کانونی فەرهەنگیی ئەتهەری کرماشان، هەڵپەڕکێی کوردی بە دژەئەخلاقی ناو برد

0
995

لە کاتی هاتنی حەسەن ڕوحانی بۆ پارێزگای کرماشان کە کەمترین پێشوازی لێکرا، هەندێک کیژی گەنج بە قۆستنەوەی دەرفەت و بە وەڕێخستنی هەڵپەڕکێی کوردی تا ڕادەیەک کوڵی دڵی خۆیان لە نەبوونی ئازادی هەڵڕشت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناسنامەی کوردبوونی شاری کرماشانی زیاتر خستە ڕوو.

ڕۆژی کورد: بەپێی سکاڵانامەیەکی فەرمی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە، کانوونی فەرهەنگیی “اطهر”ی کرماشان لە سکاڵانامەیەکدا بۆ دادستانیی گشتی و ئینقلابی کرماشان، سکاڵانامەی لەسەر کانوونی پێشوازی لە حەسەن ڕوحانی تۆمار کردووە و داوا دەکا بە هۆی هەبوونی هەڵپەڕکێی کوردی لە کاتی پێشوازی لە حەسەن ڕوحانی، لێپرسینەوەی لێبکرێت.

لە بەشێک لەو سکاڵانامە پڕ لە بێڕێزی بە کورد و فەرهەنگی کوردیەدا هاتووە : “لە کاتی پێشوازی لە سەرۆک کۆمار لە ستادیۆمی ئازادی و دواتر لە گۆڕەپانی خومەینی، چەند کیژێک و بەشێکی زۆر لە قوتابیان دەستیان کردووە بە هەڵپەڕکێیەکی بێ ئەخلاقانە و نائیسلامی و بەداخەوە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەو کردەوە بێ ئەخلاقییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە هۆکاری خەوشداربوونی هەستی ئومەتیی حیزبوڵاهی”.

لە درێژەی نامەکەدا نووسراوە: “لە کاتێکدا کە گەنجەکانی ئەو وڵاتە ئیسلامییە لە هەزاران کیلۆمیتر لەوبەرتر و لەوبەری سنوورەکان گیانی خۆیان بۆ ئیسلام قوربانی دەکەن، درووست نیە هەندێک کەس بێن و بە هەڵپەڕکێیەکی بێ ئەخلاقانە و دوور لە ئەخلاقی ئینسانی و ئیسلامی، بایەخە ئیسلامی و ئێرانیەکان ببەنە ژێر پرسیار”.

خاڵی جێگای سەرنج لەو نامەیەدا ئەوەیە کە دەڵێ ئەو کەسانەی کە هەڵپەڕکێیان وەڕێخستووە بوون بە هۆکاری هاندانی و ورووژاندنی بیروڕای گشتی.

چالاکێکی مەدەنیی شاری کرماشان کە یەکێک لە ڕێکخەرانی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کاتی سەفەری حەسەن ڕوحانی بۆ شاری کرماشان بووە و نایهەوێ ناوی ئاشکرا بکرێ لە وتووێژێکی تایبەتی بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، ڕژیم بە سیاسەتەیلی جیاجیا وەک قەدەغە کردنی قسەکردن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان یان دژکردەوەی تووندی بنکە ئەمنیەتییەکان بە گۆرانیی خۆشی “من کرماشانیم فارسی نیەزانم”ـی مامۆستا شەهرام لە کۆنسێرتەکەیدا  و هەروەها سیاسەتەیلی ئاشکرا و شارەوەی تری پان فارسیزمانە لە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام، هەوڵیان داوە تا ناسنامە و شوناسی کوردی لەو دوو پارێزگا کوردستانییە بسڕنەوە بەڵام بەپێچەوانە چالاکیی شوناسخوازانە لەو دوو پارێزگایە کە زۆربەی خەڵکەکەی کورد و بەتایبەتی کوردانی یارسانن، لە پەرە سەندن دایە و هەستی نەتەوایەتی لە برەو و زێدەبوون دایە”.

ئەو چالاکە مەدەنییە هەروەها ئاماژەی بە هەڵپەڕکێی کچان و قوتابیان لە کاتی سەردانی ڕوحانی بۆ کرماشان دا و گوتی: “هەروەک شیعرێکی فارسی هەیە دەڵێ مەبەستم تۆی کەعبە و بوتخانە بیانوون، لێرەشدا سەردانی ڕوحانی یان هەر کەسێکی تر، تەنیا بیانوویەک بوو بۆ شکاندنی ئەو کەش و هەوایە کە لانیەکم دوو ڕەهەندی زۆر بەرچاوی هەیە: یەکیان سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و ئەوەی تریش نەبوونی ئازادیی تاکەکەسی. ئەو دۆتەیلە و ئەو قوتابیگەلە کە ساڵیانێکە لە مافی خوێندن بە زمانی زگمانکی و ئازادیی تاکەکەسی بێبەش بوون و ئەو قوتابیەلە کە هەموو ڕۆژ لە قوتابخانەکان دەیان هێژموونیی دژ بە نەتەوەی خۆیان لە مێشک دەئاخندرێ، بەم شێوەیە هاواری خۆیان بە گوێی هەموو لایەکدا چڕاند و نیشانیان دا کە شوناسی ئەوان نەگۆڕە و هەروا کورستانی ماونەتەوە، هۆکاری ئەو سکاڵایەش هەر ئیەسە نەک ئەوەی کە ناویان ناوە لەناوچوونی بایەخەیلی ئیسلامی، لە ڕاستیدا ئەوان نیگەرانن کە ئەو هەموو هەوڵەیان بۆ سڕینەوەی شوناسی کوردی لەو دوو پارێزگایە بێ ئاکام ماوەتەوە و سەرنەکەوتوون”.

13900720_1803229603222594_2021795919_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت