پاڵاوگەی نەوت لە مەریوان و زیانەکانی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ محەممەد دانش

0
1724

خوێنەری ئازیز:

بابەتی بەردەستتیەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە کە ڕێکەوتی ١ و ٢ی خەزەڵوەری١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “پاڵاوگەی نەوت لە مەریوان و زیانەکانی“، کە بە میوانداریی محەممەد دانش، چالاکی ژینگەپارێز و بە پێشکەشکاریی سەلاح کۆپۆشی، چالاکی سیاسی، ئەنجام دراو.

محەممەد دانش
محەممەد دانش

ڕاوێژ: سەرەتا دەمهەوێت بپرسم بڕیاری دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت لە دەشتی بێلو و لە دوو کیلومیتریی گۆلی زرێباردا بڕیارێکی کۆتاییە یان تەنیا دەنگۆیە؟ کێ ئەو بڕیارەی داوە؟ بەرپرسی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان؟ ئایا ئەوەندەی ئێوە ئاگادار بن لە پەرلەماندا پشتڕاست کراوەتەوە؟

دانش: کۆتایی بوونەوەکەی ئەوەیە کە ماوەیەک لەمەو پێش فەرمانداری مەریوان، وەکوو مزگێنییەک باسی کرد کە بەو زوانە بەردی بناغەی دادەمزرێ و هەروەها پارێزگاری سنەش لە میدییا و ڕۆژنامەکاندا ئەوەی درکاند و پشتڕاستی کردەوە.

ڕاوێژ: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە هەمبەر دانانی پاڵاوگەی نەوت لە نزیکی زرێبار ناڕەزایەتییەکی بڵاو کردەوە و زۆرێک لە رێکخراو و کەسایەتی و چالاکانیش دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵبڕی، کۆی ئەو دەنگ و نووسین و ناڕەزایەتیانە بە کوێ گەیشت، ئایا گوێیان لێگرتن؟

دانش: ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە پێی ڕاگەیاندراوێک ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر ئەو بابەتە دەربڕی و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیشییەوە بەردەوام هەوڵی ڕۆشنگەری لەو بابەتە داوە، کۆی ئەمانە ڕەنگە گەیشتبێ بەوەی کە ئیستا ئەو بابەتە بوەتە ڕۆژەڤ لە ناو خەڵک و لە میدیا ناخۆیی و دەرەکیەکانیشدا.

سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

ڕاوێژ: مەبەست لە دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت لە دەشتی بێلو و نزیک گۆلی زرێباردا چیە؟ ئایا مەبەست لە دروستکردنی، چارسەریی قەیرانی سووتەمەنیە یان تێکدانی پێکهاتەی زرێبار و دەوروبەرەکەیەتی؟

دانش: لە گەڵاڵەی ڕوونکردنەوەی ئەو پاڵاوگەیە، باسی سازکردنی پیشە و بردنە سەرەوەی ئاستی ئاڵووگۆڕیی زیاتری ئابووری لە نێوان حوکوومەتی هەرێم و ئێراندا کراوە، بەڵام ئاقارەکانی پاڵاوگە ئەوانە ناپێکێ، لانیکەم لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک ژینگەپارێز. بەڵکوو ئەبێتە هۆی کاولکاری ناوچە لە هەموو بوارێکەوە، هەم بواری ژینگەیی، هەم کشتوکاڵی ناوچە، پیس بوونی ئاوەکانی ژێر زەوی، تەنانەت تێکدانی پێکهاتەی کەلتووریی مەریوان.

ڕاوێژ: گریمان ئەو پاڵاوگەیە دروست کرا، دۆخی زرێبار دوای دروست بوونی ئەو پاڵاوگەیە چۆن دەبێت؟

دانش: بە گشتی ئکۆسیستمی ئەو ناوچەیە تێکدەدات، مەترسییەکی ئێجگار زۆر بەتایبەت بۆ پەلەوەرەکانی ئەو ناوچە کە ڕێژەیەکی کەمیشییان نییە درووست دەکات. پاشماوەی پاڵاوگە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چەمێک کە بە چەمی گەورە (یان قزڵچە سوو) ناسراوە، بەرەو زرێبار ئەگەڕێتەوە. لە دوای ئەوانەش ئەگەر ئاور گرتنی و مەتەرسییەکانی بۆ دارستانەکانی ناوچە لە ئارا دایە.

ڕاوێژ: تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم لە هەرێمی کوردستان چەندین پاڵاوگەی نەوت بە شێوەیەکی نایاسایی هەیە و موڵکی چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتوون، بەڵام ئایا دەکرێ ئەو پاڵاوگە نەوتەی کە بڕیارە لە دەشتی بێلودا دروست دەکرێ نایاسایی بێ؟ موڵکی چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتوو دەبێت یان بەرنامەی حکومەتە؟ بۆ چارەسەریی قەیرانی ئابووری چاکی دەکەن؟ ڕۆژێ بڕیارە چەند بوشکە نەوت بپاڵێوێ؟ چەندین کەس کاری تێدا دەکەن؟ ئەگەر بکرێ بەپێی زانیاریتان، وڵاممان بدەنەوە.

دانش: سندووقی زەخیرەی فەرهەنگیانی ئەراک سەرمایە گوزاری ئەو گەڵاڵەیە. پارێزگاری سنەش کە خۆی خەڵکی ئەراکە وەکوو نوێنەری دەوڵەت لە کوردستان، یەکەم کەسی پاڵنەر و دەسپێشخەرە لە دروست کردنی ئەو پاڵاوگەیەدا. پاڵاوگەی مەریوان بە پێی گەڵاڵەکەی خۆیان لە باشترین حاڵەتی گونجاودا 500 کەس کاری تێداا دەکات.

ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت و بەرهەمەکانی تری پاڵاوگە دیاری نەکراوە یان لانیکەم ئێمە لێی ئاگادار نەکراوینەتەوە.

ڕاوێژ: ئێوە وەکو تاک و کۆی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان تا چەندە دەتوانن ڕێگر بن لە دروست نەکردنی ئەو پاڵاوگەیە؟ ئایا خەڵکی مەریوان بە زۆری بە دەم بانگەوازەکەی ئەنجومەنی سەوزی چیاوە چوون کە ناڕەزایەتی دەربڕین بوو لە مەڕ دروستکردنی ئەو پاڵاگە نەوتەدا؟

دانش: لە ڕاپرسییەکدا کە ئەنجومەن بڵاوی کردەوە زیاتر لە 90 لە سەدی خەڵک دژی دروستکردنی پاڵاوگە بوون، خەڵکیش بەردەوام نیشانی داوە کە پشتگیریی مافە خەڵکەییەکان ئەکەن. لە زۆر شتتدا ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، بۆ نموونە لە کۆبوونەوەی ڕێوڕەسمی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” کە چیا ئەوەی ڕێخستبوو و داوا لە خەڵک کردبوو بەشداری تێداا بکەن، زیاتر لە 10 هەزار کەس ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو.

ئێمە پشت گەرمین بە خەڵک، خەڵک بیهەوێ هەر کارێک دەتوانێ بکات، ورەی خەڵکی براوەی ئاخری گرفتەکانە، بەڵێ بە بڕوای ئێمە خەڵک بیانهەوێ نیشانییان داوە ئەتوانن چارەنووسی ڕووداوەکان بە لای خۆیاندا بشکێننەوە.

 ڕاوێژ: وەک ئاگادارن، مەریوان لە هاوسنووریی پێنجوێن و لەوێشەوە بەرەو سلێمانی، ئەو ناوچانەش لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی سەوز دایە، واتە یەکیەتی نیشتمان کوردستان. زۆر کەس دەڵێن ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە لە مەریوان دروست بکرێ، بەوەیدا کە زومی سەوز لە تەک ئێراندا دۆستایەتی باشی هەیە، پەیوەندییە بازرگانیەکانیش تەنیا لە تەک زۆنی سەوزدا دەبێت و لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا نابێ، بە شێوەیەکی تر دەڵێن پیلانی ئێران و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە، ئێوە لەو بارەیەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟

دانش: ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو ڕێککەوتنە لەگەل حکومەتی هەرێم بەو واتایە نەبەستراوە، بەڵکوو ڕێکەوتننامەیەکە لە نێوان یەکێتی (ئەویش تەنیا باڵی هێرۆ خان) و حکوومەتی ئێران.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: ئەوەندەی من ئاگادار بم لە ماوەی ڕابردوودا ژینگەپارێزانی شاری مەریوان و بە تایبەت ئەنجۆمەنی سەوزی چیا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ڕاگیران و بە ڕاگەیاندن کردنی ئەم پرۆژەیە دا، کە چی زۆرێک لە بەرپرسان و ناوندەکانی حکومەت  ئەم هەوڵەیان بە پڕۆپاگەندە ناو برد، وەک چیا ڕاتان لەو بارەوە چیە؟

دانش: بەڵێ بەداخەوە وابووە، تەنانەت فەرمانداری مەریوان هەڵوێستەکانی چیای بە پڕووپاگەندەی میدیایی وەسف کرد، بەڵام ئەوانە نابێتە هۆی ساردبوونەوەی ئێمەو وازهێنان لە هەڵوێستەکانمان، بوونی ژینگەیەکی خاوێن، مافی ڕەوای هەموو نەتەوەیەکە، سرووشتییە کە ئەوان ئاوەها وەڵام بدەنەوە، بەڵام گرینگ ئەوەیە مەیدان چۆڵ کردن دوورە لە کرداری ئێمە، ئێمە نیشتیمانی خۆمان خۆش ئەوێ، هەموو کارێکی بۆ ئەکەین و خۆشمان ئامادە کردوە بۆ هەموو گیر و بەندێک، چونکە ئەگەر ئێستا بێ هەڵوێست بین سبەی مێژوو دادوەریمان لەسەر دەکات.

ڕاوێژ: گرینگیی دەشتی بێلو و دوو کیلومیتریی زرێبار بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت لە چیدایە؟ ئایا مەریوان شوێنێکی ستراتیژی و گرینگتری تێدا نیە کە دوور بێت لە زرێبار وبۆ دانانی پاڵاوگە گونجاو بێت؟ بۆچی ڕێک نزیک لە زرێبار مەبەستیانە؟

دانش: قوربان جوانە، هەر فرە فرە فرە جوانە. دەی هەر ئەوە، بۆ نییە؟ بە هەڵکەوت هەر بەو مەبەستە سێ شوێنی تر وەک ئاڵترناتیڤ دانراوە کە لە چاو ئەو شوێنە، دوورترە لە زرێبار و ئەتوانێ کەمتر خەسار لەو ژینگەیە بدا، بەڵام وادیارە بەرپرسان تەنییا دەشتی بێلوویان لە مێشکی دایە.

ڕاوێژ: مەریوان بە گشتی ئێستا لە بەر هەڕەشە دایە، ڕێگای تانکری نەوت و دروستکردنی پاڵاوگە و دروست بوونی بەنداو بۆ زیان لێدان لە زرێبار، جادەی سنە و مەریوانی بە قەتڵگای مرۆڤ ناسراوە و زرێبارەکەشی جگە لە زەل و زێو و پیسی خەریکن دەیخۆن، ئەوتا بەرنامەشیان هەیە لە نزیکی دا پاڵاوگە دروست بکەن، لەو نێوانەدا خەڵک و چالاکان و ڕێکخراوەکان دەبێت چۆن بەرەنگاری ئەو پیلانانە ببنەوە؟ یان لانیکەم ئێمەی تاراوگە نیشین و دووردەست چلۆن بتوانین یارمەتیدەرتان بین؟

دانش:  بە میدییایی کردنی پرسەکە ئەتوانێ یارمەتیدەرێکی گەورە بێت، چالاکی فەرهەنگی و خەڵک کارێکی هێور و نەرمەبڕە. چالاکانی ناوخۆیش ئەتوانن بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی شتەکان بن.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: ئایا ئەنجومەنی چیا بە بەرنامەیەکی تۆکمە وزانستی خۆیان ئامادە کردووە بۆ بابەتی پاڵاوگە؟ ئایا کەسانی تری بەرپرس وەک نوێنەرانی مەجلس وڕێکخراوی ژینگەو…. چاوەڕوانی یارمەتییان لێ ئەکرێت؟

دانش:  بەڵێ وەکوو باری زانستیی شتەکە، چیا کاری باشی کردووە لەسەری، چونکە کەسانی پسپۆڕ و لێزان هەر لە ئەندامانی ئەنجومەن، زانستییانە و لە لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا کارییان لەسەر کردووە. نوێنەرانی مەجلیس بە داخەوە تا ئێستا هەڵوێستێکی وەهایان نەگرتووە.

ڕاوێژ: وا دابنێین زرێباریش وەکو گۆلی ورمێ وشک بێت، سروشتی مەریوان بێ بوونی زرێبار چلۆن دەبێت؟

دانش: هەر خەیاڵی سروشتی ناوچە، بێ زرێبار، مومکین نییە، لە ڕاستیدا زرێبار بەشێکی جیا نەکراوەی ناوچەکەیە. بەڵام ئەگەر شتی وەها ڕووبدات ئەوکاتە پاشماوەی شتێک بە ناوی زرێبار خۆی دەبێتە کانگای ئاڵۆزیی ژینگەیی و کێشەو گرفتێکی ئێجگار زۆر بهداشتی و ئابووری و … زۆر شتی تر.

ڕاوێژ: گەر گۆلی زرێبار لە هەر وڵاتێکی ڕۆژئاوایی دا بووایە، ئێستا دۆخی چۆن دەبوو؟

دانش:  گەرچی وڵاتە ڕۆژائاواییەکانیش تاوانی بەشێکی گەورە لە کاولکاریی ژینگەییەکانی جیهانیان لە ئەستۆدایە، بەڵام بەپێی ئەوەی کە گەشەی شارستانی و ئابووری لە چاو ڕۆژهەڵات زیاترە، سروشتییە کە لەوانەیە بایەخێکی زیاترییان بە شوێنگەلێکی وەک زرێبار بدابا، لانیکەم باری گەشتییاریی شتەکە بایەخێکی زیاتری پێ ئەدرا، چونکە پیشەسازیی توریستی لە وڵاتانی ڕۆژائاواو زۆر وڵاتی تر گەیشتوەتە ڕەوتی بەرەو پێشی خۆی.

ڕاوێژ: ڕوژێکم بۆ زرێبار”، ئێوە چالاکان و هەروەها خەڵکیش لەو ڕۆژەدا چی دەکەن بۆ زرێبار؟ لەو ڕۆژەدا بەرنامەتان چیە بۆ زرێبار ؟

دانش: “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” ڕێوڕەسمێک بوو کە ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە زرێبار بەڕێوەی برد. کۆمەڵێ بەرنامەی زۆر وەک مووسیقی، خوێندنەوەی وتار، فڕینی پالاگلایدر بە هەڵگرتنی دروشمی تایبەت بۆ پاراستنی زرێبار، پیشانگایەکی ئێجگار گەورە لە پەلەوەرەکان و بوونەوەرانی تری زرێبار، مانۆڕی مەلەوانان بە دروشمی پاراستنی زرێبار، کێبەرکێی هێـمانیی بە درووشمی پاراستنی زرێبار و …تاد و زۆر بەرنامەی تر کە پێشوازییەکی ئێجگار گەورەی لێکرا بە شێوەیەک کە ئاماری ١٠ بۆ ١٢ هەزار کەس لە ئامادە بوان باس کراوە. لەگەل دۆخی نالەباری هەواو باران و ساردی بەڵام ئامادەبوان تا دوایین چرکەکان شوێنەکەیان چۆڵ نەکرد و بێ چکۆلەترین گرفت کۆتایی پێهات، بە شێوەیەک کە دوای ئەو ڕێوڕەسمە لە هەموو ئەو گۆڕەپانەدا تەنییا یەک زبڵیش نەدەبینرا، چاودێرانی ئەنجومەن باسییان لە دۆخێکی ئارام و تامەزرۆیی خەڵک بۆ درێژەی بەرنامەکە ئەکرد. بەداخەوە بۆ ساڵی دواتری مۆڵەتی پێویست بۆ دووپات کردنەوەی ئەو کەرنەڤاڵە نەدرا.

ڕاوێژ: بەنداوی زرێبار لە ساڵی ١٩٩٥دا لە باشووری زرێبار و لەسەر چەمی زرێباردا دروست کراوە. بەرزاییەکەی ٤ مەترە و ھۆکاری دروستکردنی دابین کردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵی دەشتی مەریوان بووە. بەڵام بە ھۆی وشکەساڵییەکانەوە تەنیا چەند ساڵێک بە قازانج بوو و ئێستا وەک مەترسییەک بۆ ژینگەی زرێبار ھەژمار دەکرێ، جگە لەوەش زەل و زێو خەریکن دەیخۆن و مەترسیدارن، ڕێگاچارەکان بۆ ڕزگاریی زرێبار چین؟ ئاکامە زیانبارەکانی ئەو بەنداوە تا ئێستا چین و چۆنن؟

دانش: وەک خۆت ئاماژەت پێکرد ئەو بەنداوە بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ دانرا، کە قەت ئەو ئامانجەی نەپێکا، ئاکامەکانی دەستێوەردانی نازانستی و بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ژینگەیی ئاوەها شتگەلێ ئەقەومێنێ، کوێربوونەوەی کانییاوەکانی زرێبار، تێکچوونی جۆرەکانی گیانلەبەرانی زرێبار، فەوتانی جۆرە خۆجێیەکانی و …تاد، هەندێ لە گرفتەکانی ئەو بەنداوە بوو.

لە ڕاستیدا تا ئێستاش لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و چڕ و پڕ لەسەر زرێبار نەکراوە کە بزانن ئالەئیسەدا ڕێگاچارەی ئەو کێشانەی زرێبار چییە، بوەتە فرەخاوەن و بێ خاوەن، کە ئەوە خۆی گەورەترین خەساری لێ داوە.

ڕاوێژ: ماوەیەک پێش حکومەت دەستی دایە ڕووخاندنی ڤیلاکانی دەوروبەری مەریوان، ئیبراهیم ڕەئیسی داواکاری گشتیی ئێران وتی، بهپێی ڕاپۆرتی ئەوان، توانیان زیاتر لە ٤۰ هەزار زەوی داگیرکراو ئازاد بکەن و زیاتر لە ۱٨ هەزار دۆسیەی تایبەت بە زەوی لە دادگادا هەیە، ئەوان دەڵێن کە مەبەستیان لە ڕووخانی ڤیلاکان و ئازاد کردنی زەوییەکان ئەوە بوو کە لە هەر زەوی و قیلایەکدا بیرێکی ئاو هەڵکندرا بوو و ئەو بیرانەیش ئاوی زرێباریان هەڵدەمژی و مەترسی بوون بۆ سەر دەریاچەی زرێبار،بەڵام ئەنجومەی سەوزی چیای مەریوان ڕووخانی ڤیلاکان و زەوییەکانی بە کارێکی باش نەزانی و وتیان دەبێت زەوییه داگیرکراوەکان و ڤیلا ڕووخاوەکان قەرەبوو بکرێنەوە بۆ خەڵک،پرسیار ئەوەیە ئایا حکومەت ئەو کارانەی لە پێناو پاراستنی زرێبار و ژێنگەی دەوروبەریدا کرد؟یان بە کورتی بە ڕای ئێوە مەبەست لەو کارەیان چی بوو؟

دانش:  کێشەی حوقووقی یان یاسایی ئەو زەویانە کە کرابوونە ڤیلا، گۆڕینی کاربەری بوو، واتە گۆڕانی بەکارهێنانی ئەو مڵکانە، ئەو زەوییانە بەپێی یاسا دەبوا کەڵکی کشتوکاڵییان لێ وەرگیراوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کرابوونە ڤیلا و شوێنی سەیران کردن. لەگەڵ چاکاندا دوو دۆسییەی جیا بوون لەیەک، ئەو بیرانەی بێ مجەوز لێدرابوون، وەزارەتی وزە یان ڕێکخراوی ئاوی دێهات سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوون،

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە درێژەی گەڵاڵەیەکدا پێشنیاری دا بە شوعاعی دیاریکراوی زرێباردا هەموو زەوییە کشتووکاڵییەکان تەمەلوک بکرێ، جا چ ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە بیکات یان فەرمانگەی گشتی تاڵاوەکانی ئێران، ئیتر هەموو زەوییەکانی دەوری زرێبار دەبوونە مڵکی زرێبار، نە خەڵک تووشی زەرەر دەبوو نەکیش زرێبار ئەو هەموو زیانەی لێ دەکەوت. چونکە لە ڕاستیدا هەموو ئەو زەوییانە هەر یەک بە شێوەیە خەسار دەدەن لە زرێبار، ئەو ماڵە باخانە بە کێشانی فەنس و پەرژین بەرگرن لە هاتووچۆی گیانلەبەران لە نێوان زرێبار و کێفەکانی دەوروو بەردا، فازڵاوی ماڵەباخەکان بەرەو زرێبار یەگەڕێتەوە، ئالوودەگەی دەنگ و ڕەنگ ئاسایش لە پەلەواران دەگرێتەوە، بەکار هێنانی سەم و کوود بۆ کەشاوەرزی کە دواتر لە ڕێگەی باران و ئاوی ژێر زەویۆ دیسان بەرەو زرێبار ئەگەڕێتەوە.

هەموو ئەوانە کێشەگەلێکن کە لە ڕێگەی ئەو زەوی و ماڵە باخانەوە تووشی زرێبار ئەبێت و خەڵک و دەسەڵات دووقۆڵی بوونەتە هۆی ئەوە. ت

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: بەرنامەی ئەنجومەنی سەوزی چیا وەک ڕێکخراوێکی دیاری ژینگەپارێزی چ بەرنامەگەلێکیان هەیە بۆ ئەوەی بەر بە دروست کردنی پاڵاوگە بگرن؟

دانش:  پێم وابێ دوێشەو وڵامی ئەو پرسیارە درایەوە. چیا وەکوو ڕێکخراوەیەکی خەڵکی بەرلە هەموو شتێ بڵاو کردنەوەی زانیاری و ئاگادارییە، چیا بەرلە هەموو شتێکی لە ڕێگەی ئەندامانی پسپۆڕ لەو بابەتدا لەسەر بابەتەکە کاری کرد و لە درێژەی چەند وتاری تایبەت دا کە لە بڵاڤۆکی چیاو مەجازیشدا بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی لە جدیەتی شتەکە ئاگادار بوو بە دەرکردنی ڕاگەیاندراوێکی تایبەتەوە ناڕەزایەتی توندی خۆی لە پاڵاوگە دەربڕی، بە پێی نامەی فەرمی ناڕەزایەتی خۆی گەیاندە ڕێکخراوی گشتیی پاراستنی ژینگەی ئێران لە تاران و شکایەتی خۆی لە بکەرانی پاڵاوگە کرد.

بەردەوام لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانییەوە لەسەر ئەو بابەتە کار ئەکات، لایەنی ژینگەیی، لایەنی ئابووری، لایەنی فەرهەنگی و … هەموو لایەنەکانی تری بەردەوام ئەکۆڵێتەوەو داوا لە پسپۆڕانی تریش ئەکات بێنە مەیدانەوە، بەردەوام هەوڵ ئەدات ئاوێنەیەک بێت بۆ دەنگی خەڵک لەم بابەتە. لە داهاتوویشدا بە پشتیوانی خەڵک و  بە پێی دۆخ بڕیاری تر و هەڵوێستی تریش ئەگرێت. ت

ڕاوێژ: لە ڕابردوو و ئێستادا کە هەوڵی نغرۆ بوونی زرێبار دراوە،بە تایبەت ئێستا کە خەریکن لە نزیکی دا پاڵاوگەی نەوت دادەنێن بۆتێکدانی. بۆ نموونە ئێستا ئەگەر زرێبار زمانی قسە کردن و دەربڕینی هەبووایە،چی دەگووت؟لە کێ دڵتەنگ بوو؟دڵتەنگی و نیگەران و ئازارەکانی چی دەبوون و چۆنیانی باس دەکرد؟

دانش:  سەختە خۆت خەیتە جێی زرێبارەوە، بەڵام بە ڕای من لەبەرا ئامبازی بەرپرسان دەبوو و لەو هەموو کارە ناکارناسانە لێی دەهاتە گرژی، دوای ئەوە لە خەڵک، ئەو خەڵکانەی زبڵەکانییان دەکەنە زرێبار، ئەو خەڵکانە زێرابی تێ ئەکەن، ئەو خەڵکانەی پەلەوەرەکانی ڕاو ئەکەن، لە وەرزی گەرا ڕشتنا ڕاوە ماسی ئەکەن، سەم و کوودی تێ ئەکەن، بە شڵنگ ناوکۆڵان و ماشین دەشۆرن لە ئاوێ کە لە چاکانی دەور زرێبار هەڵەگۆزییەت بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئاوی چایەو قەیناکا، ئەو ماسی گرانەی ئەشغاڵ و قەڕنێز و ئەوانە ئەخەنە زرێبار، ئەو خاوەن ئسکلانەی قایەقی موتۆری بە کار دەهێنن و …

وەلحاسڵ بەقەرا گەورەیی خۆی زوخاوی خەڵک و دەسەڵاتی لە سکدایە زرێبار . ت

ڕاوێژ: ڕەخنەکانی خۆت چین لە چالاکڤان و نووسەران و ڕێکخراوەکان، لە حکومەت، یان لە ئێمەی ئەوروپا نشین؟ بە گشتی ئەگەر قسەیەک بانگەوازێک یان داواکارییەکتان هەیە باسی بکەن؟

دانش: جوغرافیای ئێمە لە پشتوێنەی وشکی دنیادایە، ئەوەی کە ئەم دارستان و ئاو و سروشتە جۆراوجۆرە لێرە هەیە، تەنیا ڕێکەوتێکەو هیچی تر، دۆخی زەوی زۆر گۆڕاوە، بێتوو ئەمجارە ئەو شتانەمان لە کیس چێت تازە جارێکی تر نابووژێنەوە، بێتوو زرێبار بفەوتێ تازە قەد ناژییەتەوە وەک چۆن ئێستا قەد ناچێتەوە دۆخەکەی ٥٠ ساڵ لەمەو پێشی.

با بە هەموومان لە هەوڵی پاراستنیدا بین، خۆشەویستی نیشتیمان تاک ڕەهەندی نییە، ئەگەر نیشتیمانی خۆمان خۆش ئەوێ ئەبێ بە هەموو شتێکییەوە بیپارێزین، بە ڕاستی ئێستا وەتەن چاوی لێمانە، سبەی زۆر درەنگە.