کاوە جەوانمەرد: دیسان ئەگەری کوشتاری خەڵک بەدەستی رژیمی ئێران لە ئارادایە

0
956

رۆژی کورد: لەماوەی چەند رۆژی رابردووا پاش راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش لەلایەن حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ناوەندە تەبلیغاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک پڕوپاگەندەیەکی بەرین و هەرەشە ئامێزیان بۆسەر ئەو حیزبە دەستپێکردووە.

رۆژی ١٦ی خاکەلێوە ماڵپەڕی “دانا” سەربە سوپای پاسداران هەواڵیکی لەژێر سەدێڕی “زیددی ئینقلاب” بە زەبری چەک قوتابخانەکانیان دادەخست” بڵاو کردەوە، کە تیایدا هەوڵ دراوە کە حیزبە کوردییەکان دژی هەموو چەشنە ئاوەدانکردنەوەیەک لە کوردستاندا بوون.

ماڵپەڕی سوڵدوز خەبەر سەر بە ئیتلاعاتی نەغەدە، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە لە هەواڵێکی چەواشەکارانەدا شەڕی نەغەدە دەخاتە ئەستۆی حیزبی دیمۆکرات و رۆڵی ئاخوند حەسەنی وەکوو کەسیکی ئاشتیخواز بەرجەستە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵپەڕی ” دانا” لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە “زیددی ئینقلاب” لە ساڵی ١٣٦١ مەلایەکیان لە ماڵەکەیی خۆیدا لە شاری سنە کوشتووەو ماڵەکەشیان ئاگر تێبەرداوە.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، هەواڵدەریی فارس هەواڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتیبێک لەژێر ناوی “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران”دا بڵاو کردەوە کە لە نووسینی مەحموود نادری و لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە توێژینەوەی سیاسییەوە بە چاپ گەیشتووە.

لەو هەواڵەدا کە بەشیک لە پیشەکیی ئەو کتێبە خراوەتەڕوو، سەرجەم مێژووی حیزبی دیمۆکرات لە دامەزرانییەوە هەتا ئێستا بە قەڵەمی مەحموود نادری چەواشەکراوە.

هەروەها بڕیارە سێ جڵد کتێبی “روز شمار وقایع توروریستی در ایران” لەماوەی داهاتوودا لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی “هابیلیان”ـەوە چاپ و بلاو بکرێتەوە کە تیایدا حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەهۆکاری دەستپێکردنی شەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دراون.

رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە فەرماندەری زەمینیی سوپای پاسداران دژکردەوەیەکدا بە بڕیاری نویێ حیزبی دیمۆکراتدا بە هەواڵنێرە حکوومەتییەکانی راگەیاندووە، ئەگەر “زیددی ئینقلاب” پیشڕەوی بکات، خومپارە بارانیان دەکەین.

رۆژی کورد بۆ تاوتوێ کردنی شەپۆلی نوێی هێرشی تەبلیغاتی و چەواشەکارانەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی رژیمی ئێران، دیمانەیەکی لەگەڵ کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە.

کاوە جەوانمەرد لەو باوەرەدایە کە سەرەکیترین هۆکاری ئەو هەوڵانەی رێژیم بۆ تاوانبارکردنی حیزبی دێمۆکرات بۆ هەڵگیرسانی شەڕی پاش شۆرشی ٥٧ی کوردستان، سازدانی جۆرێک زەینیەت لای خەڵکی کوردستانە، هەتا لە ئەگەری سەرکوت و قەتل و کوشتاری دووبارەی خەڵکی کورد لە لایەن رێژیمەوە، هەمدیسان رێژیمی ئیسلامی ئێران وەکوو تاوانباری سەرەکی نەییتە ئەژمار.

دەقی وتوێژی رۆژی کورد لەگەڵ کاوە جەوانمەرد:

ڕۆژی کورد: هۆکاری وەڕێ خستنی ئەو شەپۆلە تەبلیغاتییە بە دژی حیزبی دێمۆکرات چییە؟

کاوە جەوانمەرد: ئیستراتیژی پراکتیزەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەرەکییترین هۆکاری درووستبوونی ئەو شەوپۆلە نوێیەیە کە بە شێوەی هەمە لایەنە دەستیپێکردووە.

ئەڵبەت درووستبوونی ئەو گۆڕەپانە دژبەرانەیە کە رەنگ و بۆیەک لە بێ دەرەتانی نەیارانی حیزبی دێمۆکرات بە رۆخسارییەوە دەرکەوتووە، دیاردەیەکی نوێ نییە و بە شێوەی بەردەوام و لە حاڵەتگەلێک کە نەیاران هەستیان بە

کاوە جەوانمەرد
کاوە جەوانمەرد

مەترسی کردبێت، دەستیان داوەتە پڕوپاگەندا بە دژی حیزبی دێمۆکرات.

مێژووی هەڵوێستە کردەوەییەکانی حیزبی دێمۆکرات، لە باری سایکۆلۆژییەوە کارتێکەرییەکی تەواوی بەسەر لایەنی بەرانبەردا هەبووە، بە واتایەک کە دوژمن یان لایەنی نەیار، باوەڕی تەواویان بەو شێوە سیاستکردنەدا هەیە. لە وەها حاڵەتێکدا لایەنی نەیار لە هەنگاوی یەکەمدا و لە بێ دەرەتانی تەواو، پەنا دەباتە شەڕی تەبلیغاتی هەتا بەو شێوەیە بتوانێت راو سەرنجی گشتیی کە بۆ لای پولێتیکی نوێ حیزبی دێمۆکرات راکێشراوە، بشێوێنێت و تێکیبشکێنێ!  ئەو جۆرە رێفلیکسەی لایەنەکانی بەرانبەر خۆی جۆرێک وەدوواکەوتنی پێوە دیارە.

لانیکەم هەنووکە لایەنی دژبەر کە بەشە سەرەکییەکەی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی رێژیمی ئێران سەرپەرشتی دەکرێ، لەهەمبەر پلانی نوێ حیزبی دێمۆکراتدا، زیاتر لە ساڵێک لە پاش کەوتووە، چۆن بناخەی ئەو ستراژییە نوێیە جگە لە بەرنامە گشتگیر و درێژخایەنەکانی حیزبی دێمۆکرات، لە ساڵێک پیش ئێستاوە چووەتە قۆناخی کردەوەیی و لایەنی دژبەر لە پلانداڕێژی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو پلانە، وەدووا کەوتووە. هەر بۆیە هیچ رێگایەکی دیکەی نیە، بێجگە پەنا بردن بۆ تەبلێغات و چەواشەکاری و تێکدانی بەستەر و رای گشتی.

ڕۆژی کورد: بەبڕوای ئێوە ئەو جۆرە تەبلیغاتانە لە ئێستادا چ کاریگەرییەکی لەسەر رای گشتیی خەڵک دەبێ؟

جەوانمەرد: بە بێ هیچ گومانێک، ئەو چەشنە پڕۆپاگەندایە کە بە دژی حیزبی دێمۆکرات دەستیپێکردوە، ناتوانێت هیچ جۆرە کاریگەرییەکی نێگەتیڤ لەسەر هەست و رای گشتی درووست بکات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆر لە بەردەنگانی ئیستراتیژی نوێ حیزبی دێمۆکرات لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە پێک دێت کە داتامەند حساباتی لەسەر هەیە و بەشێکی هەرە گەورەی ئەو بەردەنگانە خەڵکی بێ دەرەتان و ناهۆمێدن کە لە چوارچێوەی سیستەمی ئێراندا زیاترین قوربانی و تێچوویان داوە و هەروەها هیچ شێوە باوەڕپێکراوییەکیان بەو دەسەڵاتە نەماوە.

سیاسەتی کردەوەیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە بەرانبەر بە بیری رەگەزپەرستانەی زاڵی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران، دەتوانێت پێوەر و پێناسەیەکی روون بێت بۆ جۆری تێڕوانینی خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردنی بیرێکی ئازادیخوازانە و نەتەویی. کەوابوو دەتوانین بە دڵنیایەوە بڵێین کە هەوڵەکانی رێژیم بۆ بەلارێدا بردنی بیری نەتەویی و هوشیاری خەڵک و پشتگیریان لە حیزبی دێمۆکرات بێ ئاکام دەبێت.

ڕۆژی کورد: بۆچی هەوڵ دراوە حیزبی دێمۆکرات وەکوو هەڵگیرسێنەری شەڕ لە کوردستان بناسێنن لە ساڵی ٥٧دا؟

جەوانمەرد: ئەو پیلانە لەمێژساڵە لە لایەن دوژمنانی کورد و کوردستان و لەسەرەوەی هەموویان رێژیمی ئیسلامی ئێران دادەرەژڕێت و بە درێژایی مێژوو هەوڵدراوە نە تەنیا لایەنێکی رزگاریخوازی کوردی وەکوو حیزبی دێمۆکرات بکرێتە تاوانباری شەڕ، بەڵکوو تەنانەت شەڕی کورد بە کورد بکرێت. بێ گومان تێچووی ئەو هەموو قوربانی و خوێن رشتنانە کە هۆکارەکەی سیاسەتی سەرکوت و پاکتاوکردنی رێژیمی ئێران بووە، هەڵگری قین و نەفرەتێکە بە درێژایی ئەو دەسەڵاتە کە لە لای خەڵک درووست بووە و رێژیم هەوڵ ئەدات خۆی لەو تاوانە مێژوویانە دەرباز بکات.

ئێستاش کە خەڵکی شۆڕشگێری کورد بە شێوەی گشتگیر لە هەموو شوێنەکانی کوردستان پێشوازییان لەو ئیستراتێژییە نوێیەی حیزبی خۆیان کردووە، رێژیم بە وەبیر هێنانەوەی زام و ئێشی ساڵانی رابردوو، بە تەمای درووستکردنی جۆرێک خۆف و ترس لە نێوان خەڵکدایە هەتا لە هەڵویستەکانیان سارد ببنەوە. ئەڵبەت لایەکی دیکەشەوە نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە ئەو جۆرە هەوڵانەی رێژیمی ئیسلامی ئێران، بۆ وەبیر هێنانەوەی دەست نەپاراستن و کوشتن و بڕینی خۆیانە لەهەمبەر خەڵکی کوردستان. بەڵام سەرەکیترین هۆکاری ئەو هەوڵانەی رێژیم بۆ تاوانبارکردنی حیزبی دێمۆکرات بۆ هەڵگیرسانی شەڕی پاش شۆرشی ٥٧ی کوردستان، سازدانی جۆرێک زەینیەت لای خەڵکی کوردستانە، هەتا لە ئەگەری سەرکوت و قەتل و کوشتاری دووبارەی خەڵکی کورد لە لایەن رێژیمەوە، هەمدیسان رێژیمی ئیسلامی ئێران وەکوو تاوانباری سەرەکی نەێیتە ئەژمار.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.