بەرێوە چوونی چالاکی ژینگەپارێزی لە شاری پیرانشار

0
992

بە پێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، کۆری ژینگەپارێزانی شاری پیرانشاری لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیاندا، هەڵمەتێکی بەرینی ژینگەپارێزی لە ژێر ناوی ڕۆژێک بۆ ژینگە بەرێوە برد.

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ۲۲ی ڕەزبەری ۲۷۱٦ بیستەمین هەڵمەتی ڕۆژێک بۆ ژینگە لە ژێر ناوی” خاوەنداریەتی لە ژینگە هەم ئەرکە و هەم ئەخلاق ” بە بەشداری بەرچاوی ژینگە دۆستان بەتایبەت ژنان و مناڵە چاوگەشەکانی پیرانشار بەرێوەچوو، لەو هەڵمەتەدا کە زیاتر لە ٥٠ کەس بەشداریان تێدا کرد، پانتاییەک لە زانکۆی پەیامی نور ڕا تا لوتکەی پارکی نەورۆز لە زبڵ و خاشاک پاک کرایەوە.

لە بڕگەی دووهەمی ئەم چالاکیەکە لەلایەن کاک بەدیع محەمەدی وتارێکی زانستی لەسەر خەسارناسی دروست کردنی بەنداوەکان ناوچەی پیرانشار و سەردەشت کە لە حاڵی سازکردن دان و ئاسەوارەکانیان لەسەر ژینگە و ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ بەشداربوان خوێندرایەوە.

لە کۆتایی دا بە خوێندنەوەی پەخشانێک لە لایەن خاتوو سەبا پووریان کۆتایی بە چالاکیەکە هات، لە لایەن کۆری ژینگەپارێزانی پیرانشار سپاسی بەشدارانی ئەو هەڵمەتە ژینگەیە کرا، هەروەها داوا لە سەرجەم بەشداران کرا کە خۆ بە دوور بگرن لە فڕێ دانی زبڵ و زاڵ لە ناو ژینگە بە تایبەت سەیرانگا و شوێنە گشتیەکان خۆیان بپارێزن.