سەرکونسولی ئێران بۆ هۆشداری دان سەردانی (رووداو، K24 و باس‌نیوز)ی کرد

0
3176

رۆژی کورد: سەرکونسولگەریی ئێران لە شاری هەولێر سەبارەت به رووماڵ کردنی هەواڵەکانی رۆژهەڵات لەلایەن سێ کەناڵی میدیایی (رووداو، کوردستان ٢٤ و باس‌نیوز)ەوە، سەردانی ئەو سێ دەزگایەی کرد.

به پێی زانیارییەکانی رۆژی کورد، مورتەزا عیبادی سەرکونسولگەریی رژیمی ئیران لە شاری هەولێر بە مەبەستی هۆشداری دان بە کەناڵەکانی (رووداو، ک ٢٤ و باس‌نیوز) سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئەو سێ دەزگایەی کردووە کە لەگەڵ “وڵامی نەرێنی”ی بەرپرسانی ئەو سێ دەزگایە بەرەوڕوو بۆتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان ٢٤ لە هەواڵیکدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو زانیارییانە، ئاماژە بە کرانەوەی لق(ئۆفیس)ی کوردستان ٢٤ لە تاران کردووە، بەڵام هەتا ئێستا چوارچێوەی کار کردن و رادەی دەست ئاوەڵایی ئەو کەناڵە بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان روون نەبۆتەوە.

k-24-weisiزانیارییەکانی رۆژی کورد باس لەوە دەکەن، کە سەرکونسولی ئێران لە دانیشتن لەگەڵ بەرپرسی ک،٢٤ رەخنەی لە شێوەی رووماڵ کردنی هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کوردستان ٢٤ـەوە به قازانجی حیزبە کوردییەکان گرتووە.

به پێی ئەو زانیارییانە، سەرکونسولی ئێران لەو دانیشتنەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگی رابردوودا کەناڵی ک،٢٤ زیاتر له ٢٢٠ هەواڵیان بەدژی ئێران بڵاو کردۆتەوە، کە دەگوترێ نوورەدین وەیسی بەرپرسی ئەو کەناڵە پێی راگەیاندوون: “لە چوارچێوەی کاری پیشەیی”دا ئەو هەواڵانەیان رووماڵ کردووە.

هەروەها لە کاتی سەردان بۆ بنکەی سەرەکیی رۆژنامە، دووحەفتەنامە و ماڵپەڕی باس‌نیوز، بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە ئامادە نەبووە پێشوازی لە مورتەزا عیبادی سەرکونسولی ئیران بکات، که ئەمەش تووڕەیی مورتەزا عیبادی لێکەوتۆتەوە.

رۆژی کورد زانیویەتی کە سەرکونسولی ئیران داوای لە باس‌نیوز کردووە کە خۆ لە رووماڵکردنی هەواڵی پەیوەندیدار به رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی پرسی مافی مرۆڤەوە ببوێرن، کە لەگەڵ وڵامی نەرێنیی ئەو دەزگایە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

زانیارییەکانی رۆژی کورد باس لەوە دەکەن کە مورتەزا عیبادی لە سەردان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گلەیی لە کەناڵی رووداو کردووە کە بە شێویەکی بەرین هەوڵی زەقکردنەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە رۆژهەڵاتی کودرستان و پرسی حیزبە سیاسییەکان ئەدات.

رۆژی کورد زانیویەتی کە سەرکونسولی ئێران، ئاماژەی بە ناوی چەند کەسێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداودا کردووە کە بو گوتەی عیبادی “لە قازانجی حیزبەکانی رۆژهەڵات”دا کار دەکەن.

دەگوترێ کە سەرکونسولی ئێران هاورێ لەگەڵ کەسێکی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی ئێران سەردانی ئەو سێ دەزگا راگەیاندنەی هەرێمی کوردستانی کردووە.

لە ماوەی ساڵی رابردووشدا، هەواڵدەرییەکانی بوڵتەن نیوز، تابناک و ژمارەیەکی دیکە لە هەواڵدەرییەکانی سپای پاسداران، ئەو سێ کەناڵەیان بە بڵیندگۆی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات شوبهاندبوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت