراسی لە ئێران، مافی نەتەوەکان وەدی نایات و ئەگەریش بە ڕەواڵەت هەبێ، ماندگار نابێ مەگەر لە حاڵەتێکدا لە ئێران دێموکراسی بوونی هەبێ. لە بەرانبەر ئەمەشدا دەتوانین بڵێین کە هیچ جۆرە دێموکراسییەک ناتوانێ تەواو و واقعی بێ ئەگەر مافی نەتەوەکانی ئێران، مافی کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەکان و مافی ژنان و بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا لەبەرچاو نەگرێ و رێزی بۆ دانەنێ. کەواتە ئەمانە تەواوکەری یەکترن، نە دێموکراسی بە بێ ئەمانە دێموکراسییەکی واقعی و تەواو دەبێ و نە وەدی هێنانی ئەم مافانە و ئەم یەکسانییە بەبێ وەدی هێنانی دێموکراسی بەتەنیا دەتوانێ بەدەست بێت و ئەگەریش بەدەست بێ ناتوانێ ماندگار بێ.

فەرهوودی: دەستەواژەی “ملت” داییم بۆتە هۆی کێشە لە نێوان ڕێکخراوگەلی جۆربەجۆری سیاسی لە نێوخۆی ئێران، تەنانەت کەسانێک کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کاتێک گوێیان لەم وشەی نەتەوەکان (ملیتها) دەبێ، ئەوەی کە بۆ نموونە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتی پێ بەستووە، کەمێک دوور دەکەونەوە و دەڵێن کە ئەمانە بە نیازن لە داهاتوودا، بۆ نموونە دە ساڵ یان پازدە ساڵیتر کوردستان جیا بکەنەوە، چونکە ئەمانە خۆیان بە نەتەوە دەزانن لە کاتێک دا ئەمانە قەومێکن و لە قەومەکانی ئێرانین. ئێوە ئامادەن بە جۆرێک ئەم باسە لە نێوان خۆتان و هێزەکانیتر دا چارەسەر بکەن و کەڵک لە وشەی”قومیتها” لە جێگای ” ملیتها” وەر بگرن؟

حەسەن شەرەفی: دیارە ئەگەر مافی نەتەوە( ملت) زیاتر بێ. لەبەرنابەردا مافی قەوم کەمترە. ئەمەش قبووڵ ناکەن، نە کوردەکان و نە هیچکام لە هاووڵاتیانی ئێرانی قبووڵی ناکەن. جگە لەوەش من ئەمە بەراست نازانم کە هەموو ئەو کەسانەی دژی کۆماری ئیسلامین، دژی ئەم دەستەواژەیەش بن. من لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە دانیشتنم بووە بەرهەڵستکارییەکی ئەوتۆم نەبینیەوە، ئەگەر لە سەرەتاوە ئەمە هەبوو ئێستا زۆر کەمرەنگە و تەنانەت لە نێوان هێندێک لە رێکخراوەکان ئەم حەساسییەتە بە تەواوی لە ناو چووە. تەنانەت ئەوەش کە هێندێک لە هێزە سیاسییەکانی ئێرانی ئەم باسە دەکەن، من بڕوام وایە کە بە زیانی یەک پارچەیی ئێرانە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەم ژمارەیە کە هەم دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانن و هەم دژی ئەم دەستەواژەیەن، دەیانهەوێ بلێن کە تا ئەو کاتەی ئێوە لە چوارچێوەی ئێران دا بن، قەومن و ئەگەر وەک بەحرەین ڕۆیشتن و جیابوونەوە و هەر بەو ڕێژە کەمە جەماوەرییەوە دەبنە میللەت و ئێمەش بە شانازییەوە پێتان دەڵێین” میللەت”. ئێمە لەبەرچی کوردەکانی عێراق بە نەتەوە دەزانین، کوردەکانی تورکیا بە نەتەوە دەزانین، کوردەکانی سووریاش بە نەتەوە دەزانین بەڵام لە وڵاتی خۆمان واناڵێین. تەنانەت کۆماری ئیسلامی هێندێک جار وا نیشان دەدات کە یارمەتی کوردەکانی عێراق دەدات، یارمەتی کوردەکانی تورکیا دەدات، یارمەتی کوردەکانی سوریا دەدات لە کاتێکدا خواستەکانی کوردەکانی پارچەکانیتری کوردستان هەر ئەو خواستانەن کە کوردەکانی ئێران داوای دەکەن. لەبەر ئەوە من باوەڕم وایە کە تەنانەت ئەو پشتیوانییە زاهیرییەی کۆماری ئیسلامی لە پارچەکانیتری کوردستان دەکات بۆ فریودانی ڕای گشتییە. من ئەمە بە روونی دەڵێم کە دروشمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دابینکردنی مافی کوردەکان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکە و ئێمە لە دەوری ئەم دروشمە خەبات دەکەین و بۆ بەکردەیی کردنی ئەم دروشمە و نزیکردنەوەی هزر و بیرمان بۆ چۆنیەتی چارەسەری مافی نەتەوەکانیش ئامادەین و پێشتریش زۆر بە زیادەوە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان دانیشتووین و موزاکەرەمان کردووە و لە داهاتووشدا ئەم دانوستان و موزاکرانە درێژە پێ دەدەین بە هیوای ئەوەی بتوانین ئێتلافێکی یەکدەست لەو هێزانەی کە بەراستی هێزی دێموکراتی ئێرانین، لەو هێزانەی کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵاواردرن و خوازیاری عەداڵەت لە ئێرانن، بتوانین پێک بێنین.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی ئایا باوەرتان بەو سناریۆیە هەیە کە لە داهاتوویەکی دووردا ئیمکانی ئەوە هەبێ وڵاتێکی سەربەخۆی کوردستانی پێکهاتوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێک بێت؟

حەسەن شەرەفی: بڕوانن، لەوانەیە لە رووی ئاوات و ئارەزووەوە بۆ زۆر کەس ئاوات و هیوا بێ. لەوانەشە ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان بیانهەوێ هەموویان لە وڵاتێکدا و لە چوارچێوەیەکدا پێکەوە بژین، شتێکی نابەجێ نییە. لەوانەشە بۆ ئەوانە شتێکی زۆر باشیش بێ بەڵام سەیر بکەن کاتێک کەسێک کاری سیاسی دەکات و پرسی سیاسی لێک ئەداتەوە و خواستەکانی لە چوارچێوەی دروشمی سیاسی خۆیان بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، کاتێک راستییەکان دەبینی چ پرسە نێونەتەوەییەکان و چ ناوچەیی، لە ئێستادا شتێکی لەو بابەتە لە مێشکی کوردەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و تەنانەت ئێمەش لە ئێران کە بۆ سەقامگیری دێموکراسی و وەدی هێنانی مافەکانمان لەو چوارچێوەیەدا خەبات دەکەین، نییە. ئێمەش ئیدەعایەکی لەو چەشنەمان لە هیچ حیزبێکی سیاسی نەبیستووە و ئەگەر هەشبێ گوناحی کەبیرە نییە. بەڵام ئێمە نەمانبیستوە هێچ حیزبێکی کاریگەر لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان چ سووریا، چ توورکیا و چ عێراق و ئێران ، حیزبێکی جەماوەری و بە نفووز و کاریگەری بەرچاو دروشمێکی لەو جۆرەی دابێ.

فەرهوودی: لە سووریا حیزبێکی کوردی هەیە، حیزبی یەکیەتی دێموکراتیک کە خوازیاری دامەزرانی سیستمی فیدراڵی لە سووریا بووە و تەنانەت ڕاشی گەیاندووە. هەڵبەت ئەمە لەگەڵ کاردانەوە و رەخنەی هێزەکانی ناوچە رووبەروو بۆتەوە. ڕێژیمی سووریاش ئەوەی مەحکووم کردووە. لایەنەکانیتریش کە هاوکاری رێژیمی سووریان مەحکوومیان کردووە و دەڵێن کە بە تەنیا یەک لایەن ناتوانێ سیستمی وڵات دیاری بکات و بڵێ کە پێویستە چۆن چۆنی بێ.

حەسەن شەرەفی: سەیر بکەن ئەگەر ئەم هێزەی کوردەکان لە سووریا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دێموکراتیکی سووریا و لەگەڵ باقی هێزەکانیتر جۆرێک هاوکاریان هەبێ و پێکەوە هاودەنگیان لەسەر داهاتووی سووریا هەبێ، کارێکی ئێجگار باشە. بەڵام کاتێک بەشار ئەسەد هێرش دەکات یان سیستمی فیدراڵی لەو شێوە قبووڵ ناکات، قابیلی تێگەیشتنە چونکە ئەو حکوومەتی تەواوی سووریا دەوێ و بە شێوەی دیکتاتۆری کە تا ئێستا کاری کردووە، کار دەکات. بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی سووریاش دیان بە کوردەکان و مافەکانیان نەنێت، بۆ کوردەکان جیاوازی نییە چ ئۆپۆزسیۆنێک کە ئینکاری مافەکانیان بکات و چ رێژیمێک کە مافەکانیان ئینکار دەکات. کەواتە کاتێک کوردەکان بیانهەوێ بۆ وەدی هێنانی مافەکانی خۆیان خەبات بکەن، بە تەنیا سەیری ئەوە ناکەن کە ئەمە حکوومەتە یان ئەوە ئۆپۆزسیۆنە. پێویستە سەیری ئەوە بکەن کە ڕوانگەی حکوومەت بە نیسبەت کوردەکانەوە چییە و ڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنی دێموکرات کە ئەگەر بەراستی دێموکرات بێ، بە نیسبەت کوردەکانەوە چۆنە. ئێستا دەلێن ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ سیستمی فیدرالیزم نییە، باشە بڵێت ئەگەر واقعەن کوردەکان دانیشتووی ئەم وڵاتەن، چۆن چۆنی کۆتایی بە هەڵاواردن دێنن؟ بە چ جۆرێک مافەکانیان دابین دەکرێن؟ بە چ جۆرێک زمانەکەیان بۆ خوێندن و بۆ دەربڕین و بۆ پێشکەوتنی ئەدەب و کولتووریان پێویستە کاری بکەن، باشە با ئەوان پێشنیار بدەن، نە ئەوەی کە پێشنیاری کوردەکان رەد بکەنەوە و بۆ خۆشیان هیچ شتێک لە جێگەی ئەوە دانەنێن کە بڵێن بەرێز تۆ ئەو مافەت هەیە و ئەمە ئەنجام مەدە. بەڵام کاتێک بە تەنیا ئینکار دەکەن و دەربڕینی ڕوانگەیەکیتر کە کەمترین مافی کوردەکانی پێوەبێ، ئیتر ئەمە جیاوازی نییە چ بەشار ئەسەد بێ و چ ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی! دەگەڕێینەوە سەر نێوخۆی ئێران. ئەوەی کە لە درووشمەکەتان باسی دەکەن” وەدی هێنانی مافی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک”. باشە کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی داوە، ئێستا بە شێوەی ڕەواڵەتیش بێت و لەگەڵ کوردەکان بە سازانێک بگات بەڵام دواتر بینیمان کە ئەمە لەراستیدا پلانێک بوو بۆ تیڕۆری رێبەرانی کورد، بە بڕوای ئێوە ئایا هیچ ڕێگایەک بوونی هەیە کە کوردەکانی ئێران بتوانن لە داهاتوودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە سازانێک بگەن بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شەڕی چەکداری ببرێ؟

حەسەن شەرەفی: ئێمە هەمیشە خەباتی ئاشتیخوازانەمان و داییم ویست و خواستی خۆمان هەر لە یەکەم رۆژی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە باس کردووە. زۆریشمان پێخۆش بوو کە خواستەکانمان بەبێ شەڕ و بەبێ خوێن رشتن بەدی بێنین لەبەر ئەوەی ئێمە نە پێمان خۆشە بکوژرێین و نە پێشمان خۆشە کەس بکوژین، دەمانهەوێ وڵاتەکەمان لە ئەمنیەت و اسایشدا بێ، خەڵکەکەی لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بەشدار بن. بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە پرسێکی لەو شێوەیە نە تەنیا لە پێوەندی بە کوردەکان و بەتایبەتیش لە بارەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەبەر چاو ناگرێ و قبووڵی ناکات، تەنانەت لەگەڵ ڕوانگە گەلێکی ئەگەر نەڵێم دژبەر ، بەڵکوو جیاواز لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیش لە نێوخۆی تەحەمول ناکات. بۆ مونتەزەری خەباتی چەکداری کردبوو، بۆ مووسەوی،کەرووبی، بنیسەدر و زۆر کەسیتر، ئەوانەی کە لە قەتڵە زنجیرەییەکان گیانیان لێ ئەستاندن، خەباتی چەکداریان کردبوو؟ ئەوان بە قەڵەمەکانیان ، بە زمانیان داخوازیگەلێکیان هەبوو کە لەوانەشە کەمتر لەو خواستانە بوون کە کوردەکان و باقی نەتەوەکانیتری ئێران هەیانە. بەڵام چی بەسەر چارەنووسیان هات. ئەم ڕێژیمە ئەگەر دەرفەت بە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە ئێران بدات، بێ گومان هیچ کەسێک پەنای بۆ میکانیزمێکیتر کە لەگەڵ ئاسایش و ئەمنیەت یەکناگرێتەوە، نابات. ئەوە ئینکاری کۆماری ئیسلامییە، ئەوە گوشاری کۆماری ئیسلامییە کە دیاریکردنی چۆنیەتی گرتنەپێشی خەبات بەسەر دژبەرانی دا دەسەپێنێ. ئێستا دژبەرەکانی چ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێ، چ باقی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران و یان باقی هاووڵاتیانی ئێمە بن کە لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنداخەبات دەکەن.

فەرهوودی: بە سەرنجدان لە ڕێکەوتنی پرسی ناوەکی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کە بەرجام پەسەند کرا،کەوتە خانەی جێبەجێکردنەوە، ئایا پێتانوایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ بە لایەوە گرینگە بۆ نموونە کوردەکانی ئێران چ داخوازییەکیان هەیە و ئایا لەسەر ئەو باوەرن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆژێک پشتیوانی لە ئێوە بکات؟.

حەسەن شەرەفی: من بە دوو بەش وڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە. یەکەم خەباتی ئێمە هەرگیز پشتی بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی، رۆژهەڵاتی و ناوەچەیی نەبەستووە و چ پێوەندی پێوە نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەوانە بەرژەوەندی خۆیان هەیە و ئێمەش داوای مافەکانی خمان دەکەین و زۆرجاریش لە نێوان بەرژەوەندی ئەوان و داواکارییەکانی ئێمە جیاوازییەک هەبێ کە ئەوەش ناکرێ پشتیوانی هەتا هەتایی بێ. جگە لەوەش، ئێمە دەبینین کە بە دوای بەرجام و ڕێکەوتنێک کە لە نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی پێنج کۆی یەک کرا، کۆماری ئیسلامی دوو دەرفەتی دەست کەوتووە، دەرفێتێک کە کاتێک دەستی بە بڕێک لە پووڵەکەی دەگاتەوە، دیارە من دڵنیام کە هەموو ئەو بڕە پارەیەی پێ نادەنەوە، کەل و پەلی پێدەفڕۆشن، چەکی پێ دەفڕۆشن، ئەگەر بڕێکی کەمیش دەستی پێ بگات، نە لە رێی باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران و باشترکردنی ژیان سەرفی دەکات بەڵکوو دەیخاتە خزمەتی حیزبوڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، جەیشی شەعبی عێراق و پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و ئەمانەی پێ دەکات. کەواتە ئێمە ئاگاداری ئەمەهەین و لەم دۆخەشدا چاوەڕوانی ئەوە نین. ئێمە خواستەکانی خۆمان لە پێداگری و درێژەدان بەخەبات بۆ وەدی هێنانی مافەکانمان بە بنەما وەردەگرین بە بێ ئەوەی هیوای زۆرمان بەوە هەبێ کە کێ پشتیوانمان دەکات و کێ نایکات. بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا هێزگەلێک هەبن و دێموکرات بن و بەبێ ئەوەی چاوی تەماعیان لەسەر خەباتی ئێمە و بوونی ئێمە لە ناوچەدا هەبێ، ئێمە ئەوە وەک شتێکی ئەرێنی چاوی لێ دکەین بەڵام حیسابی جیددی بۆ ناکەین.

.فەرهوودی: بەسەرنجدان بە ناکۆکی نێوان ئێران و عەرەبستان سعوودی، ئایا حکوومەتی ریاز هەرگیز پێشنیاری یارمەتیدانی بە ئێوە کردووە وەک هێزێک بۆ نموونە بیهەوێ کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شەڕ بکات؟

حەسەن شەرەفی: نە هەگیز پێشنیاری کردووە و نە ئێمەش هەرگیز داواکارییەکی لەو چیشنەمان کردووە.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی، پەیامەکەی بەرێز هیجری بەجۆرێک هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و خوبرەگانی کۆماری ئیسلامی بە فێڵ و تەڵەکە ناوبردووە و بە چاوبەست کردنی شوبهاندووە و ئاماژە بەوەکراوە کە” یەکێکیتر لە رووداوەکان شانۆی هەڵبژاردنی ڕێبەندانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی کە رێژیم جارێکیتر و پاش هاتوهاوار و تەبلیغاتی بەربڵاو بۆ لە خشتە بردنی ڕای گەشتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ژمارەیەک لە مۆرەکانی دیاریکراوی خۆی خزاندۆتە نێو ئەو دوو مەجلیسەوە”. بە پێی ئەم قسانەی بەرێز هیجری، ئەو نوێنەرانەی کە ئێستا لە لایەن خەڵکی کوردستان بۆ نوێنەرایەتی لەو دوو ناوەندە هەڵبژێردراون، چۆن لە مانە دەروانی،دەتوانن باس لە کەسایەتی و مێژووی ئەمانە بکەن؟

حەسەن شەرەفی: کاتێک ئێمە دروشمی رووخانی رێژیمان هەڵگرتووە، ئێمە نە دەتوانین بەشداری بکەین و نە دەتوانین نوێنەریش پێشنیار بکەین و نە دەشتوانین دەنگ بدەین، بەو پێیە بەشداری ئێمە لە هەڵبژاردن هیچ واتایەکی نابێ، سەرەڕای ئەوەش کۆماری ئیسلامی حیزبەکەی ئێمەی هەڵوەشاوە ڕاگەیاندووە و ئێمەش هەڵبژاردنمان بایکوت کرد و زۆر بە روونیش باسمان کرد و داواشمان لە خەڵک کرد کە لە هەڵبژاردن بەشداری نەکەن. بەڵام من دەمهەوە بڵێم کە لە راستی دا هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی بە واتای چییە. نەتەنیا هەڵبژاردن، پاڵێوراوان پێویستە لە فیلتێری کۆماری ئیسلامی تێپەرن، کاتێک لە فیلتێر هێنایانە دەر و دەنگیان هێنایەوە، پێویستە سوێند بخۆن کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسامی جێبەجێ بکەن، پەیرەوەی لە دەستووری رێبەری بکەن، ئیمانیان بە وەلی فەقیهی هەبێ، ئێمە ئەم جۆرە نوێنەرانە بە نوێنەری راستەقینەی خەڵک نازانین. بەڵام ئەمانە کاتێک پاڵێوران، لە فیلتێری کۆماری ئیسلامی تێپەرین و ئەو هەموو پاڵێوراوەش رەد کرانەوە و ژمارەیەک مانەوە و ئەم ژمارەیەش دەچن، ئێمە بە نیسبەت ئەوانەوە، شتێکی روون کە لەگەڵ رێز یەکنەگرێتەوە ناڵێین بەڵام ئەمانە بە نوێنەری راستەقینەی خەڵک لە مەجلیس نازانین بەڵکوو بە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێو خەڵک دەزانین.

فەرهوودی: یانی ئێوە هیچ جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمانە کە لە کوردستان هەڵبژێردراون، ناکەن؟

حەسەن شەرەفی: نەخێر، ئێمە نە لە دیاریکردنیان ڕٶڵێکمان هەبووە، نە لە هەڵبژاردنیان ڕۆڵێکمان بووە و نە چاوەروانییەکیشمان لەوانە هەیە و ئەگەر ئەوان بیانهەوێ لە پێناو بەدیهاتنی بەشێک لە مافەکانی بازنەی هەڵبژێردراوی خۆیان هەنگاوێک بنێن، بێ گومان، بەلانی کەمەوە بەشێک لە خەڵک پشتیوانیان لێ دەکات. بەڵام من دڵنیام کە بەو ئەندازەیەش توانایان نابێ.

فەرهوودی: پێوەندیتان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆنە، ئەوانەی کە لە ئێوە، لە حیزب جیا بوونەوە. چ جۆرە پێوەندییەکتان هەیە؟

حەسەن شەرەفی: سەرەتا لە هەشت نۆ ساڵی ڕابردوو، ئەو دۆستانەمان کە لە حیزب جیابوونەوە و لە ژێر ئەو ناوەی کە ئاماژەت پێدا چالاکی دەکەن، لە یەک دوو ساڵی یەکەم دا تا ڕادەیەک ناخۆش و تا ڕادەیەک لێدوانی ناشایست دەهاتن و دەچوون، بەڵام لە چواری ساڵی ڕابدووەوە تا ڕادەیەک باشە، چاوپێکەوتنمان هەیە، لە پێوەندی بە پرسگەلی جیاوازەوە لەوانەیە کۆبوونەوەی جۆراوجۆرمان هەبێ، لە بارەی پێکەوەبوونی سەرلەنوێمان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەک بنەمالەکردنەوەماندا چەندین دانیشتنمان هەبووە و بەباشیش چۆتە پێش. من هیوادارم کە زۆر درێژە نەکێشێ و جارێکیتر ئەوانیش لەگەڵ هاورێکانیان و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەنای یەکتردابین.

فەرهوودی:بەرێز شەرەفی، ئایا ئەوانیش خوازیاری یەکپارچەیی ئێرانن؟

حەسەن شەرەفی: من پێموایە کە شتێکیتر تا ئێستا لەوانەوە نەبیندراوە یان نەبیسراوە جگە لەوە بێ.

فەرهوودی: لە یەک ساڵی ڕابردووەوە شتێکی نوێ لە ناوچە سەری هەڵداوە، ئەویش”داعشە”و بەرگرییەک کە ئێستا لەگەڵ ئەم هێزە بە پێکهێنانی ئێتلافێکی جیهانی بە رێبەری ئەمریکایە. وڵاتانی ناوچەکە پەیوەست بەم هاوپەیمانییە بوون و کۆماری ئیسلامیش دەڵێ کە سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ داعشە. ئێوە چۆن لەم هێزە نوێیە دەروانن و ئایا پێتوان وایە کە سەرئەنجام ڕۆژێک دێت کە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بتوانن بەسەر ئەم هێزە تیرۆستییە ئیسلامییەدا زاڵ بن؟

حەسەن شەرەفی: ئەم دیاردە نوێیەی داعش کە لە راستیدا دیاردەیەکی زۆر ناحەز و خراب کە لە ماوچەکەدا هەیە، بۆ هەموان جێگای سەرنجە. بەڵام ئەوە کە کێ داعشی دروست کردووە و پشتیوانی کردووە من ناتوانم لێرە و بەبێ بەڵگە ڕای خۆمی لەسەر دەربڕم، بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئەگەرچی زۆر لایەن لە دەستی داعش زیانیان بەرکەوت، زۆر لایەنیش قازانجیان کرد.

تەنانەت زۆر لە وڵاتەکان و حکوومەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کە ئیدەعای شەڕ لە دژی داعش دەکات و پێی وایە کە ئاڵای شەڕی لە دژی داعش بەلانی کەمەوە لە عێراق و سووریای لە دەست دایە، باوەرم وایە کە داعش دابینکەری هێندێک لە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەش دایە. من پێموایە ئەم شەڕەی ئێران لەگەڵ داعش لە راستی دا ئەوەندەی کە روخساری راستەقینەی هەبێ، زیاتر بۆ کڵاوسەرنانی کۆمەڵگای جیهانییە. ئێوە سەرنج بدەن، داعش لە عێراق چی کرد، لە سووریا چی کرد، تەنانەت لە لیبی چی ئەکات، لە وڵاتەکانیتری ناوچە بڕوانن، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێران بچووکترین خەساری لێ نەداوە. دووهەمیش بۆتە بیانوویەک کە کۆماری ئیسلامی پێگەی خۆی لە عێراق و سووریا بەهێزتر بکات. بۆتە بیانوویەک بۆوەی کە کۆماری ئیسلامی پتر شیعەکانی عێراق بەهێز بکات لەبەرنابەر ئەو سونیانەی کە ناوچەکانیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشییەکان دایە. بۆتە بیانوویەک بۆوەی کە ناوچە شیعە نشینەکان بە پارێزراوی بمێننەوە بەڵام ناوچە سوننییەکان بە دەستی داعش وێران ببن. ئەمانەش هەموو ئەو شتانەن کە کۆماری ئیسلامی بەتەمایان بوو، ئەگەر داعشیش نەبوایە خۆی بە تەمای ئەنجامدانیان بوو. بەڵام ئێستا داعش بووە بە کەرەسەیەک بۆ دابین کردنی نیازەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا.

فەرهوودی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش دایە، ئایا بۆ ئەو مەبەستە لە هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یارمەتیان وەرگرتووە؟

حەسەن شەرەفی: بەڵێ، لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر حکوومەتی هەرێم کوردستان داوا لە ئێمەکرا. هێزەکانمانی ئێمە بە ئیمکاناتی خۆمانەوە و بە توانا و ئیرادەی خۆمان چوون و لە گۆڕەپانی شەڕ لە دژی داعش بەشداریان کرد و لەو ناوچانەی کە بەوان سپێردرابوو، پێشرەویشیان کرد بەڵام گوشاری کۆماری ئیسامی لەسەر حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کە هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەڕی داعش بێبەش کرێن، بووە هۆی ئەوەی کە هەوڵی ئێمە لەوناوچەیە و لە دژی داعش بەوەستێ و تەنانەت کەوتینە بەر هەرەشەی داعشیش. بەڵام کۆماری ئیسلامی کە نایهەوێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیدی ڕای جیهانی دا و وەک هێزێکی دژی تیڕۆریست کە خۆشی قوربانی دەستی تیڕۆریزمی کۆماری ئیسلامییە و بەتایبەتیش رێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی دەرکەوێ، نەیدەویست کە ئەو ڕوانگەیە لە ڕای گشتی دا هەرچەند هەشە، زیاتر ببێ. ئیتر گوشاری هێنا و ئێمەش هێزەکانمان بۆ شوێنی خۆیان گێرایەوە، بەڵام بەشداریمان کرد و شەڕیشمان کرد و سەرکەوتنیشمان بەدەست هێنا.

فەرهوودی: بەرێز شەرەفی، ئایا لەسەر ئەو باوەرەن کە ئەم شەڕەی لە دژی داعش دەکرێ، سەرکەوێ و ئەم هێزە تیڕۆیستییە بتوێتەوە و داعش بۆ هەمیشە لە ناو بچێ؟

حەسەن شەرەفی: من دڵنیام کە ئەگەر ئەم هاوپەیمانیە جیهانییەی لە دژی داعش پێک هاتووە و بەراستی هەرکام لەو وڵاتانەی لەو هاوپەیمانییەدایە و بە شێوەی جیددی بیانهەوێ بێنە مەیدانەوە، بەڵێ. ئەم داعشە هێزێک نییە کە بتوانێ لەبەرانبەر ئەو هەموو وڵاتانەی دونیا و ئەو هەموو هێزە سەربازی و جبەخانە پێشکەوتوانەی دونیا خۆڕاگری بکات. بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا زۆر لەوانە کە دەڵێن شەڕی داعش دەکەن، کەمێکیش مانەوەی داعش لە ناوچە لە بەرژەوەندی خۆیانی دەبینن. ئەوەیە کە ئەگەر بەنیازی شەڕکردن لەگەڵ داعشیش بن، بە شێوەی جیددی نییە، هێواش و لەسەرۆخیە، بەجۆرێکە کە لەوانەیە داعش لاواز ببێ بەڵام لە ناو نەچێ، لاواز ببێ کە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی زۆر لایەن پێک نەهێنێ و بشمێنێتەوە کە بتوانێ بەرژەوەندی زۆر لایەن لە ناوچە دابین بکات.

فەرهوودی: لە هێندێک لایەن،مەبەستان کۆماری ئیسلامییە؟

حەسەن شەرەفی: بە دڵنیاییەوە و لەسەرووی هەموانیشەوە.

وەرگێرانی لە فارسییەوە: رەشید زەرواوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت