کەرکووک پێی گوتین، با ڕۆژهەڵاتیەکان چیتر متمانە بە باشوور نەکەن

0
965

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

لانیکەم ١٥ ساڵە چالاکانی سیاسی، ڕووناکبیران و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، داوا لە حیزبەکانیان دەکەن، ئەگەر دەیانهەوێ پێشڕەوی خەباتیان بن، با قۆناخی باشوور دەرباز بکەن، حیزبەکانیش هەر جارەو بە بیانوویەک قۆناخەکەیان درێژ کردەوە تا ئێستا و لە ئێستاشدا، ئەگەر تەنیا هەندێکی کەم بچیە ناو باسەکەوە، تراژدیەکی مەزنت دەکەوێتە بەر چاوان کە ئەویش بەرەو پاشکۆبوون هەنگاو نانی هزر و ڕەوانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتە، باسێک کە هێندە ڕوونە حەوجێ بە هێنانەوەی چ بەڵگەیەک نیە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ بەرانبەر لەگەڵ ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە مێژووی کورددا وەک قۆناخێ تر لە مێژووی تەژی لە کارەساتی کورددا تۆمار کرا، کەرکووک، دڵی کوردستانی باشوور، بە فەرمانی یەکێتی و بە بێدەنگی و هاوڕایی پارتی دێموکراتی کوردستان و بە بزەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، ڕادەست کرا. ئێستا لایەنەکانی باشوور، وەک هەموو قۆناخەکانی مێژووی خۆیان و وەک سەردەمی هەموو هەڵبژاردنەکانیان لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، یەکتری تاوانبار دەکەن بەڵام لە چاوی زیتی سیاسی و چاوەدێر شاراوە نیە کە دەستی هەر دوو لا لە خەنەی نیشتمانفرۆشیی ئەو جارە وەک هەموو قۆناخەکانی مێژووی شۆڕشی باشوور، سوورە، خەنەیەک کە ڕوانگەی هەموو جیهانی لەسەر بوێریی کورد و پێشمەرگە گۆڕی و کوردستانی لە هێمایەکی نوێ بۆ سەربەخۆییخوازی و گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە، بۆ ترس لە سەربەخۆییخوازی گۆڕی. خیانەتێک کە لە ژوورە نهێنیەکانی یەکێتی بە ڕێبەریی مەلا بەختیار و هێرۆ خان و بە بوون بە بڵنگۆی، پاڤێل تاڵەبانی و ئاڵا تاڵەبانی و لاهوور جەنگی، دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا لە کۆبوونەوەی نگریسی دووکان، دەستی پارتی دێموکراتیشی خستە ناو گۆزەکەوە، دەستێک کە هیچ کات نەویستووە لە بەرژەوەندیی حیزبیدا ببێتە دووهەم و بەرژەوەندیی نیشتمانی کردووە بە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی. مێژوویەکی قووڵ و ڕەش لەمبارەوە تۆمار کراوە، چ بە نووسراوە و چ لە ناو هزری خەوشێندراوی تاکی کورددا.
حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ماوەی ٢٥ ساڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە بە هۆی پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی کوردی و وەک ڕێزگرتن لە بەرهەمی خوێنی شەهیدان، جارێ خەباتی چەکداریان ڕاگرتووە، ئەگەر خۆ لە قەرەی ئەو باسە نەدەین کە ئەو بەرژەوەندیی نەتەوەییە لە باشوور، چ زیانێکی لە بەرژەوەندیی کورد لە ڕۆژهەڵات داوە و لە بنەڕەتدا، کوردی ڕۆژهەڵات وەک بەشی پلە دووی نەتەوەی کورد سەیری کراوە و لە هەمان کاتیشدا ڕۆژهەڵات بووە بە گۆڕەپانی تەڕاتێنی کۆکردنەوەی ئەندام بۆ ڕۆژئاوا و باکوور، دەکرێ بە ڕاشکاوانە بێژین، ئێستا حیزبەکان خۆیان لە مەترسی دان. مەترسیەک کە بە هۆی پاشکۆبوونی هزر و دەروونی تاکی کورد لە رۆژهەڵات، بە هۆی سیاسەتی هەڵەی حیزبەکان و ڕاگەیاندن و قەڵەم بەدەستانیان هاتووەتە ئاراوە، سەد قات کارەساتبارتر بووە.
ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاریجانی و سەحراڕوودی هاتنە باشوور، سەردانی هەولێر و سلێمانیان کرد و وەک خانەخوێ فەڕشی سووریان بۆ ڕاخرا و کادۆ و دیاریان درایە و دا، پێشتریش زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبەکان لە باشوور تیرۆر کران، دیاریشە بکوژان کێ بوون و بۆ کردیان، هێزی ئێران چۆن ئێستا هێنراوەتە کەرکووک، ئاواش هێنرایە کۆیە و هەیبە سوڵتان، لە باڵەکایەتیش هێشتا برینەکە سارێژ نەبووەتەوە، ٤٠ هەزار کەس هەر لە سەر لانکە و بێشکەوە تا لێواری قەبر، هێرشێکی مەغوول ئاسایان کردە سەر چەند پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات و ئەوەی بۆیان دەکرا کردیان، هەمان ئەو خەڵکانەی ئەمڕۆ لە ماڵەکانیان، لە دووکان و بازاڕەکانیان و لەسەر فەیسبووکەکانیان پاڵیان لێدابۆوە. زانیاریی وردمان لایە و چەند نموونەیەکیشمان وەک مێژوو تۆمار کردووە و بۆ کاتی خۆی پاراستوومانە کە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات کە نیازی ىووە بۆ چالاکیەک بچتەوە ڕۆژهەڵات، گیراوە و چەک کراوە، تەنانەت هێزێکی حیزبێکیش، هاوینی ڕابردوو لە لای قەڵادزێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەمارۆ درا و خەریک بوو ڕادەستی ئێران بکرێتەوە. ئێستاش قاسم سلێمانی کە دوای زیارەتی گۆڕی جەلال تاڵەبانی، دەستی برایەتی خستەوە ناو دەستی یەکێتی و بەیعەتەکەی نوێتر و گەرم و گوڕتر کردەوە، لە باشوورەو تەڕاتێن دەکات، مەترسیی هێرش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی تریش هەیە، هەموو ئەو شوێنانەی کە مادەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە، ئەو گشتپرسیەش کە حیزبی ڕۆژهەڵات فستیڤاڵی بۆ دەگرت لە حاڵێکدا مووچەی پێشمەرگەی دواکەوتووە و خەڵکەکەی لە ناوخۆ دەستبەسەر کرا لە حاڵێکدا کەس نیە دەست خۆشیەکیشیان لێ بکات، ئێستا فرۆشراوە، باس لە قیادەی موەقەت و چەندین باسی تریش، بە هۆی درێژبوونەوەی باسەکە با بمێنێتەوەم بەڵام ئیتر ئێستا کام بەرژەونەدیی نەتەوەییمان بۆ دەپارێزن و قوربانیی چیمان دەکەن؟

کۆی ئەو ڕووداوانە ئەوەمان بۆ دەردەخا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت کە هەندێکیان لە هێزێکی چەکداری- سیاسیەوە بوون بە هێزێکی سیاسی و پێشمەرگەیان نیە یان فرە کەمە، ئێستا لە مەترسی دان، مەترسیی هێرشی حەشدی شەعبی یان شانە نووستووەکانی ئێران لە هەولێر و سلێمانی و کۆیە و ڕانیە و سەری ڕەش و …تاد کە زیاتر لە ٧٠٠ بنکە و ماڵ، تەنیا لە سلێمانی هەیە، حوسێنیە و چەندین ناوەندی ڕۆژنامەوانیش با لەولاتر ڕاوەستن جارێ سەرەیان نیە، لەلایەکی تریشەوە هەروەک لە باڵەکایەتی بینیمان، بۆی هەیە ڕووداوی هاوشێوەی شەوی یەڵدای قەڵای دێموکرات و ڕووداوی تاڵتری وەک ڕێپیوان بە دژی حیزبەکان و هێرشی گشتی بۆ سەریان ئەزموون بکەینەوە.
حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕوانگەی ئێمەوە دەبێ دوو کار بکەن:
یەک: خۆدەرباز کردن لە قۆناغی باشوور و کۆتایی هێنان بە پاشکۆ بوون.
دوو: کۆتایی هێنان بە پاشکۆبوونی هزریی کۆمەڵگا کە هەر لە یەکەمیەوە سەرچاوە دەگرێت.
بۆ ئەو چارەسەریە پێویستە، ڕێگای “مان و نەمان” بگرێتە بەر، واتا ڕووکردنەوە لە چیاکان و شێوەیەکی خەباتی وەک پەکەکە و سەربەخۆیی فکری، سیاسی، میدیایی و سەربازیی ڕۆژهەڵات. ئەوە پێویستی بە ورەیەکی گشتی یان ڕێبەریەکی بوێری کارزماتیک هەیە، کە لامان وایە ئەو ورە و وزەیە لە خەباتی ڕۆژهەڵاتدا هەیە بەڵام ناخرێتە ڕوو و لێکدانەوەی تەواوی بۆ نەکراوە و هەندێ دڵەڕاوکە لەلایەک و هەندێ بەرژەوەندیی ئابووری لەلایەکی ترەوە، کۆسپئ سەر ڕێگای ئەو هەنگاوەن.
ئەگەر بێت و ئەو ڕێگایە نەگردرێتە بەر تەنیا دوو چارەنووس چاوەڕێمانە:
یەک: توانەوە لە ناو باشوور، بێ ورەیی، بوون بە حیزبی فەیسبووک و ….تاد
دوو: کەوتنە بەر هێرش و لەناوچوون.
هەر دوو خاڵیش بە هۆی تەشەنەی بیرۆکەی ناکوردانەی ئیسلاح تەڵەبی لەلایەک و پەیدابوونی بازرگانی سیاسی لەلایەک و تەرخان کردنی پارەیەکی زۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامی کە بە ناوی بوودجەی هەرێم و یارمەتیی حیزبەکانی باشوور، جارجار دەگاتە دەستی هەندێ حیزب یان بەرپرس و ناوەندی حیزبی و پاشکۆبوونی هزر و ڕەوانی کۆمەڵگای گشتیی ڕۆژهەڵات، زۆر ساناترن لە جاران.
حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەزانن گۆڕانکارییەکان لە ئارادان بەڵام هەم زۆر دڵنیا نین، چون خوێندنوەی تەواویان بۆ ڕووداوەکان نیە و هەمیش نازانن کەی دێنە ئاراوە بۆیە دەبێ و پێویستە هەم خوێندنەوەی باشیان بۆ ڕووداوەکان بێت و هەمیش دەبێ خۆ ئامادە بکەن بۆ ماوەی لانیەکم ٣ ساڵ لە ناو شاخەکان و لە سنوورەکان، لە ژیانێکی پێشمەرگانە نەک شارستانیانەی سەر مۆبڵەکاندا بژین. لە هەمان کاتیشدا تێچوو- قازانجێک بۆ تەشکیلاتی دەرەوەیان بکەن، کارنامەی کەس و بەرپرسەکان هەڵسەنگێنن، ئەگەر کارنامەکان لاواز یان نەرێنین، تەعارووف و نان بەقەرزدان بخەنە لاوە و کەسی تریان بەپێی پێوەر و مەرج لە جێگا دابنێن.
گرنگ ئەوەیە ئەگەر ئێستا هەست بە مەترسیەکان نەکەین و لامان وابێ کوردی باشوور یان فڵان حیزبە نامانفرۆشێ ئەوا وەبیرتان دەخەینەوە کە دۆینێ لە دووکان، خودی باشوور فرۆشرا، ئەمشەو یان سبەی لە پەیوەندیەکی تەلەفوونیدا زۆر بە سانایی ئێوەش دەفرۆشرێن. مێژووی پەیوەندی لەگەڵ باشوور و خەباتی باشوور سەلمێنەری ئەو ڕاستیە تاڵەیە کە هیچ گارانتیەک لە باشوور چاوەروان ناکرێ، بەرژەوەندیی حیزبی لە یەک چرکە و کەمتریش لە یەک چرکەدا، هەموو هاوکێشەکان وەردەسوورێنێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.