هۆکار، چۆنی و چەندیی سوتماکی دارستانەکانی کوردستانی خۆرهەڵات/وتووێژ لەگەڵ محەممەد دانش

0
1134

خوێنەری هێژا، بابەتی بەردەستت وتووێژێکی تایبەتە کە  ”سه‌عید باغی” بەرپرسی ماڵپەڕی ژینگەوان، لەگەڵ محەممد دانش، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ژووری ژۆرەڤ لە تێلێگرام لەسەر مژاردی “هۆکار، چۆنی و چەندیی سوتماکی دارستانەکانی کوردستانی خۆرهەڵات ئەنجامی داوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ژینگەوان: لە دارە بەڕوو و  دارستانەکانی کوردستانەوە دەست پێدەکەم وەک دەڵێن یەکێ لە هێماکانی ئێمەی کوردە بەڕووە و ساڵانێکە چ لە بواری ئابووری چ لە بواری سیاسیشەوە یەکێ لە بە هێزتەرین پاڵپشت بۆ ئێمە کورد بووە گرنگی دارە بەڕووەکان دارستانەکان بۆ ژینگە و مڕۆڤەکان چییە؟

دانش: بە گشتی دارستان ڕۆڵی سییەکان ئەگێڕن بۆ زەوی، دارستان نەبێ زەوی هەناسەی سوار ئەبێت. بەڕواریش لە دار گرینگەکانی ناوچەی ئێمەیە، چ لە باری ژینگەییەوەو چ لە بوەکوو نۆستالۆژی نەتەوەیەک.

ژینگەوان: دەست تێوەردانی ژینگه لە ڕوانگەی چ تێزێکی سەرەکیەوە سەرچاوە دەگرێ؟

دانش: دەستێوەردانی ژینگە دیاردەیەکی جیهانی تایبەت بە ناوچەیەکی دیاری کراو نییە. بەشی سەرەکی ئەم دەسدرێژییە لە تەماحی زیا لە حەدی جۆری مرۆڤەوە سەرچاوە ئەگرێ، مرۆڤی وەکوو بوونەوەرێکی پاوانخواز خۆی بە خاوەن ئەوەڵ و ئاخری ئەم گۆی زەوییە ئەزانێ. یەک لە تایبەتییەکانی مرۆڤیش تەماح کردنە لە مافی ئەوی دی. ئیتر ئەمە لە سەتحی کەلانیدا شتی گەورەتری لێ ئەکەوێتەوە. فڵانە دەوڵەت تەماح ئەکەنە خاکی فڵانی خەڵک و نەتەوە، یەکێکی تر خەو بە نەوتی وڵاتێکی ترەوە ئەبینێ، دەسەڵاتێکی تر لە هەوڵی دروس کردنی چەکی کۆمەڵکوژدایە بۆ قڕ کردنی هەموو ئەوی دییەکی تر، بە باوەڕی ئێمە هەموو ئەمانە لە بۆشایی بیرۆکەی ژینگەییەوە سەرچاوە ئەگرێ.

ژینگەوان: ئەوەی من لە بیرم بێت کە سەرچاوە سرووشتیەکان بە تایبەت دارستان چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری سیاسیشەوە وەک پاڵپشتێکی بە هێزی ئابووری ژیانی خەڵکی کوردستانیان تا بە ئەمرۆ گەیاندووە، سەرەرای ئەوەش دارستانەکان لە بواری داهاتی پێکهێنانی هاوسەنگی ژینگەییش دا کاریگەرییان هەبووە، کە چی ئێستا دەبینین ئەو سەرچاوە گرنگە بە تایبەت بۆ ئێمە کورد کەوتووەتە بەر هەرشەی لە ناو چوون ڕۆژانە بە دەیان هکتار لە داستانەکانی کوردستان دەسووتێ، هۆکاری سەرەکی ئەم جینۆسایدە ژینگەیە چییە؟

دانش: وایە حاشا هەڵنەگرە سروشت لانی کەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، زۆرترین خزمەتی بە نەتەوەی ئێمە کردوە، بە درێژایی مێژوو بەردەوام چیاکان ئاخرین پەناگامان بوە! ئەم ژینۆسایدە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، وەلێ لە نەبوونی خاوەن و لایەنێکی بەرپرسیار زۆرێک لەو شتانە ئەوەشێتەوە. دەوڵەتێک کە کەمترین گرینگی ئەدا بە ژینگەو خەڵکێکیش کە بەو جۆرەی کە ئەشێ خۆیان ناکەنە خاوەنی. بەرپرسی سەرەکی دەوڵەتە، چونکە ئەوە کە بە حساب پاڕاستنی لە ئەستۆ گرتوە! بەڵام ئەویش سەنگی خەڵک ئەپێوێ! بە پێی هەڵوێستی خەڵک ئاسۆی خۆی دیاری ئەکات.

ژینگەوان: ئەو تەماحانە چیین کە دەوڵەت لە دارستانەکانی ئێمەی دەکات ؟ چ شتێک مڕۆڤ هەوڵدەدات کە ژینگە کاول بکات و ئاگر لە دارستان بەربدات؟

دانش: کاولکاری ژینگە تەنیا ئاوری دارستانەکان نییە، شتی لەو چەشنە فرەن. بۆ نموونە دروس کردنی بەنداوەکان کە هۆکاری سەرەکی شەپۆلی تەپ و تۆزەکانن، خۆ کاری دەوڵەتەکانە!

زەوی خۆری، گۆڕینی کاربەری زەوییەکان، بە شەخسی کردنی مڵکە گشتییەکان، مانۆڕی نیزامی، ڕووتەڵ کردنی شوێنە نیزامییەکان بۆ باری ئەمنی، سووتاندنی دارستانی سنوورەکان بۆ مەسائلی ئەمنیەتی و … ئیتر لەم نێوانەشدا هەندێ کەسی تر لەو ئاوە لێڵە ماسی خۆیان ئەگرن.

ژینگەوان: وەک لە قسەکانتان باستان کرد بەرپرسیاری سەرەکەی دەوڵەتە کەچی خۆی بەشێکی گرنگ لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانە پێتان وانییە کە دەوڵەت ڵە بێدەنگی خەڵک سووئەستەفادە دەکات؟ بۆ خەڵک لەو ڕاستادا هەڵوێستیان نییە ؟

دانش: بەڵێ وایە، هەموو دەوڵەتێک لە ڕووی واکونشی خەڵکەوە بەرنامە ڕێژی خۆی ئەکات، خەڵک ئەڕٶنە سەر ئاگرەکان کەم تا فرە بەشداری ئەکەن لە کوژاندنەوەی دا، بەڵام ئەوە کافی نییە، ئەوە چارەسەری ئەو دۆخە ناکا. دەوڵەت تووڕەییەک لە خەڵکا نابینێ، بەرپەرچێکی جدی شک نابا، نایشییەوێ ئاوە لێڵەکە هێور بێتەوە، چونکە ماسی گرەکانی پێویستە.

ژینگەوان: ئایا مانووری نیزامی دەکرێ وەک ئاگرکەوتنەوە ناوی بەرین؟ تا کەی دارستانەکانی کوردستان دەبێ تاوانی مانۆرەکان بدەن؟ ئێوە وەک ئەنجۆمەنی سەوزی چیا تا ئێستا لە مەڕ مانوورە نیزامیەکان بەرپرسانتان ئاگادار کردووەتەوە؟

دانش: بەڵێ یەک لە هۆکارەکانی ئاگر مانۆڕەکانە، کاتی وا بوە یەک حەفتە بە هۆی ئاگرێکەوە کە سەرچاوەی مانۆڕی نیزامی سپا یا ئەرتەش بوە دارستانێک بە ئاگرەوە بوەو لە ئاکامیشدا بەشێکی بەرچاو لە ژینگەی ئەو ناوچەیە سووتاوە. کاتی خۆی چ لە ڕێگەی نامەی سەرەواڵاو بۆ ئەفکاری عوموومی و چ لە ڕێگەی نامەی تایبەتی بۆ بەرپرسانی تاران ئەوەمان پێ ڕاگەیاندوون، ئیتر ئەمە جیا لەوەی کە حوزووریش هەر پێیان وتراوە، بەڵام بە داخەوە دەرەنجامێکی وەهای نەبوە.

ژینگەوان: وەک باستان کرد کاول کاریەکان زۆر مانۆرە نیزامیەکان، درۆست کردنی بەنداو، سوتاندنی دارستانەکان، ئەو هەموو کاولکارییە بۆ چی تا ئێستا رێکخراوەکانی لە رێژ یەک چەتر کۆنەکردووەتەوە؟ وەک چیا چەندە هەوڵتان داوە بۆ ئەو یەکگرتنە؟

دانش: ئێمە وەکوو چیا هەوڵی ئەوەمان داوە. پووشپەڕی پارەکە زۆربەی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی زاگرۆسمان بانگهێشتی مەریوان کرد و باسمان لە دامەزراندنی یەکێتییەک کرد. دانیشتنی دوەمی لە کرماشان بەڕێوە چوو، سێهەمیشی قەرار وایە لە بانە بێت، بەردەوام خەریکی ڕێک و پێک کردنی شتێکی تۆکمەین کە هیوادارم بە زویی بگەینە دەرەنجامێک و ئیتر ئەو کاتە میدیایی ئەکەینەوە.

ژینگەوان: فەرمانداری مەریوان لەم ڕۆژانەدا بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری پشت ڕاست کراو بکات باسی لەم کەم بوونەوە رێژەی خەساری سووتاندنی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان کرد!!کە زۆربەی چاڵاکانی ژینگە پارێزی ئەم وتووێژەی ئەویان بە چەواشەکاری لە قەڵەمدا، بۆ چی بەرپرسان لە ڕاستی خەسارە ژینگەیەکان بڵاو کردنەوە ئاماری ئاگرکەوتنەوەکان خۆیان دەدزنەوە و یان ئاماری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە؟

دانش: بۆ ئەوەی ئەگەر ئامارە ڕاستەکان دەرکەوێت ئەوا کەم تەرخەمی بەرپرسان لە سەرووی هەموویەوە فەرماندار هەڵ ئەماڵیەت. فەرماندار گەورەترین بەرپرسی ئیجرایی شارە، نوێنەری وەزارەتی وڵاتە، ئەمە یانێ دەسەڵاتێکی نزیک بە موتڵەق و هەروەها یانی مێلوورە قاچی بشکێ فەرماندار بەرپرسیارە. سروشتییە لە وەها حاڵەتێکدا بەردەوام هەوڵ ئەدا تەقلیل ئامارەکان و تەحریفی ئەخبار بکات.

ژینگەوان: لە کوردستان کەسی شارەزا و لێزان لە کاروباری یاسایی زۆرن، بە پێی یاساکانی ئێرانیش دەکرێت ئەنجومەنەکان کەیسە یاسایییەکان لە بواری ژینگەدا بخەنە گەڕ، کە واتە بۆچی کۆمەڵێک پارێزەر و یاساناس کەیسی سووتاندنی دارستانەکان ناکەنەوە؟

دانش: ئەوە ئەتوانێ زۆر باش بێت، بەڵێ ئەنجومەنەکان ئەتوانن شاکی بن، تەنانەت لە دەوڵەتیش. بەداخەوە تا ئیسە بەرنامەیەکی بۆ دانەڕێژراوە.

ژینگەوان: ئێوە وەک چیا هەوڵی واتان داوە بۆ کردنەوەی کەیسی ئاگرکەوتنەوەکان؟

دانش: نە بە داخەوە، بەڵام هیوادارین لە ژێر چەتری ئەو یەکێتییەی باسم کرد بتوانین ئەو کارە بکەین.

ژینگەوان: بە بڕوای هەمووی خەڵکی کورد و بەتایبەت ژینگەپارێزانی وڵات ڕێژەی ئەو ئاگرانەی لە دارستانەکان بەردەدرێن دەتوانین وەکوو ژینۆساید ناوی لێببرێت، ژینۆساید ئەو کەیسەیە کە دەتوانینت، لە لایەنی نێونەتەوەییەوە بەدواداچوونی یاسایی و ئینسانی بۆ بکرێت، ئایا تا ئێستا ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان و زاگرۆس بەگشتی بیریان لە وەها بەدواداچوونێک کردووە؟؟ تا کەی؟ تا کەی ئاگر ؟ تاکەی لەو ڕێژەی گه‌رمیه‌ی پلەی هەوادا لاوانی وڵاتی ئێمە دەبێت زۆرێک لە هێز و تینی خۆیان لەو ڕێگەدا وەگەڕ بخەن….

دانش: بەڵێ بیری لێ کراوەتەوە. وەک ئاگادارن ژینگە بە هەموو بەشەکانییەوە و لە هەموو دونیا گرێدراوی یەکن، بەشێکی چکۆلەی ژینگە کاریگەری لە ژینگەی هەموو دونیا ئەبێت.هیوادارین بتوانین پێوەندییەکان قووڵتر و باشتر بکەین، هەرچەن لە مەیدانی کۆمەڵگای نێو نەتەوەییدا دەنگی نزمی ئێمەی کورد زەحمەتە بگاتە گوێی قورسی دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان.

ژینگەوان: بەپێی ئاماری ناوەندی دارستانەکان ئێران لە ۷ساڵی رابردوودا زیاتر لە ۱۱هەزار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ئێران روویداوە، لەم ئاگرکەوتنەوانە زیاتر ۱۲٥هەزار هکتار لە دارستانەکان ئێران لە ناو چووە، ئەم ڕەوتە زیادی کردووە کەمی نەکردووە، پێت وا نییه ئەم رووتە وا بروات دەبێ چەند ساڵیتر فاتیحای دارستانەکان بخوێنین؟

دانش: بە تایبەت ئەو شوێنانەی چەن ساڵ لە پشتی یەک دەسووتێن ئیتر ئەگەر دووبارە ژیانەوەی زۆر کەم ئەبێتەوە، چونکە ئیتر نە خاک ئەو توانییە ماوەو نە دۆخی جوغرافییایی وەکوو جارانە. بەڵێ ئابەو شێوە بڕواتە پێش هیچمان بۆ نامێنێت.

ژینگەوان: لەو بوارەدا لەگەڵ کۆمەڵەی ماڤی مڕۆڤی کوردستان کە رێکخراوێکە تایبەتە بە پێشێکاریەکان لە کوردستان هەوڵتان داوە ئاگاداری دۆخی ئاگرکوتنەوەکان بکەن؟

دانش: بەڵێ ئەوانیش دەبێ ئاگادری وەزعەکە ببن، بەڵام ڕەنگە ئەمە ئەبێ لە سەرەوەتر و بە تریبوونێکی بەرزتر هاواری بۆ بکەیت.

ژینگەوان: لەکاتی کۆژانەوەی ئاگرەکان ئەوەی دەبینرێ خەڵکە بۆ کۆژانەوەی ئاگرەکان ڕۆڵی ناوندەکانی حکومەت وەک ئاگر کۆژێنەوە لەو ماوەدا چۆن بووە ؟ ئایا لە ئاستی ویستوو داخۆازیەکانی خەڵکدا بووە؟

دانش: نە ئەسڵەن نەبوە، هەر لە بنەڕەتدا دەوڵەت ئەو وەزعە وەکوو قەیران نابینێ تاکوو وەک پێویست کاری بۆ بکات، بە پێی هەموو پێناسەیەک ئەوە قەیرانە. دەی قەیران ئەشێ بە هەموو هێزێکەوە بەرەنگاری بیتەوە، ئەبێ هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە ئێستادا لە خزمەتی بە ئاسایی کردنەوەی ئەو دۆخە بوایەن، وەختێ ئەوان بەردەوام شتەکە هەر ئینکار ئەکەن، وەختێ هەوڵ ئەدەن بەردەوام شتەکە چکۆلە کەنەوەو چکۆلە نیشانی بدەن، ئەمە کەی لە قەوارەی شتەکەیا مامەڵەیان کردوە، نەخێر ئەبەدەن نەیەناکردوە.

ژینگەوان: ئەو هۆکارانە چین کە دەنگی رێکخراوەکان و ژینگەپارێزان ناگاتە بەرپرسانی سەرەوەی وڵات؟

دانش: لەم وڵاتەدا بەو جۆرەی کە ئەشێ نە بایەخ دراوە بە ڕێکخراوەکان و نە متمانەشیان پێ کراوە، ئەمە بە گشتیی وەهایە، تاران نشینەکان بە دەس ئەو سیستمە سەقەتەوە ئەناڵێنن ئیسە حساب کە ئێمە کەمینە، ئێمەی پەراوێز، ئێمەی هەر لە بنەڕەتدا تاوانبار ئەبێ وەزعمان چۆن بێت.

ژینگەوان: بۆ رێکخراوەکان کەمتر هەوڵی بەمێدیای کردنی ئەو دۆخە دەدەن، هۆی سەرەکییەکەی چییە؟

دانش: وەڵاهی ئێمە وەکوو چیا وا ئەزانم کەم تەرخەمیمان نەکردوە بەردەوام ڕۆڵی لاوازی دەسەڵاتمان باس کردوە، دۆستانی تریش کەم تا فرە هەر ئەو کارەیان کردوە، بەڵام ئیتر وادیارە پێویست بە کاری زیاتر هەیە.

ژینگەوان: وەک باستان کرد کە شتێک شک نابن کە خەڵک لە بەرانبەر ئەو هەموو سووتاندن و کاولکاری و تۆمەت دان لە چاڵاکانی ژینگە پارێزی دەیانیتر دەنگ هەڵبڕێ، باشە بەڕاستی هۆکار ئەوەی کە خەڵک نارێژێتە سەر شەقام بۆ پشتیوانی چاڵاکانی ژینگەپارێزی چییە؟ ئاخر چاڵاکی ژینگەپارێزی و (جووڵانەوە بە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی) کوجا مەرحەبا؟ نمونەش زۆره‌.

دانش: لە پێناو کارەساتێک ئاوەهادا دەبێ لە قەوارەی خۆیدا هەڵوێست بگیرییەت، پێویستە ئرادەیەکەی گەورەی لە پشت بێت. دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر ژینگەو تەنانەت هاتنە سەر شەقامیش مافێکی شارۆمەنەدی هەموو تاکێکی ئێرانییە. بە ڕاستی مەنعێکی یاسایی بۆ ئەوە نییە، بەڵام بەداخەوە لایەنە ئەمنییەکان هەوڵ ئەدەن ئەو شتە ئەمنیەتی بکەنەوە. هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی کە شتەکە ترسناک بنوێنن و خەڵک سڵی لێ بکەن.

ژینگەوان: ڕۆڵی رێکخراوە ژینگەپارێزیەکانی کوردستان لە مەڕ ئاگرکەوتنەوەکان چۆن دەبینن؟

دانش: هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ئەوان ڕەنگە پێویست بە لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو و مەیدانی بکات، بەڵام حاشا هەڵنەگرە کە گەر ئەوان نەبوایەن شتەکە وەکوو ئێستە نەیەبوە ڕۆژەڤ، چ لە ئاستی میدییاکانداو چ لە ئاستی تاکیشدا. بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دواتریش ئەبێ هەر ئەوان پێشەنگ بن.

ژینگەوان: ئێوە وەک چیا لەو بارەوە چیتان کردووە؟

دانش: چیا هەر لە سەرەتاوە بە کوژاندنەوەی و چوونە سەر ئاورەکان و گرتنی هەڵوێستی شیاو لە تریبوونەکانی خۆی و ئەملاو لایش و هەندێ ڕێگەی تریش پەلی هاوێشتوە. بەڵام ئەوەی کە شتەکە چارەسەر نەبوە دیارە کارەساتەکە زۆر لەوانە گەورەترە، دیارە پێوست بە کاری گەورەتر و گشتگیرتر لەوانە ئەکات. هیودارین بە یارمەتی هاوڕێیانمان لە شارەکانی تر و ناوچەکانی تر بتوانین بەرپەرچی شیاوتر بدەینەوە.

ژینگەوان: ئەوەی کە ڕۆژانە دەبینرێ بشداری خەڵکی کوردستانە لە کۆژانەوی ئاگرکەوتنەوەکان ئایا لەلایەن حکومەتەوە کەرەستەی پێویستان بۆ دابین دەکرێ بۆ بەرنگاری ئاگرەکان؟

دانش: خەڵک کورد وتەنی بە کەوش و کڵاشی خۆیەوە بەشدار ئەبێت، بە ماشینی خۆیان، بەنزینی خۆیان کەرەسەی خۆیان و وەلحاسڵ بە هەموو شتێکی خۆیانەوە خۆیان دەهاوێژنە ناو ئەو کارەساتە. نەخێڕ دەوڵەت کەمترین یارمەتی نەداون بە داخەوە.

ژینگەوان: باشە ئاگرکەوتنەوە هەبووە کە یەک حەتوو درێژەی کێشاوە کێ کەرستەی ئاگر کۆژێنەوەی بۆ خەڵک دابین کردووە؟ مەبەست گشتییە تەنانەت خواردنیش!

دانش: بەڵێ هەبوە، چەندین و چەن جار. کەرەسەی کوژاندنەوە شتگەلێکی زۆر ساکار و سادەیە، هەژگ کەرەسەی سەرەکییە، چواردە پەل و تەوراس و تەرزین. ئەوانە لە زۆر ماڵ دەس ئەکەوێت و سەندنیشی هەرزانە.

ژینگەوان: ئەوە من ئاگادار بم ئەنجۆمەنی چیا کۆمیتەیەکی تایبەتی بۆ بەرنگاری ئاگرکەوتنەوەکان هەیە، دەکرێ زیاتر ئەو کۆمیتەمان پێ بناسێنن؟ ئەو کۆمیتە لە چەند ناوچەی کوردستان چاڵاکی دەکات؟ گەر هاووڵاتیان لەگەڵ ئاگر ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پێوندی بگرن؟

دانش: کومیتەی بەرەنگاری لەگەل قەیران، کە ئاگریش پەلێکە لەو کومیتەیە. لە مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەر هەیەو لە شارەکانی دەورووبەریش چالاکی ئەکەن جارو بار.

ژینگەوان: دەکرێ بڵێن کام ناوچانە؟

دانش: هەورامان، سنە، پاوە، پێنجوێن، بایەڵان و …

ژینگەوان: دەنگۆیەک هەیە دەڵێن گوایە تا چیانە بوو ئاگرەکانیش نەبوو یان زۆرکەم بوون .ئێوە وەک چیا چیتان کردوە بۆ ئەوەی ئەو باسە لای خەڵک ڕەت بکەنەوە بۆ بەشداری خەڵکی بۆهەموو جۆرە تێکۆشانە ژینگەییە ؟

دانش: دەنگۆیەکەی سەیرەو مەبەستدار! نەخێر پێش چیایش ئاگر هەبووە، ڕەنگە کەس و لایەنێک نەبووە میدیایی بکاتەوە یان شتەکە تۆمار بکات. لەو ئاستەی ئێستا نەبوە، وەلێ دەیخۆ لە شارەکانی تر چیایەک نەبوە بەڵام ئاگر هەر بوەو بوە.

ژینگەوان: چە هۆکارگەلێکی مروڤی و سروشتی لە ئاگرخستن بە ژینگەهەیە؟ و ئایا هۆکارگەل مروڤای، کاریگەری زۆرتر لەسەر ئاگرخستن بە ژینگە هەیە یا هۆکارگەلی سروشتی؟

دانش: هۆکاری مرۆیی سەرەکیترین هۆکاریەتی. ئەنقەست سووتاندن لە سەرووی هەموویەوە.

ژینگەوان: ئەو ئاگرکەوتنەوانە یان لە ناوچە مەریوان تۆمار کراون لە چاو ساڵی رابردوودا چۆنە؟

دانش: وەکوو ئەژمار جیاوازییەکی وەهای نییە، بەڵام وەکوو حەجم ڕاستییەکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نەکراوە.

ژینگەوان: جیاوازی ئاگری ناوچەی ئێمە و ئاگری ئێستای دارستانەکانی وڵاتانیتر  چیه؟

دانش: پێکهاتەی دارستانمان جیاوازی هەیە لەگەل وڵاتانی تر، جۆری دارەکان، جۆری گیانلەبەرانی و زۆر شتی تر. ئاگریشمان ئیتر فەرق ئەکا و هەڵوێستی دەوڵەتەکانیش زۆر جیاوازە.

ژینگەوان: بۆچی پارلمانتارانی کورد تا ئێستا هیچ باسێک لە دۆخی دارستانەکان و دۆخی ناڵەباری ژینگە کوردستان لە پارلەمان  ناکەن؟

دانش: جاروبار باس کراوە بەڵام لە ئاستی شتەکەدا نەبوە بە داخەوە.

ژینگەوان: لە ماوەی رابردوودا چەندین گرووپی خەڵکی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان پێکهاتوون رۆژانە لە زۆربەری ئاگرکەوتنەوەکاندا بشدار دەبن ئەم هەنگاوە چوون هەڵدەسەنگێنن؟

دانش: هەنگاوێکی پیرۆزەو جێی ڕێزە، ئەوە نیشانە بەرپرسیارەتی خەڵکەو بە دڵنیاییەوە مێژوو وەکوو شانازییەک تۆمارییان ئەکا.

ژینگەوان: ئەرکی منی کورد یان هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە بەرانبەر پاڕاستنی دارستانەکان چییە؟

دانش: ئەوەی کە هەست بە بەرپرسیاری بکەیت و خاوەنداری لێ بکەیت گەورەترین ئەرکە.

ژینگەوان: پێشتر لە ناو بەرنامەو پیرەوی ئەنجۆمەنەکان مادەیەک بە ناوی یاسا هەبوو کە ئەنجۆمەنەکان بتوانن لە رێی یاساییەوە پیگیری خەسارە ژینگەیەکان بن بۆ ئەو مادە لە ناو بەرنامەو بیرەوکاندا حەزف کرا؟

دانش: تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بووم تا ئیسەیش ماوە ئەو یاسایە.

ژینگەوان: کەوایە بۆ پەروه‌ندەی ئاگرتێبەردانەکان ناکەنەوە؟

دانش: بیری لێ کراوەتەوە لە بەرنامەی درێژخایەنی یەکێتی ئەنجومەنکاندا بگونجێ، وەلێ هێشتا وەکوو کردوە کاری بۆ نەکراوە.

ژینگەوان: هەمیشە دەبیسین کە هۆکار مرۆیی لە پشتەوەی ئاگرکەوتنەوەکانە و دەشبینین کە خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو لە کونتروڵی ئاگرەکان بەشدارن و دەشڵێن دەستی حکوومەتی لەپشتە ؛ لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە گەلۆ ڕای گشتیی خەڵک و ڕوانگەی زاڵ هەڵەیە یان نە ؟ هۆکارمرۆیی کە باستان کرد بە دڵنیاییەوە کۆی خەڵک ناگرێتەوە و دەستەیەکی دەگمەنن لە کۆمەڵگا ؛ ئەرێ ئەو دەستەیە کامانەن کە کوردستانیان بە ئاگر کێشاوە و بەردەوامیشن ؟ چۆناوچۆنە یەک کەسیان ناگیردرێت ؟ زۆربەی هەرەزۆری خەڵک دژی ئاگرکەوتنەوەکانن و لە ئاگرکوژاندنەوەدا بەشدارن، بەڵام ئاگرتێبەردەکە کێیە ؟

دانش: داستان ئەوەیە ئاگر تێبەردان بە کەمترین هەزینەو کەمترین کات ئەکرێت، بەڵام کوژاندنەوەی بە پێچەوانە بە زۆرترین هەزینەو لە کاتێکی زۆر لەوانە زیاتر ئەکرێت. لە ڕاستیدا شەڕێکی ئێجگار نابەرابەرە.

ژینگەوان: شەڕێکی نابەرانبەر لە نێوان ژینگەپارێزان و ئاگرتێبەردەران یان وڵاتپارێزان و داگیرکەران ؟ کامە چەمک باشتر و واقعبینانەترە؟

دانش: ئاساییە شرۆڤە و خوێندنەوەکان گرێدراو بە ناوچەی جۆراوجۆر و تەنانەت تاکەکانیشەوە فەرق ئەکات. لای ئێمە وڵاتپارێزی کاتالیزۆرێکی بەهێز بوە بۆ ژینگەپارێزی.

ژینگەوان: قۆناغی سەرەکی و کۆتایی پێشگرتنی ئاگر چیه؟

دانش: بڕیارێکی سەخت و ئەستمە، نازانین ئەم دۆخە بەرەو کوێمان ئەبات. ڕەنگە لە شەرایتی خۆیدا ئەو بڕیارە بتوانین بدەین. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم وەزعە نەتیجەیەکی باشی نابێ بۆ داهاتووی ژینگەو وڵاتمان.