کاوە بەهرامی: هەتا درەنگ نەبووە بگەڕێنەوە باوەشی گەل

0
1029

ڕۆژی کورد: لەماوەی یەک مانگی ريالابردوودا زیاتر لە پێنج تێکهەڵچوون لە شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، پاوەو شنۆ و ناوچەی ۆمای ورمێ هاتوونەتە ئاراوە کە تیایدا دەیان ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون کە بەشێکیزۆریان جاشە کوردەکانی نێو ڕیزی سپای ڕەژیمی تیرۆریستی ئیسلامی بوون.

کوژرانی ئەو ڕادەیە لە کوردەکانی نێو ڕیزەکانی ڕەژیمی ئیسلامیی ئێران، حیزبی دێموکراتی ناچار کرد کە لە پەیامێکی تایبەتدا بۆ جارێکی دیکە داوا لەو کەسانە بکات چەکەکانی ڕەژیم فڕێ بدەن و بگەڕێنەوە باوەشی ئازادیخوازانی کوردستان.

سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵکی کوردستان، ڕایگەیاند،  ببنە پەنا و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و هێزی خۆیان بخەنە پاڵ هێزی پێشمەرگە و داوای لە کەسانی سەربە ڕەژیم کرد دەست لە چەکی خیانەت هەڵبگرن.

مستەفا هیجری هاوکات ڕایدەگەیەنێ: هەموو ئەو کەسانەش کە بە هەر هۆیەک چەکی ڕێژیمیان پێیە، یان بە هەر شێوەیەکی دیکە لە دژی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خەباتکار لە پێناو ئامانجە چەپەڵەکانی ڕێژیمدان هەتا درەنگ نەبووە، چەکی خەیانەت بە گەل و نیشتمان فڕێ دەن و دەست لە خەیانەت بە نەتەوەی خۆیان هەڵگرن و، نەفرەت بکەن لەو نانەی بە قیمەتی ڕشتنی خوێنی خەباتکارانی کورد پەیدای دەکەن.

سکرتێری حیزبی دێمۆکرات لەو بارەیەوە دەشڵێت: ئەگەر چەکی خەیانەت فڕێ بدەن و دەست لە کردەوە دژی نەتەوەییەکانیان هەڵگرن، دڵنیابن پێشمەرگە دوژمنایەتی ئێوە ناکا، ئێستاش ئێمە بە ناوەڕۆکی ئەو پەیامە وەفادارین و داواتان لێ دەکەین بگەڕێنەوە ڕیزی خەڵک با هەموومان شان بە شانی یەکتر ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕێژیم داماو و ڕیسوا بکەین.

سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکرات سالی ١٣٨٨ لە پەیامێکی هاوشێوەدا رایگەیاندبوو کە ئەو کوردانەی بە هەر هۆکارێک چەکی رژیمیان هەڵگرتووەو دەستیان بە خویێی رۆڵەی کورد سوور نەبووە، بەگەڕێنەوە باوەشی گەڵ بۆ خزمەت بە نیشتمان.

رۆژی کورد لەو بارەیەوە دیمانەیەکی لەگەڵ کاوە بەهرامی ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە، کە ناوبراو پیداگریی لەسەر بەردەوامیی چالاکیی پێشمەرگانە دەکات.

کاوە بەهرامی ئەندامی شۆڕای نیزامی حدکا و فەرماندەیەکی ناسراوی نیزامیی ئەو حیزبە، سەبارەت بە کاریگەریی نەرێنیی جاشەکان لە ریزی چەکدارەکانی رژیمدا لەسەر بزافی کورد، رایگەیاند: لە ماوەی ساڵانی خەباتدا جاشەکان کۆسپ بوون لەبەر دەم جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان و بوونەتە چاوساخ و کەواسووری بەر لەشکر بۆ دوژمن و دژایەتیی پێشمەرگە و چاوساخی بۆ دوژمن بکەن.

ئەو ئەندامەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات گوتیشی: “پێویستە خەڵکی کوردستان ئاگادار بن لە سیاسەتی ئەو کەسانەی سەر بە رژیم بەدەستی خۆیان خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ رژیمی ئیسلامی.”

ئەو ئەندامەی شۆرای نیزامیی حیزبی دیمۆکرات ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە جیا لەوەی کە چەکدارە کوردەکانی نێو ڕیزی ڕەژیم به لەمپەری جووڵانەوە دەبینین، هاوکات حەز ناکەین منداڵی ئەو کەسانە بێ باوک بکەون و هەر بۆیەش لە ئێستاوە بانگەواز بۆ ئەو مەسەلەیە دەکەین”.

بەهرامی دەشڵێت: “سیاسەتی ڕەژیم بەردەوام سیاسەتی بە کوشت دانی کورد بە دەستی کورد بووەو هەموو هەوڵی بۆ دووبەرەکی نانەوە لە ناو ماڵی کورد دایە.”

ئەو ئەندامەی ڕێبەریی حیزبی دیمۆکرات کە وەکوو کەسێکی بە ئەزموونی بواری نیزامی ناسراوە، ڕایگەیاند: “زۆر جار هەڵسووکەوت و سیاسەتی ڕەژیم، شێوەی خەباتی بۆ ئێمە دیاری کردووە (گۆڕینی شەڕی جبهەیی بۆ شەڕی پارتیزانی”، بەڵام بێگومان ئێمە لە چند ساڵ پێش ئێستاوە بەرنامەی کاری سیاسی، تەشکیلاتی و نیزامیمان بۆ خەباتی نوێ داڕشتووە.

کاوە بەهرامی روو لە خەڵکی کوردستان دەڵێت: ” داوا دەکەین بۆ نەمانی ئەو کۆسپ و دیاردەیە، خەڵكی کوردستان کەسانی سەربە ڕەژیم قەناعەت پێ بێنن کە واز لە خۆشخزمەتی بە ڕەژیم بێنن و ببنە پاڵپشت و یارمەتیدەری هێزی ڕزگاریدەری پێشمـەرگەی کوردستان و پێشمەرگە بە دڵسۆز و هەوێنی سەربەرزیی خۆیان بزانن.”

ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دێمۆکرات لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ هەتا چەندە پەرە بە چالاکییەکانتان دەدەن، ئاشكرای کرد: “پەیامی ئێمە هەر وەک لە نەورۆزدا رامانگەیاند، قۆناغێکی نوێ بۆ دەستبەسەر کردنی ئازادی و سەرکەوتنی شۆڕش کوردستانه، کەوابوو لە پێشوو زیاتر تینی خەبات دەیەن هەتا شۆڕشەکەمان سەربکەوێ.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت