چەواشەکاریەکانی بەرپرسیانی رژیم لە مەر ئاگرتێبەردانەکان درێژەی هەیە

0
1018

چالاکوانانی ژینگەپارێزی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەمبەر چواشەکاریی ڕژیم لەمەڕ ڕێژە و ئاماری ئاگرتێبەردانەکان لە ژینگەی کوردستان، دژکردەوەیان نواند.

ژینگەوان: چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی سیستمانتیکی ئاماری ناڕاست لەسەر ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان و ڕێژەی خەساری بەرکەوتوو لە ژینگەی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی رژیمیەوە، ناڕەزایەتیی چاڵاکانی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە.

ڕۆژی پێجشەممە ۱٨ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، پەیمان باباپیری، بەرپرسی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا ۱۳٥ خاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم شارەکانی خۆڕهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە وتەنیا ۷۰۰هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان خەساریان بەرکەوتووە.

لێدوانە چەواشەکارانەکەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی تەنگەقیری شاری ئیلام لە پارێزگای کرماشان، زیاتر لە ۱٥۰۰هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بووەن بە خۆڵەمێش وبە وتەی خەڵکی ناوچەکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هاناوەنەچوونی ناوندە پەیوندیدارەکانی حکومەت بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە لایەن ماڵپەڕی ژینگەوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦۰۰ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕوویداوە، کە بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان زۆربەی هەرە زۆری ئاگرکەوتنەوەکان بە هۆی بەرێوەبردنی مانۆرە سەربازییەکان و لەلایەن کەسانی سەر بە حکومەتەوە و بە تایبەت ئەندامانی سپای پاسداران کەوتۆتەوە، کە لە نوێترین مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ڕژێم لە پادگانی  ئەرتەشیی (عبادت)ـی شاری مەریوان، ئاگر لە دارستانەکانی پشت ئەو پادگانە بەردرا، لەم ئاگرتێبەردانەی هێزەکانی ڕژیم کە زیاتر لە دوو ڕۆژی خایاند، زیاتر لە ٤۰۰هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچە بە یەکجاری بوو بە خۆڵەمێش.

بڵاوکردنەوەی ئاماری ناڕاست و چەواشەکردنی ئاگرتێبەردانەکان لەلایەن سەرۆکی ناوندە سرووشتییەکانی شاری سنەوە، بێ ڕێزییە بە چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان و سەرجەم خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی خۆبەخش و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا کردووە و تەنانەت لەو ڕێگایەدا شەهیدیشیان داوە.

ئەو چەواشەکارییەی بەرپرسێکی ڕژیم لە پارێزگای سنە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە، زۆربەی هەرە زۆری چالاکانی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو قسانەی پەیمان باباپیری ـیان بە درۆ و چەواشەکردنی ڕاستییەکان و بێڕێزی بە خەڵکی کوردستان ناو بردووە.