بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی ژینگەوان گەیشتووە، ڕێکەوتی ۲ی گەڵاڕێزان، لە زانکۆ “پەیامنوور”ی مەریوان، پێشانگەیێکی وێنە بە ناوی “کورد و سروشت” کراوەتەوە و تاکوو ۹ی گەڵاڕێزان درێژەی هەیە. ئەم پێشانگەیە پێکهاتووە لە وێنەکانی “بێهزاد قادری”، کە خوێندکاریی دەروونناسیی زانکۆی ناوبراوە.
پێشانگەی وێنەی “کورد و سروشت”، بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندیی نێوان کورد و سروشت، ئاماژە بە دانەبڕانی کورد لە سروشت دەکات و بە شێوازێکی جیاواز پەیامی (پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە)، دەگەیەنێتە بینەر و هەستێکی “ژینگە خۆشەویستی” دەبەخشێت. هەروەها بە بوونی ژەنیارێکی کوردیپۆش لە دڵی سروشتەوە، جۆرێک تێکەڵاوی و یەکبوونی مرۆڤی کورد و سروشت، پیشان دەدات.
بێهزاد قادری، وێنەگری ئەم پێشانگەیە، سەبارەت بە تێکەڵاویی کورد و سروشت لەم وێنانەدا، دەڵێت: قسەیێکی کۆن و نەستەق لە نێو کورد بوونی هەیە کە دەڵێن: (جگە لە کێو و کوێستان، کەسێک هاوڕێی ئێمە نییە). هەروەها لە درێژایی مێژوودا و سەردەم لە دوای سەردەم و داگیرکردن لە دوای داگیرکردن، کورد، ئەم یەکەم گەلە ناچارکراوە بڕۆنە قووڵایی کوێستانەکانیان و پارێزگاری لە زمان و فەرهەنگ و بەرەی داهاتوویان بکەن. بۆیە من پێموایە کە کورد و سروشت تێکەڵاوییێکی مێژووییان پێکەوە هەیە.
بێهزاد قادری لە درێژەدا گوتی: ئامانجی من لە گرتنی ئەم وێنانە و هەروەها بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگەیە، ڕاگەیاندنی دروشمی (پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە) و جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ژیانی مرۆڤی کورد بەبێ سروشت هیچ واتایێکی نییە و ئەمە بۆ خۆی دژ بە سووتاندنی دارستانەکانە. هەروەها کە وێنەکانیشم دەدوێن، ژیانی کورد بەبۆنەی سروشتی کوردستانە کە جیاوازە و جوانیی تایبەتی خۆی هەیە.
هەروەها زیادی کرد: بەو جۆرەی کە ئاگادارین سازکردنی پاڵاوگە لە دەشتی بێلوو و دراوسێیەتیی زرێبار، هەنگاوێکە بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەکە و لەنێوبردنی زەریاچەی زرێبار، ئەم پێشانگەیە دەتوانێت جۆرێک ناڕەزایەتیی خوێندکاری بێت، لە دژی ئەم هەنگاوە ماڵوێرانە. چونکە خەسارەکانی دروستکردنی پاڵاوگە لە نزیکیی زرێبار، زۆر زۆر زۆرترە لە قازانجەکانی.