یادگارییەکانی هونەرمەند “کەریم کابان”

0
430

کەریم کابان ناوی “عەبدولکەریم جەلال مەحموود عەزیز کابان”ه. ساڵی ١٩٢٧ لەگەڕەکی “شێخان” لەشاری سلێمانی، لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر لەدایک بووە. سەرەتا، لە قوتابخانەی ئایینی “حوجرە” خوێندوویەتی و دواتر چووەتە قوتابخانەی “فەیسەڵییە” و پاش تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی، بووە بە پۆلیس.

یەکەم دەرکەوتنی توانای هونەریی بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە وەک دەنگخۆشێک لە تیپی سروودی قوتابخانەکاندا بەشداری کردووە. لە ساڵانی سیی و چلی سەدەی پێشوودا، وەک هەموو گەنجە دەنگخۆشەکانی شار، شەوانە کوچە و کۆڵانەکانی شار گەڕاوە و گۆرانی وتووە.

دەرکەوتنی زۆرتری کەریم کابان، بۆ سەرەتای چلەکان و ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانییدا، ئیزگەیەکیان دامەزراندووە و ئەمیش لەوێدا گۆرانی وتووە. هەر لەم ماوەیەشدا یەکەمین گۆرانی خۆی بەناوی “لە ڕێی دڵداری” بۆ ڕادیۆ بەغداد تۆمار کردووە. ساڵی ١٩٤٥ لەشاری بەغداد و لە ئاهەنگێکی گەورەدا، بە چەند گۆرانییەک بەشداری کردووە.

لەسەرەتای پەنجاکاندا، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خاوەنی سێ کوڕ و سێ کچە. کەریم کابان خاوەن دەنگێکی بە سۆز و شێوازێکی تایبەت بەخۆیەتی. لەگەڵ هونەرمەندی شەهید “قادر کابان”ی برایدا، لە ڕێزی پێشەوەی ئەو هونەرمەندانەن کە گۆرانی فۆلکلۆریی کوردییان لە بیرەوەریی و ناوماڵەکانەوە بۆ سەرتەختی شانۆ گواستووەتەوە.

لەبواری ئاوازداناندا کاری کردووە و ئاوازی بۆ زۆربەی گۆرانییەکانی خۆی و چەند گۆرانییەکی قادر کابان و عوسمان عەلی و چەند هونەرمەندێکی تریش داناوە. دوا کاریشی لەم بوارەدا، دانانی ئاوازێکە بۆ هۆنراوەی “تۆ کچێکی بەهاری بووی”ی”ئەحمەد محەمەد”و بەهیوای ئەوەبوو کە لە دەرفەتێکدا تۆماری بکات.

بەشێوەیەکی گشتی، بەرهەمە هونەرییەکانی کەریم کابان، بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەکرێت: یەکەمیان ئەو گۆرانییانەی کە لەبەشی کوردی ئێزگەی بەغداد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وتویەتی وتۆمار نەکراون. بەشی دووەمیشیان ئەو گۆرانییانەن کە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا تۆماری کردووەن.

وەک کەسێکی نەتەوەیی دەرکەوتووە و ئەم هەستەشی هۆکاربووە بۆ ئەوەی ماوەی شەش ساڵ “١٩٦٣-١٩٦٩” بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق دووربخرێتەوە. لەساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشی نوێوە کردووە و لەشاخ و لەڕێی ڕادیۆی شۆڕشەوە “دەنگی کوردستان” چەند بەرهەمێکی بڵاوکراوەتەوە. دوای نسکۆی شۆڕش، بۆ جاری دووەم بۆ شارەکانی ناوەڕاستی ئێراق دوور خراوەتەوە و بەم هۆیەشەوە، لەکاری هونەریی دابڕاوە.

دوای ڕاپەڕین و بەهۆی کۆڕەوەکەی گەلی کوردەوە، کەریم کابانی هونەرمەند ڕوو لە ڕۆژهەڵات دەکات و لەلایەن کوردان و هونەرمەندانەوە بەگەرمییەوە پێشوازی لێ دەکرێت. لە “ئۆردوگای سەردەشت” چەند گۆرانییەکی وتووە و دواتریش بەشداری فیستیڤاڵێکی گەورەی لە شاری سنە کردووە.

لەماوەی ژیانی هونەرییدا، لەچەندین ئاهەنگ و فیستیڤاڵدا بەشداری کردووە و چەند جارێکیش خەڵات کراوە. ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن بنکەی ئەدەبیی و ڕوناکبیری گەلاوێژەوە و بۆ بەرزڕاگرتنی خەباتی هونەریی پەنجا ساڵەی، خەڵاتی ئاڵتوونی پێ بەخشراوە، هەروەها خەڵاتی “بلە”ی پێ بەخشراوە و لە “پارکی ئازادی” لە شاری سلێمانی پەیکەرێکی بۆ دروست کراوە و بە دەستی خۆی پەردەی لەسەر لاداوە.

لە رێکەوتی ١٤ی ١ی ٢٠١٦ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

Kareem Kaban (5)

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت